بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی باخەکۆن لە سەر چیای گەچێنە و باخەکۆن. (١٣١٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەسەر گوندی باخەکۆن و گەچێنە و ناوچەی هەمزەیدا دەڕوانێت. لە باکورەوە گوندی باخەکۆن و لە باشورەوە کانی حاجی حسێن و حەمەخان و لە خۆرهەڵاتەوە گوندی گەچێنە و کانی حەوزەلارە و سەر گەچێنە و مەرەوێ و هەمزەی و لە خۆرئاواوە لوتکەی تەوەنەو ترازیا و شوێنەواری ماڵی کەنعان و چیای نەیجەکۆڵە دەورەیانداوە. شوێنەواری قەڵاکە تاوەکو ئێستاش ماوەتەوە لە سەر شێوەی چەند دیوارێک دەردەکەوێت، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ کنە و پشکنینێکی بۆ نەکراوە.
کەوتووەتە دامێنی چیای (سورێن). لەڕووی جوگرافی و کارگێڕییەوە سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە و نزیکەی نۆ کیلۆمەتر لێوەی دوورە. لە بەرزاییەکدا هەڵکەوتووە و لەنێوان شاخ و دەشتاییدایە و دەڕوانێت بەسەر شارەزووردا. بە ڕێگەیەکی سەختدا بۆی سەردەکەویت. پاش ئەوەی قەڵاکە بووە بە مەڵبەندێکی شارستانی، مرۆڤی لێ نیشتەجێبووە. شێوە سروشتییەکەی نەماوە و کاری (داتاشین)ی تێدا کراوە و بۆ گەیشتن بە ناوەوەی قەڵاکە (پلیکانە)ی بۆ دروستکراوە. کە دەگەیتە بەردەم قەڵاکە، پلیکانە تەواو دەبێت، لەسەرەتادا شوێنێکی کراوە هەیە، کە بەشێکە لە سروشتی چیاکە و پاشان داتاشینی بۆ کراوە و وەک (هەیوانێک)ی چوارگۆشە وایە. دواتر دوو ژووری چوارگۆشەیی لەتەنیشت یەکەوە دەبینرێت، کە بەشێوەیەکی ئەندازەیی داتاشراون و وادیارە لە پێشتردا دەرگایان هەبووبێت.
قەڵایەکی کۆنی شوێنەوارییە. بەسەر (مێشلە) و (مروا و بەگلەی)یدا دەنواڕێت، کە دوو هەوارگەی (بەڵخە)ن. کانی (هانە هەڵوچە) لـەبـەردەم قـەڵاکە هەڵکەوتووە.
کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (هاوارەکۆن). (١٢١٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بەسەر دەرەتفێ و هاوار و هاوارەکۆن و گریانەدا دەڕوانێت. لە باکورەوە گۆڕستانی شێخ ئەسکەندەر و چیای هەرمێلە و کڵاوە بەرزە و لوتکە چیای کەلی شەڕ و لە خۆرهەڵاتەوە کانی هەنجیر و دۆڵی باسێرەی و چیای گاکوژە و کانی هەمێلە و چیای سوورەهەراڵەکە و چاڵان و لە خۆرئاواوە لوتکەی سەرکەورگان و چەمی هاوارەکۆن و کانی وێشەڵان و لە باشورەوە لوتکەی قەنارەکە گوندی هاوارەکۆن و گریانە و دەروازەی نافەرمی هاوارەکۆن دەورەیانداوە. شوێنێکی سەختە و بە ڕووپۆشی ڕووەکی دەوڵەمەندە. پاشماوەکەی لە سەر شێوەی قەڵایەک ماوەتەوە، تاوەکو ئێستا مێژووەکەی ڕووننەکراوەتەوە و کنە و پشکنینی بۆ نەکراوە.
کەوتووەتە قەدپاڵی زنجیرە کێوەکانی (چاڵان)ەوە لە خوارووی گریانە و نزیک سنوری (شێخان)ە لە دیوی ئێران. بە واتای (کەلاوەکان) دێت. شوێنێکی سەختە. مێژووەکەی زۆر کۆنە. بەو پێیەی کێلەکانی لە سەر دەستوری ئیسلامن، بۆ سەردەمی فتوحات دەگەڕێتەوە. دەوترێت دانیشتوانی گریانە سەرەتا لەوێ ژیاون. شوێنەواری ٢٥ بۆ ٣٠ خانوی تێدایە. بارستایی بەردەکانی لەنێوان (٣٠٠ بۆ ٤٠٠کگم) دەبن. بەهۆکاری سروشتی شوێنەواری خانوەکان پڕبونەتەوە. بە جۆگەلەیەک لە (باوانی بن)ەوە ئاویان ڕاکێشاوە. لە دووریی (٥٠٠م) گۆڕستانێک بەناوی (قەبری قوتە) بوونی هەیە. بەردە (دنگ) یان ئاشێکی تێدایە هەروەها میحرابی مزگەوتێک، کە تاکو ئێستا شوێنەواری ماوە. هەموو ئەمانە نیشانەی بوونی ژیانن لەم ناوچە سەختەدا.
