بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بیریار و ڕابەرێکی سیاسی، نوسەر، شاعیر، بێژەرە. ڕابەرێکی ئایینی و نەتەوەییە. ناوی (ئەحمەدی کوڕی مەلا مەحموودی مەلا عەبدوڵای دشەیی)یە. لە بنەماڵەیەکی ئایینیی ناوداری هەورامانە. ساڵی ١٩٣٤ لە شاری سنە لەدایکبووە. بۆ خوێندن چووەته: بیارە، تەوێڵە، عەبابەیلێ و هەڵەبجە. لای مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و مستەفا زەڵمی خوێندوویەتی. لە دامەزرێنەرانی مەکتەب قورئان و شورای ناوەندی ئەهلی سونەیە لە ئێران و وەک بیرمەند و فەیلسوفێکی ئیسلامی ناسراوە. کاریگەری گەورەی لەسەر پەروەردەی ئایینی و هوشیاریی نەتەوەیی و فەرهەنگی خەڵکی خۆرهەڵات و باشور هەبووە. خاوەنی چەندین وتار و کاسێتی تۆمارکراوە. ماوەیەک بەرپرسی کۆمیتەی تارانی حیزبی دیموکرات بووە. لەگەڵ چەند ڕوناکبیرێکدا ڕۆژنامەی (کوردستان)یان لە تاران دەرکردووە. لە هەڵەبجە و شارەزوور و هەوراماندا لایەنگری هەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. ساڵی ١٩٨٢ دەستگیرکراوە. دوای نۆ ساڵ مانەوەی لەزیندان ساڵی ١٩٩١ ئازادکراوە. ساڵی ١٩٩٣ کۆچیدواییکردووە و لە سنە نێژراوە.
سکرتێری حیزب، قایمقامە. ناوی (بێرون عومەر حاجی فەتاح ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (عەلیاوا)ی سەر به شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای تەکنیکیە لە سلێمانی لە بەشی زانستەکانی کۆمپیوتەر. پاش ڕاپەڕین لەناو ڕیزەکانی حیزبی سۆسیالیست کاریکردووە. ساڵی ١٩٩٧ تا ٢٠٠٠ قائیمقامی قەزای (شارەزوور) بووە. ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ چەند ئەندام مەکتەب سیاسییەکی تر، جیابوونەتەوە و حیزبی (بزووتنەوەی چاکسازیی نیشتمانیی کوردستان)یان دامەزراندووە و کراوە بە سکرتێری ئەو حیزبه، تا ئێستا بەردەوامە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە.
کەسایەتی هاوارییە. ساڵی ١٨٥٠ لە خێزانێکی کاکەیی لە هاوار لەدایکبووە. بەشداری سەفەربەرلەکی کردووە. لە ڕیزی سوپای عوسمانیدا سەربازی کردووه و ئازایەتی نواندووە، بۆیە ئامیر هێزی تورکەکان بە تاپۆکردنی هاوار خەڵاتیدەکات. لە ڕووبەڕووبوونەوەی تورک و ئینگلیز لە ساڵی ١٩١٤ لەگەڵ سێ هاواریی تردا بێسەر و شوێن بووە.
ئەفسەری سەربازییە. لەسەردەمی عەبدولسەلام عارف لە سوپادا بووە. ناوی (سدیق مستەفا عەبدلڕەزاق)ـه. لە بیستەکانی سەدەی ڕابردوو لە شاری موسڵ لەدایکبووە. کۆلێجی سەربازی لە بەغداد تەواوکردووە. بەشداری کودەتاکەی عەبدولکەریم و عەبدولسەلامی کردووه. پاش کودەتاکەی ٨ی شوباتی ١٩٦٣ لەلایەن بەعسییەکانەوە پلەکەی بەرزکراوەتەوە بۆ لیوا و بووە بە فەرماندەی لیوای بیست. لە حوزەیرانی ١٩٦٣ پەلاماری شاری سلێمانی داوە، (کەناسراوە بە مەنعە تەجەوەلەکە). چەندین هاوڵاتی شارەکەی شەهیدکردووه. دواتر هێرشیکردووەتە سەر شاری هەڵەبجە و لەپردی زەڵم لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ڕووبەڕووی بوونەتەوە. فەرماندەیەکی سەربازی دڵڕەق و دژ بە کورد بووە. چەندین هاوڵاتیی سنوری هەڵەبجەی، شەهیدکردووە. ژمارەیەک گوند و باخی میریی سوتاندووه.
