شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

926 بابەت

تەپەتۆڵەکە

کەوتووەتە سەر ڕێگەی سەرەکیی (هەڵەبجە - سلێمانی). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی تەپەسەر قوڵە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندى شەکرالی و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندى تەپی سەفا و لە خۆرئاواشەوە لەگەڵ گوندەکانی (تەپەکەل و گردی سایەق) هاوسنورە. سەبارەت بەناوى گوندەکە دوو بۆچوون هەيە، بۆچوونی یەکەم پێیوایە‌ لە وشەی (تۆڵە)وە هاتووە، بەڵام گێڕانەوەی دووەم ڕونتر دەردەکەوێت لای دانیشتوانەکەی کەوا دەگوترێت بەهۆی گردێکەوە ئەم ناوەی وەرگرتوە، کە ڕێژەيەکى زۆر لە ڕوەکی (تۆڵەکە)ى لێ ڕواوە. لە پێش سییەکانی سەدەی ڕابردوو چەند سەد مەترێک لە دووری ئەو شوێنەی ئێستا،، کە گوندەکەی لێیە بەناوی گوندی (شاوەیس و باوەیس) ئاوەدانبووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٣٢ و پاش چۆڵبوون و نەمانى ئەو گوندە، کەسێک بەناوی (حەمە عەلی عەبدولقادر) گوندى تەپەتۆڵەکەی بەم ناوەوە و لەم جێگەی ئێستادا ئاوەدانکردووەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەی ٥٢ کەس بووە. سەرچاوەی ئاودێریی گوندەکە بریتییە لە ئاوی ژێر زەوی بەشێوە بیری هەڵکەندراوى کراوە و بيرى ئيرتيوازى و هەندێک کانی وەک (کانی قیبلە و کانی ماران و کانی شاوەیس و باوەیس) ئەمە سەرەڕاى پشتبەستنیان بە سەرچاوەی ئاوى زەڵم. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٥ی شێخ موسێیە. بە گشتی خاوەنى ٦٥٠ دۆنم زەوى کشتوکاڵيیه ‌و سەرجەميان بەراون و نزیکەی ١٨٠ دۆنمی بە باخی هەنار و باخی تێکەڵ بە زەیتون و مزرەمەنی و میوەی تر چێنراوە، هەربۆيە پيشەى زۆرێک لە دانیشتوانەکەی کشتوکاڵ و باخداری و فەرمانبەری میرین، گوندەکە ٨٣ ماڵە و ٣٨٠ کەسە. خزمەتگوزارییەکانی وەک پڕۆژەی ئاودێری و ڕێگەى قیر و قوتابخانە و مزگەوت و هۆڵى پرسەیان هەیە.

تەپەزێڕينه (گوند)‌

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ) و ‌نزیکەی هەشت کیلۆمەتر لە باکورى خۆرئاواییەوە دوورە. (٥٠٨م) لە ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. لەگەڵ گوندەکانى (گردى قازى، گردیگۆ، قەدەفەرى و تەپە سەرقوڵە) هاوسنورە. ناولێنانەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوه،‌، کە خاکێکی بەپیتی وەک زێڕی هەیە، بەڵام لە تۆمارە فارسییەکاندا بە ناوی بە (تەپەڕێزینە) هاتووە. مێژووەکەی بۆ نزيک ساڵى (١٨٥٠) دەگەڕێتەوە، کە (سەليم) ناوێک بونيادیناوە. (کانى سپێونە و کانى مزگەوتەکە) دوو سەرچاوەى ئاوى گوندەکەن. هەردوو گردى شوێنەواری (تەپە خەنان‌، گردى مەتا) دەکەونە سنوری گوندەکەوە. جگە لە فەرمانبەری، دانیشتوانەکەی بە کاری کشتوکاڵەوە خەریکن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٨٣ کەس بووە و لە ئێستادا ٥٠٠ کەس دەبن و بەشێکيشيان لە شار دەژين، بەگشتى جافن و سەر بەعەشيرەتى (هارونى)ن. خزمەتگوزاریی (مزگەوت، قوتابخانە، بنکەى تەندروستى، هۆڵى پرسە و کارەباى نيشتمانی) هەيە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٩ی کشەدەریە.

