عەلى حەسەن مەجيد

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15


لاپەڕەی 247

عەلى کيميايى

ساڵی ١٩٤١ لە شارى (تکريت) لەدایکبووە، ئامۆزاى سەدام حسەين بووە. لە ساڵى ١٩٦٦ سەربازێکى پلەنزمى سوپاى عێراق بوو، لە ساڵى ١٩٦٨ عەريفێکى پاسەوانى تايبەتى حەماد شەهاب تکريتى بووە، دواى سەرکەوتنى کودەتاى بەعسیيەکان و گرتنەدەستى دەسەڵات، عەلى حەسەن مەجيد زۆر بەخێرايى لەنێو بازنەى تکريتييەکاندا پێشکەوتوو و پلەکەى بەرزبوويەوە، ساڵى ١٩٧٩ ڕۆڵێکى گەورەى بينيوە لە پڕۆسەى چاکسازیى سەرکردايەتیى حيزبى بەعسدا. لە ١٩ى ئازارى ١٩٨٧ کرا بە سەرۆکى بيرۆى باکورى حيزبى بەعس، کە بارەگاکەى لە کەرکوک بوو. ناوبراو هەتاکو ساڵى ١٩٨٩ لەو پۆستەدا مايەوه. ‌لە ٢ی ٨ی ١٩٩٠ بۆ ٢٦ی ٢ی ١٩٩١ حاکم و فەرمانڕەواى کوێت بووە، لە ئازارى ١٩٩١-نيسانى ١٩٩١دا، وەزيرى ناوخۆى عێراق بوو، دواتر بووە بە وەزيرى بەرگریى عێراق ١٩٩١ بۆ ١٩٩٥، لە نێوان ساڵانى (١٩٩٥ بۆ ٢٠٠٣) سەرۆکى دەزگاى ئيستيخباراتى عێراق بووە. لەنێو کورددا وەک بەرپرسى سەرەکیى تاوانەکانى ئەنفال و کيميابارانى هەڵەبجە دەناسرێت، هەر لەبەرئەوەشە لە دواى کيميابارانکردنى هەڵەبجەوه،‌ نازناوى (کيميايى)يان بەسەردا بڕیووە، پاش ڕووخانى ڕژێم و ئازادکردنى عێراق لە ٢١ى ئابى٢٠٠٣ بەديلگيراو خرايە زيندانەوە، لەماوەى دادگايیکردنيدا، چوار جار سزاى لەسێدارەدانى بۆ دەرچووە، ڕۆژى دووشەممە ڕێکەوتى ٢٥ی ١ی ٢٠١٠ لەسێدارەدراوە.

سەرچاوەکان:

  1. میدڵ ئیست وۆچ: جینۆساید لە عێراقدا، پەلاماری ئەنفال بۆ سەر کورد، وەرگێڕانی. محەمەد حەمەساڵح تۆفیق، چاپخانەی تیشک، سلێمانی، ٢٠٠٤، ل١٠٠-١٠١.
  2. کۆمەڵکوژى کورد لە جەنگى ئێران ـ عێراقدا هەڵەبجە (١٦/٣/١٩٨٨) به ‌نموونە، عادل صديق عەلى، چاپى ڕێنوێن، سلێمانى، ٢٠١٨، ل١١٤.

ئامادەکردنی: د. عادل سدیق عەلی

3

هاوبەشی پێبکە