بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
شوێنەواری گوند یان ئاوەدانییەکی دێرینە. مێژووەکەی بۆ پێش ئایینی ئیسلام دەگەڕێتەوە. کەوتووەتە سەر ڕێگەی چەمی (دزاوەر)ی نزیک شاردێی (تەوێڵە). شوێنەوار و پاشماوەی شارەکە وەک قەیسەری و ئاتەشگەی لێماوەتەوە. لە ئێستادا باخ و باخاتە، بەڵام بەهۆی شەڕی عێراق و ئێرانەوە، مینێکی زۆری تێدایە. دەڵێن (دە) کەس لە دانیشتوانی (تەرتیبا) هاتونەتە خوارەوە بۆ شوێنی ئێستەی تەوێڵە و لەوێ نیشتەجێبوون. دانیشتوانی (تەرتیبا) پێیانوتوون (دە وێڵە). کە دواتر بووەتە (تەوێڵە) ئەمە تەنها یەکێک لە بیروبۆچونەکان.
کەوتووەتە دامێنی چیای گەچێنە و هەمزەی و بە ئاڕاستەی باکور بۆ خۆرئاوا هەڵکەوتووە. (١٤٧٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناوچەیەکی زۆر سەختە و بڕێکی زۆر بەفری لێدەبارێت و دەوڵەمەندە بە ڕووپۆشی ڕووەکی و ئاژەڵ و باڵندەی کێوی و دەڕوانێتە سەر ناوچەی هەمزەی و گەچێنە و نارنجڵە، لە باشورەوە شوێنەواری گردی کۆسەو بەبەڵەی و لە باکورەوە ئەشکەوتی هەلاجان و چیای کەمەر خەپلە و لە خۆرهەڵاتەوە چیای شرام و سێخڕان و دۆڵی هەمزەی و لە خۆرئاواوە بانی هێڵە گەمە دەورەیانداوە.
کەوتووەتە شارۆچکەی (خورماڵ). لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە (دەرەی خەنەک)یشی پێدەوترێت. خەندەقێکی پان و قوڵە و لەشێوە چەمێکدا هەڵکەنراوە. قوڵیی و بەرزییەکەی نزیکەی پێنج مەتر دەبێت و لەهەندێک شوێنیشدا زیاترە. مرۆڤ ناتوانێت بەئاسانی لێیبپەڕێتەوە. دەوترێت لە دێریندا شاری خورماڵ لە هەموولایەکەوە بەئاو دەورەدراوە، لای بەری (باکوری)یەوە بە (ئاوی گەنجان) و ئاوی ئەو (مێرگە گەورەیە)ی لەپشت قەڵای (خورماڵ) واتە باکوری شارەکەوە هەبووە، لەبەری خۆرهەڵات و باشور و خۆرئاواشیەوە بەهاوتەریبی (شوورا)پان و بەهێزەکەی (خەندەق)ێکیش هەبووە گەشتووەتەوە سەر ئاوی چەمی زەڵم. بۆ پاراستنی شارەکە لە هەر پەلامار و هێزێکی دەرەکی، خەندەقەکە لەکاتی مەترسیدا پڕ کراوە لە ئاو و ئاوی چەمی زەڵمی خراوەتە سەر بۆ ئەوەی دوژمن نەتوانێت بەئاسانی لێیبپەڕێتەوە و نزیکی شووراکانی شارەکە بکەوێتەوە. ئەم خەندەقەش پردی لەسەر بووە بۆئەوەی هەر کات بیانەوێت و لەکاتی پێویست بپەڕنەوە بۆ دەرەوەی شار.