تەپەسەرەقوڵە

کەوتووەتە دەشتی شارەزوور و لە سنوری ناحیەی (سیروان)ـە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی قەدەفەری و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی تەپەتۆڵەکە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ تەپەڕێزینە و لە باشوری خۆرهەڵات گردیگۆ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی کشەدەریە هاوسنورە. سەرەتا لەلایەن (برایم بەگ)ـەوە ئاوەدانکراوەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٦ کەس بووە. لەپاڵ کاری کشتوکاڵی، خەڵکی زیاتر بەکاری ئاژەڵدارییەوە خەریکن و زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٩ی کشە‌دەرییە. ‌

تەپەکەل

یەکێک بووە لە گوندەکانی دەشتی شارەزوور. کەوتووەتە نزیک بەنداوی دەربەندیخان و دەریاچەکە دایپۆشیوە. بەوهۆیەوە زۆربەیان هاتونەتە گوندی تەپەتۆڵەکە. گردێکی بەرزی تێدابووە؛ بۆیە بەو ناوە ناونراوە. گردەکە بەئاوی دەریاچەکە چواردەوری گیراوە. پێدەچێت گردێکی کۆنی شوێنەواری بووبێت. لەم گوندەدا کانییەک هەبووە بەناوی کانی چەرموو، کە کەوتووەتە نێوان گوندی تەپەتۆڵەکە و تەپەکەل. کانییەکە وشکیکردووە و لە ئێستادا بێئاوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٤ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٨ی تەپەڕێزینە و کشەدەرییە.

تەپەکوڕه

بە دووریی نزیکەی کیلۆمەترێک کەوتووەته باشوری خۆرئاوای سەنتەری ناحیەی (خورماڵ)‌ەوە. لەگەڵ گوندەکانی: شەشکی خواروو، بەشارەتی سەروو لە خۆرئاوا و باشوری گوندەکانی: قشڵاخەڕووتە، زەمەقیی خواروو لە خۆرهەڵات و باشوری خۆرهەڵاتی گوندی خێڵی حەمه، هاوسنورە. مێژووەکەی بۆ ٢٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، لە سەردەمی (عەزیزی میرە)، کە دەکاتە باپیرەگەورەی بنەماڵەی (حاجی میر ئەحمەد) دروستکراوە. چوار گردی سەرەکی لە گوندەکەدا هەن (قو‌چ، بەیداخ، درۆزنە، تەپەکوڕە). زیاتر لە ٢٤٠٠ دۆنم زەوی بەراوی هەیە و زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١١ی تەپەکوڕەن‌. لە ڕابردوودا سەرچاوە ئاوی زۆری هەبووە وەک (چاوگەى درۆزنە، کونەماسى سەروو و کونەماسى خواروو، بێ حسێن، جۆگەکانى بن گرد و دەلێن و ناوەڕاست)، بەڵام لە ئێستادا وشکیانکردووە و بۆ ئاودێرى پشت بە بیرە‌ قوڵ و مامناوەندەکان دەبەستن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٥٢ کەس بووە و ساڵی ٢٠٢٢ بووە بە ١٦٠ کەس. بەگشتى بە کشتوکاڵ و باخدارى و ئاژەڵ بەخێوکردنەوە سەرقاڵن. خزمەتگوزارييەکانى: قوتابخانە، مزگەوت، پڕۆژەى ئاوى خواردنەوه، هۆڵى پرسە و کارەباى نيشتمانى لە گوندەکەدا هەيە.

تەپەگوڵاوی

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان). لەگەڵ گوندەکانی (تەپەکەل) لە باکور و (لامەرکەزی) لە خۆرهەڵات و هەریەک لە گوندەکانی (بەشارەتی خواروو) لە باشور و (حاجی ڕەقە) لە خورئاواوە هاوسنورە. ناوی تەپەگوڵاويی دەگەڕێتەوە بۆ تەپێک ياخود گردێک، کە لە بەهاراندا بڕێکی زۆر گوڵاڵەسوورە لەسەری ڕواوە و دەڕوێت. سەرەتای دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٩١٦ بۆ ١٩١٨ بە بەشداری چەند کەسایەتیەکی ديارى وەک (ئەحمەد خواڕەحم) لە (عەشیرەتی کەلهوری)، کە لە ئێستاشدا سەرجەم دانیشتوانی گوندەکە سەر بەو عەشیرەتەن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ ژمارەی دانیشتوانەکەی ٨٣ کەس بووە و لە ئێستادا ١٧٥ کەسە. بەشێکيان فەرمانبەری میرين و ئەوانى تریان خەريکى کاری باخداری و کشتوکاڵن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٤ی تەپەگوڵاوییە و خاوەنی ١٥٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەراون. سەرەرای هەبوونی چەمی خورماڵ لە سنوری گوندەکەدا، کە بە (تێلەجۆ) ناسراوە، بەڵام بۆ ئاوی خواردنەوە پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن. خزمەتگوزارييەکانى: کارەباى نيشتمانى و مزگەوتیان هەیە‌.

تەپی سەفای خواروو

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی (گردیگۆ) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی (تەپی سەفای سەروو) و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (تازەدێ، کوڵکنیی فەقێ کەرەم) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی شەکرالی هاوسنورە. (٥٣٠م) لە ئاستی ڕووی زەوییەوە بەرزە. سەرەتایی دروستبوونی بۆ ساڵانی ١٩٣٠ دەگەڕێتەوە. ‌ناوی گوندەکە لە ناوی (مستەفا) ناوێکەوە ناونراوه. گوندەکەش لەسەر تەپۆڵکەیەک دروستکراوە بە پێى مێژوو بووە بە (تەپی سەفا)، بۆچوونێکی تریش هەیە، کە دەڵێن بەهۆی ئەوەی گوندەکە لە‌ شوێنێکی خۆشدا هەڵکەوتووە و کانیاو و داری زۆری لێبووە، وتویانە ئەمە شوێنی سەیران و سەفایە، ئیتر بەوەوە ناونراوە (تەپی سەفا). لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٧٣ کەس بووە و لە ئێستادا ٢٨٠ کەسه و سەر بە عەشرەتەکانى (یاروەیسی، نەوڕۆڵی، وردەشاتری)ن. بەشێکی دانیشتوانەکەی سەرقاڵی ئاژەڵداری و کشتوکاڵن و هەندێکیشیان فەرمانبەری دەوڵەتن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژماری ١٨ی تەوێڵەجۆیه و خاوەنی ٣٠٠٠ دۆنم زەوی بەراون. سەر‌چاوەی ئاودێری بریتییە لە جۆگەکانی (پوزانه، جاوگەدرێژ، تەوێڵە جۆ، کانی سلێمان)، دوو کانیشی هەیە(کانی سلێمان، کانی پوزانە). خزمەتگوزاری: قوتابخانه، مزگەوت، بنکەی تەندروستی، هۆڵی بۆنەکان، کارەبای نیشتمانی و تۆڕێ ئاوخواردنەوەیان هەیە.

تەپی سەفای سەروو

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی تەپی سەفای خواروو و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی شەشکی سەروو و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی (تازەدێ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی شکڕالی هاوسنورە. (٥٤٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەرەتای دروستبوونی بۆ دوای ساڵی ١٩٤٧ دەگەڕێتەوە. هەریەکە لە (مستەفا عەلی مەحموود یاروەیسی، مشیر عەلی مەحموود یاروەیس، عەبدولکەریم فەتاح ئەحمەد یاروەیس) ئاوەدانیانکردووەتەوه. سەبارەت بەناوی گوندەکە بەخۆشی گوندی (تەپی سەفای خواروو)ەوە ناونراوە‌، چونکە لە (تەپی سەفای خواروو) جیابووەتەوە، بەتایبەت یاروەیسیەکان ئەم گوندەیان ئاوەدانکردووەتەوە. بەشێکی دانیشتوانەکەی خەریکی کشتوکاڵ و هەندێکیان فەرمانبەری دەوڵەتن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٩ی تەوێڵەجۆیە و خاوەنی ٥٠٤ دۆنم زەویی بەراون. سەر‌چاوەی ئاودێری برتییە لە جۆگەکانی (سەرگەتەچۆ، موڵکی)، سەرچاوەی ئاوی ئەم دوو جۆگه ئاوی (کانیاوی گەنجانە) لە شارۆچکەی (خورماڵ)‌. چەند کانییەک هەیە لەوانه (کانی پاڵەوان، بلورگ، لالەحا)، که وەک سەرچاوە بۆ مەبەستی ئاو خواردنەوە و ئاودێری بە کاریدەهێنن. ژمارەی جۆگەکانیش سێ جۆگەی ئاودێرین. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٠٨ کەس بووە و لە ئێستادا ١٧٥ کەسه. ‌خزمەتگوزارییەکانی: قوتابخانە، مزگەوت، بنکەی تەندروستی، هۆڵی بۆنەکان، کارەبای نیشتمانییان هەیە.

تەکیە

بە دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرئاوای ناحیەی (خورماڵ) و لەگوێ چەمی زەڵمدایە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (هانەی قوڵ، یاڵانپێ، شیرەمەڕ، بانیشار) و لە خۆرئاوا و باشوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (ئاواییی حاجی حەمەمین و هەرسێ کوڵکنییەکان و گێڵەک) و لە باشورەوە لەگەڵ (خورماڵ و گردیگۆ) هاوسنورە. سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە لە ئاوی بیر پێکدێت‌. لە ساڵانی ١٩٠٠ بەدواوە (شێخ حیسامەدین نەقشبەندی) بۆ ماوەیەک لەم گوندە ماوەتەوە مورید و هەوادارەکانی لەوێ سەردانییانکردووە و بەهۆی ئەوەی، کە خەڵکێکی زۆر سەردانی گوندەکەیان کردووە‌، ئەو ناوەی لێنراوە. لە ساڵانی (چلەکانی) سەدەی ڕابردوو عەشیرەتی سەددانی لە هۆزی جاف، تێیدا نیشتەجێبوون. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٩ی وڵەوسێنانە. سەرچاوەی ئاوی گوندەکە کانییەکانی (کانی ژنان، حەوزی پیاوان، کانی مام حسەین) و جۆگەی وڵەوسێنان و چەمی زەڵمە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٠ کەس بووە و لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧دا بووە بە ٥٤ کەس و ساڵی ٢٠٢٣ بووە بە ١٠١ کەس بووە. بەگشتی دانیشتوانەکەی سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین. خزمەتگوزارییەکانی: قوتابخانە، مزگەوت، پڕۆژەی ئاو و کارەبـایـان هەیە.

تەوەنەوەل

کەوتووەتە ناوچەی نەوڕۆڵی و سەر بە ناحیەی (سیروان)ـە و نزیکەی (١٨کم) لە سەنتەرى شاری هەڵەبجەوە دوورە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی گردەناوێ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی کەوتە و لە باکورەوە لەگەڵ چیای باڵامبۆ و لە باشورەوە لەگەڵ ڕووباری سیروان هاوسنورە. (٧٦٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوێنێکی لەبارە بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و مەڕ و ماڵات، دانیشتوانەکەی گەرمیان و کوێستانیان کردووە و لە هاویندا ڕوویانکردووەتە گوندی پریسی سەروو، لە زستاندا بۆ لەوەڕی ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتەکانیان، گەڕاونەتەوە بۆ گوندی تەوەنەوەل. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٧ی گردەناوێیە.

تەوەنەو زەڕەنگەرا

کەوتووەتە سنوری گوندەکانی (هانەیدن و سەرگەت). چیای (هەربەدۆڵ) دەڕوانێت بەسەریدا و لەنێو چەمی (ماماشکێ)یە. بەواتای (بەردی زێڕنگران) دێت. ئەم شوێنە، پاشماوەی گوندێکی کۆن بووە. پێدەچێت شوێنی کانزاکاری و دروستکردنی خشڵی جوانکاری و پێویستیەکانی ڕۆژانە بووبێت. خەڵکانێک لە ساڵانی نەوەدەکاندا بۆ دۆزینەوەی شوێنەوار پیایدا گەڕاون. دواتر گوزاراوەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە بەناوی (جەوراوا)، کە پاشماوەکانی لە ناوچەکە دیارن. پاشان لەوێشەوە بۆ گوندی (سەرگەت)ی ئێستا، کە لە بناری قەڵای سەرگەتەوە گوازراونەتەوە.

