مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

944 بابەت

شای سەرتلی

کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی (هاوار). بەردێکی گەورەیە لە شێوەی چیایەکی بچووکدا و گومەزێکی تاڕادەیەک بچووکی لەسەر بونیادنراوە و پێیدەڵێن شای سەرتلی. بە ڕەنگێکی سەوز وەک پیرۆزیی ڕەنگکراوە و لە دوورەوە دەبینرێت و بوەتە نیشانەی ناسینەوەی هاوار. بە پێی بەڵگە و سەرچاوەکانی یارسان حەزرەتی سوڵتان سەهاک ماوەیەک لە هاوار بووە. مەبەست لە (شا) سان سەهاکە و (تل) بە هەورامی واتە بەردی گەورە. شوێنەکە واتە پاشای سەر بەردەکە. بۆچونیکی تر هەیە، کە پشتی بە کەڵامێکی بارگەبارگە بەستووە. بە شوێنی شای سەرتلی دەوترێت سەراو دوودەرە، کە مەبەست پێی هاوارە و ئەو شوێنە کەوتووەتە نێوان دۆڵی شنروێ و دواوان.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

شووراکانی زەڵم

بە دووریی نزیکەی چوار کیلۆمەتر و نیو کەوتووەتە ‌باکورى خۆرهەڵاتى شارى خورماڵ لە نێو دۆڵى زەڵم. (٩٧٢م) له ‌ئاستى ڕووى دەریاوە بەرزە‌. گوندەکانى هانەى قوڵ و یاڵانپێ دەکەونە بەشى باکورى و لە باشورەوە گوندى ئەحمەدئاوا و لە خۆرئاواوە شارى خورماڵە، قەڵای زەڵم لەبەشی خۆرئاوای دۆڵی زەڵم به ‌قەدپاڵی چیاکەوە دروستکراوە و بە چەندین نەخش و نیگار ڕازێنراوەتەوە، لەبەردەمی قەڵاکەدا سەکۆیەک بۆ دانیشتن و حەوانەوە و چاودێریکردنی ناوچەکانی دەوروبەری دروستکراوە. بەهۆی ئەوەی، کە لە شوێنێکی بەرز دروستکراوە، لەناو قەڵاکەدا ژورێکی لاکێشەیی دروستکراوە. ئەم ژورە شوێنی مانەوەی خان (خان ئەحمەدخان) و کڵاوزەڕی خێزانی بووە. ئەم قەڵایە له ‌سەردەمی میرنشینی ئەردەڵاندا لە لایەن بابا ئەردەڵانەوە لە ساڵی ١١٦٨ دروستکراوە، لەدوای مردنی بابا ئەردەڵان کراوەتە پایتەختی میرنشینەکە لەلایەن کوڕەکانی (بێگەبەگ و مەئمون بەگ و هەڵۆ خان). پاشماوەی قەڵاو شووراکانی زەڵم هەتا ئێستاش هەندێکیان ماونەتەوە و بەڕوونی دیارن و‌ بە بەرد و قسڵ دروستکراون. سەرجەم شووراکان بۆ پاراستن و چاودێریکردنی قەڵاکە بونیادنراون، یەکێک لەم شوورایانە بە (یۆسۆئاسکە) ناسراوە و لە ئێستادا شوێنەوارەکەی لەهەموو شووراکانی دیکە ڕونتر دەردەکەوێت.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

شوورای کۆنی خورماڵ

کەوتووەتە شارۆچکەی (خورماڵ). مێژوویەکی دێرینی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ساسانیەکان، کە لە ناوچەیەدا فەرمانڕەواییان کردووە. بریتییە لەشوورایەکی بەهێز لە بەردی خڕی چەمی زەڵم و بەکارهێنانی قسڵ لەنێوان بەردەکاندا دروستکراوە. لە بەشی خۆرئاوا و باشورەوە دەوری شارۆچکەی (خورماڵ)ی ئەوکاتەی داوە، شوێنی دەستپێکردنى لەلای خۆرهەڵاتی شارەکەوە بووە و سەرەتای شووراکە نوساوە بە قەڵای (خورماڵ)وە. هەڵکەوتەی شوێنەکە بەشێوازێکە لەو شوێنەشدا چەمی زەڵم دێتە ناو شارەکەوە، هەر لەوێدا دەروازەى خۆرهەڵاتی شار لەناو شووراکەدا دروستکراوە و ‌تا ئێستاش پێیدەوترێت (قاپی). شووراکە بەرەو خۆرئاوای شار درێژ دەبێتەوە. لە گەڕەکی (قەڵا)ی ئێستا و لە نزیک (مزگەوتی قەڵا)وە تێدەپەڕێت و بەژێر خانوەکاندا دەڕوات و لە نزیک مزگەوتی (مەلا عەبدوڵای گوڵپی)یەوە ڕوو بە (ئاوی گەڕاوەکەی خورماڵ) هەتا سەر چەمی زەڵم دەڕوات. شێوەیەکی کەوانەیی هەبووە و نزیکەی یەک کیلۆمەتر و لەلای خۆرئاوادا دەروازیەکی تری هەبووە نزیک لە کۆتایی شووراکە، لە بەری ڕۆژهەڵاتەوە گەیشتووە بە ڕۆژئاوای شار و بەری باکوری شاری نەگرتووە. پێویستە ئەوە بخرێتەڕوو، کە (خورماڵ) دوو شوواری هەبووە و یەکێکیان، کە شوورای قەڵاکەیە و بچوکترە، تەنها بەدەوری قەڵادا دروستکراوە و لەناو شوورای دووەمدایە، کە ئەمەیان گەورەترە و لە خۆرهەڵات هەتا خۆرئاوای شاردا دروستکراوە. تا ئێستا پشکنینی زانستی بۆ ئەنجامنەدراوە و هیچ هەوڵێکی پاراستنی ئەو شوێنەوارە نەدراوە. شاری خورماڵ لەکۆندا لەلای بەری (باکوری)یەوە بە (ئاوی گەنجان) و ئاوی ئەو (مێرگە گەورەیە)ی لەپشت قەڵای (خورماڵ) واتە باکوری شارەوە هەبووە، گیراوە و لەبەری خۆرهەڵات و باشور و خۆرئاوایەوە بە هاوتەریبی شووراکەی، (خەندەق)ێک هەبووە، گەشتووەتەوە سەر ئاوی چەمی زەڵم، خەندەقەکە لەکاتی مەترسیدا پڕکراوە لە ئاو بۆ پاراستنی شارەکە لە هەر پەلامار و هێزێکی دەرەکی، بەهەمان شێوەش ئامانج لەدروستکردنی ئەو شوورا پان و بەهێزەش، هەر پاراستنی شارەکە بووە لەهەر هێرش و مەترسییەکی دەرەکی.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

قەسر

کەوتووەتە باشوری شارۆچکەی (بیارە) و خۆرئاوای گوندی دەگاشێخان، لە نێو دۆڵی سەروەزەن هەڵکەوتووە. (١١٤٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ڕووەو خۆرئاوا هەڵکەوتووە، دەڕوانێتە سەر دۆڵی بیارە، لە باشورەوە دۆڵی باخی خول و کانی دەشتوێ و سەردانی وارین و لە باکورەوە یاریگای بیارە و لە خۆرهەڵاتەوە شوێنەواری کەلارێ گاورا و کانی مەرەوێ و لە خۆرئاواوە مزگەوتی حاجی یاسین و دۆڵی بیارە دەورەیانداوە، شوێنەوارێکی دێرینە و تاوەکو ئێستاش کنەو پشکنینی بۆ نەکراوە و باس لەوەدەکرێت کەرەستەی گرانبەهای تێدا دۆزراوەتەوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

قەڵاتەچەرمێ

کەوتووەتە باشوری گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ناحیە‌ی (بیارە). ڕووبەرەکەی نیو دۆنم دەبێت. ناوەکەی هەورامییە و بەواتای قەڵای سپی دێت. ساڵی ١٩٩٩ کنەوپشکنینی بۆ کراوە و دەفرێکی بەردینی لێ دۆزراوەتەوە. وەک دەوترێت شوێنی ژیانی پادشایەک بووە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

قەڵاکۆن

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گمە). شوێنەواری قەڵایەکی کۆنی سەربازییە و بۆ سەردەمی دەسەڵاتی عوسمانی دەگەڕێتەوە لە ناوچەکەدا. بەهۆی ئەوەی گوندەکە کەوتووەتە کۆتا خاڵی سنوری نێوان باشور و خۆرهەڵاتی کوردستان، لە کۆندا قەڵاکە بۆ باج_وەرگرتن لەسەر ئەو شتومەکانە بەکارهاتووە، کە لەسەر سنور ئاڵۆگۆڕیان پێکراوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

قەڵاگا

کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (یاڵانپێ). (٩٠٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکورەوە کانی شێخ قادر و کانی هاڵ و کانی باخەکان و وەنەکێ ماما هەجێ و ئەشکەوتی مەڕدێیەکان و لە خۆرهەڵاتەوە کانی هانە چیاڵە و ڕێبوارانی سەروو تفەقەتاراو چەقەڵان و هانەوا وێکەن و حاجی حەمەسیاو و لە باشورەوە کانی وەرو شەخسی و شوێنەواری شێخ سلێمان و کانی میشڵیان و کانی گەورە و هەسەن و دۆڵی ڕەزەمۆزان و لە خۆرئاواوە دۆڵی بانە گەورێ و گوندی بانیشار دەورەیانداوە، ئەم شوێنەوارە تەنها (٣٦٠م) لە ڕێگای قیرتاوکراوی گوندی یاڵانپێوە دوورە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

قەڵاگە

گردێکی شوێنەواریی دێرینە. کەوتووەتە دامێنى چياى (خۆشک) نزیک گوندى (گڵێجاڵ‌) و حەوت کیلۆمەتر لە ناوەندی گوندەکەوە دوورە. (٩٥٩م) لەئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. بەپێی ئەو پارچە شوێنەوارییانەی، کە لە قەڵاکەدا دۆزراونەتەوە، بەشی سەرەوەی بۆ سەردەمی ئیسلامی و چینەکانی ژێرەوەش بۆ سەردەمی ساسانی دەگەڕێنەوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

قەڵای باباجان: باوەجان: عوسمانلو

قەڵایەکی دێرینە. لە گوندی دەرەتوێی یارسان نشیندایە. هیچ ڕابەرێکی ئایینی بەو ناوەوە لە زنجیرە چیاکانی بەرامبەری نەناسراوە. شوێنێکی بۆ کوشتن و هەڵواسین تێدایە، پێیدەڵێن لوتکەی قەنارە. لە سەردەمی ئەردەڵانەکاندا هاوشێوەی قەڵاکانی تری ناوچەکە سەربازگە بووە. ڕەنگە پەیوەندییەک لەنێوان و هۆزی گەورەی باوەجانیدا هەبێت. کاتێ عوسمانییەکان ئەم ناوچانە دەخەنە ژێردەسەڵاتی خۆیانەوە، ناوی قەڵاکە گۆڕراوە بە عوسمانلو.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

قەڵای خەسرەوئاغا

قەڵایەکی کۆنی شوێنەوارییە. کەوتووەتە خوارووی گوندی (بەڵخە) و لە بەرزاییەکاندایە. کانی و ئاوێکی تێدایە پێیدەوترێت (بە کۆدەر) و ئاوی چەند باخێک دەدات.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

