شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

94 بابەت

گەنجان

ئاشی ئاوە. شێخ حسامەدین دایناوە. کەوتووەتە نێوان سەرچاوەی ئاوی گەنجان و ماڵە شێخانەوە. دەوترێت پێش ئاشەتەنوورە (١٩٢٥) دانراوە. لە ئاوی زەڵمەوە ئاوی بۆ ڕاکێشراوە. جۆگەکەی بە کلکەی باخی سەیە بەگدا تێپەڕیوە لە باکوری قەڵای مەرکەزی خورماڵەوە گەیەنراوەتە ئاشەکە. ئیشکردنی ئەم ئاشەش پەیوەست بووە بە بوونی ئاو لە جۆگەی لە زەڵمدا. هەتاساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو ئیشیکردووە.

گردی گورگەچیا

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە نزیک (گردی گورگەچیا). لەسەرچەمی ئاوی گوندی پریسی خواروو هەڵکەوتووە. میژوویەکی دێرینی هەیە و لەپێش دروستبوونی گوندی (گورگەچیا)دا ساڵی ١٩٦١ بوونی هەبووە، ئەمەش واتای ئەوەیە پێش دروستبوونی ئەو گوندە ئەو ناوچەیە پێشتر هەر ئاوەدانبووە.

لا ئاشەکە

کەوتووەتە سنوری گوندی (پریسی خواروو) لەبەردەم گۆڕستانی گوندەکە. شوێنێکی لەبارە بۆ چاندنی گەنم و جۆ. لە سەرەتاى چلەکانى سەدەى ڕابردوو دروستکراوە. خاوەنی زەوی و ئاشەکە موڵکی (کاکلی قادر)ی پریسی خواروویی بووە، ئاشەوانەکانی خەڵکی هەڵەبجە یان خەڵکی کوردستانی خۆرهەڵات بوون، بەهۆى کەمبوونەوەى ئاو و پەيدابوونى ئاشى ئاسايى لەناو شاردا، هەتا ناوەڕاستی چلەکان بەردەوامبووە.

مام سەعید

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە لێواری چەمی (زەردەگڵ) لە سنورى گوندى (گڵێجاڵ). بە قەدى درەختى وشک بوو، کە ناوەکەى هەڵکۆراوە وەک بۆری لە بەرزى زیاتر لە (١٠م) ئاوی بۆ هاتووەتە خوارەوە. بەناوی خاوەنەکەیەوە ناونراوە. ساڵی ١٩٥٠ دروستکراوە. هەتا ١٩٧٨ کاریکردووە. مام سەعید خۆی و چەند کەسێکی تر کاریان پێ کردوووە.

مام غەفور

ئاشی ئاوە. بە دووریی (٥٠٠م) لە گوندى (گڵێجاڵ)ـەوە دوورە. بەهۆی زۆریی ئاوی چەمی (زەردەگڵ) لە لێوارییەوە دروستکراوە و بە جۆگە ئاویان لێوە بردووە بۆ ئاشەکە. بەناوی خاوەنەکەیەوە ناونراوە. ساڵی ١٩٤٣ هەتا ساڵی ١٩٧٨ و کاتی ڕاگواستنی گوندەکان کاریکردووە. سەرەتا مام غەفور و دواتریش کوڕەکانی ئیشیان پێ کردووە.

مامۆ سادق

ئاشێکی بەردینە. کەوتووەتە سەر چەمی گەڕاو لە سنوری گوندی (گمە). لە ساڵانی پەنجاکاندا لەلایەن (سادق محەممەد) ناوێکەوە، کە دانیشتوی گوندی (پشتە) بووە دامەزراوه ‌و بەناوی خۆیەوە ناسراوە‌. مامۆ سادق بەردی ئاشەکەی لە گوندی بەلەسۆ هێناوه. هەتا ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ ئاشەکە کاریکردووە. دانیشتوانی گوندەکانی (گمە، پشتە، مۆرتکە، بانی بۆڵان، زارێن) سودیانلێیوەرگرتووە.

مەحموود محەممەد هۆمەر

ئاشی بەردە. کەوتووەتە گوندی (پشتە) لەسەر چەمی کاوڵی. بەناوی سەرپەرشتیکار و ئەو کەسەوە ناونراوە، کە کاری تێدا کردووە. لەساڵانی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوودا دروستکراوە و هەتا ساڵی ١٩٧٨ و کاتی ڕاگواستنی گوندەکان کاریکردووە. گوندەکانی پشتە و گمە و قەڵپ و گڵێجاڵ سودیانلێوەرگرتووە.

مەحمووی یارەویس

ئاشی ئاوە. خاوەنەکەی (مەحموود یاروەیس)ی ڕأوێژکاری حەمەپاشای جاف و خەزنەداری مەحموودپاشای جاف بووە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٦٥ لە خوارووی هەڵەبجەوه ‌لە باخەکەی خۆیدا دایمەزراندووە. کەوتووەتە خوارووی گۆڕستانی شێخ ئیسماعیل و لەسەر چەمی خڕی خەزێنەی نزیک هەڵەبجە. بە ئاوی بامۆک و باوەکۆچەک و کانییەکانی نێو هەڵەبجە ئیشیکردووە.

مەلا محەممەد

ئاشى ئاوە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندى (سەعداوا)ی سەر بە ناحیەی (بەمۆ). بەناوی خاوەنەکەیەوە (مەلا محەممەد) ناونراوە. ساڵی ١٩٢٢ دروستکراوە. لە چەمی (زەردەگڵ)ـەوە جۆگەیەکی بۆ ڕاکێشراوە. دەیان ساڵ کاریکردووە و مەلا محەممەد و کوڕەکانی ئیشیانپێکردووە. هەتا ساڵانى پەنجاکانى سەدەى ڕابردوو ئیشیکردووە لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوە.

محەممەد حسین

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە سنوری گوندی (چنار)ی ناوچەی کۆکۆیی، بە ئاوی سەرچاوەی چنار کاریکردووە، ئاشی سەرەکیی گوندەکە بووە. هەتا ساڵی ١٩٧٨ و کاتی ڕاگواستنی گوندەکان کاریکردووە. لە ئێستادا تەنها شوێنەوارەکەی ماوە.

میران بەگ

ئاشی ئاوە. کەوتووەتە خوار گوندی (بنجۆی دڕە) لە دەستە ڕاستی ڕێگای (خورماڵ - زەردەهاڵ). لە مێژووی دروستبوون و ئاوەدانکردنەوەی گوندەکە دێرینترە و نزیکەی ٢٠٠ ساڵ دەبێت لەکارکەوتووە. لە جۆگەی زەردەهاڵەوە ئاوی بۆ هێنراوە. لە کاتی کارکردندا شوێنەواری دەرکەوتووە.

میرزا حەسەن

کەوتووەتە‌ باشوری گوندی (خێڵی حەمە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). مێژووی دروستکردنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٠٠ و لەلایەن حاجی (عەبدولڕەحمان)ی باپیرەی (میرزا حەسەن)ـەوە دروستکراوە. لەسەردەمی میرزا حەسەندا ئاشێکی بەناوبانگ بووە و بە ئاوی (کانییەکانی مزگەوت) کاریکردووه. هەتا ساڵی ١٩٦١ بەردەوام بووه.‌ (حەمەی حسێن) ئاشەوانی بووە. لە ئێستادا تەنها شوێنەواری ماوە.

ناوباخ

کەوتووەتە گوندی گریانە. لە دامێنی زنجیرە چیای نزارە. لەناو باخی (حاجی محەممەد و هادی)ی کوڕیدایە. ساڵی ١٩٤٧ لە لایەن (حسێن بەگی کوڕی ڕۆستەم سان)ـەوە دروستکراوە. بە گەورەترین ئاشی گوندەکە دادەنرێت. هەریەکە لە (کاکەلە) و (مەحمولەی) کوڕی لە سەرەتادا ئیشیان تێدا کردووە. دواتر ماڵی (دەروێش نادر) هەتا ١٩٦٩ بەکاریانهێناوە. لە چەمی گریانەوە ئاوی بۆ هاتووە. هەتا ساڵی ٢٠١٠ شوێنەواری دیار بووە، بەڵام دواتر بەهۆی دروستکردنی تەڵانی ناوباخەوە شێوێنراوە.

یاڵانپێ

بۆ یەکەمجار لە ساڵی ١٩٦٧ ئاشێک، کە بە گاز و ئاو ئیشیکردووە، بە هەرەوەزی لە شارۆچکەی خورماڵەوە هێنراوەتە گوندی (یاڵانپێ). لەبەرئەوەی ڕێگەی ئۆتۆمبێلی نەبووە، خەڵکەکە خۆیان بە ئامێری سادە و ساکار گواستوویانەتەوە. چەند کەسێک بە هاوبەشی ئاشەکەیان کڕیوە، لەوانە: ئەرکان مەحموود، حاجی عەلی حەمەسەعید، قادر حسێن.

پێشتر 1
...
4 5