بریتیە لە دەرە (دۆڵیک) ی بچوک لە بەرزاییەک لێژ دەبێتەوە بۆ خوارەوە، چەند بەرزاییەکی سروشتی لەشیوەی تاوێرە بەرد یەک لەدوای یەک لە لاتەنیشتێکی دۆڵەکەدا هەن و لەشێوەی قەڵادان، لەسەرەوە بەرەو خوار لێژ بونەتەوە بەئاڕاستەی دۆڵەکە، دەکەونەناو سنوری جوگرافیی گوندی یاڵانپێی سەر بەشارۆچکەی (خورماڵ)ەوە، بە دووریی پێنج کیلۆمەتر ئەم شوێنەوارە لەخۆرئاوای گوندەکەدا هەڵکەوتووە. مێژووەکەی: ئەگەر چی لەبنەڕەتدا هەتا بە ئێستا هیچ کارێکی هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە، لەبەشی باشوری دۆڵەکە بەئاڕاستەی خورماڵ پارچەی شوینەواری جۆراوجۆری تێدا دۆزرایەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەوترێت گۆڕەکان لە یەک کەس زیاتریان تێدا بووە و گۆڕی تێدابووە ١٦ مردووی تێدا نێژراوە، ناوەوەی گۆڕەکان بە دیوار هەڵچنراوەتەوە تاکۆتاییی گۆڕەکە و بەردری گەورەیان بەسەرەوە بووە بۆ داپۆشینی دەرگای گۆڕەکان. ناوی (دەرەی قەڵاگا) لەوەوە سەرچاوەیگرتووە، کە پەیوەندی بەناوی (دەرە دزان: دەرە دژان)ەوە هەیە، کە بە دووریی ٥٠٠، لەخواروی خودی دەرەی قەڵاگاوە هەیە، وەک ئەوەی، کە وشەی (دژان: دزان) بەواتای (قەڵا)کان دێت، لەمەوە دەتوانێن بڵین (دەرەی قەڵاگا لەدەرە دزان)ەوە هاتووە.
بریتییە لەدەشتێکی پان و بەرین و ئاوەڵا، کە پانتاییەکی فراوانی هەیە و نزیکەی ١٠٠ دۆنم زەوی دەبێت، دەشتێکی دێمییە و بۆ چاندنی کشتوکاڵی زستانەی دێمەکار (وەک گەنم و جۆ و نۆک و نیسک و پاقلە) بەکاردەهێنرێت، واتە ئەو بەروبومانەی، کە لەوەرزی زستاندا دەچێندرێن و لەوەرزی بەهاراندا بەئاوی باراناو تێر ئاو دەبن و پێدەگەن. ناوی ڕەقە هەرلەوەوە سەرچاوەیگرتووە، کە شوێنکی ڕەق و بەردەڵانە و کەم_ئاو و وشکە، ناوی ڕەقەی شێرە مەڕ بریتییە لەو شوێنە وشک و بەردەڵان و کەم_ئاوەی، کە لە گوندی شیرەمەڕەوە نزیکە. شوێنی جوگرافیی ڕەقە (ڕەقەی شیرەمەڕ) ئەم دەشتە، کە بە ڕەقە ناوی دەرکردووە، لەبەشی باکوریەوە گوندەکانی (هانەی قوڵ و یاڵانپێ و بانی شار)ەو لەخۆرهەڵاتیەوە شارۆچکەی (خورماڵ) لەبەشی خۆرئاوایشەوەگوندی (شیرەمەڕ) و لەبەشی باشوریشیەوەگوندی (تەکیە) هەڵکەوتووە. لەناو دڵی ئەو دەشتەدا و لەناو خاک و خۆڵەکەیدا دەیان و سەدان و بگرە هەزارانیش پارچەی شوێنەواری بوونیان هەیە. هەتا ئێستا پشکنینێکی زانستی بۆ ئەنجامنەدراوە.
کەوتووەتە کۆتايى دەربەندى زەڵم و نزیکەی یەک کیلۆمەتر لە باکورى گوندى (زەڵم)ـەوە دوورە. درێژییەکەی نزيکەى کیلۆمەترێکە. بەرزییەکەی نزيکە لە ١٥٠٠ بۆ ٢٠٠٠م لە ئاستى ڕووى دەرياوە دەبێت. لە بەهار و هاويندا بەهۆى بوونی کانييەکانى و توانەوەى بەفرى شاخەکانەوە وەک مێرگێکى لێدێت و دەبێت بە شوێنی سەیرانکەران. بوونی قەڵاى بەرەگاخوگان و چەند ئەشکەوتێک ئەوە دەسەلمێنن، کە سەردەمانێک مرۆڤی لێ ژیاوە. لای يارسانەکان بە شوێنێکى پيرۆز دانراوە.
