کانی قوڵکە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی هەڵەبجە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٨٧ بە چوارەمین گەڕەک لە دوای گەڕەکەکانی (سەرا، پاشا، پیرمحەممەد) دانراوە. بەناوی کانییەکی بەناوبانگی شارەکەوە ناونراوە. چەندجارێک فراوانبووە. ڕووبەرەکەی (٥٢٥٠٨٢م٢)یە. بازاڕی سەرەکی و سەنتەری شاری هەڵەبجە کەوتووەتە ئەم گەڕەکەوە. شەقامی (ئەحمەدموختار جاف) لە گەڕەکی (پاشا و شەهیدان و مامۆستایانی یەک)ی جیادەکاتەوە. بە یەکێک لە چڕترین گەڕەکەکانی شار لە ڕووی دانیشتوانەوە دادەنرێت. خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بۆکراوە. بە درێژایی شەقامی سەرەکیی گەڕەکەکە، چەندین سۆپەرمارکێت و فرۆشگای مۆبیلیات هەیە. (پارکی پەرلەمان) مزگەوتی (مصعب و عومەری کوڕی خەتتاب و دارولئیحسان) و (خانەی نەوجەوانانی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری کۆمەڵایەتی و قوتابخانەی هەڵەبجەی بنەڕەتی) تێدایە. ١٦٤٧ یەکەی نیشتەجێبوونە، کە ٢٥٥یان کرێنشینن تێدایە. ٧٥٥ دوکانی هاوڵاتیان و ١٧ دوکانی حکومی و فرۆشگای جۆراوجۆر، ١٥٠ کۆگای قەبارە جیاواز، حەوت پارکی ئۆتۆمبێل و دوو بیری ئاو، سێ بارەگای حیزبی لەوانە (مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان، مەڵبەندی یەکێتیی نیشتیمانی و مەڵبەندی سۆسیالیست)، هەروەها نەخۆشخانەی چاوەکە لە خۆدەگرێت. هەروەها پۆستە و گەیاندنی هەڵەبجە و گەراجی (خورماڵ و سیروان و هەورامان) لەگەڵ چەندین قەیسەری و بازاڕی سەرەکی تێدایە.
سەرچاوەکان:
- داتا و زانیاریی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە، بەشی نەخشە دانان و دیزاین، نەخشەی بنەڕەتی هەڵەبجە، ٢٠٢٣، بە هاوکاری ئەندازیار (سەرهەنگ خالد مستەفا).
- بەکارهێنانی بەرنامەی (Osm layer in Gis-Pro ٣. ١).
- بەڕێوەبەرایەتی باجی خانوبەرەی هەڵەبجە، داتای ساڵانی (٢٠١٥ - ٢٠٢١)ی بڵاونەکراوە، بە هاوکاری فەرمانبەر (دڵشاد مەحموود محەممەد) لە ٦ی ٦ی ٢٠٢٣.
- هەڵەبجە یادەوەری و شارستانێتی، محەممەد غەفوور شەریف، چاپی یەکەم، چاپخانەی کارۆ، سلێمانی، ٢٠٢٢، ل١٦٢.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید