شوورای کۆنی خورماڵ
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08
کەوتووەتە شارۆچکەی (خورماڵ). مێژوویەکی دێرینی هەیە و دەگەڕێتەوە بۆ ساسانیەکان، کە لە ناوچەیەدا فەرمانڕەواییان کردووە. بریتییە لەشوورایەکی بەهێز لە بەردی خڕی چەمی زەڵم و بەکارهێنانی قسڵ لەنێوان بەردەکاندا دروستکراوە. لە بەشی خۆرئاوا و باشورەوە دەوری شارۆچکەی (خورماڵ)ی ئەوکاتەی داوە، شوێنی دەستپێکردنى لەلای خۆرهەڵاتی شارەکەوە بووە و سەرەتای شووراکە نوساوە بە قەڵای (خورماڵ)وە. هەڵکەوتەی شوێنەکە بەشێوازێکە لەو شوێنەشدا چەمی زەڵم دێتە ناو شارەکەوە، هەر لەوێدا دەروازەى خۆرهەڵاتی شار لەناو شووراکەدا دروستکراوە و تا ئێستاش پێیدەوترێت (قاپی). شووراکە بەرەو خۆرئاوای شار درێژ دەبێتەوە. لە گەڕەکی (قەڵا)ی ئێستا و لە نزیک (مزگەوتی قەڵا)وە تێدەپەڕێت و بەژێر خانوەکاندا دەڕوات و لە نزیک مزگەوتی (مەلا عەبدوڵای گوڵپی)یەوە ڕوو بە (ئاوی گەڕاوەکەی خورماڵ) هەتا سەر چەمی زەڵم دەڕوات. شێوەیەکی کەوانەیی هەبووە و نزیکەی یەک کیلۆمەتر و لەلای خۆرئاوادا دەروازیەکی تری هەبووە نزیک لە کۆتایی شووراکە، لە بەری ڕۆژهەڵاتەوە گەیشتووە بە ڕۆژئاوای شار و بەری باکوری شاری نەگرتووە. پێویستە ئەوە بخرێتەڕوو، کە (خورماڵ) دوو شوواری هەبووە و یەکێکیان، کە شوورای قەڵاکەیە و بچوکترە، تەنها بەدەوری قەڵادا دروستکراوە و لەناو شوورای دووەمدایە، کە ئەمەیان گەورەترە و لە خۆرهەڵات هەتا خۆرئاوای شاردا دروستکراوە. تا ئێستا پشکنینی زانستی بۆ ئەنجامنەدراوە و هیچ هەوڵێکی پاراستنی ئەو شوێنەوارە نەدراوە. شاری خورماڵ لەکۆندا لەلای بەری (باکوری)یەوە بە (ئاوی گەنجان) و ئاوی ئەو (مێرگە گەورەیە)ی لەپشت قەڵای (خورماڵ) واتە باکوری شارەوە هەبووە، گیراوە و لەبەری خۆرهەڵات و باشور و خۆرئاوایەوە بە هاوتەریبی شووراکەی، (خەندەق)ێک هەبووە، گەشتووەتەوە سەر ئاوی چەمی زەڵم، خەندەقەکە لەکاتی مەترسیدا پڕکراوە لە ئاو بۆ پاراستنی شارەکە لە هەر پەلامار و هێزێکی دەرەکی، بەهەمان شێوەش ئامانج لەدروستکردنی ئەو شوورا پان و بەهێزەش، هەر پاراستنی شارەکە بووە لەهەر هێرش و مەترسییەکی دەرەکی.
سەرچاوەکان:
- پەیامی هەورامان، هادی ڕەشید بەهمەنی، چاپی دووەم، بەدرخان، سلێمانی، ٢٠٠٣، ل١١-١٢.
- معجم البلدان، یاقوت حموی، ط٢، م ٣، دار الصادر، بيروت، ١٩٩٥، ص ٣٧٥-٣٧٦.
- گۆڤارى کۆڕى زانيارى عێراق، دەستەى کورد، شارەزوور و شارەزوورييەکان، ١٠، ١٩٨٣، ل٧٠- ٧١.
- جوگرافیای هەورامان و دەرامەتە ئاوییەکانی (لێکۆڵینەوەیەک لەجوگرافیای پراکتیکی)، ڕێباز حمەغەریب هورامانی، چاپی یەکە، چاپخانەی حەمدی، سلێمانی، ٢٠١٧، ل٣٠٩-٣١٠.
- المرشد الی المواطن الاثار والحضارە، الرحلە السادسە، بغداد – الحلبجە، طة باقر و فواد سفر، بغداد ١٩٦٦، ل١٧.
- المواقع الاثریە فی العراق، مدیریە الاثار العامە، بغداد، ١٩٧٠، ٣٤٤.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (حاجی حەمەئەمین حسین یاڵانپێی)ی ناسراو بە (حاجی کەوە)، پیشە: خانەنشین، لە ١٤ی ٢ی ٢٠٢٣.
ئامادەکردنی: یوسف باقی عەبدولقادر