دیوەخان و شوێنی نیشتەجێبوونی (مەحموودخانی دزڵی) بووە. کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (یاڵانپێ)ى سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). بەهۆی ئەوەی یەکێک لە خێزانەکانی خەڵکى گوندەکە بووە، لە سەرەتای ساڵانى بیستەکانى سەدەى ڕابردوو لەسەر ڕووبەری (٢٠٠م٢) دروستکراوە. لە دوو نهۆم پێکهاتووە و بۆ ئەو کاتانە دیمەنێکی سەرنجڕاکێشی هەبووە. لە ئێستاشدا شوێنەواری ماوە.
کەوتووەتە دیوی پشتەوەی گوندی (جەلیلە). لە نێو دۆڵێکی تەنگی چیای شنروێدایە. دێیەکی زۆر کۆن و بەناوبانگ بووە. قەڵا و شووراکەی ماوە. کانییەکی تێدایە. مێژووەکەی بۆ پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە. مردوویان لەناو گۆزەدا ناشتووە. لە ئێستادا لەبەردەم کانیەکە کۆمەڵێکک باخ و باخاتی تێدایە. کوپەی زۆری تێدا دۆزراوەتەوە. خەڵوزی تیابووە.
شوێنەواری گوندێکە. کەوتووەتە دۆڵێکی نێوان گوندەکانی (بەڵخە) و (خەرپانی). لە ئێستادا شوێنەواری ماڵەکانی نەماوە، بەڵام گۆڕرستانەکەی ماوە. وەک زەوی موڵکی بەڵخەییەکانە.
ئەسکەندەری مەکدۆنی لە دەوروبەری زاخۆ دروستیکردووە. پاش ئەوەی هێرش دەکاتە سەر ناوچەکە و دەیسوتێنێت و زەردەشتیەکان لە ناودەبات؛ هەرچی دەمێنێتەوە بەرەو هەورامان هەڵدێن و وەک پەناگەیەک لەوێ بەرگری سەخت دەکەن. هەورامییەکان لە شاخەکانەوە بەردی گەورە تل دەکەنەوە و زیان لە سوپاکەی ئەسکەندەر و هێلێنییەکان دەدەن. بەهۆی سەختیی ناوچەکەوە نەیانتوانی هەورامان بگرن. لەبەرئەوە ئەو بەندیخانە بۆ ئەو هەورامییانەی دەکەونە بەردەستی، دروستدەکات. ئەوی خرابێتە ئەو زیندانەوە بەربوونی نەبووە. فردەوسی ئاماژەی پێکردووە: سکندر بە هرکس غزب در گشود.. اشارە بە زندان اورامن نمود). ئەم ڕووداوە چوەتە نێو ئیدیۆم و پەندی ناوچەی هەورامانەوە.
سەربازگەیەکی عێراقییە. بە نەخشەی یەکیەتی سۆڤیەتی جاران، لە باشوری خۆرئاوای کەرکوک، ڕژێمی بەعس دوای نسکۆ زەوییەکانی لە گوندنشینە کوردەکان سەندوەتەوە خستوویەتیە سەر وەزارەتی بەرگری عێراقی و دوای دەستپێکردنی شەڕی عێراق و ئێران بڕیاری دروستکردنی داوە و ساڵی ١٩٨٢ تەواوبووە. ٦٠کم لە خۆراوای شاری کەرکوکەوە دوورە. لەسەر ڕێگەی کەرکوک - حەویجەدایە. دوو دەرگای گەورە و چوونەژوور و هاتنەدەری هەیە. بە سایدی قیرتاوکراو و شۆستەوە، لە چەند هۆڵێکی گەورە و چەندین هۆڵی بچووک پێکهاتووە. ژوور و ئۆفیسی ئیداری و چێشتخانە و شوێنی مانەوەی فەرماندە سەربازییەکانی و مەیدانی مەشقی هەیە. دوای کیمیابارانی هەڵەبجە و شاڵاوەکانی ئەنفال، دەستبەسەر و گیراوەکانی بۆ سەرژمێری و دیاریکردنی چارەنوسیان و جیاکرنەوەی کچی گەنج و ژن و پیر و منداڵ تێداکۆدەکرایەوە. چەندین خێزانی هەڵەبجەیی دوای لێکۆڵینەوەیان لە بەڕێوەبەرێتیی ئەمنی سلێمانی، ڕەوانەی ئێرە کراون و لێرەوە گواستراونەتەوە بۆ بیابانی سەماوە بۆ زیندەبەچاڵکردن و هەندێکیشیان بۆ نوگرەسەلمان و چارەنوسی هەندێکیان هێشتا نادیارە. لە بیرەوەریی هەڵەبجەییەکاندا شوێنی گرتووە و چەندین شایەتحاڵ باسیان لەم زیدانە کردووە و بە دەروازەی دۆزەخ ناویانبردووە. ڕزگاربوانی ئەنفال و چالاکوانان و نوسەرانی جینۆساید داواد دەکەن بکرێتە مۆنۆمێنێت.