کەوتووەتە باشوری شارۆچکەی (بیارە) و خۆرئاوای گوندی (دەگاشێخان). لە دامێنی چیای کەلارێ گاورا ڕوو بە باشور و خۆرهەڵات هەڵکەوتووە. (١٢٥٨م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەڕوانێت بەسەر دۆڵی دەگاشێخان، لە باشورەوە دۆڵی سەر وەزەن و هۆڵی بۆنەکانی دەگاشێخان و لە باکورەوە چیای کەلارێ گاورا و لە خۆرهەڵاتەوە گوندی دەگاشێخان و لە خۆرئاواوە یاریگا و قوتابخانەی ئامادەیی بیارە و مزگەوتی حاجی یاسین و دۆڵی بیارە دەورەیانداوە. شوێنەوارێکی دێرینە و تاوەکو ئێستاش کنەو پشکنینی بۆ نەکراوە. باس لەوەدەکرێت چەندین جار کـەرەستەی گـران بەهـای تێدا دۆزراوەتەوە و بـە نـرخێکی زۆر هـەرزان فرۆشراون.
کەوتووەتە باکوری گوندی (دەرەگوڵان)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە شوێنی خانوی کۆن و کەڵەکە بەرد پێکهاتوون، کە بەشێک لە پاشماوەی دیوارەکانیان هێشتا ماون، کە پیشاندەری ئەوەن ئەم شوێنە ڕۆژگارێک مەڵبەندی ژیان و شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان بووە، بەڵام هەتا ئێستا هیچ هەڵکۆڵینێکی زانستی و شوێنەواریی لەو شوێنەدا ئەنجامنەدراوە، هەتا مێژووی سەردەمەکەی بەدەر بخرێت، لەم شوێنەدا لەلایەن خەڵکانی ناوچەکەوە کەرەستەی شوینەواری دۆزراوەتەوە.
بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (تازەدێی بناری سورێن)ی سەربە شارۆچکەی (خورماڵ). لە دۆڵێکدایە، کە درێژییەکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت. لە کاتی خۆیدا شوێنی ئاوەدانی و ژیان بووە. کەرەستەی شوێنەواری وەک لەته کوپ، شوورا، ئیسک و پروسکی لێ دۆزراوەتەوە.
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). لە شوێنی خانوی کۆن و کەڵەکە بەرد پێکهاتوون، کە دیوارەکانیان هێشتا هەر ماون، کە پیشاندەری ئەوەن ئەم شوێنە ڕۆژگارێک مەڵبەندی ژیان و شوێنی نیشتەجێبوونی مرۆڤەکان بووە، بەڵام هەتا ئێستا هێچ هەڵکۆڵینێکی زانستی و شوێنەواریی لەو شوێنە ئەنجامنەدراوە، هەتا مێژووی سەردەمەکەی بەدەر بخرێت.
کەوتووەتە سنوری شارۆچکەی (بیارە)وە. (لوتکەی کەژ)یشی پێدەوترێت. مێژووەکەی بۆ سەردەمی ئاشوورییەکان دەگەرێتەوە، لەسەردەمی لەشکرکێشیی ئەسکەندەری مەکدۆنی ساڵی ٣٣١پ. ز لەو کاتەدا بیارە ئاوەدان بووە، ھەر بەھۆی بوونی شوێنەواری تر لە ناوچە، کە بەشێکی تریان ھەر لە شاخی سورێن و ھەورامان تاوەکو خورماڵ لەوێشەوە بۆ (بارا)، کە ناوی شارێک بووە بۆ سەردەمی لۆلۆییەکان دەگەڕێنەوە، کە مەبەست لێی (بیارە)ی ئێستایە.