کەسایەتیی سیاسی و سەرکردەیەکی حیزبی و نوسەرە. ساڵی ١٩٥٠ لە شارەدێی (تەوێڵە) لەدایکبووە. خانەی مامۆستایانی سلێمانی تەواوکردووە، ماوەی دە ساڵ مامۆستایەتی کردووە، لە کەسایەتییە دیارەکانی کۆمەڵی برایانی موسڵمان بووە، پاش ڕاگەیاندنی یەکگرتووی ئیسلامی، بە ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی هەڵبژێرراوە، دوای ڕوخاندنی ڕژێمی بەعس، یەکێک بووە لەو کەسانەی لە سەردەمەی برێمەردا بۆ ماوەی مانگێک سەرۆکی (ئەنجومەنی حوکم) بووە لە عێراق، ئێستاش ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامیە. ساڵی ١٩٨٢ بۆ ١٩٩١ دەچێتە ئێران و لەوێ ڕێکخستنی برایانی موسڵمان دادەمەزرێنێت، ساڵی ١٩٨٨ لە دامەزرێنەرانی ڕابیتەی ئیسلامی کورد بووە، ساڵی ٢٠١٥ سەنتەرێکی بە ناوی (کۆڕبەندی جیهانی میانڕەوی کوردستان) دامەزراندووە، لە سەرەتای حەفتاکانی سەدەی پێشوەوە دەستیکردووە بە نوسین و وەرگێڕان، خاوەنی ١٣ کتێبە لەوانە: (لە سەرەڕمی کاروانی باوەڕ، محطات السياسية، بێ زمانان دێنە زمان). ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە.
مامۆستای ئاینی، سیاسییە. ساڵی ١٩٣٩ لە گوندی (پریس)ی خۆرئاوای هەڵەبجە لەدایکبووە. لە قوتابخانە ئاینیەکەی باوکیدا لە پریس دەستی بە خوێندنی حوجرە کردووە، لەسەر دەستی مامۆستا مەلا عوسمانی براگەورەی خوێندنی مەلایەتی تەواوکردووە، ساڵی ١٩٥٩ لە خولی پەروەردەیی وەزارەتی مەعاریف بەشداریکردووە و بووە بە مامۆستا. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. تا ساڵی ١٩٨٧ لە چەند قوتابخانەیەکی هەڵەبجەدا مامۆستایەتی کردووە، ساڵی ١٩٦٠ پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی ئیخوانەوە کردووە، ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ هاوڕێکانی ڕێکخستنی نوێی برایانی موسڵمانی دامەزراندووە و بووە بە سەرۆکی ڕێکخستنەکە، ساڵی ١٩٨٦ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووه، بەو هۆیەوە تا ساڵی ١٩٩١ لە دەرەوەی وڵات بووه. ساڵی ١٩٩٢ بزووتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی ڕادەگەیەنرێت و ئەم بە ئەمینداری گشتی هەڵدەبژێررێت، تا ساڵی ١٩٩٩، کە لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامیدا، بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی ڕادەگەیەنن، دەکرێت بە جێگری ڕابەری گشتی، ساڵی ٢٠٠٨ هەڵدەبژێررێت بە ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی، لە ٩ی ١٢ی ٢٠١٩ کۆچیدواییدەکات و لە گۆڕستانی گوڵانی خواروو بەخاکدەسپێررێت.