بە دووریی نزیکەی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە بەشی باکوری گوندی (نەوێ). بە ناوی (زوحاک)ی پاشای گەورەی مادەوە ناونراوە. بۆ سەردەمی ئیمپرتۆریەتی میدیا (٧٠٠-٥٥٠پ. ز) دەگەڕێتەوە. لە سەردەمی (ئەژدەهاک یان زوحاک) پادشای مادەکان ساڵی ٥٥٩ پ. ز پایتەختی دەوڵەتەکەیان لە (ئەکبەتان)ـەوە دەگوازێتەوە بۆ ئەم ناوچەیە و شارێکی نوێ لە بناری شاخی (سورێن)ـدا دروستدەکات و دەیکاتە پایەختی نوێی ئیمپراتۆریەتەکەی و بەناوی کوڕەکەیەوە ناوی دەنێت (زوور). ڕووبەری شارەکە بەجۆرێک گەورە و فراوان بووە، کە لە (نەوێ)وە گەیشتووەتە (گوڵعەنبەر) و خورماڵی ئێستا. بوونی قەڵای زوحاک و زیندانی زوحاک لە گوندەکەدا، سەلمێنەری ئەوەن ئەم شوێنە مێژوویەکی دێرینی هەیە. تایبەتمەندیی بیناسازیی ماددەکانی هەیە و بریتییە لە تاوێرە بەردێکی گەورە، کە ناوەکەی هەڵکۆڵراوە، لە لایەکیەوە لەئاستی زەوییەکەدایە و لەلاکەی تریەوە (واتە لەلای دەرگاکەیەوە) بەرزەترە، ئەگەر لە دیوی سەرەوەی سەرنج بدەین لاکێشەییە و نزیکەی سێ مەتر پانی و شەش مەتر درێژی و دوو مەتر بەرزییەکەیەتی. سەرەتا بۆچوونە ناو شوێنەکە، دەرگای سەرەکی دەبینرێت، کە شێوەیەکی ئەندازەیی هەیە و پێوانەکەی (٦٠سم) پانی و (١١٠سم) بەرزییەکەیەتی. لە تەنیشت دەرگاکەیدا شکانێک هەیە نوێیە و پەیوەندی بەکاتی دروستکردنی شوێنەوارەکەوە نییە، کە تاڕادەیەک شێوازە ئەندازەییەکەی دەرگاکەی شێواندووە. دەرگاکەی بەشێوەیەک داتاشراوە، کە بەئاسانی هەست بەوەدەکرێت، بەردێکی تری داتاشراو هەبووبێت بۆ داخستنی دەرگای شوێنەکە. بەشی ناوەوەی بریتییە لە ژورێکی هەڵکۆڵراوی شێوە چوارگۆشە بەپێوانەی دوو مەتر پانی و دوو مەتر درێژی و دوو مەتر بەرزی)، بەشێوەیەکی ڕێک و هونەری داتاشراوە، لەبەرزاییی لاکانیدا لەشێوەی تاقی چوارگۆشەدا بە پێوانەی (٥٠سم) پانی و (٥٠سم) درێژی و (٥٠سم) بەرزیی، هەڵکۆڵینێکی ئەندازەیی بەرچاودەکەوێت، کە دەشێت بۆ دانانی ئاگر بەکارهاتبێت. بەشی خوارەوەی شوێنەوارەکە، بە قەبارەی چەند کەسێک لەسەری دابنیشن، لەشێوەی کورسیی دانیشتندا ڕێکخراوە و داتاشراوە. هەموو ئەمانەش پێکەوە دەرخەری ئەوەن ئەم شوێنە لەشوێنێکی ئاینی و پەرستش دەچێت، کە پیر و موغەکانی زەردەشتی تێیدا مابێتنەوە و پەرستشیان ئەنجامدابێت، هەرچەندە لەدێر زەمانەوە خۆی بە (زیندانی زوحاک) ناوی هێنراوە، بەڵام ئەوەندەی لە شوێنیکی ئاینییەوە نزیکە، کەمتر لە زیندان دەچێت. تائێستا هچ کنەوپشکنینی زانستی بۆ ئەم شوێنەوارە ئەنجامنەدراوە و زۆر پیسکراوە و شێوێنراوە و بەشەکانی ڕووی سەرەوە و لاتەنیشتی دەرگاکانی شکێنراوە و بەرەو لەناوچوون دەچێت.
