بەرگی چوارەم
شوێنی دەستکرد (گوند و شار)
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بەرگی چوارەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
ئاشێکی دێرینە. کەوتووەتە ناوبازاڕی شارۆچکەی (بیارە) بەرانبەر خانەقای بیارە. ئاوی جۆگەی (ئاشەبەرزە)ی لە شاخی (وەرانوەر)ی بیارەوە بۆ هاتووە. بە (ئاساوە سەرینە) و ئاشی (ناوبازاڕ)یش ناوی هێنراوە. (حەمە دەرەکێ) لە ئاساوە سەرینە یان ناو بازاڕ سەرپەرشتیکردووە، بە ئاوی کانیی (جۆگەی ماجەمین) ئاوی بۆ هاتووە.
ئاشی ئاوە. مێژووەکەی بۆ ساڵانی ١٨٠٠ - ١٨٢٠ دەگەڕێتەوە. کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی گوندی (نارنجڵە) و لەسەر (جۆگەی کۆ) هەڵکەوتووە. جۆگەکە لە گوندى (هانەگەرمڵە) و لە خۆرهەڵاتی کوردستانەوە هاتووە.
کەوتووەتە باشوری گوندى (سۆسەکانى). لەبەردەم گوندەکەدایە، لە تەنیشت چەمێک، کە ئاوەکەی لە تەوێڵەوە و خۆرهەڵاتی کوردستانەوە دێت. خاوەندارێتی بۆ (حاجی ڕەشید) دەگەڕێتەوە. لە ساڵانی چلەکانی سەدەی ڕابردوو هەتا ساڵی ١٩٧٢ کاریکردووە.
کەوتووەتە باشوری گوندى (سۆسەکانى). لەقەراغ چەمێکدایە. لە ساڵانی پەنجاکاندا دروستکراوە. خاوەندارێتی بۆ بنەماڵەی شێخەکانی تەوێڵە دەگەڕێتەوە. بنەماڵەی (کوێخا سەعید) ئیشیانپێکردووە. هەتا ساڵی١٩٧٠ کاریکردووە.
کەوتووەتە گوندی (نەوێ)، بەهۆی بوونی سەرچاوەی ئاوی لە گوندەکەدا، ژمارەیەک لە ئاشە بەردینە هەبووە و دانیشتوانی گوندەکە و گوندەکانی تری دەوروبەر بۆ هاڕینی (گەنم و جۆ) و دانەوێڵە بەکاریانهێناوە، هەتا ڕاگوێزانی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ کاریانکردووە. دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ١٩٩١، کە خەڵکی گوندی (نەوێ) گەڕاونەتەوە بۆ گوندەکەیان، دووبارە ئاشەکانیان بەکارخستوەتەوە. لە ئێستادا هەموو ئەم ئاشانە بەتەواوەتی لەکارکەوتوون و کارناکەن، تەنها شوێنەواری جۆگەی ئاوی ئاشەکان ماونەتەوە. لە ئاشەکانی گوندەکە (ئاشی عێزەت بەگ، ئاشی حەمەسەعید بەگ، ئاشی سالەی کوێخا فەرەج، ئاشی قادر بەگ، ئاشی حەمەی عەبە و ئاشی حاجی حەمەئەمین).
ئاشی ئاوە. کەوتووەتە گوندی (عەبابەیلێ) لە گەڕەکى (باسکى شێخ موئمن)ـە. موڵکى (شێخ ڕەشيدى شێخ مەحموود) بووە. لە بەرد و قسڵ دروستکراوە. بەرداشەکەى لە ئێرانەوە بۆ هێنراوە. بە ئاوى (کانى بەهارێ) گەڕاوه. هەتا ناوەڕاستى حەفتاکانى سەدەى ڕابردوو کاریکردووە و دواتر لەکارکەتووە.
