شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

94 بابەت

حاجی مستەفا عەلی

ئاشێکی مەکینە‌یە. کەوتووەتە گوندی (تەپی سەفای سەروو)ى سەر بە ناحیەی (خورماڵ). خاوەنەکەی کەسێک بووە بەناوى (حاجی مستەفای یاروەیس) و بەناوی ئەوەوە ناوبراوە. ‌ساڵی ١٩٧٠ لە شارى بەغدادەوە هێنراوە‌ و بە ئاو و بەگاز ئیشیکردووە. چەند کەسێک وەک ئاشەوان کاریان لەسەر کردووە. هەتا ساڵی ١٩٨٧ و ڕاگواستنى گوندەکە کاریکردووە.

حاجی میر ئەحمەد

ئاشى ئاوە. کەوتووەتە ‌سنورى گوندی (تەپەکوڕە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). خاوەنداریەتى دەگەڕێتەوە بۆ (حاجی میرئەحمەد)، کە کەسایەتییەکی گوندی (تەپەکوڕه)‌ بووە، هەربۆیە بەناوى ئەویشەوە ناونراوە. لەساڵی ١٩٢٥ دامەزراوە تاکو ساڵی پەنجاکان کاریکردووە. لەو ماوەیەشدا چەند کەسێک وەک ئاشگێڕ کاريان تێداکردووە‌.

حامیدبەگی مەجید بەگ

کەوتووەتە باشوری گوندی (پریسی سەروو) لە ناوچەی نەورۆڵی. بە ئاوی کانیی دەراش گێڕراوە. لەکاتی خۆیدا مامۆستا (مەلاعەبدولعەزیزی پریسی) بەکاریهێناوە. لە ئێستادا تەنها شوێنەوارەکەى ماوە، لە پەنجاکانى سەدەى ڕابردوودا دروستکراوە.

حەمەبۆر

لە نێوان گوندەکانی (چاوگ و باوەکۆچەک)ـدا بووە. بەئاوی سەرچاوگ ئیشیکردووە. لەساڵانی ١٩٤٠ دروستکراوە. خاوەنەکەی حەمەبۆری ئەحمەدی عەلی ڕەمەزان بووە.

حەمەسەراوی

کەوتووەتە ناو شاری هەڵەبجەوە. سەرەتا بە گاز کاریکردووە و دواتر کراوە بە کارەبا. لە سێ ماتۆڕی کارەبایی پێکهاتووه: ماتۆڕى یەکەم بۆ ئارد، دووەم بۆ ساوەر و بڕوێش و سێیەمیان بۆ چەڵتوک بەکارهاتووە. وەستا باقی حەمەعەزیز (خاڵە باقى) وەستاى دەگرمانى ئاشەکە(ئەو بەشەى ئاشەکە، کە لە گەنم ئارد دروستدەکات) بووە. بە ناوى ئاشەوانەکەیەوەیە(محەممەد عەبدوڵا محەممەد١٩٢٧ - ٢٠٠٣)، کە بە (حەمە سەراوى) ناسراوه. سێ کەسی تریش کاریان لەسەر کردووە بە ناوەکانی (سۆفی ڕەحیم، جەمالی مامۆ ڕۆستەم، سالم غوڵامی).

حەمەعەلی سەید وەیس

کەوتووەتە ‌پشت جۆگەی دەلێن لە باکوری گوندی (دێکۆن)ی سەر بە شارۆچکەى (خورماڵ). له ‌ساڵانی بیستەکانی سەدەی‌ ڕابردوو لەلایەن (حەمەعەلی) ناوێکەوە دروستکراوە و بەناوی ئەوەوە ناونراوە، کە کەسایەتییەکی دیاری گوندەکە بووە. هەتا ساڵانى پەنجاکانى سەدەى ڕابردوو کاریکردووه.

حەمەی حاجى

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (ڕیشێن). بە ئاو ئیشیکردووە. هەتا ساڵی ١٩٦٣ ئیشیکردووە. (محەممەد حاجی فەرەج) ناوێک خاوەنی بووە و بەناوی ئەوەوە ناوی ڕۆیشتووە. لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوە.

حسێن بەگ

کەوتووەتە دامێنی نزارەی گوندی (گریانە) لە هەورامان. بە ناوی خاوەنەکەیەوە (حسێن بەگی ڕۆستەم سان) ناونراوە. بە ئاشی ناوباخیش ناسراوە، کە لە ساڵانی ١٩٢٥-١٩٣٠ دایناوە. کاکەلەو مەحموولەی نەوسودی ئاشەوانی بووە. دواتر ماڵی دەروێش نادر ئیشیان تێداکردووە. ئاوی بە جۆگە لە چەمی گریانەوە بۆ هێنراوە. هەتا ساڵی ١٩٧٨ و کاتی ڕاگواستنی گوندەکان کاریکردووە. پاشماوەکەی تا ساڵی ٢٠١٠ مابووە. گوندەکانی بۆین و هاوار سودیانلێبینیوە.

خوارنگ

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە ڕۆژهەڵاتی گوندی (هاوار). لەسەر چەمی ئاشی و سەر ڕێگەی ئێران - عێراق دروستکراوە و هۆزی وسەینەییەکان خاوەنی بوون. خاوەنەکەی (کاکەخان ئەحمەد) بووە. مێژووی دروستبوونی بۆ ساڵی ١٩٢٠ دەگەڕێتەوە و هەتا ١٩٧٨ کاریکردووە. بەئاوی چەمی گەورەی هاوار ئاشەکە ئیشیکردووە. لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوە.