لای کوردەکان بە (وەیل) ناسراوە. کەوتووەتە ناوەندی بیابانی سەماوەوە، لە ناوچەی سەلمان و ١٥٠ کم لە سەماواوەوە بەرەو وڵاتی سعودیە دوورە. سەرەتا قەڵایەک بووە. ساڵی ١٩٢٨ سەرکردەی بەریتانی گڵۆپ وەک سەربازگەیەک بۆ هێزەکانی بیابان و چاودێریکردنی بزووتنەوەی خێڵە عەرەبییەکان دروستیکردووە. بۆ یەکەمجار ساڵی ١٩٤١ وەک زیندان بەکارهاتووە. لە چەند لایەکیەوە ژێرزەمین هەیە و بە پلەکانی ئاسنین بۆی دادەبەزیت. زۆرترین بیرەوەری تاڵی بۆ کوردەکان هەڵگرتووە. بە تایبەتی گیراوانی شاڵاوەکانی ئەنفال و هەڵەبجەییەکان، ئەو خێزانە هەڵەبجەییانەی دوای کیمیاباران لە شارەکان دەستگیرکران یان بە مۆڵەت و بێمۆڵەت لە ئێران گەڕانەوە، برانە ناوی و چەندینیان شەهیدبوون. چیرۆکی خواردن و هەڵدانەوەی تەرمی کوردان لای سەگەکانی بیابان بە بەرچاوی کەسوکاریانەوە لە بیرەوەری ئەوانەدا ماون، کە ڕزگاریان بووە. دەیان فیلم و بەرنامەی دۆکیۆمێنتاری لەسەر کراوە.
شوێنەواری ئاشێکی کۆنی ئاوە. کەوتووەتە سنوری شارۆچکەی (بیارە) لە نزیک دووەم باخ لە چەمەکەی بیارەوە، لە جۆگەی موسا قەڵبەوە ئاوی بۆ هەڵگیراوە و بە گوێرەی قسەی خەڵکی ناوچەکە مێژووەکەی بۆ ٢٥٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. هەتا ساڵی ١٩٩٣ پارچە و کەرەستەکانی مابوون. لە کاتی قەیرانی ئابوری ئەو ساڵانەدا براون و فرۆشراون.
کەوتووەتە سنوری گوندی (سازان). مێژووی بۆ پێش ئیسلام دەگەڕێتەوە. لە لاشانێکدایە، لەبەرزاییدا بەڕووی خۆرهەڵات بەسەر گوندی کۆساوادا دەڕوانێت و بەڕووی خۆرئاوا دەڕوانێت بە سەر سازاندا. شوێنی حەوانەوەی ژنی یەکێک لە مەلیکەکانی ئەو سەردەمە بووە بەناوی (خاڵ مەلیل)، کە لە قەڵای سازان نیشتەجێبوون. لەسەر بەرد کورسیی دانیشتن بۆ ئەو ژنە داتاشراوە، تاکو ئێستاش ئەو بەردە ماوە، دەوترێت پێڵاوی زێڕین بە دیاری هێنراوە بۆ ئەم ژنە، بۆیە شوێنەکە بە (زێڕین کۆش) ناونراوە. ڕابردوو چەندین پارچە شوێنەوار دۆزراونەتەوە.
