باخى مير
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
یەکێک بووە لە باخە بەناوبانگ و گەورەکانى هەڵەبجە. ڕووبەرەکەی نزیکەی (٢٥ دۆنم) بووە. ساڵی ١٨٩٥ دروستکراوە. لە عوسمان پاشاى جافەوە بەميرات بۆ ئەحمەدموختار جافى کوڕى ماوەتەوە. چەند کانییەکی تێدا بووە و جۆگەی ئاوی (کوڵەبۆز) بە ناوەڕاستیدا تێپەڕبووە. بە مەبەستی سەرپەرشتیکردن و خزمەتکردنی باخەوانى بۆ گيراوە، لەوانە (مچە مەريوانى، ڕەشەکۆیی، مام عەبۆل) له نمونەی ئەو باخەوانانەبوون. ئەگەرچى باخەکە موڵکى ماڵى ئەحمەدموختار جاف بووه، بەڵام بۆ هەموو کەسێک کراوە بووە. چايخانەى تێدابووه و خەڵکى زياتر بە ئێواراندا سەردانيانکردووە. ساڵی ١٩٦٣ بە پاساوی ئەوەی پێشمەرگە لەوێوە دێنە ناو شار، حکومەت زۆربەی دارەکانی بڕیوەتەوە و دواتر زەوییەکەی کراوە بە کێڵگەی شێلم و توور و دواتریش بووە بە خانووی نیشتەجێبوون و سەرەتا شوێنەکە گەڕەکی چوارباخی پێوتراوە و لە ئێستادا بە گەڕەکی باخی میر ناسراوە.
سەرچاوەکان:
- هەڵەبجە یادەوەری و شارستانێتی، محەممەد غەفور شەریف، چاپخانەی کارۆ، چاپی یەکەم، ٢٠٢٢، ل١١.
- نامەی ژیان، ساجد ئاوارە، چاپخانەی ئیرشاد، بەغداد، ١٩٨٥، ل١١٨.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار (د. عادل سدیق عەلی) لەگەڵ (ع. ع. شەونم)، لە ١٦ی ١٢ی ٢٠١٥.
- گفتوگۆی ئامادەکار (د. عادل سدیق عەلی) لەگەڵ (ڕووناک ئەحمەد موختار جاف)، لە ١٠ی ٨ی ٢٠٢٢.
ئامادەکردنی: عادل سدیق عەلی,کارزان عەدنان حەمەسەعید