شەهیدان ١

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


گەڕەکێکە لە ناوشاری هەڵەبجە. بەشە دێرینەکەی کەوتووەتە نزیک باخچەی (عەلی بەگ) یان (باخی گشتی) و پاش فراوانبوونی گەڕەکی (پاشا) دروستبووە. بەشە نوێکەی کەوتووەتە دەوروپشتی گۆڕستانی (شەهیدان) بە گەڕەکەکانی (سەرا و مامۆستایان و کارێز) دەورەدراو. شەقامی (نالی) یاخود (گشتی) لە گەڕەکی (سەرا)ی جیادەکاتەوە. دەربارەی ناوەکەی بۆ یەکەمجار بەهۆی ناشتنی چەند شەهیدێکەوە دەبێت لەساڵانی ١٩٧٠ بەهۆی تۆپبارانەوە و لە شوێنی ئێستەی (گۆڕستانی شەهیدان) بۆ یەکەمجار نێژراون. ئەم گەڕەکە ڕەگەزی زەوییەکانی لەنێوان نیشتەجێبوون و بازرگانیدایە. بەردەوام بەشی بازرگانییەکەی لەسەر حسابی نیشتەجێبوون لە فراوانبووندایە. فولکەی بەردەم مزگەوتی شەهیدان (عوسمانی کوڕی عەفان) و کۆڵانەکانی نزیک (مزگەوتی شافیعی) یەکێکن لە بازاڕە شەوانە ڕۆژییەکانی شارەکە. فەرمانگەی (شارەوانیی هەڵەبجە) بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی (شارەوانییەکان) باخچەی منداڵانی (شەونم) و (نەخۆشخانەی کۆنی هەڵەبجە)ی تێدا هەڵکەوتووە. هەروەها (تانکی دابەشکردنی ئاوی ئەحمەدئاوا) لەتەنیشت گۆڕستانی (شەهیدان) هەڵکەوتووە. ڕووبەرەکەی (٤٩٨٩٧٠م٢)یە. نزیکەی ٥٢٨ یەکـەی نیشـتەجێبوون و زیاتر لە ١٥٠ فرۆشگا و کۆگای جۆراوجۆری تێدایە.

سەرچاوەکان:

  1. داتا و زانیاریی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە، بەشی نەخشە دانان و دیزاین، نەخشەی بنەڕەتی هەڵەبجە، ٢٠٢٣، بە هاوکاری ئەندازیار (سەرهەنگ خالد مستەفا).
  2. بەکارهێنانی بەرنامەی (Osm layer in Gis-Pro ٣.١).
  3. بەڕێوەبەرایەتی باجی خانوبەرەی هەڵەبجە، داتای ساڵانی (٢٠١٥ - ٢٠٢١)ی بڵاونەکراوە، بە هاوکاری فەرمانبەر (دڵشاد مەحموود محەممەد) لە ٦ی ٦ی ٢٠٢٣.
  4. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (عومەر عینایەت)ی ئەندازیار و سەرۆکی شارەوانی هەڵەبجە لە (١٩٨٠ – ١٩٨٦)، لەدایکبوو: ١٩٥٣، لە ٨ی ١ی ٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

ئەندازیاران

کەوتووەتە ناوشاری هەڵەبجە لە نێوان شەقامی (حەسەن زیرەک) و (دکتۆر ئامانج)، کە یەکەمیان لە (گەڕەکی مامۆستایانی دوو) و ئەوی دیکەشیان لە گەڕەکی (تەقتەقان)ی جیادەکاتەوە. چونکە بەشێوەیەکی ئەندازەیی جیاکراوەتەوە، بۆیە ئەو ناوەی لێنراوە. درێژکراوەی گەڕەکی (شارەوانیی دووە) و شەقامی (هاوار) لەیەکیان جیادەکاتەوە. ڕووبەرەکەی (٧٠٧٤١٣م٢)یە. شەقامی (زانست) دەیکاتە دوو بەشی سەرەکی و (کۆمەڵگەی پەروەردەیی هاوچەرخی هەڵەبجە)، کە بە (کۆریەکە) ناسراوە لەگەڵ (پەیمانگای هونەرە جوانەکان) و (پارک و یاریگای ئاسۆ)ی تێدایە. بەهۆی ئەوەی نوێیە و لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ ئیفرازکراوە، بەتەواوەتی خزمەتگوزاری بۆ نەکراوە. (قوتابخانەی کاردۆخی) و (پارێزگای هەڵەبجە)، کە لە نێو (باڵەخانەی خەڵوەتگەی پیری)دایە، لەنێو ئەم گەڕەکە دان. جگە لەوەی لە نەخشەی بنەڕەتیدا چەندین پارچە زەوی بۆ سەوزایی و خزمەتگوزاریی دیکە تەرخانکراوە.