زاناى ئايینيى کورد و کەسايەتیى سياسیى ئيسلامیى کوردستانە. کوڕى مامۆستا مەلا عەبدولعەزيزى پريسه. بە مامۆستا (مەلا عوسمانى هەڵەبجه) ناسراوە. ساڵى ١٩٢٢ له گوندى (پريسى سەروو) لەدایکبووە. لەلاى باوکى لە مەدرەسەى پريس خوێندویەتی و لەسەر دەستى ئەو مۆڵەتی مەلايەتى وەرگرتووە. لە پاش کۆچیدوایی باوکی، مەدرەسەکەی بەڕێوەبردووە. وەک سەرپەرشتيارى (کۆمەڵەى ئیخوان موسلیمین) له کوردستان تا ساڵى ١٩٨٧ دەستبەکاربووە. ساڵى ١٩٥٩ لەگەڵ چەند زانايەکى بنەماڵەکەى و دوو سەرۆک هۆزى عەشيرەتى نەورۆڵى زيندانیکراون و دوورخراونەتەوە بۆ ناسريیە. دامەزرێنەرى پەيمانگاى ئيسلامى هەڵەبجە بووە و يەکەمين بەڕێوەبەرى پەيمانگاکەبووه. ديدار و چاوپێکەوتنى لەگەڵ هەريەکە لە: عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام محەممەد عارف، مەليک فەیسەڵى کوڕى پادشاى سعودیەدا هەبووە. ساڵی ١٩٧٧ لەسەر هەڵوێستەکانى دژ به ڕژێمى ئەوکات، خۆى و خانەوادەکەى زيندانىکراون و دوورخراونەتەوە بۆ سەماوە. ساڵى ١٩٨٧ چووەتە کوردستانى ئێران و لەوێ بزووتنەوەى ئيسلامى ڕاگەیاندووە. لە چەندين کۆڕ و کۆبونەوە و کۆنفرانسى نێودەوڵەتیدا بەشداریکردووە. دەیان قوتابی پێگەیاندووە و دەیان زانا و مامۆستای باشور و خۆرهەڵات مۆڵەتی عیلمییان لێ وەرگرتووە. لە یەکەمین هەڵبژاردنی کوردستاندا یەکێک بووە لە چوار پاڵێوراوەکەی ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٢ منداڵە. خاوەن چەندين کتێبى چاپکراوە لەوانە (تەفسيرى قورئانى پيرۆز "١٥ بەرگ"، شەرحى صحيحى بوخارى بەزمانى کوردى "دوو بەرگ"، علوم القرآن، أصول الفقه). ساڵی ١٩٩٩ له ديمەشق کۆچیدواییکردووە لە مەراسيمیکدا تەرمەکەی هێنراوەتەوە بۆ هەڵەبجە و لە گۆڕستانی گوڵان بەخاکسپێرراوە.
نوسەر و ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامییە. ناوی عەلی باپیر وەتمانە، ساڵی ١٩٦١ لە سەنگەسەر لەدایکبووە. تا ساڵی یەکەمی لە کۆلێژی فقهی نەجەف خوێندووە. پاشان خویندنی ئایینی تەواوکردووە. ساڵانی ١٩٩٦-٢٠٠٣ لە هەڵەبجە و هەورامان بووە و لە ئەحمەدئاوا نیشتەجێبووە. باڵێکی سەرەکی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی بووە و پاش لێکترازانی یەکبوون، لە هەورامان کۆمەڵی ئیسلامی دروستدەکات و لە کۆنگرەکاندا تا ئێستا بێ_ڕکابەر کەسی یەکەمە. ساڵی ٢٠١١ بە ئەندامی پەرلەمانی عێراق هەڵبژێردراوە. سەد کتێبی نوسیوە. خێزاندارە و خاوەنی پازدە منداڵە.
