قەڵای سەنگی سیاو
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
کەوتووەتە ناوچەی هەورامان نزیک گوندی (نارنجڵە). تاوێرە بەردینێکی گەورەیە و لەشێوەی پارچە شاخێکدایە، کە لاکێشەیی هەڵکەوتووە و لە بنەڕەتدا سروشتییە، بەڵام دواجار لەلایەن بەکارهێنەرەکانیانەوە گۆڕانکارییان تێداکراوە و چەند بەش و پارچەیەکیان بۆ زیادکراوە. بە بەراورد بە دەوروبەری خۆی، هەتا ئەندازەیەکی زۆر بەرزترە و هەر بۆیەش هەڵبژێرراوە و وەک بنکەی سەربازی و بەرگریی زۆر بەهێز بەکارهاتووە. چەند بەشێکی وەک حەوزی ئاو، شوێنی سەنگەرگرتن و چاڵی بچوک بچوک وەک ئاگردان لە قەتپاڵی شاخەکەدا و لەسەر تاوێرە بەردەکان هەڵکەندراون. (سەنگی سیاو) واتە (بەردی ڕەش). ئەگەر لە شوێنەوارەکە بڕوانین، ڕەنگیکی ڕەش باو دەنوێنێت. شێوەیەکی سروشتی لاکێشەیی هەیە و مێژووەکەی بۆ ئەو سەردەمى گەلە کۆنەکانی وەک (گوتی و لۆلوییەکان..).دەگەڕێتەوە. یەک کیلۆمەتر لە تەنیشت قەڵای سەنگی سیادا (گردێکی بەرز) هەیە، کە بە (کڵاوەی ئاشوور) ناوی دەهێنن، ئەمەش بەڵگەیەکی بەهێز و نزیکە لەوەی، کە قەڵای (سەنگی سیا) لەلایەن ئاشورییەکانەوە بەکارهێنراوە. لە بەشەکانی ناوەوەیدا داتاشینێکی زۆری پێوە دیارە، هەروەها حەوزێکی ئاوی هەیە، قوڵییەکەی بەتەواوی دیارنییە چونکە بە تێپەڕینی ساڵەکان پڕبووەتەوە. ئەو مادانەی، کە حەوزەکەی لێدروستکراوە، بریتییە لە بەرد بۆ دروستکردنی چینەکانی دیوار و لە نێوان چینەکانیش ماددەی (قسڵ)هەیە. سەرچاوەی ئاوی قەڵاکەش لە بەشەکانی پشتەوەی قەڵاکە کانی تێدایە و بە جۆگە گەیەنراوەتە ناو قەڵا و لە حەوزەکەدا پاشەکەوتکراوە. درز و شکانێکی گەورە لە لا_تاشراوەکانی قەڵاکەدا دەبینرێت، کە لە شکانی سروشتی دەچێت بەهۆی (زەمین لەرزەوە). لەگەڵ ئەوەشدا چەند مەترێک لە بەرزایی ئەو حەوزە و لەلایەکی دیوارەکانیەوە (کونێکی سێگۆشە) هەیە، بەپێی زاراوەی شوێنەواری (مەزاخل و مەداخل)ی پێدەوترێت، بریتیە لەدەرچەیەک یان بۆشاییەک لەناو قەڵا و سەنگەرەکاندا بەدیکراوە بۆئەوەی لە دیوی ناوەوەیەوە دیوی دەرەوە ببینرێت، ئەمەش بۆ کاتی چاودێری و پاسەوانی ئاسان و بەسود بووە. لە دەروەی قەڵادا و لە ناو دڵی تاوێرەبەردینەکاندا شوێنی پاسەوانی لە شێوەی سەنگەردا هەڵکۆڵراون. لەنزیکی شوێنی پاسەوانیشدا کۆمەڵیک چاڵ هەڵکۆڵراون لەشێوەی ئاگردان و بۆ شوێنی ئاگر و ڕوناکی بەکارهاتوون. لەنزیک قەڵاکەدا چاڵی تر هەن، بۆ شوێنی کوتان و هاڕینی گژوگیا هەڵکۆڵراون. جۆری میوە و لقی دارەکان بۆ دەرمان و چارەسەريی، لە نزیکی قەڵاکەدا شوێنی ئاوەدانی و خانو بەدیدەکرێت، ئەو کەس و سەربازانەی لەو قەڵایەدا بوون، لەو شوێنەدا ئەسپ و ئاژەڵە سەربازییەکانیشیان، کە بۆ سواری و گواستنەوەی کەلوپەل و پێداویستییەکانیان ئەو ئاژەڵانەیان بەکارهێناوە.
سەرچاوەکان:
- سەردانی چەند جارەی مەیدانی ئامادەکاران بۆ شوێنەکە، کۆتاجار لە ٥ی ٥ی ٢٠٢١.
- جوگرافیای هەورامان و دەرامەتە ئاوییەکانی (لێکۆڵینەوەیەک لەجوگرافیای پاکتیکی)، ڕێباز حمە غەریب هورامانی، چاپی یەکەم، چاپخانەی حەمدی، سلێمانی، ٢٠١٧، ل٣١٢.
- دێرینەناسی و هونەر لەسەردەمە مێژوویەکانی دەوڵەتی ئەشکانی ساسانی، عەلی ئەکبەر سەر فراز، بەهمەن فەیروزمەندی، ویرگێرانی: وریا قانع، بەرگی دووەم، چاپی یەکەم، چاپخانەی هێڤی، هەولێر، ٢٠٠٩.
- سێ لێکۆڵینەوەی مێژوویی، ساڵح قەفتان، چاپی یەکەم، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، سلێمانی، ٢٠٠٩، ل٧٢.
- هەڵەبجە لەئامێزی میژوودا، حەکیم مەلاساڵح، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، هەولێر، ٢٠٠٤، ل٨٢.
ئامادەکردنی: یوسف باقی عەبدولقادر,ئیکرام محەممەد زەڵمی