قەڵای خورماڵ

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی شارۆچکەی (خورماڵ). لە شارۆچکەکەدا چەند شوێنەوارێکی گرنگ هەن‌ لەهەموویان دیارتر، قەڵاکەیەتی. مێژوویەکی دێرینی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمانەی، کە ساسانییەکان لە ناوچەیەدا فەرمانڕەواییان کردووە و قەڵا سەربازییەکانیان بە شێوەیەکی زۆر بەھێز بونیادناوە. ئەوانیش لەلایەن میرانی میرنشیەنەکانی ئەردەڵان و بابانەکانەوە و دواتریش لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بەکارهاتووە. قەڵاکە لە بنچینەدا گردێکی سروشتییە و شێوەیەکی لاکێشەیی هەیە، ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٥ دۆنم دەبێت. (٥٦٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بە بەراورد لەگەڵ زەوییەکانی دەوروبەریدا (٣٠م) بەرزترە و دەڕوانێت بەسەر هەرچوارلای خۆیدا. چەمی زەڵم بە تەنیشتیدا تێدەپەڕێت. قەڵایەکی سەربازی بووە و شووراکەی لە بەشی سەرەوەی (قەڵا) لەلێوارەکانیدا دروستکراوە. وەک دیوارێکی پتەو و بەرزە، لە بەردو قسڵ دروستکراوە و پانییەکەی نزیکەی مەتر و نیوێک دەبێت. نزیکەی ١٥ قوللەی هەیه. لە ناوەوەی قەڵاکەدا شوێنەواری چەندین دیوار بونیان هەیە، کە لە بەردی ڕێک و تاشراوی قەبارە گەورە دروستکراون، کە ئەم دیوارانە شوێنەواری بوونی ژوور و خانو پیشاندەدەن. گۆڕەپانی قەڵاکە شێوەکەی لاکێشەییە و نزیکەی (٣٠م) درێژ و (٢٠م) پانە. زیندانی قەڵاکەش لە گۆشەیەکی لای دەروازەی خۆرئاوادایە و لە تەنیشت شووراکەدا ژورێک بوونی هەیە، لە دەرگاکەیەوە بە (پلیکانە) دەگاتە ناو ژوورەکە. هەتا ئێستا هیچ کارێکی پشکنینی زانستی بۆ قەڵاکە ئەنجامنەدراوە و هیچ هەوڵێکی پاراستنی ئەو شوێنەوارە نەدراوە و بەشێکی شێوێنراوە، بەشێکی شوێنەوارەکە کراوە بەدارستان و داری (سنەوبەر)ی تێدا چێنراوە، کە ئەمەش پێچەوانەی ڕێنماییەکانی پاراستنی شوێنەوارە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

قەڵای ڕەزێنە شوێنەوار

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەشیشی سەروو) لە نێوان گوندەکانی (دەرەشیش و تاوێرە). ڕووبەرەکەی (٢٠٠م)ە. شوێنەوای قەڵاکە دیارە. هەتا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە. بەپێی ئەوەی، کە لە نزیک قەڵاکەدا سەری ڕم و نوکی تیر دۆزراوەتەوە، دیارە، کە قەڵایە بۆ مەبەستی سەربازی بەکارهاتووە. بەپێی هەڵسەنگاندن و بەراوردکردن بۆ سەردەمی (ساسانی) دەگەڕێتەوە.

قەڵای ڕەزێنە شوێنەوار

کەوتووەتە سنوری گوندی (گوڵپ) و لەڕووی کارگێڕییەوە سەر بە شارۆچکەی (بیارە)یە و لەسەر ڕێگەی (گوڵپ نارنجڵە)یە. لەشێوەی گردێکی شوێنەواریدایە. ڕووبەرەکەی (٣٠٠م)ە. پاشماوەی قەڵاکە دیارە. هیچ کارێکی هەڵکۆڵینی بۆ نەکراوە. بەپێی هەڵسەنگاندن و بەراوردکردن، بۆ سەردەمی (ساسانی) دەگەڕێتەوە. بەپێی ئەوەی، کە لە نزیک قەڵاکەدا سەری ڕم و نوکی تیر دۆزراوەتەوە، دیارە، کە قەڵایە بۆ مەبەستی سەربازی بەکار هاتووە.

قەڵای زەڵم: خان ئەحمەدخان

کەوتووەتە دەربەندى زەڵم، لە بەشی باکوری دەربەندەکەیە، لە یەک کیلۆمەتری باکوری خۆرهەڵاتی گوندى ئەحمەدئاوادایە و (٥٠٠م) لە بەشى باکوری خۆرئاواى گوندى زەڵم هەڵکەوتووە‌. شووراى قەڵاکە بۆ ناوەندى دەربەندەکە بۆ بەشى باشور دێتە خوارەوە و دەگاتە سەر ڕوبارى زەڵم، بەشێوەیەک هەڵکەوتووه، دەربەندەکە بە تەواوەتى دەگرێت. ناوەندى قەڵاکە لە بەشى باکوری دەربەندەکەیە و شوورا و دەروازەى قەڵاکەش شۆڕدەبێتەوە بۆ بەشى باشورى دەربەندەکە، ڕوبارى زەڵم تێدەپەڕێنێت و دەگاتە ئەوبەرى ڕوبارەکە، لە ئێستادا ئەم شوێنە بە هاوینەهەوارى ئەحمەدئاوا ناودەبرێت، پێنج کیلۆمەتر لە باکوری خۆرهەڵاتی خورماڵ و (١٧کم) کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی ناوەندی پارێزگاى هەڵەبجەوە. لە سەردەستى بابا ئەردەڵانی دامەزرێنەرى میرى میرایەتیى ئەردەڵانی ئاوەدانکراوەتەوە و وەک یەکێک لە ناوەندەکانى دەسەڵاتدارییەتى ئەردەڵانییەکان لە سەردەمى هەڵۆخان و دواتریش خان ئەحمەدخان دواتر سلێمان خانی ئەردەڵانیدا بەکارهاتووه.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

قەڵای سەرگەت

بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (سەرگەت)ی سەر بە ناحیە‌ی (بیارە). لە خۆرهەڵاتەوە بەسەر هەردوو گوندی (سەرگەت و هانەیدن) و لە باشورەوە بەسەر دەشتی سەباندا دەڕوانێت. ڕووبەرەکەی ١٥ دۆنم و بەرزییەکەی (١٠٠٠م) دەبێت. کنەوپشکنینی بۆ کراوە و کەرەستەی شوێنەواری لێ دۆزراوەتەوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