ساڵی ١٩٤١ لە شارى (تکريت) لەدایکبووە، ئامۆزاى سەدام حسەين بووە. لە ساڵى ١٩٦٦ سەربازێکى پلەنزمى سوپاى عێراق بوو، لە ساڵى ١٩٦٨ عەريفێکى پاسەوانى تايبەتى حەماد شەهاب تکريتى بووە، دواى سەرکەوتنى کودەتاى بەعسیيەکان و گرتنەدەستى دەسەڵات، عەلى حەسەن مەجيد زۆر بەخێرايى لەنێو بازنەى تکريتييەکاندا پێشکەوتوو و پلەکەى بەرزبوويەوە، ساڵى ١٩٧٩ ڕۆڵێکى گەورەى بينيوە لە پڕۆسەى چاکسازیى سەرکردايەتیى حيزبى بەعسدا. لە ١٩ى ئازارى ١٩٨٧ کرا بە سەرۆکى بيرۆى باکورى حيزبى بەعس، کە بارەگاکەى لە کەرکوک بوو. ناوبراو هەتاکو ساڵى ١٩٨٩ لەو پۆستەدا مايەوه. لە ٢ی ٨ی ١٩٩٠ بۆ ٢٦ی ٢ی ١٩٩١ حاکم و فەرمانڕەواى کوێت بووە، لە ئازارى ١٩٩١-نيسانى ١٩٩١دا، وەزيرى ناوخۆى عێراق بوو، دواتر بووە بە وەزيرى بەرگریى عێراق ١٩٩١ بۆ ١٩٩٥، لە نێوان ساڵانى (١٩٩٥ بۆ ٢٠٠٣) سەرۆکى دەزگاى ئيستيخباراتى عێراق بووە. لەنێو کورددا وەک بەرپرسى سەرەکیى تاوانەکانى ئەنفال و کيميابارانى هەڵەبجە دەناسرێت، هەر لەبەرئەوەشە لە دواى کيميابارانکردنى هەڵەبجەوه، نازناوى (کيميايى)يان بەسەردا بڕیووە، پاش ڕووخانى ڕژێم و ئازادکردنى عێراق لە ٢١ى ئابى٢٠٠٣ بەديلگيراو خرايە زيندانەوە، لەماوەى دادگايیکردنيدا، چوار جار سزاى لەسێدارەدانى بۆ دەرچووە، ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى ٢٥ی ١ی ٢٠١٠ لەسێدارەدراوە.
کەسایەتیی ئاینی و سیاسییە. ناوی عەلی عەبدولعەزیز محەممەدە، ساڵی ١٩٢٩ لە گوندی پریسی خۆرئاوای هەڵەبجە هاتووەتە ژیانەوە، خوێندنی زانستە شەرعیەکانی لە قوتابخانە ئاینیەکەی باوکی و هەر لەسەر دەستی ئەودا تەواوکردووە، بەڕێوەبەری پەیمانگای ئیسلامی هەڵەبجە بووە، تا ساڵی ١٩٨٧ وتاربێژی مزگەوتی پاشا بووه لە هەڵەبجە. چەندجار لە سەردەمی بەعسدا گیراوە و نەفیکراوە، کە دواترینیان ساڵی ١٩٧٦ بوو بۆ فەلوجە. لە دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامیدا، ساڵی ١٩٨٧ کراوە بە جێگری ڕابەری گشتی، ساڵی ١٩٩٧ بووە بە ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی، ساڵی ١٩٩٩، کە لەگەل بزووتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامیدا، بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامیان پێکهێنا، بوو بە ڕابەری گشتیی بزووتنەوەکە. بەشداری چەندین کۆنگرە و کۆنفرانسی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتدا کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی نۆ منداڵە. تا ساتی وەفاتی ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی بووە. ساڵی ٢٠٠٧ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵانی خواروو نێژراوە.
سیاسی و ڕابەری حیزبە. ناوی (عيرفان عەلى عەبدولعەزیز محەممەد)ە. ساڵی ١٩٦٤ لەشارى هەڵەبجە لە بنەماڵەيەکى ئاینی لەدایکبووە. کۆلێژى شەريعەی لە زانکۆى بەغداد خوێندووە. پەيمانگاى زانستى سياسى لە زانکۆى تاران خوێندووه و ماستەری بەدەستهێناوە. ساڵى ١٩٩٧ سەنتەرى (بوار بۆ لێکۆڵينەوەى ستراتيجى) دامەزراندووە. ساڵى ٢٠٠٢ بووە بە بەرپرسى (مەکتەبى ڕاگەياندن). ساڵى ٢٠١٢ بووە بە (ڕابەرى گشتیى بزووتنەوەی ئیسلامی) و تا ئێستا(٢٠٢٥) بەردەوامە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە.
