سەرا
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
یەکێکە لە کۆنترین و سەرەکیترین گەڕەکە فەرمییەکانی هەڵەبجە. مێژوویەکی دێرینی هەیە و ناوێکی تورکیە و لە وشەی (سەرای) سەردەمی عوسمانیەکانەوە هاتووە. بەواتای (کۆشک) دێت. چونکە فەرمانگەکانی قایمقامیەت و پۆلیسی و باج و دارایی لێبووە. هەر لە کۆنەوە موختار و مۆری هەبووە. ڕووبەرەکەی (٤٠٥٤٢٥م٢)یە. سنورەکەی لە عەریزەنوسەکانی بەردەم شارەوانییەوە دەستپێدەکات تاکو مزگەوتی (محمد ڕسول الله) درێژدەبێتەوە. ژمارەی خانووەکانی نزیکەی ١٢٤٠ یەکەی نیشتەجێبوون دەبێت، کە لەو ژمارەیە ١٨٨ خانو چۆڵن، بەهۆی کۆنی یان کارەساتەکانی شارەکەوە ئاوەداننەکراونەتەوە. بەشێک لە خانووەکانی ئەم گەڕەکە کەلەپوری و کۆنن. هەروەها نزیکەی ٩٠ مارکێت و دوکان و فرۆشگای تێدایە. لەگەڵ چوار قوتابخانەی ئامادەیی و بنەڕەتی. پێنج مزگەوت و چەندین بارەگای حکومی وەک دادگا و بانک و نەخۆشخانەی بەخشین و هتد. لە کۆندا گۆڕەپانی وەرزش و خانوی موەزەفەکان لە سنوریدا بوون. شەقامی گشتی لە گەڕەکی شەهیدانی جیادەکاتەوە. لەڕووی پێکهاتەی کۆمەڵایەتییەوە ئەم گەڕەکە پێکهاتەیەکی فرە_کلتور و تێکەڵی هەیە. بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧ شاری هەڵەبجە لە سێ گەڕەک (پیرمحەممەد، سەرا و پاشا) پێکهاتووە. گەڕەکی سەرا بە (السرای) ناوی هاتووە. کۆی گشتیی دانیشتوانی ١٨٩٥ کەس بووە.
سەرچاوەکان:
- داتا و زانیاریی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە، بەشی نەخشە دانان و دیزاین، نەخشەی بنەڕەتی هەڵەبجە، ٢٠٢٣، بە هاوکاری ئەندازیار (سەرهەنگ خالد مستەفا).
- بەکارهێنانی بەرنامەی (Osm layer in Gis-Pro ٣. ١).
- بەڕێوەبەرایەتی باجی خانوبەرەی هەڵەبجە، داتای ساڵانی (٢٠١٥ - ٢٠٢١)ی بڵاونەکراوە، بە هاوکاری فەرمانبەر (دڵشاد مەحموود محەممەد) لە ٦ی ٦ی ٢٠٢٣.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (عومەر عینایەت)ی ئەندازیار و سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە لە (١٩٨٠ – ١٩٨٦)، لەدایکبوو: ١٩٥٣، لە ٨ی ١ی ٢٠٢٣.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید