قەڵای زەڵم: خان ئەحمەدخان
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
کەوتووەتە دەربەندى زەڵم، لە بەشی باکوری دەربەندەکەیە، لە یەک کیلۆمەتری باکوری خۆرهەڵاتی گوندى ئەحمەدئاوادایە و (٥٠٠م) لە بەشى باکوری خۆرئاواى گوندى زەڵم هەڵکەوتووە. شووراى قەڵاکە بۆ ناوەندى دەربەندەکە بۆ بەشى باشور دێتە خوارەوە و دەگاتە سەر ڕوبارى زەڵم، بەشێوەیەک هەڵکەوتووه، دەربەندەکە بە تەواوەتى دەگرێت. ناوەندى قەڵاکە لە بەشى باکوری دەربەندەکەیە و شوورا و دەروازەى قەڵاکەش شۆڕدەبێتەوە بۆ بەشى باشورى دەربەندەکە، ڕوبارى زەڵم تێدەپەڕێنێت و دەگاتە ئەوبەرى ڕوبارەکە، لە ئێستادا ئەم شوێنە بە هاوینەهەوارى ئەحمەدئاوا ناودەبرێت، پێنج کیلۆمەتر لە باکوری خۆرهەڵاتی خورماڵ و (١٧کم) کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی ناوەندی پارێزگاى هەڵەبجەوە. لە سەردەستى بابا ئەردەڵانی دامەزرێنەرى میرى میرایەتیى ئەردەڵانی ئاوەدانکراوەتەوە و وەک یەکێک لە ناوەندەکانى دەسەڵاتدارییەتى ئەردەڵانییەکان لە سەردەمى هەڵۆخان و دواتریش خان ئەحمەدخان دواتر سلێمان خانی ئەردەڵانیدا بەکارهاتووه.
سەرچاوەکان:
- ناو پێگەی شار و شوورا و قەڵاکانی شارەزوور لە سەدەکانی ناوەڕاست لەتۆمارە مێژوویی و شوێنەوارییەکان، شوان محمد صابر، تێزی دکتۆرای بلاونەکراوە، زانکۆی سلێمانی، ٢٠٢٣، ل١٨٩.
- چەردەیەک لە مێژووی ئەحمەدئاوا، محمد صابر ئەحمەدئاوایی، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕێدار، سلێمانی، ٢٠٢١، ل١٠.
- مێژووی ئەردەڵان، مەستورە ئەردەڵان، ماه شەرەف خانم، وەرگێرانی: حەسەن جاف و شوکر مستەفا، دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوەی ئاراس، چاپی یەکەم، هەولێر، ساڵی ٢٠٠٥، ل٢٥.
ئامادەکردنی: د.شوان محەممەد سابیر