ناوی نەجمەدین فەرەج ئەحمەدە، دامەزرێنەری چەند ڕەوتێکی ئیسلامییە. بە مامۆستا کرێکار ناسراوە. ساڵی ١٩٥٦ لە وڵاخلوی شارباژێڕ لەدایکبووە. ماستەری لە زانستی فەرموودە بە دەستهیناوە. ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی و یەکبوونی ئیسلامی بووە. پاش لێکترازانی یەکبوون، ڕەوتی ئیسلاحی ڕاگەیاندووە، کە بارەگاکەی لە گوڵپ بووە و ساڵی ٢٠٠٢ لە گەڵ جوندولئیسلام یەکدەگرن و ئەنسارولئیسلام دروستدەکەن و دەبێتە ئەمیریان و بارەگایان لە بیارە دەبێت. پاش ساروخبارانی هەورامان لە ٢١ی٣ی٢٠٠٣دا، هەورامان چۆڵدەکات و دەگەڕێتەوە نەرویج. لەوێ دەدرێتە دادگا و تا ئێستا(٢٠٢٥) لە زیندانە. دوو دیوانە شیعر و زیاتر لە ٧٠ کتێبی بڵاوکردووەتەوە.
شۆڕشگێڕێکی کورد و ناوچەی هەورامانە. ناوی (مەحموود کوڕی عەزیزخانی کوڕی بارام بەگ)ـە. دایکی پیرۆزەی کچی حەسەن سانی گەورەی هەورامان بووە. ساڵی ١٨٧٠ لە ئاواییی دزڵیی ناوچەی هەورامان لەدایکبووە. دوای باوکی بووە بە سەردار و جێنشینی (هەورامانی شەمیان). شەش جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ٢١ منداڵە. ئەندامی حیزبی هیوا بووە. هاوکارێکی باشی شۆڕشی شێخ مەحموود بووە و شێخ هاتوچۆی کردووە. دوژمنێکی سەرسەختی ئینگلیزەکان بووە. ١٩ی ٤ی ١٩١٩ لە بناری گۆیژە سوپای لیڤی شکاندووە و پێچی مەحموود لەو شاخە بە ناوی ئەوەوە ناونراوە. ساڵانی ١٩٢١ بۆ ١٩٣١ زیانی زۆر لە ئینگلیز دەدات و چەند جارێک لەشکری ئینگلیز دەشکێنێت و ئینگلیزەکان ناچار بە دانوستان دەکات. لە ئازادکردنی سلێمانیدا ڕۆڵی بەرچاوی هەبووە. دژی قاجاری و پەهلەوی جەنگاوە. ناوی لە بەڵگەنامەکانی بەریتانیدا هاتووە. چەندین جار دەستگیرکراوە و ڕەوانەی گرتوخانەکانی (هندستان، قەسری قاجار، ڕومادی، سلێمانی، کەرکوک، بەغدا) کراوە. ساڵی ١٩٤٦ بەناوی گفتوگۆوە فێڵی لێدەکرێت و بە فەرمانی ڕەزاشای پەهلەوی دەرمانخوارد کراوە و لە ئەشکەوتێک گیانیسپاردووە. تەرمەکەی لە گوندی (هانەی قوڵ) لە بناری خورماڵ بەخاکسپێرراوە. پەیکەرێکی لە شارۆچکەی خورماڵ بۆ دروستکراوە.
سیاسەتمەدار و ڕیفۆرمیستێکی دەوڵەتی عوسمانی و ماوەیەکیش والی عێراق بووە. ناوی (ئەحمەد شەفیق کوڕی محەممەد ئەشرەف)ـە. ساڵی ١٢٣٨ک بەرانبەر بە ١٨٢٢ز لە ئەستەنبوڵ لەدایکبووە. دوای تەواوکردنی خوێندن چووەتە پۆستە حکومییەکانەوە. ساڵی ١٢٨٦ک بەرانبەر بە ١٨٦٩ز بۆ ١٢٨٩ک بەرانبەر بە ١٨٧٢ز والی بەغداد بووە. هەوڵێکی زۆری داوە لەگەڵ عەشیرەتی جافدا، بۆئەوەی لە شارەزوور و سنوری قەزای گوڵعەنبەر نیشتەجێببن. قەزای هەڵەبجەی لە بەڕێوەبەرایەتییەوە کردووە بە قایمقامیەت و محەممەد پاشای جاف وەک یەکەمین قایمقامی قەزاکە (گوڵعەنبەر) دامەزراوە.