یەکێکە لە قەڵاکانی حوکمڕانیی ئەردەڵانییەکان، کە بەرانبەر قەڵای هەوارەکۆنە. کەوتووەتە سنوری گوندی بەڵخەی هەورامان.
شوێنێکی مێژووییە. کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە) لە سەرووی چەمی (وەزەنێ). (شێخ موئمنی سازانی) کە پیاوێکی ئایینی بووە، لەم شوێنە ژیاوە. دوای مردنی (سەلامی کوڕی)، ئێرە بەجێدەهێڵێت و دەڕوات بۆ گوندی (سازان). هەتا ئێستاش کەلاوە ڕووخاوەکان و پاشماوەکانی سەربەڵخ ماون. چەند گۆڕێکی کۆنی لێیە، کە بە دەستوری ئیسلامی نێژراون.
کەوتووەتە ناوەڕاستی باخەکانی شێخەوە لە گوندی (ئەحمەدئاوا)، سەکۆیەکی چوارگۆشەیی (١٠ بە ١٠م) زیاترە، لە پاڵیدا شوورایەکەی گەورەی بەرزە، کە پانتاییەکەی ٢بە٢م دەبێت. لە سەرووی جۆگەی دەلێنەوە لە ناوەڕاستی جۆگەکەوە وەک جۆگەی ئاش، ئاو هێنراوە بۆ پاڵ سەر سەکۆکە، کە ئاشێکی کۆنی لێبووە. لە نزیکیدا چەندین بەردی تاشراوی نەخشین دۆزراونەتەوە. بەو پێیەی ئیبن موهەلهەل و یاقوتی حەمەوی و مینۆرسکی، باسی شارێکی کۆنیان لەم ناوچەیەدا کردووە، شارەزایان لایانوایە نزیک سەکۆکە پەرستگا بووە و ئاشکە، وەقفی ئەو پەرستگایە بووە و جۆگە و سەکۆکەش هەر بۆ ئەوە دروستکراون.
شوێنەواری کۆمەڵێک ماڵە لەسەر ڕێگەی شارەدێی (تەوێڵە) و سەر بە (وەزەنێ)یە. بەناوی سەی سەلامی کوڕی شێخ موئمنی سازانییەوە ناونراوه، کە کاتی خۆی لەو ئاوەدانییەدا کۆچیدواییکردووە و دواتر باوکی ڕووی لە (سازان) کردووە.
کەوتووەتە بەردەم گوندی ئەحمەدئاوا، به کەناری ڕوباری زەڵم تەواوی دەربەندی زەڵم دەگرێت، لە خۆرهەڵاتی ناحیەی خورماڵ بە دووریی سێ کێلۆمەتر، بە دووریی (١٧کم)لە باکور و خۆرهەڵای سەنتەری پارێزگای هەڵەبجەدا هەڵکەوتووە. لە مێژودا بە ناوی (بیر)ە یان بە ناوی (پیر)ەوە ناودەبرێت. پێکهاتەی شارەکە و شوێنەوارەکانی: شارەکە پێکدێت لە شارێکی لاکێشەی ڕاخراو بە کەناری چەمی زەڵم لە بەشی باکور و خۆرهەڵات و بە شوورا دەورەدراوە، لە بەشی خۆرئاوادا ڕوباری زەڵم و چیای تاشڵی پارێزگاری لێدەکات. خاوەنی ئاشی ئاوی و کورەخانی دروستکردنی خشتی سور و هەروەها گۆڕستان و بەردی تاشرا و شوێنەواری کەرەستەی ڕۆژانەی مرۆڤی تێدا دۆرزراوەتەوه. پاشماوەی بیناسازی زۆر له ناوچەکەدا هەیە. لە سەدەکانی ناوەڕاست وەک شار ناوی دەبرێـت، کە دانیشتوانەکەی کوردن، شوێنی ئەوکەسانەبووە، کە لەسەردەمی دەوڵەتی عەباسییەکاندا هەڵهاتوون و پەنایان بۆ ئەم شارە هێناوە.