کەوتووەتە ناوەڕاستی گوندی کۆنی (دەگاشێخان)ی هەورامان. شوێنەواری کوورەیەکی گەورەی توانەوەی ئاسن و مس و هەندێک کانزای تر بووە، تایبەت بووە بە تایفەی وەستایانی دەگاشێخان، کە زۆربەیان ئاسنگەربوون. بە دار و کۆتەرە گەرم کراوەو وەستایان کەرەستە و پێداویستی لە زەنگن و تەور و داس و پێداویستی ناوچەیان دروستکردووە و هەتا ناوەڕاستی حەفتاکان کاریکردووە.
کەوتووەتە باشوری گوندى (دێکۆن)ی سەر بە شارۆچکەى (خورماڵ) لە نێوان خڕی بیارە و گوندەکەدایە. شوێنێکى کەمێک چاڵە لەشێوەى کوورە و دەوروپشتى زەوییەکى کەمێک تەختاییە. پاشماوەی گۆزه و کوپى تێدا دۆزراوەتەوە.
کەوتووەتە بەشى خۆرئاواى گوندى (زەڵم) بەرانبەر کۆشکى کوڕ. لە گۆڕستانى گوندى زەڵمەوە و بە بناری شاخەکەدا بۆی دەچیت. بە جۆرێک هەڵکەوتووە تاوەکو نەگەيتە لاى، بەرچاو نييە. دەڕوانێت بەسەر دۆڵى وشکەناودا. سەبارەت بە ناولێنانەکەی چەند بۆچوونێک هەیە، لەوانە: لەبەر جوانیی نەخشەسازييەکەى بە جوانیی کچەشۆخێک دەچوێنرێت. جێگەى حەشاردانى کچ و خانەوادەى پادشایەکی ماد بووە. خەڵکی شوێنەکەش پێیانوایە لە ئەفسانەی کچى پادشاى گاورانەوە هاتبێت. بەڵام لەڕووی مێژووییەوە پەیوەندی بە کلتوری مردوناشتنەوە هەیە، کە زۆرتر لە سەردەمى حوکومڕانیى مادەکاندا (٧٠٠ بۆ ٥٥٠ پ. ز) باوبووە. بريتييە لە ئەشکەوتێکى یەک ژووریی لاکێشەيى داتاشراو، کە لە شوێنێکى سەختدا هەڵکەوتووە. بەرزییەکەی لە (٥٠٠م) زیاترە. دەرگاى کۆشکەکە ڕووى لە خۆرئاوايە و لاکێشەييە، بەرزييەکەى نزيکەى دوو مەتر و پانييەکەى نزيک بە (٢٠.١م) دەبێت. ڕاستەوخۆ دەڕوانێتە سەر دەربەندى وشکەوناودا، بەرزيی و پانییەکەی نزيکەى دوو مەترە و درێژييەکەشى لە سێ مەتر زۆرترە. جێگەى زياتر لە پێنج کەسى تێدا دەبێتەوە.
وەسمان پاشای جاف لە هەڵەبجە لەسەر ڕووبەرێکی (٢٨بە ٢٨م٢) بە شێوەیەکی ئەندازەیی جوان لەسەر شێوەی هەندێک لە کۆشکەکانی سەفەوی و عوسمانی دروستیکردووە. دوو بۆچوون لەسەر نەخشەکەی هەیە. بۆچونێک، کە ئەندازیار و وەستاکانی سنە هێناویانە و لە ئەندازەی سەفەویەوە وەرگیراوە، بۆچونێکی دیکە ئەوەیە، کە باوکی فایەق بێکەس لە ئەستەنبوڵەوە هێناویەتی. ساڵی ١٩٠١ دەست بە دروستکردنی کراوە و دوو ساڵی خایاندووە. کەوتووەتە ناوەڕاستی هەڵەبجەوە. لە دوو نهۆم پێکهاتووە. تێکڕا ١٧ ژوور بووە. لەخوارەوە تارمە و داڵانی گەورە و لەسەرەوە پان و بەرهەیوانی فراوان. ناوەڕاستی نهۆمی خوارەوەی گومەزیەی گەورەی هەشت پاڵوویی بووە، کە سەرجەم ڕێڕەوی ژوورەکان و هۆڵەکەی بەستوەتەوە و چوار دەرگای هەبووە. دەرگاکان بەرانبەر یەک بە نەخش و هەڵکۆڵینی جوان ڕازاونەتەوە، بەهەمان