سکرتێری پارتی سۆسیالیستی کوردستانە. ناوی (محەممەد مەحموود محەممەد سان ئەحمەد)ە و بە (محەممەدی حاجی مەحموودی گوڵەخانە) یان (کاکە حەمەی گوڵەخانە) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٣ لەسەر (گردەلەت) لەناو ڕەشماڵدا لە گوندی قەدەفەری سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. لە تیرەی نادرشاییە لە هۆزی گەورەی جاف. بە ھەوڵی خۆی فێری خوێندن و نوسین بووە. ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ شەش پێشمەرگەی تر یەکەمین مەفرەزەی چەکدارییان لە کوردستان دروستکردووە و شاخی سورێنیان کردووەتە بنکەی خۆیان. لە ژیانی پیشمەرگایەتیدا چەندین جار بریندار بووە. لە ڕووی سیاسیشەوە جگە لەوەی سکتێری حیزبی سۆسیالیستی کوردستانە، لە ژیانی سیاسیدا چەند پۆستێکی تری بینیوە، لەوانە: ساڵی ٢٠٠٥ ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە، دواتر بووە بە وەزیری کشتوکاڵ لە حکومەتی هەرێم، پاشان ئەندامی پەرلەمانی کوردستان. لەبواری نوسیندا خاوەنی دەیان بەرهەمە، کە گرنگترینیان نوسینی یاداشتەکانیەتی بەناوی (ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک)، کە پێنج بەرگە. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یازدە منداڵە، کە دوانیان (عەتا و پشتیوان) شەھیدن بوون.
بەگزادەی جافە. ناوی (ئەحمەد بەگ کوڕی محەممەد بەگی کوڕی قادر بەگی کوڕی ڕۆستەم بەگ)ـه. لە بەگزادەکانی (وەڵەدبەگ)ى جافە. بە (ئەحمەد بەگی ڕیشێن) ناسراوە. زۆربەی تەمەنی لە (جوانڕۆ، سنە و تاران) بەسەربردووە و ماوەى دە ساڵ نوێنەر شاری سنە بووە لە تاران. پاش کۆچیدوایی (محەممەد بەگ)ی باوکی، کە لە سەردەمی عوسمانیدا قایمقامی (ڕانیە) بووە، چووەتە سنوری هەڵەبجە و گوندى (ڕیشێن)ی کڕیوە. سێ جار ژیانی هاوسەرگيرى پێکهێناوه، کە یەکێکیان خاتوو (سەبيحه)ی کچی عوسمان پاشاى جاف و عاديلەخانمە. سکرتێری عادیلە خانم بووە. لە سەرەتاى شۆڕشى شێخ مەحمووددا لایەنگری ئینگلیزەکان بووە، بەڵام دواتر دژایەتیکردوون، بۆیە ئینگلیزەکان دەستگیریان کردووە. ناچار موڵک و دێهاتەکانى خۆى لە ناوچەکەدا فرۆشتووە و ڕوویکردووەتە شاری سنە. ساڵی ١٩٢٨ لە هەڵەبجە بە نەخۆشی کۆچیدواییکردووە.
کوڕی حەمەیوسف سانە. لە پەلاماری کوڕانی عەلی مەردان سان لە کوشتنی باوکیدا، ڕزگاری دەبێت. بەرەو سنە دەڕوات. لەساڵی ١٨٠٨ کراوە بە فەرمانڕەوای هەورامان. لەوکاتەدا حوکمڕانی هەورامان لە دەستی مەنوچەر بەگ و براکانیدا بووە. بەنیازی سەپاندنی دەسەڵات، پەلاماری هانەگەرمڵە و دواتر نەوسودی داوە. ساڵی ١٨١٦ لە سنەدا، مەنوچەر بەگیش دەکوژێت. ئەم کوشت و بڕە لای ئەمانوڵاخان قبوڵناکرێت. عوسمان سانی برای مەنوچەر سان دەکاتە سانی هەورامان و داوای عەلی هاجیار دەکات. ئەسکەندەرسان نایدات بەدەستەوە. عوسمان سان بە لەشکرێکی گەورەوە لەگەڵ سوپای سەقز و بانەدا بە سەرکردایەتی زوڵفەقارخان دێنە شارەزوور بۆسەر ئەسکەندەرسان. لە پشتی سەرگەت دەکەونە بۆسەوە و زۆریان لێ دەکوژرێت. سوپای عوسمان سان دەگاتە ئەحمەدئاوا و شەڕ ڕوودەدات. ئەسکەندەرسان هەڵدێت. میرزا ئەولکەریمی ڕێزلێگیراوی ئەمانوڵاخان، کەوتووەتە نێوان و سان عەلی هاجیاری ڕادەستدەکات و بە تکای میرزا دەگەڕێتەوە هەورامان و دەچێتە سنە. لەوێ دەخرێتە زیندانەوە، پاشان هەڵدێت و بەرەو شارەزوور دەگەڕێتەوە. دووبارە والی ناچار بووە میرزائەولکەریم بۆ تکای گەڕانەوەی بنێرێتەوە بۆ لای. بەمەرجی ئەوەی بکرێتەوە بەسان دەگەڕێتەوە سنە. بە نەخشەی ئەمانوڵاخان لە کاتی هاتنە دەرەوەی لە گەرماوی میرزا فەرەج لە سنە لە ساڵی ١٨١٩ دەکوژرێت.