باخی میر

گەڕەکێکی ناوداری هەڵەبجەیە. کەوتووەتە نێوان هەردوو گەڕەکی (کانیعاشقان و سەرا). لە بنەڕەتدا باخێکی ناوداری بنەماڵەی جافەکانی هەڵەبجە و بەدیاریکراوی (ئەحمەدموختاربەگی جاف) بووە. بەڵام دواتر بەهۆی وشککردنی باخەکەوە ساڵی ١٩٦٣ بە بیانووی بوونی پێشمەرگەوە لە لایەن حزبی بەعسەوە بەشێکی زۆری کراوە بە خانوو. سەرەتا بەناوی گەڕەکی (چوارباخ) ناونراوە و دواتر ناوەکەی گۆڕاوە بۆ (باخی میر). لە ئێستادا ڕێژەیەکی کەم لە باخەکە ماوەتەوە و کەوتووەتە ناوەندی گەڕەکەکەوە. ڕووبەرەکەی نزیکەی (٢٧٥٤٤٢م) چوارگۆشە دەبێت.

بامۆک

لە بنەڕەتدا گوندێکی نزیک ناوەندی هەڵەبجە بووە. لە باشوری شارەکە هەڵکەوتووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧ وەک گەڕەکێکی دانراوە. لەسەرژمێری ١٩٨٧ کراوەتەوە بە گوند. بەهۆی فراوانبوونی سنوری شارەوانیی هەڵەبجەوە، لە ئێستادا بە یەکێک لە گەڕەکەکان هەژماردەکرێت. ڕووبەرەکەی (٦٣٥٠٨٨م٢) دەبێت. سیمای گوندی پێوە ماوە و هیچ نەخشەیەکی بنەڕەتی بۆ جیاکردنەوەی زەوییەکانی نییە. لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە تەنها خەڵکی گوندەکەی تێدا دەژین. قوتابخانە و مزگەوت و هۆڵی بۆنەکانی تێدایە. لەلایەن بنەماڵەی ناسراوی گوندەکە (حاجی محەممەد بامۆکی و کوڕەکانی)یەوە دروستکراون. خزمەتگوزاریی شارەوانی وەک قیر و شۆستەی نییە.

باوەکۆچەک

گەڕەکێکی نوێی هەڵەبجەیە. بەناوی گوندی (باوەکۆچەکی کۆکۆیی)یەوە ناونراوە. کەوتووەتە بەردەم (دارستانی گوڵان) و لە نێوان گەڕەکی (کانیعاشقان و کانی هەناران و گەشتیاری) هەڵکەوتووە. بەشێوەیەکی ئەندازەیی جیاکراوەتەوە. خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی شارەوانی بەتەواوەتی بۆ نەکراوە. (مزگەوتی مەحوی و سەڵاوات) قوتابخانەی (مۆردانە) و دایەنگەی (وەنەوشە) و (یەکیەتیی ژنانی کوردستان) و هۆڵی (فەقێ کۆکۆیی) و (یاریگای) تێدایە. ڕووبەرەکەی (٣١٢٠٤٩م٢)یە. بەپێی نەخشەی بنەڕەتی چەندین پارچە زەویی خزمەتگوزاری و سەوزایی جیاکراوەتەوە.

بەختیاری

گەڕەکێکی نوێیە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی هەڵەبجەوە بەشە ئاوەدانەکەی لە نێو هەڵەبجەدایە و بەشەکەی دیکەی زەوی ئیفرازکراوی تاپۆن و بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون، بەڵام تاکو ئێستە ئاوەداننەکراونەتەوە. بەناوی چیای (شنروێ) ناونراوە. ڕووبەری گەڕەکەکە (٦٩٦٦٧٠م٢)یە. زەوییەکانی بەتەواوەتی بۆ نیشتەجێبوون تەرخانکراون و ڕێژەیەکی زۆر بۆ سەوزایی و خزمەتگوزاری دانراوە.

بەفری میری

گەڕەکێکی نوێی هەڵەبجەیە. زەوییەکانی ساڵی ٢٠١٠ بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە. بەناوی لوتکەی (بەفری میری) ناونراوە چونکە کەوتووەتە بەرزاییەکانی شار و لە خۆرهەڵاتی شارەکەیە. لەنێوان گەڕەکەکانی (گۆران سیتی) و (شاڕێ) و (شنروێ)دایە. شەقامی دوو سایدی (ئەبا عوبەیدەی جەڕاح) یان (زانکۆ) بە بەردەمیدا تێپەڕدەبێت. ئیفراز کراوە و تاپۆیە. هەتا ئێستا ئاوەدانی تێدا نییە. لەنێو خەڵکدا بە گەڕەکی ٣٢ەکان بەناوبانگە. ڕووبەری گشتیی گەڕەکەکە (٤٢٩٥٣٥م٢)یە. بەپێی نەخشەی بنەڕەتی چەندین زەویی خزمەتگوزاریی ڕووبەر گەورە و مام ناوەندی تێدایە.