شێوەش نهۆمی دووەم داڕێژراوە. لەکاتی خۆیدا تێکڕای ژوورەکان بە قاڵی و مێزی جوان ڕازاوەنەتەوە دەرگا سەرەکییەکانی نهۆمی دووەم دوو دەرگا بووە و لە ڕووی باکور و باشورەوە. دوو دەرگای ناسەرەکیش لە خۆرهەڵات و خۆرئاوایەوە. لە هەر چوارگۆشەیەکی نهۆمی دوەمدا چوار قوللەی ئیشکگری هەبووە. لەسەرووی نهۆمی دووەمەوە هۆڵێکی گەورەی لە تەختەی دراگوێز بە شێوە گومەزی دروستکراوە، کە ژووری لەسەر نییە و بۆ کۆبوونەوە و سەفا بەکارهاتووە. ڕووی خۆرئاوای کۆشک، خانوی وەسمان پاشا و تاهیربەگی شاعیر بووە، کە بە پردێکی لە تەختە دروستکراو لەسەر ١٠ کۆڵەکەی بە خشت دروستکراو بەسەر حەمامێکەوە بە کۆشکەوە بەستراوە. لە پێشەوەی حەوشەکەیدا سێ نافورەی لوولەیی درێژ هەبوون، لە بەردی مەڕمەڕەوە ئاویان لێڕژاوە. نافورەی ناوەڕاست، بەرانبەر دەرگا گەورەکەی کۆشک بووە و ئاوەکەی لە بامۆکەوە بۆ هێنراوە. لەڕووی خۆرئاواوە گەرماوێکی تایبەت بە کۆشک هەبووە، کە دواتر وەک گەرماوێکی گشتی بەکاردەهێنرا. جوانکاریی دیوار و سەقفی کۆشکەکە بە زەخرەفە و شوشەبەندی ڕەنگاوڕەنگ و تەختەی هەڵکۆڵراو و قوببەی گوڵداری چلچرا ڕازەوەتەوە. وەستا بەناوبانگەکانی وەک ئەحمەد و مەحموودی عەوڵاسوور، وەستا گوروون، کە وەستا ئەحمەد لەکاتی کارکردنیدا بە هۆی بەردێکەوە دەمرێت، وەستای نەخشو نیگارەکان لە سنەوە هێنراون، کاریان تێداکردووە. چەند نوسینێکی نوسراو و هەڵکۆڵراوی کۆشک ساتی دەستپێکردن و کۆتاییهێنانی دروستکردنەکە ڕووندەکەنەوە. لە ڕابردودا و لەسەردەمی عادلەخان ناوبانگێکی گەورەی هەبووە و مەکۆی گەلێک ڕووداوی سیاسی بووە و چەندین کەسی بەناوبانگ سەردانیانکردووە و تیایدا ژیاون. لەوانە ئەدمۆندز، مێجەرسۆن، شاکر فەتاح، سەید عەلی ئەسغەر..هتد، کە لەنوسینەکانیاندا باسی کۆشکیان کردووە. لە ئێستا وێرانە و بڕیارە سەرمایەدار ئاسۆی حاجی محەممەد بامۆکی لەسەر شێواز و نەخشە کۆنەکەی دروستیبکاتەوە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (هانەی قوڵ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). شوێنەواری چەند خانویەکی دێرین دیارە، کە بە ناوی گوندی (گەڵباخ)ەوە ناسراوە و خەڵکی ناوچەکە پێیدەڵین (دەرەی گەڵباخ). بەناوی (محەممەد قولی یاروڵائاغای گەڵباخی)یەوەیە، کە لە سەردەمی (هەڵۆخان)ی ئەردەڵانیدا سەرکردەی گەڵباخییەکان بووە. گەڵباخیەکان لەسەردەمی (بێگە بەگ)ی ئەردەڵانییەوە لەم گوندە نیشتەجێبوون و هەتا ساڵی ١٨٥٩ و کاتی بڵاوبوونەەی نەخۆشی تاعوون بەردوامبوون و دواتر بەدیوی خۆرهەڵاتدا پەرتەوازەبوون. لەنزیک گوندی گەڵباخ گۆڕستانیک هەیە، کە بە مردوانی گوندی گەڵباخییان بەناوبانگە.