تەوێڵە

کەوتووەتە سنوری (عێراق - ئێران) و سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. (٣٥کم) لە هەڵەبجەوە دوورە. لەگەڵ (دزاوەر، شۆشمێ، نەوسسود) لە هەورامانی دیوی ئێران هاوسنورە. بەهۆی ئەوەی بە سێ شاخ گەمارۆ دراوە، بۆ چوار گەڕەکی (چلانە، مالیدەر، وەراوەر "بەرانبەر " و گەڕیات) دابەشبووە. (١٤٥٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. (خانەقای تەوێڵە) و شەش مزگەوتی لێیە، کە پێگەیەکی گرنگی ئاینییە و بە (ئەزهەری کوردستان) ناونراوە چەندین دەستووس لە مەدرەسەکانیدا نووسراونەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٩٣١ کەس و لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا، ٣٢٤٨ کەس بووە‌ و لە ئێستادا ٤٣٤٠ کەسە. لە سنوری شارەوانیی شارەدێیەکەدا ٨٣٠ خانوو هەیە (بەبێ خانەباخەکانی ناو ئاوێسەر و سەیرانگاکان)، بەڵام ساڵی ١٩٧٩ لە ڕاگواستنەکانی سەردەمی ڕژێمدا ٥٠٠ خانووی لێ بووە. لە چۆڵکردنی گوندەکاندا بەر نەکەوتووەو دواتر بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی عێراق و ئێرانەوە لە ٢٢ی ٩ی ١٩٨٠وە بۆردوماندەکرێت و زۆرێک لە خانووەکانی ڕوخاون و بە ناچاری خەڵکەکەی ساڵی ١٩٨١ بۆ ماوەی دە ساڵ تەوێڵە چۆڵدەکەن. بۆیەکەم جار ساڵی ١٩٢٨ قوتابخانەی لێکراوەتەوە. دامودەزگای حکومی (شارەوانی، فەرمانگەی ئاو، گەیاندن، کارەبا، بنکەی پۆلیس و ئاسایش، گومرگ، کوالیتی کۆنترۆڵ، بنکەی تەندروستی، بنکەی نشینگە، دەزگای منداڵپارێز، چەندین مزگەوت، یەک باخچەی منداڵان، سێ قوتابخانەی بنەڕەتی و قوتابخانەیەکی ئامادەیی، تۆڕی کارەبای نیشتیمانی و مۆلیدەی ئەهلی و پڕۆژەی ئاوی هەیەو هێڵی ئینتەرنێت و مۆبایل)ی تێدایە. شەقامە سەرەکییەکانی قیر و شۆستە و لاوەکییەکانی کۆنکرێتن. نزیکەی (٥٠٠٠م٣) دیواری ڕاگری هەیە. ناوبازاڕەکەی ١٤٥ دوکانی وەک (گۆشتفرۆش، بەرگدروو، وشکەفرۆش، چێشتخانە و کەبابخانە، گوێزفرۆش و کڵاش فرۆش، چەندین فرۆشگای بەرهەمی خۆماڵی و خزمەتگوزاری دیکە)ی لێیە. لە مێژووی نەنوسراو و زارەکیدا چەندان بۆچوون و ڕاز و نهێنی لەپشت ناولێنانی (تەوێڵە)وە هەیە. هەندێک دەڵێن: دەسەڵاتدارێکی زۆردار و ستەمکار لە (دەرەی تەرتیبا)ی سەر ڕێگەی چەمی (دزاوەر)ی نزیک شاردێی (تەوێڵە) هەبووە، باج و خەراجێکی زۆری لەسەر خەڵکی داناوە، دە کەس ناڕەزایەتی دەردەبڕن و هەڵدێن و دەگەنە ئەو شوێنەی ئێستای تەوێڵە و ئاوەدانیدەکەنەوە؛ بۆیە بە (دە وێڵە) ناودەبرێن و دواجار دەبێتە (تەوێڵە). بۆچونێکی تر پێیوایە ناوەکە لە ناوی تایلی پزیشکی ئاشووریەوە هاتووە، یان لە درەختی تایلەوە هاتووە، کە بەرەکەی لە قەزوان گەورەترە و لە گۆیژ بچوکترە. کاتێک نەخۆشی تاعوون بڵاوبووەتەوە، خەڵکی ئەم ناوچە بەری ئەم درەختەیان خواردووە و ئیتر نەمردوون و دەوترێت، کە دکتۆر تائلی دەرمانناس تایلەکەی بۆ خەڵکەکە دەستنیشانکردووە. هەندێکی تریش پێیانوایە‌ کاتێک، کە سوپای ئیسلام لە چەمی هاوار و پاڵانیا و سۆسەکانەوە هاتوونەتە تەوێڵە و سەیریانکردووە شوێنەکە لە دۆڵێکی درێژدایە و بە زمانی عەرەبی وتویانە وادي طويلة. دەڵێن وشەی تەوێڵە لە تەویلی عەرەبیەوە هاتووە. یان لە ناوچاوەوە هاتووە، کە وا بە تەوێڵی شاخەکەوە. چەندین شوێنەواری ژیان و کەرەستەی سەرەتایی بەردەستی مرۆڤ و بەرگریکردن دزۆراونەتەوە بەتایبەت لە دەرەی تەرتیبا و لێژڵە و ماوامی و دەرەتفێ. کە بەڵگەی مێژوویی شوێنەکە دەردەخەن. چەندین کاربەدەستی ناوخۆیی و بیانی سەردانیانکردووە و شوێنی بنەماڵەی شێخان و چەندین تایفەی گەورەیە و گەلێک ناوداری لێ هەڵکەوتووە. یەکێکە لە ناوچە گەشتیارەکان. شوێنەوار و پاشماوەی شارەکە وەک قەیسەری و ئاتەشگەی لێماوەتەوە.

