شووراکانی زەڵم
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
بە دووریی نزیکەی چوار کیلۆمەتر و نیو کەوتووەتە باکورى خۆرهەڵاتى شارى خورماڵ لە نێو دۆڵى زەڵم. (٩٧٢م) له ئاستى ڕووى دەریاوە بەرزە. گوندەکانى هانەى قوڵ و یاڵانپێ دەکەونە بەشى باکورى و لە باشورەوە گوندى ئەحمەدئاوا و لە خۆرئاواوە شارى خورماڵە، قەڵای زەڵم لەبەشی خۆرئاوای دۆڵی زەڵم به قەدپاڵی چیاکەوە دروستکراوە و بە چەندین نەخش و نیگار ڕازێنراوەتەوە، لەبەردەمی قەڵاکەدا سەکۆیەک بۆ دانیشتن و حەوانەوە و چاودێریکردنی ناوچەکانی دەوروبەری دروستکراوە. بەهۆی ئەوەی، کە لە شوێنێکی بەرز دروستکراوە، لەناو قەڵاکەدا ژورێکی لاکێشەیی دروستکراوە. ئەم ژورە شوێنی مانەوەی خان (خان ئەحمەدخان) و کڵاوزەڕی خێزانی بووە. ئەم قەڵایە له سەردەمی میرنشینی ئەردەڵاندا لە لایەن بابا ئەردەڵانەوە لە ساڵی ١١٦٨ دروستکراوە، لەدوای مردنی بابا ئەردەڵان کراوەتە پایتەختی میرنشینەکە لەلایەن کوڕەکانی (بێگەبەگ و مەئمون بەگ و هەڵۆ خان). پاشماوەی قەڵاو شووراکانی زەڵم هەتا ئێستاش هەندێکیان ماونەتەوە و بەڕوونی دیارن و بە بەرد و قسڵ دروستکراون. سەرجەم شووراکان بۆ پاراستن و چاودێریکردنی قەڵاکە بونیادنراون، یەکێک لەم شوورایانە بە (یۆسۆئاسکە) ناسراوە و لە ئێستادا شوێنەوارەکەی لەهەموو شووراکانی دیکە ڕونتر دەردەکەوێت.
سەرچاوەکان:
- قەڵا دێرینەکانی کوردستان، شفیقە علی حسین، بەرگی چوارەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی ڕوون، سلێمانی، ٢٠١٠، ل٢٠.
- سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ ناوچەکه، لە ٦ی ١١ی ٢٠٢٢.
ئامادەکردنی: د. ڕێباز لوقمان مستەفا