ئەولکەریم
تاکە گەرماوە لە گوندی (بەڵخە)ی هەورامان بووە. کەوتووەتە پاڵ مزگەوتی خوارەوەی گوندەکە. مەحموود ئەحمەد ناسراو بە (مەحموود ئایشە) لە زەوییەکانی سانی کڕیوە و کردوویەتی بە گەرماو. یەک هۆڵی گشتی بووە و لەسەر شێوازی عوسمانی دروستکراوە. بەدار گەرم کراوە. بە نۆرە بۆ ژنان و پیاوان بووە. لەبەرئەوەی عەبدولکەریمی برای بەڕێوەی بردووە، بەحەمامی ئەولکەریم ناسراوە.
حاجی عەبدولڕەحمان
کەوتووەتە گوندی (زەڵم) لە تەنیشت مزگەوتی گوندەکە. (حاجی عەبدولڕەحمان محەممەد ئەحمەد) خاوەنی بووە. سەرچاوەی ئاوەکەی لە مزگەوتەکەوە بۆ دابینکراوه، کە بە گۆڕیچە بۆی هێنراوە. بە دار و تەپاڵە گەرم کراوە، ڕۆژێک بۆ ژنان و ڕۆژێک بۆ پیاوان بووە. لە سەرەتادا نرخی خۆشۆردن بە ٥٠ فلس بووە، ساڵی ١٩٧٥ هەتا ١٩٧٨ بووە بە ١٠٠ فلس.
حاجی واحید
کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە لە گەڕەکی پاشا. ساڵی ١٩٧٢ دروستکراوە. (حاجی واحیدی کاکە مەدی کۆکۆیی) خاوەنی بووە. لە باخەکەی خۆیەوە بە تەنیشت باخی میرەوە ئاوی بۆ ڕاکیشاوە. لە هۆڵی گەورەی خۆگۆڕین و هۆڵی گشتیی خۆشۆردن، کە ١٥ جۆڕنەی ئاوی سارد و گەرمی تێدا بووە و دوو تەوالێت، پێکهاتووە. گومەزی هەبووە. بە نەوتی ڕەش و گازوایل گەرمکراوە، لە دوای ساڵی ١٩٩٤وە کراوە بە ژووری تایبەت. سەرەتا کرێی خۆشۆردن ٥٠ فلس بووە، هەتا نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو تا پێنج دینار ڕۆیشتووە. سەردەمێک (تۆفیق ئەحمەدئاوایی) ناتر و دەغیلەداری بووە و قادری توونچی سەروکاری گەرمکردنی کردووە. لەپاش ڕاپەڕین هەتا لە کارکەوتنی لە ساڵی ١٩٩٨ لەلایەن بنەماڵەی حاجی واحیدەوە سەرپەرشتیکراوە.
حەمامی کۆنی خورماڵ
بۆ ژنان و پیاوان. لەوبەری پردی گەنجانی خورماڵ، لە نێوان سەرچاوەی ئاوی گەنجان و گەڕاودا بووە. لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا لەلایەن شارەوانییەوە دروستکراوە و دراوە بەکرێ. هۆڵێکی گشتی هەبووە و ژووری تایبەتی نەبووە. کاتژمێر ٨-١٢ نیوەڕۆ بۆ ژنان و کاتەکانی تر بۆ پیاوان بووە. کرێی خۆشۆردن بە ٥٠فلس و پێداویستییەکانی خۆشۆردن لەسەر مشتەری بووە. لە نیوەی دووەمی هەشتاکادا بەهۆی شەڕی عێراق و ئێرانەوە وێرانبووە و دوای ڕاپەڕینیش شوێنەکەی کراوە بە شوێنی نیشتەجێبوون. ئەم کەسانە یەک لە دواییەک گەرماوەکەیان بە کرێ گرتووە بەڕێوەیانبردووە: (حەمە غوڵامی میرزا کەریمی هەڵەبجەیی، مام عەبدوڵای باوکی مامستا تۆفیق خورماڵی، وەستا سدیقی تەنەکەچی، کەمال کاکە حەمەمیرزا فەتاح).
حەمەساڵح حەمەمراد
سێیەم گەرماوە لەشاری هەڵەبجە، کەوتوەتە ناوجەرگەی بازاڕ، نێوان چێشتخانەی وەهبی و بانقە کۆنەکە، حەمەساڵح حەمەمراد، خەزورەی ئەحمەد غوڵام، کە پێشتر لەسەر گەرماوی گەورە کاریکردووە، لەساڵی ١٩٦٢ دروستیکردووە. خانویەکی کۆن بووەو تێکیداوە و کردوویەتی بە حەمام، دەرگاکەی لەسەر شەقامەکە بووە. لە ژوورەوەیدا سەکۆیەکی بۆ شوێنی وەستا باشی و دەغیلەدار و دەستی ڕاستی دۆڵابێکی تەختەی کلیلداری لێبووە، بۆ شوێنی هەڵگرتنی نەختینە و شتە تایبەتیەکانی خۆشۆر. هۆڵێکی شێوە ئێڵی وەک سارد هەبووە، کە حەوز و مەرکانەی لێبووە. زەوی و گۆمەزەکەی کۆنکرێت بووە، هۆڵە گەرمەکەی ١١ جوڕنەی بە ئاوی ساردو گەرمەوە هەبووە. سەکۆکەی گەرمکراوە بۆ ئەوانەی ڕەقیتەیان کردووە لەسەری پاڵکەوتوون و ناترەکە وەک چارەسەر شێلاونی. لە ناوەوە حەوزی وسڵ دەرکردن و دوو تەوالێت و کورە و توون و شوێنی وشککردنەوە و بیری ئاوی هەبووە. بە دار گەرم کراوە و بە ترومپا لە بیرەکەوە ئاو بۆ عەمبارەکەی هەڵدراوە. تا دوای ڕاپەڕینیش ماوە و پاشان شوێنەکەی کراوە بە دوکان و بازاڕ.
حەمەساڵح کۆکۆيى
کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجە و لە گەڕەکى (کانىعاشقان) لە نزیک مزگەوتی (مەلا ساڵح) و گەرماوی (سەید ساڵح) هەڵکەوتووە. بۆ ژنان و پياوان بووە، هەموو ڕۆژانێک کارىکردووە. نزيکەى ١٠ بۆ ١٢ جوڕنەى تێدا بووە. نرخى خۆشتن لە کەسێکەوە بۆ کەسێکى تر جياواز بووە، لە ئێستادا ماوەتەوە، بەڵام کارناکات.