تریفە

کەوتووەتە سنوری ناوچەی نەوڕۆڵی سەر بە ناحیەی (سیروان)ـە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوڵان و چاوگی باوەکۆچەک و لەخۆرئاواوە گوندى پریسی سەروو و هانەسوورە و لە باکورەوە لەگەڵ گوندی حەسەنئاوا و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی هانەسوورە و چیای باڵامبۆ، هاوسنورە. ناوی (تریفە) لە ڕۆشنایی و تریفەی مانگە شەوەوە هاتووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٩٢ کەس بووه. لە پێش ڕاگواستنی ساڵی ١٩٧٨ نزیکەی ٦٠ ماڵی تێدا بووە و حوجرە و قوتابخانەی ئاینی تێدا بووە و گەلێک قوتابی فێری خوێندەواری و زانستی ئاینی بوون تێیدا. دانیشتوانەکەى سەرگەرمی کشتوکاڵکردنی گەنم و جۆ و باخداری و مەڕوماڵات بەخێو کردنن. ڕووبەری گوندەکە ٤٩٧٣ دۆنم دەبێت و نزیکەی(٨٣٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. گرنگترین شوێنەکانی تریفە: (مەیدانی تریفە، چەمی لار، چەمی گاوازک، کەلاران). گرنگترین کانییەکانی تریفە ئەمانەن: (کانی باخی شاوەیس، کانی باخی حسن، کانی کەڵەک، کانی دادە مینا، کانی باخی مامۆ عوسمان)، کە هەتا ئێستاش ئاویان هەیە. زەویییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٥ی تریفەن.