قەڵای سەنگی سیاو

کەوتووەتە ناوچەی هەورامان نزیک گوندی (نارنجڵە). تاوێرە بەردینێکی گەورەیە و لەشێوەی پارچە شاخێکدایە، کە لاکێشەیی هەڵکەوتووە و لە بنەڕەتدا سروشتییە، بەڵام دواجار لەلایەن بەکارهێنەرەکانیانەوە گۆڕانکارییان تێداکراوە و چەند بەش و پارچەیەکیان بۆ زیادکراوە. بە بەراورد بە دەوروبەری خۆی، هەتا ئەندازەیەکی زۆر بەرزترە و هەر بۆیەش هەڵبژێرراوە و وەک بنکەی سەربازی و بەرگریی زۆر بەهێز بەکارهاتووە. چەند بەشێکی وەک حەوزی ئاو، شوێنی سەنگەرگرتن و چاڵی بچوک بچوک وەک ئاگردان لە قەتپاڵی شاخەکەدا و لەسەر تاوێرە بەردەکان هەڵکەندراون. (سەنگی سیاو) واتە (بەردی ڕەش). ئەگەر لە شوێنەوارەکە بڕوانین، ڕەنگیکی ڕەش باو دەنوێنێت. شێوەیەکی سروشتی لاکێشەیی هەیە و مێژووەکەی بۆ ئەو سەردەمى گەلە کۆنەکانی وەک (گوتی و لۆلوییەکان..).دەگەڕێتەوە. یەک کیلۆمەتر لە تەنیشت قەڵای سەنگی سیادا (گردێکی بەرز) هەیە، کە بە (کڵاوەی ئاشوور) ناوی دەهێنن، ئەمەش بەڵگەیەکی بەهێز و نزیکە لەوەی، کە قەڵای (سەنگی سیا) لەلایەن ئاشورییەکانەوە بەکارهێنراوە. لە بەشەکانی ناوەوەیدا داتاشینێکی زۆری پێوە دیارە، هەروەها حەوزێکی ئاوی هەیە، قوڵییەکەی بەتەواوی دیارنییە چونکە بە تێپەڕینی ساڵەکان پڕبووەتەوە. ئەو مادانەی، کە حەوزەکەی لێدروستکراوە، بریتییە لە بەرد بۆ دروستکردنی چینەکانی دیوار و لە نێوان چینەکانیش ماددەی (قسڵ)هەیە. سەرچاوەی ئاوی قەڵاکەش لە بەشەکانی پشتەوەی قەڵاکە کانی تێدایە و بە جۆگە گەیەنراوەتە ناو قەڵا و لە حەوزەکەدا پاشەکەوتکراوە. درز و شکانێکی گەورە لە لا_تاشراوەکانی قەڵاکەدا دەبینرێت، کە لە شکانی سروشتی دەچێت بەهۆی (زەمین لەرزەوە). لەگەڵ ئەوەشدا چەند مەترێک لە بەرزایی ئەو حەوزە و لەلایەکی دیوارەکانیەوە (کونێکی سێگۆشە) هەیە، بەپێی زاراوەی شوێنەواری (مەزاخل و مەداخل)ی پێدەوترێت، بریتیە لەدەرچەیەک یان بۆشاییەک لەناو قەڵا و سەنگەرەکاندا بەدیکراوە بۆئەوەی لە دیوی ناوەوەیەوە دیوی دەرەوە ببینرێت، ئەمەش بۆ کاتی چاودێری و پاسەوانی ئاسان و بەسود بووە. لە دەروەی قەڵادا و لە ناو دڵی تاوێرەبەردینەکاندا شوێنی پاسەوانی لە شێوەی سەنگەردا هەڵکۆڵراون. لەنزیکی شوێنی پاسەوانیشدا کۆمەڵیک چاڵ هەڵکۆڵراون لەشێوەی ئاگردان و بۆ شوێنی ئاگر و ڕوناکی بەکارهاتوون. لەنزیک قەڵاکەدا چاڵی تر هەن، بۆ شوێنی کوتان و هاڕینی گژوگیا هەڵکۆڵراون. جۆری میوە و لقی دارەکان بۆ دەرمان و چارەسەريی، لە نزیکی قەڵاکەدا شوێنی ئاوەدانی و خانو بەدیدەکرێت، ئەو کەس و سەربازانەی لەو قەڵایەدا بوون، لەو شوێنەدا ئەسپ و ئاژەڵە سەربازییەکانیشیان، کە بۆ سواری و گواستنەوەی کەلوپەل و پێداویستییەکانیان ئەو ئاژەڵانەیان بەکارهێناوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

قەڵای گاوران

کەوتووەتە خۆرئاوای شاخە بەرزەکانی تەوێڵە لە پشت گەڕەکی چلانە. دەڕوانێت بەسەر خانەقای تەوێڵە و لە قەڵاکەوە بەشێک لە گوندەکانی خۆرهەڵات و شارۆچکەی پاوە لە خۆرهەڵاتی کوردستان دیارە و بەسەر شارۆچکەی (پاوە) لە بەشی خۆرهەڵات. مێژووەکەی بۆ سەردەمی ساسانییەکان دەگەڕێتەوە. هەتا ئێستا هیچ توێژینەوە و کنە و پشکنینی بۆ نەکراوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