گردێکی شوێنەواریی شێوە لاکێشەییە. بەرزییەکەی نزیکەی چوار مەتر لەچاو زەوییەکانی دەوروبەری بەرزترە، گردێکی دەستکردی مرۆڤە. کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی(ڕیشێن) و لەنزیک سەرچاوەی ئاوی شەڵم، ڕووبەرەکەی نزیکەی ٤٠٠ مەتر دەبێت، تا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە، (پاشماوە و کەرەستەی شوێنەواری و پارچەی گۆزە و ئێسکو پروسکی مرۆڤ) دۆزراونەتەوە لەئەنجامی دۆزینەوەی ئەم پاشماوە شوێنەوارییانەوە دەردەکەوێت، کە گردەکە شوێنەوارییە و بۆ سەردەمە مێژوویەکانی پێش هاتنی ئیسلام دەگەڕێتەوە وەک (ئاشووری و ئەشکانی و ساسانی)یەکان.
گردێکی شوێنەواریی دەستکردی شێوە لاکێشەییە. بەرزییەکەی نزیکەی شەش مەترە. کەوتووەتە باکور و باکوری خۆرئاوای شارۆچکەی (خورماڵ) لە نێوان هەردوو گوندی (خێڵی حەمە) و (گۆمەلار). ڕووبەرەکەی نزیکەی (١٠٠٠م)ە. هەتا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە. پارچەی گۆزە و کوپەڵەی گەورەی لێ دۆزراوەتەوە. بەپێی هەڵسەنگاندن و بەراوردکردن بۆ سەردەمی (ساسانی) دەگەڕێتەوە.
گردێکی مرۆڤکردی شوێنەوارییە. کەوتووەتە سنوری گوندی (عاموورە)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). بەهۆی بەرزییەکەیەوە بەو ناوەوە ناونراوە. گردێکی شوێنەوارییە و بەرزییەکەی نزیکەی (٥٠م) و و پانییەکەی لە بنەوە نزیکەی (٢٠٠م)ە. پارچەی گۆزەی شکاوی لێدۆزراوەتەوە. لە جۆر و شێوەی ئەو گردانەیە، کە لەشارەزووردا هەن و پێیاندەوترێت (تورەکە ڕێژ) و بە شان و بازووی مرۆڤ خۆڵەکەی لە شوێـنێکی ترەوە بۆ هێنراوە. شوێنەکەی بەجۆرێک هەڵکەوتووە لای خوارەوەی لە ناوەڕاستی دێیەکەدایە. گۆڕستانێکی دێرینیش لە خۆرهەڵاتی گوندەکەدایە، کە گۆڕەکانی وەک و ژوور بە دیوار هەڵچنراوە و تاقی بۆ کراوە و مێژووەکەیان بۆ پێش هاتنی ئاینی ئیسلام دەگەڕێتەوە.
گردێکی تورەکە ڕێژی دەستکردە. بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (شەشکی خواروو)ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی ١٢ دۆنم و بەرزيیەکەی نزیکەی (٢٥م) دەبێت. لەناو گوندەکە بە گردی گەورە دەناسرێت، چونکە گوندەکە گردێکی تری تێدایە. لەسەردەمانی زوودا عەشیرەتی سەدانی، کە لە هۆزی گەورەی جاف بوون، تێدا نیشتەجێبوون. بە گردی (سەدانی)یش ناو دەبرێت. لەکاتی گەڕان بەدوای ئاسەواردا چەن پارچەی شوێنەواری وەک کوپەو سکەی ساسانی تێدا دۆزراوەتەوه.
گردێکی شوێنەواریی شێوە لاکێشەییە. بەشی سەرەوەی تەختانە و بەرزییەکەی نزیکەی (١٢م)ە لەچاو زەوییەکانی دەوروبەریدا بەرزترە، گردێکی دەستکردی مرۆڤە و لە خۆڵ و دروستبووە (تورەکەڕێژە)، تەنیشتەکانی بۆ خوارەوە لێژ بوونەتەوە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گردی قەدەفەری و ڕوبەرەکەی نزیکەی (١٠٠٠م) دەبێت و لەسەر گوێی چەمی ئاوی ڕیشێن هەڵکەوتووە و سەر بە شارۆچکەی خورماڵە. هەتا ئێستا کاری هەڵکۆڵینی زانستی بۆ نەکراوە، هەڵدراوەتەوە و چەندین کەرەستەی شوێنەواری تێدا دۆزراوەتەوە، وەک گۆزە و سکە و دراو. هەروەها بەهۆی کێڵان و کشتوکاڵکردنەوە بەشێک لەگردەکە تێکدراوە و شێوەکەی گۆڕاوە و کراوە بە باخ و لەگەڵ ئەوەشدا تەنکیی ئاو (خانو)ی لەسەر دروستکراوە.