تلێوەرێ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) و بە دووریی (١٤کم) لە‌ باشور و باشوری خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجەوە دوورە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی سازان و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی کەچەڵ هاوسنورە. سەبارەت بەناوی گوندەکه،‌ دوو بۆچوون هەیە، یەکێکیان پێیوایە‌، کە لە (ترێ وەرێ)وە هاتووە، بەجۆرێک هێندە ترێی زۆربووە وەرزی پایز هاتووە و ترێ بە کەپر و دارەکانەوە ماوەتەوە و وەریوەتە سەرزەوی، بۆیە ناونراوە (ترێ وەرێ)، بۆچوونی دووەمیان ئەوەیە، کە لە (تلێ وەرێ)وە هاتووە، کە(تل) بەمانای بەرد هاتووە و ناچەکە سەخت و بەردەڵانە. لەئەنجامی زۆری بەربونەوەی بەرد لەشاخەکانی پشتەوە، ناونراوە تلەوەرێ بەتێپەربوونی کات بووە بە تلەورێ یاخود تلێوەری. هەتا ساڵی ١٩٧٩ نزیکەی ٢٦ ماڵی تێدانیشتەجێبووە، کە سەرجەمی گوندنیشینان سەربە عەشیرەتی زەردۆیی بوون و لەدوای ڕاگواستنی گوندەکان ئەم ژمارەیە دادەبەزێت بۆ نزیکەی ٩ ماڵ ساڵی ١٩٩٧، کە زیاتر پشتیان بە باخداری و ئاژەڵداری بەستووە، بەڵام لەساڵانی ٢٠٠٠ بەدواوە بەتایبەت لەدوای ڕوخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری ساڵ لەدوای ساڵ گوندەکە چۆڵکراوە، بەجۆرک لەئێستادا هیچ ماڵێکی تیادا نییە، کە نيشتەجێى هەميشەيى بێت، ڕووبەری باخ لەگوندەکەدا نزیکەی ٢٥ دۆنمە، کە بۆ ئاودێری تەنها پشت بە چوار کانیی سەرەکی دەبەستن. هەتاوەکو ئێستا هیچ جۆرە خزمەتگوزاریەک لەم گوندەکەدا بوونی نییە.

تووەکەی دێکۆن

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل). پاشماوەی کەلاوە و شوێنەواری ژیان و ئاشێکی کۆنی تێدایە، کە بە ئاشی تووەکەی دێکۆن بەناوبانگە. لە کۆندا گوندی بەردەبەل لەوێدابووە. کەوتووەتە سەر ڕێگەی سەرەکی و سێ ڕیانی (نەوێ - بەردەبەل - وڵەسمت).

تووەوشکێ

لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی زەویوزاردا بە گوندی (بەڕوێنی سەروو و دارەکونجە) ناوی هاتووه و زەویییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٤٢ـە. بە دووریی نزیکەی چوار کیلۆمەتر کەوتووەتە ناوەندی شارەدێی بەمۆوە بە ئاڕاستەی باشوری خۆرهەڵات. لە باکوری خۆرئاوا لەگەڵ گوندی کانیی پاشا، لە باکورەوە لەگەڵ کانیی وەیسکێ، لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بەڕوێن و لە باشور سنوری نێودەوڵەتی (عێراق – ئێران) لەگەڵ گوندی قەیتول لە شارستانی سەلاسی باوەجانی لە خۆرهەڵاتی کوردستان هاوسنورە. ساڵی ١٩٢١ لەلایەن قوبادییەکان، کە لە گوندی پشتەوە هاتوون، ئاوەدانکراوەتەوە و بووە بە شوێنی نیشتەجێبوون، ناوەکەی لە بوونی داری تووی وشکبوو ناونراوە، شوێنێکی هاوینە هەوارە و دەوڵەمەندە بە داربەڕوو. ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن چوار برا لە عەشیرەتی قوبادی بەناوەکانی (فەتاح حسەین، سلێمان حسەین، فەتحوڵڵا حسەین، حەسەن حسەین)ـەوە ئاوەدانکراوەتەوە. لە ئێستادا لە دوو خێزان پێکدێت، کە ژمارەیان ١١ کەسە.

توونی حاجی حەسەن

کەوتووەتە ناوچەی شەمێران لە سنوری ناحیەی (سیروان). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی نێرگزەجاڕ و لە باشورەوە گوندی بانەبانان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی قارەمانی و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی گەراوێ هاوسنورە. ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی گوندی توونی حاجی حەسەن لە لایەن (حاجی حەسەن ئەحمەد سلێمان) ناوێکەوە بووە. ناوەکەشی بۆ ئەو بنەماڵە دەگەڕێتەوە. لە پاش دروستکردنی بەنداوی دەربەندیخان لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی عێراق لە ساڵی ١٩٥٦ – ١٩٦١ گوندی عارەوان بووە بە بەشێک لە سنوری کاری پرۆژەکە و ڕوویان لە گوندی (ئیمامی زامن) کردووە، بنەماڵەی حاجی حەسەنیش ڕوویان کردووەتە ئەم شوێنە و ئاوەدانیانکردووەتەوە. ساڵی ١٩٧٨ ڕاگوێزران بۆ هەڵەبجە و دەوروبەری و ئیتر گوندەکە چۆڵ بووە. ساڵی ١٩٩١ جارێکی تر ئاوەدانکراوەتەوە.