سانە. ناوی (ئەفراسیاب کوڕی ڕۆستەم سانی کوڕی حەمەسەعید سان)ـە. ساڵی ١٨٨٧ لە (هانەگەرمەڵە) لەدایکبووە. دژی دەوڵەتی ئێران سەرکردایەتی چەند شەڕێکی کردووە. سوپاسالارى جافر سان بووه. حاکمی هانەگەرمڵە و کەیمنە و بیارە و نارنجڵە و گوڵپ و سەرگەت و گەچێنە و باخەکۆن و بنجۆی دڕە و هانەیدن و دەرەیمەڕ بووە. لە سنوری (سەرگەت) دوو خانووی هەبووە. بەشداری شەڕی ئەشکەوەڵی کردووە. ساڵی ١٩٣٠ بە لەشکرێکی ئامادەوە پەلاماری لەشکری دەوڵەتی ئێران بە سەرکردایەتیی ڕەزمارا لە هاوینە هەواری هەیات، دەدات و ژمارەیەکیان لێدەکوژێت، بەو هۆیەوە قاچاخ دەبێت. ساڵی ١٩٣٢ بە قاچاخی دەچێتە باخەکۆن بۆ لای شێخ حسامەدین و شاکر فەتاح لەوێ وێنەیەکی نایابی دەگریت، ميس بێڵ و ئەدمۆندز سەردانیانکردووە. کۆتایی ژیانی لەسەرگەت نیشتەجێبووە هەر لەوێش کۆچیدواییکردووە و لە تەنیشت باوەناووسەوە بەخاکسپێرراوە.
لە بەگزادەکانى وەڵەدبەگى عەشيرەتى جافە. ناوی (بارام بەگ کوڕى ئەحمەد بەگ کوڕى محەممەد بەگ کوڕى قادر بەگە. باوکى بە ئەحمەد بەگى ڕێشێن ناسراوە. (سەبیحەخان)ی دایکیشی کچی عوسمان پاشای جاف و عاديلەخان بووە. ساڵى ١٩٢٤ لە هەڵەبجە لەدایکبووە، هاوسەرگيرى کردووە. له دوای خۆیدا سێ کوڕ و سێ کچی جێهێشتووە، يەکێک لەوانە هونەرمەندى گۆرانيبێژ (پەيوەند جاف)ـە. له ناوەڕاستى شەستەکانى سەدەى ڕابردوو ماوەيەک سەرۆکى شارەوانیی هەڵەبجه بووە. ساڵی ١٩٨٣ به نەخۆشی کۆچیدواییکردووە.
سانی هەورامانە. ناوی (بارام کوڕی عەباس قولی سانی هەورامی)یە. پاش مردنی باوکی بە پێی هەندێک سەرچاوە بە فەرمانی شای سەفەوی، کراوە بە سانی هەورامان. بەشێک لە شارەزوری لە ژێردەستدا بووە. ٣٠ ساڵ فەرمانڕەوایی کردووە. لەبەرانبەر پەلاماری خان ئەحمەدخاندا بەرگرینەکردووە. ساڵی ١١٤٠ کۆچیدواییکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دە کوڕ بووە، کە چواریان دواتر بوونەتە سان.