ئاشی ئاوە. کەوتووەتە باشورری خۆرئاوای شارۆچکەی خورماڵ. (١٥٠م) لە گەڕاوەکەوە دووربووە. شێخی حسامەدین لە نیوەی دووەمی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو دایناوە. ئاوێکی زۆری ویستووە و بۆ سوڕان و لە ئاوی زەڵمەوە بۆی هاتووە لە کلکەی باخەوە. ئاوبارەکەی (٣٠م) بووە و بە بەرد و قسڵ دروستکراوە. له ئێستادا شوێنەواریشی نەماوە.
کەوتووەتە باکورى گوندى (نێرگسەجاڕ) و لەنێوان گوندەکە و گوندى قارەمانيدا هەڵکەوتووه. خاوەنەکەى (شێخ مارفى گەورە)ى نێرگسەجاڕ بووه، بەهۆى ئەوەى ديوارەکەى به گڵێکى سپى دروستکراوە، ئەو ناوەی لێنراوە. بەئاوى تانجەرۆ گەڕاوە.
ئاشی ئاوە. کەوتووەتە بەشی خوارەوەی گوندی (بەردەبەل)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). ساڵی ١٩١٠ لە لایەن (فەتاح مستەفا مەحموود)ەوە دانراوە. ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵ ئیشیکردووە. ئێستاش شوێنەواری ماوە.
ئاشی ئاوە. کەوتووەتە گوندی (عەبابەیلێ) و گەڕەکی ئێستای (گۆران سیتی) نزیک (بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی لاوان). مێژووەکەی زۆرە و تەنها لەبیرەوەری خەڵکانی بەتەمەندا ماوەتەوە و شوێنەوارێکی نەماوە. بە یەکگرتنی ئاوی (کانییە بەهارێ، دەڵەمەڕ و کارێزان) گەڕاوە.
ئاشی ئاوە. کەوتووەتە بەشی خوارەوەی گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لەلایەن (حاجی محەممەد نادر هەواس)ی کەسایەتیی گوندەکەوە دامەزراوە. بە ئاوی سەرچاوەی (شیرەمەڕ) لە ساڵانی (چل و پەنجاکان و هەتا سەرەتای شەستەکان) کاریکردووە و دانەوێڵەی گوندی شیرەمەڕ و بەشێک لە گوندەکانی دەوروبەری لێ هاڕراوە. لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوە.
ئاشی ئاوە. کەوتووەتە گوندی (گریانە) لە بەشی زنجیرە کێوەکانی نزار و لەناو باخی (حەمەجافر)دایە. مێژوویەکی دێرینی هەیە. هەتا ساڵی ١٩٧٠ شوێنەواری ماوە و لە ئێستادا شوێنەکەی بە (ئاشەکۆنەکە) بەناوبانگە.
کەوتووەتە گوندی (کانی شێخ). لەسەر زەوییەکانی ئەوڕەحمانی مەحموی خەسرەو بووە. لەئێستادا هیچ شوێنەواری نەماوە. بەئاوی چەمی ئاشەکۆنەکە ئیشیکردووە، کە ڕژاوەتەوە سەر چەمی قۆرتاس. لە ئێستەدا شوێنێکی دیاری گوندەکەیە.
ئاشی بەردینە. کەوتووەتە ناو گوندی (گڵێجاڵ). پێش هاتنی ئاشی گاز، خەڵک بۆ هاڕینی دانەوێڵە سودیانلێوەرگرتووە. ئاشی بەردین سودی لە هێزی ئاو وەرگرتووە بۆ بەگەڕخستنی.
کەوتووەتە خوارووی گوندی (چناری زێڕوون). هەرەسی بەفراو کردویەتی بەژێرەوە. مێژووەکەی کۆنە. بەڵام شوێنەوارەکەی ماوە.
کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (بەشارەتى خواروو). له ئاوى دەلێنەوە ئاوى بۆ هێنراوەتەوە و بۆ هاڕينى گەنم و جۆ و زەڕات و کڕەکردنى برنج بەکارهاتووە. نزيکەى ٧٠٠مەتر لە گوندەکە دوورە و کەوتووەتە ناو زەويیەکانى ڕەقەى نەيريى، ئەم ئاشە مێژوويەکى دێرینی هەيە و لە بيرەوەرى خەڵکى گوندەکەدا نيیە و تەنها لەباوانيانەوە بۆيان گێڕدراوەتەوە، کە باراشيان لەو ئاشەدا هاڕيوە.
بە دووریی (٣٠٠م) کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر بە شارۆچکەی خورماڵ. ساڵی ١٩٤٥ بۆ ١٩٥٥ کاریکردووە. حاجی (محەممەد نادر هەواس) به هاوبەشی لەگەڵ (حامید بەگی جاف) دروستیانکردووە و خاوەنی بوون. بە ئاوی چووگی شیرەمەڕ کاریکردووە. لە ئێستاشدا شوێنەوارەکەی ماوە.
ئاشی ئاوە. ساڵی ١٩٦٥ لە باشوری مزگەوتی گەورەی خورماڵ بە تەنیشت ئاوی زەڵمەوە دروستکراوە. حاجی کاکە حەمەی ڕوانسەریی و حاجی مستەفای تەپی سەفا خاوەنی بوون. بە هێزی ٧٠ ئەسپ کاریکردووە. لەبەرئەوەی کەس نەبووە ئیشی پێبکات، وەستایەکی عەرەبیان بە خێزانەوە هێناوە و کاریپێکردووە. کاکە مەحموودی کاکە حەمە و وەستاکەی (ئەبو جەواد "کازم") سەرپەرشتیانکردووە. دواتر حاجی مستەفا بەشەکەی خۆی فرۆشتووەتەوە بە حەمەئەمین بەگی عەباس بەگی ئاواییی ڕۆستەم بەگ. پاشان حەمەسەلیم یاڵانپێی و ئەیوبی حاجی ڕۆستەم ئیشیان لێکردووە و لە شەڕی عێراق و ئێراندا تۆپی بەرکەوتووە و لەکارکەوتووە.
کەوتووەتە گەڕەکی کێلەسپی لەسەر ڕێگەی سەرەکیی سیروان - هەڵەبجە. ساڵی ١٩٦٧ لەسەر ڕووبەری (٥٠٠م٢) لەلایەن (خەلیفە محەممەد وڵەدخان و حاجی مەلاساڵحی گەورە)وە دامەزراوە. مەکینەی هیندی بووه، کە بە سوتەمەنی گاز و دیزڵ و ڕۆن ئیشیکردووە. دوو هەباشەی هەبووە و بە قایش لە مەکینەی سەرەکی بەستراوە. لەبری ڕادێتەر، بیر و حەوزی تایبەتی بۆ فێنککردنەوەی ئامێرەکانی هەبووە. زۆربەی کات (خەلیفە محەممەد) پاشان کوڕەکەی (حسەینی خەلیفە محەممەد) سەرپەرشتی ئاشەکەیان کردووە. ساڵی ١٩٧٩ لەکارکەوتووە. بۆ خستنە ئیشی ئاشەکە، زۆرجار گوریسی بارەکەرەکانیان کۆکردووەتەوە و لە شوێنی تایبەتی مەکینەی ئاشەکەیان بەستووە. پاشان چەند پیاوێک لە خاوەن باراشەکان ڕایانکێشاوە.
بۆ یەکەمجار لەلایەن (شێخ جەلال)وە هێنراوەتە گوندەکەوە، کە بە گاز ئیشیکردووە و لە باخچەی (هەواس) دایناوە و (ئەحمەدی مەلا غەفور) گێڕأویەتی. دواتریش لە ساڵی ١٩٧٠دا (شێخ لەتیفی شێخ سادق) ئاشێکی گەورەتری هێناوە، کە بەکارەبا ئیشیکردووە.