جاور: جاوری

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە). لە باکور گوندەکانی بەڵخەی سەروو و خواروو، لە باشور دۆڵبیان و لە خۆرهەڵات گوندی سۆسەکان و لە خۆرئاواش گوندی پاڵانیا هەڵکەوتووە. لە ئێستادا گوندێکی چۆڵە، بەڵام پێش ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ ئاوەدانبووە. جگە لە کاری باخداری، دانیشتوانەکەی بەهۆی نزیکی لە خۆرهەڵاتی کوردستان و گوندی شوشمێوە، سەرقاڵی کاری بازرگانیش بوون. باخەکان بە میوەی جۆراوجۆر دەوڵەمەندن و داهاتێکی باشی بۆ دانیشتوانەکەی دابینکردووە. بەتایبەت بە گوێز بەناوبانگە. ناوچەیەکی فێنک و سازگارە بۆ گەشتیاران، بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری وەک ڕێگاوبان، ناوچەکە دەرفەتی کەمی لەبەردەمە بۆ ڕاکێشانی گەشتیار.

جەلیلە

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان). لەناو خەڵکدا بە (جێڵە) ناسراوە. ناونانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوی میرێک، کە حوکمڕانی کردووە بە ناوی (جەلیل) و بەرزاییەک لە ئێستادا بە شوێنەواری ئەو فەرمانڕەوایە دەناسرێت. لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (عەنەب و دەرەشیش) له باشورەوە لەگەڵ (عەبابەیلێ) لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ (سەرکەن و تاوێرە) و لە خۆرئاواشەوە لەگەڵ شاری هەڵەبجە هاوسنورە. (٨٢٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەکەوێتە دامێنی چیای (شنروێ)وه،‌ کە (١٨٤٠م) بەرزە. فراوانبوونی شاری هەڵەبجە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کردووە. لە ڕابردوودا چوار جار شوێنەکەی گۆرأوە. یەکەمجار لە شوێنێک بووە بە ناوی (دێکۆن)ـەوە دواتر دەشتی بەردەگەوران لەوێوشەوە بۆ دەشتی خەرمانە قوڵ و لە کۆتاجار گەیشتووەتە ئەم شوێنەی ئێستای لەسەر ڕێگەی نێوان عەبابەیلێ و عەنەب. جەلیلە دەوڵەمەندە بە ئاوی کانی و زەویی بەراو و چەندین کانی لێیە وەک (کانیی ژنان، کانیی سەرحەوز، کارێز، قلیج، کانیی دێکۆن، مەسۆیە، زەهۆر، کانیی مزگەوت، قەرەحەسەن). بەپێی قسەی پێشینان بێت خەڵکی گوند گەرمیان و کوێستانیان کردووە، بە هاوین ڕوویان لە هەورامان کردووە بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان هەتا کاتەکانی پایز، پاشان گەڕاونەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٤٠ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٤ی جەلیلەن.

جەوراوا

پاشماوەی گوندێکی کۆنە لە سەرەتای گوندی (سەرگەت)دا. کەوتووەتە بەرانبەر مزگەوتی (باوەیس) و گۆڕستانی (باباناوس). لە ئێستادا زەوییەکی بەتاڵە و هەر بە (جەوراوا) ناودەبرێت. دەوترێت ناوەکەی لە (جەبر ئاباد)ەوە هاتبێت. گۆڕستانەکانی ناوچەکە بەڵگەن لەسەر کۆنی و دێرینی ئەم گوندە و ژمارەیەک گۆڕستانی گەورەی لێیە وەک (باباناوس، دارچەقالە، گۆڕستانی وەردەگا و مێزەرە چەرمە هەروەها مەرقەدی شێخ عەلی و شێخ عەبدولکەریم)، کە خەلیفەی شێخ عوسمانی نەقشبەندی گەورە بوون.

پێشتر 1 2 3 4
...
47 دواتر