قەڵای خورماڵ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی شارۆچکەی (خورماڵ). لە شارۆچکەکەدا چەند شوێنەوارێکی گرنگ هەن لەهەموویان دیارتر، قەڵاکەیەتی. مێژوویەکی دێرینی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمانەی، کە ساسانییەکان لە ناوچەیەدا فەرمانڕەواییان کردووە و قەڵا سەربازییەکانیان بە شێوەیەکی زۆر بەھێز بونیادناوە. ئەوانیش لەلایەن میرانی میرنشیەنەکانی ئەردەڵان و بابانەکانەوە و دواتریش لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە بەکارهاتووە. قەڵاکە لە بنچینەدا گردێکی سروشتییە و شێوەیەکی لاکێشەیی هەیە، ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٥ دۆنم دەبێت. (٥٦٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. بە بەراورد لەگەڵ زەوییەکانی دەوروبەریدا (٣٠م) بەرزترە و دەڕوانێت بەسەر هەرچوارلای خۆیدا. چەمی زەڵم بە تەنیشتیدا تێدەپەڕێت. قەڵایەکی سەربازی بووە و شووراکەی لە بەشی سەرەوەی (قەڵا) لەلێوارەکانیدا دروستکراوە. وەک دیوارێکی پتەو و بەرزە، لە بەردو قسڵ دروستکراوە و پانییەکەی نزیکەی مەتر و نیوێک دەبێت. نزیکەی ١٥ قوللەی هەیه. لە ناوەوەی قەڵاکەدا شوێنەواری چەندین دیوار بونیان هەیە، کە لە بەردی ڕێک و تاشراوی قەبارە گەورە دروستکراون، کە ئەم دیوارانە شوێنەواری بوونی ژوور و خانو پیشاندەدەن. گۆڕەپانی قەڵاکە شێوەکەی لاکێشەییە و نزیکەی (٣٠م) درێژ و (٢٠م) پانە. زیندانی قەڵاکەش لە گۆشەیەکی لای دەروازەی خۆرئاوادایە و لە تەنیشت شووراکەدا ژورێک بوونی هەیە، لە دەرگاکەیەوە بە (پلیکانە) دەگاتە ناو ژوورەکە. هەتا ئێستا هیچ کارێکی پشکنینی زانستی بۆ قەڵاکە ئەنجامنەدراوە و هیچ هەوڵێکی پاراستنی ئەو شوێنەوارە نەدراوە و بەشێکی شێوێنراوە، بەشێکی شوێنەوارەکە کراوە بەدارستان و داری (سنەوبەر)ی تێدا چێنراوە، کە ئەمەش پێچەوانەی ڕێنماییەکانی پاراستنی شوێنەوارە.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی ئامادەکار (بۆ ناوچەی توێژینەوە)، لە ٢٢ی ٢ی ٢٠٢٣.
- پەیامی هەورامان، هادی ڕەشید بەهمەنی، چاپی دووەم، بەدرخان، سلێمانی، ٢٠٠٣، ل١١-١٢.
- معجم البلدان، یاقوت حموی، ط٢، م ٣، دار الصادر، بيروت، ١٩٩٥، ص ٣٧٥-٣٧٦.
- خورماڵ لێکۆڵینەوەیەکی سۆسیۆئەنثرۆپۆلۆجی، ئیبراهیم حاجی زەڵمی، بەرگی یەکەم، ٢٠٠٨، ل١٠-٢٩.
- گۆڤارى کۆڕى زانيارى عێراق، دەستەى کورد، شارەزوور و شارەزوورييەکان، ١٠، ١٩٨٣، ل٧٠- ٧١.
- جوگرافیای هەورامان و دەرامەتە ئاوییەکانی (لێکۆڵینەوەیەک لەجوگرافیای پراکتیکی)، ڕێباز حمەغەریب هورامانی، چاپی یەکە، چاپخانەی حەمدی، سلێمانی، ٢٠١٧، ل٣٠٩-٣١٠.
- المرشد الی المواطن الاثار والحضارە، الرحلە السادسە، بغداد – الحلبجە، طة باقر و فواد سفر، بغداد ١٩٦٦، ل١٧.
- المواقع الاثریە فی العراق، مدیریە الاثار العامە، بغداد، ١٩٧٠، ٣٤٤.
ئامادەکردنی: یوسف باقی عەبدولقادر