ڕەزا وەیس

ئاشی ئاوە. بە دووریی (٦٠٠م) کەوتووەتە لێواری چەمی (زەردەگڵ) لە خۆرهەڵاتی گوندى (گڵێجاڵ). یەکەم ئاش بووە لە سنورەکەدا. ساڵی ١٩١٥ دروستکراوە. هەتا ١٩٤٠ کاریکردووە. بە ناوی خاوەنەکەیەوە ناونراوە.

ژوورنگ

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە گوندی (هاوار). لەسەر چەمی گەورە (ئاشی) لەلایەن (هەیاس) ناوێکەوە، کە لە هۆزی پیر ئیسماعیلییەکان بووە دروستکراوە. هەر لەبەر ئەوەشە، کە بە(ئاشی هەیاس)یش ناوبراوە. لەلایەن پیر ئیسمایلییەکانەوە سەرپەرشتیکراوە و بە موڵکییش هی ئەوانە. لە گوندەکانی چواردەورەوە بەتایبەت لە (هاوارەکۆن و گریانە و دەرەتفێ)ەوە باراشیان بۆ هێناوە. هەتا ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ کاریکردووە.

سڵێمان

بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە‌ دەشتی (کانی کەوه)‌ لە خۆرئاوای گوندی (خێڵی حەمه)‌ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). مێژووی دروستکردنی ئاشەکە بۆ سەرەتاکانی سەدەی بیست دەگەڕێتەوە و لەلایەن کەسێکەوە بەناوى (سڵێمان)، کە کەسایەتیی گوندەکه بووە‌ دروستکراوە و بەناوی ئەوەوە ناونراوە. بە ئاوی جۆگەی (قۆنتەرات) کاریکردووە. هەتا ساڵانی سییەکانی سەدەى ڕابردوو کاریکردووە. ‌

سورگ

کەوتووەتە کۆتایی چەمی ئاوبڵاو لە نزیک گوندی (گورگەچیا). لە ئێستادا ئاوی دەریاچەی دەربەندیخان دایپۆشیوە. ئەم ئاشە زۆر کۆنە و مێژووەکەی نەزانراوە. خاکەکەی سورباوە، هەر بۆیە بەو ناوە ناونراوە.

سوورک

بریتییە لە ئاشێکی ئاوی لە نزیک گوندی (قۆرتاس) و (گردی قۆرتاس) لە باشوری شارۆچکەی (سیروان). ئاشی ئاوە و لەسەر بەیەکگەیشتنی ئاوی چەمی (گوندی پریسی خواروو ئاوی چەمی ئابڵاو و ئاوی کانی سپی) هەڵکەوتووە. بە ئاوی ئەو سێ سەرچاوە ئاوییە ئیشیکردووە، میژوویەکی دێرینی هەیە.

سیانی سەروو

ئاشى ئاوە. کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (عامورە) له ‌نزیک کانی سیانی سەروو، مێژووى ئەم ئاشە دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەى ١٠٠ساڵ لەمەوبەر ئەم ئاشە هى خەڵکى بانیشار بووە، بەڵام نازانرێت ئەو کەسە ناوى چى بووە. بە ئاوى کانى سیانى سەروو کاریکردووە. هەتا ئێستاش پاشماوەی ماوە، ناسراوە بە ئاشی سیانی سەروو.

شاوەیس و باوەیس

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گردیگۆ) و باشوری گوندی (تەپەتۆڵەکە). لە ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوودا کاری کردووە. ساڵی ١٩٥٤ کوێخای گوندی تەپەتۆڵەکە (حاجی محەممەد عەلی) لە (شێخ تایب)ی کڕیوەتەوە کاریپێکردووە، هەتا ساڵی ١٩٦٧ بە ئاوی زەڵم و گەنجان کاریکردووە. لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوە.

شێخ ئیبراهیم

ئاشی ئاوە‌. کەوتووەتە ناو باخەکانی گوندی (عەبابەیلێ). موڵکی (شێخ ئیبراهیم) بووە. کەسێک بەناوی (حسێنە) کاری لەسەر کردووە و هەتا ساڵی ١٩٧٠ بەردەوامبووە.

شێخ حەسەن

کەوتووەتە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ‌شارۆچکەی (بیارە). مێژووەکەی بۆ ساڵی ١٨٩٠ دەگەڕێتەوه. بەناوی خاوەنەکەیەوە ناونراوە. بە ئاوی چەمی هەمەشوانە کاریکردووە و هەتا ساڵی ١٩٢٠ بەردەوام بووە.

شێخ حسەین ١

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە گوندی (باوەکۆچەک). بە ئاوی سەرحەوزی چاوگ ئیشیکردووە. لە پەنجاکاندا دروستکراوە و شوێنەوارێکی کەمی ماوە. بارئاشی لە گوندەکانی تریفە و باوەکۆچەک و چاوگەوە بۆ هاتووە.

شێخ حسەین ٢

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندی (شەشکی خواروو)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). بە ئاوی چەمی شاوڵاغ کاریکردووە، (شێخ حسەین) خاوەنی بووە. مێژووى دروستبوونى بۆ ساڵی ١٨٩٠ دەگەڕێتەوە. هەتا ساڵى ١٩٢٥ کاریکردووه. چەند گوندێکى تریش لێی سودمەندبوون،‌ لەوانە: (شەشکى سەروو، بەشارەتى سەروو، خێڵى حەمە).

پێشتر 1 2 3 4 5 دواتر