قەڵای گاوران: مۆرتکە دەرەشیش

کەوتووەتە ناو سنوری گوندی (دەرەشیشی سەروو)ی باکوری خۆرهەڵاتی پارێزگای هەڵەبجە. قەڵایەکی شوێنەواریی شێوە هێلکەییە‌. لەسەر شاخێک دروستکراوە و ڕووبەرەکەی (٢٠٠م)ە. پاشماوەی دیارە، کە بە بەردی گەورە دروستکراوە. هەتا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە. پارچەی گۆزە، سەرەڕم و تیر، سکە و ئێسک و پروسکی مرۆڤ لێ دۆزاوەتەوە و ئەمانە بەڵگەن بۆ مێژووی دێرینی قەڵاکە. بەپێی هەڵسەنگاندن و بەراوردکردن بۆ سەردەمی (ساسانی) دەگەڕێتەوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

قەڵای گرده

کەوتووەتە سەر تەختایی بەرزایى ئەو چیایەی بەرانبەر چیای زەڵم، کە سەرچاوەی زەڵمی لێهەڵدەقوڵێت. لە پشتى گوندى ئەحمەدئاوا، لە دەستە ڕاستى سەرەتاى دەربەندى زەڵم و چوار ئاڕاسەیی، ‌دەڕوانێت بەدەوری خۆیدا. لە بەشى خۆرهەڵاتی سەرچاوەى ئاوى زەڵم هەڵدەقوڵێت، لە بەشى باکور و خۆرهەڵاتی گوندى زەڵم هەڵکەوتووه، بەشى باکوری ئەوبەرى دەربەندى زەڵم و قەڵاى مێژووی زەڵم دەکات، بەشى خۆرئاوا و باشورى خۆرئاواى گوندى ئەحمەدئاوا و قەڵاى خورماڵە، بەشى باشورى قەڵاکە باخی بابا زەردەڵەییە. هەڵکەوتەى قەڵاکە دەکەوێتە سەر پانترین شوێنى تەختایی سەر لوتکەکە و دەگاتە (١٣٠م) و درێژییەکەی (٦٥٠م) دەبێت. بە قەڵاى (گرد)ە بەناوبانگە. لە ناوى "یەزدەگورد" کۆتا پاشاى دەوڵەتى ساسانییەوە هاتووە و سەرچاوە مێژووییەکانیش بەقەڵاى "یزد جرد" ناویان هێناوە. بۆ کۆتاییەکانی سەردەمی ساسانی دەگەڕێـتەوە، میرنشینە کوردییەکانیش سودیانلێوەرگیرتووە‌، بە تایبەت دواتر له ‌سەردەمی ئەردەڵانییەکان بەکارهاتووەتەوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار

قەڵای مەنێنە

کەوتووەتە سنوری گوندی (دەرەشیشی سەروو) لە باکوری خۆرهەڵاتی هەڵەبجە. گردێکی شوێنەواریی دەستکردی شێوە قوچەکییە. ڕووبەرەکەی (٣٠٠م). لەسەر شاخێکی بەرز دروستکراوە بەسەر دەشتایی شارەزووردا دەڕوانێت. پاشماوەی شوێنەوای قەڵاکە ماوە. هەتا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە. پارچەی سەرەڕم و تیری لێ دۆزاوەتەوە. بەپێی هەڵسەنگاندن و بەراوردکردن بۆ سەردەمی (ساسانی) دەگەڕێتەوە.

زیاتر بزانە
شوێنەوار
پێشتر 1
...
11 12 13
...
48 دواتر