ئەحمەدی موفتیزادە
بیریار و ڕابەرێکی سیاسی، نوسەر، شاعیر، بێژەرە. ڕابەرێکی ئایینی و نەتەوەییە. ناوی (ئەحمەدی کوڕی مەلا مەحموودی مەلا عەبدوڵای دشەیی)یە. لە بنەماڵەیەکی ئایینیی ناوداری هەورامانە. ساڵی ١٩٣٤ لە شاری سنە لەدایکبووە. بۆ خوێندن چووەته: بیارە، تەوێڵە، عەبابەیلێ و هەڵەبجە. لای مەلا عەبدولکەریمی مودەریس و مستەفا زەڵمی خوێندوویەتی. لە دامەزرێنەرانی مەکتەب قورئان و شورای ناوەندی ئەهلی سونەیە لە ئێران و وەک بیرمەند و فەیلسوفێکی ئیسلامی ناسراوە. کاریگەری گەورەی لەسەر پەروەردەی ئایینی و هوشیاریی نەتەوەیی و فەرهەنگی خەڵکی خۆرهەڵات و باشور هەبووە. خاوەنی چەندین وتار و کاسێتی تۆمارکراوە. ماوەیەک بەرپرسی کۆمیتەی تارانی حیزبی دیموکرات بووە. لەگەڵ چەند ڕوناکبیرێکدا ڕۆژنامەی (کوردستان)یان لە تاران دەرکردووە. لە هەڵەبجە و شارەزوور و هەوراماندا لایەنگری هەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی منداڵێکە. ساڵی ١٩٨٢ دەستگیرکراوە. دوای نۆ ساڵ مانەوەی لەزیندان ساڵی ١٩٩١ ئازادکراوە. ساڵی ١٩٩٣ کۆچیدواییکردووە و لە سنە نێژراوە.
بێرون عومەر فەتاح
سکرتێری حیزب، قایمقامە. ناوی (بێرون عومەر حاجی فەتاح ئەحمەد)ە. ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (عەلیاوا)ی سەر به شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. دەرچووی پەیمانگای تەکنیکیە لە سلێمانی لە بەشی زانستەکانی کۆمپیوتەر. پاش ڕاپەڕین لەناو ڕیزەکانی حیزبی سۆسیالیست کاریکردووە. ساڵی ١٩٩٧ تا ٢٠٠٠ قائیمقامی قەزای (شارەزوور) بووە. ساڵی ٢٠١٤ لەگەڵ چەند ئەندام مەکتەب سیاسییەکی تر، جیابوونەتەوە و حیزبی (بزووتنەوەی چاکسازیی نیشتمانیی کوردستان)یان دامەزراندووە و کراوە بە سکرتێری ئەو حیزبه، تا ئێستا بەردەوامە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە.
سدیق عەبدولعەزیز محەممەد
مامۆستای ئاینی، سیاسییە. ساڵی ١٩٣٩ لە گوندی (پریس)ی خۆرئاوای هەڵەبجە لەدایکبووە. لە قوتابخانە ئاینیەکەی باوکیدا لە پریس دەستی بە خوێندنی حوجرە کردووە، لەسەر دەستی مامۆستا مەلا عوسمانی براگەورەی خوێندنی مەلایەتی تەواوکردووە، ساڵی ١٩٥٩ لە خولی پەروەردەیی وەزارەتی مەعاریف بەشداریکردووە و بووە بە مامۆستا. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی حەوت منداڵە. تا ساڵی ١٩٨٧ لە چەند قوتابخانەیەکی هەڵەبجەدا مامۆستایەتی کردووە، ساڵی ١٩٦٠ پەیوەندی بە ڕێکخستنەکانی ئیخوانەوە کردووە، ساڵی ١٩٧٩ لەگەڵ هاوڕێکانی ڕێکخستنی نوێی برایانی موسڵمانی دامەزراندووە و بووە بە سەرۆکی ڕێکخستنەکە، ساڵی ١٩٨٦ فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووه، بەو هۆیەوە تا ساڵی ١٩٩١ لە دەرەوەی وڵات بووه. ساڵی ١٩٩٢ بزووتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامی ڕادەگەیەنرێت و ئەم بە ئەمینداری گشتی هەڵدەبژێررێت، تا ساڵی ١٩٩٩، کە لەگەڵ بزووتنەوەی ئیسلامیدا، بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی ڕادەگەیەنن، دەکرێت بە جێگری ڕابەری گشتی، ساڵی ٢٠٠٨ هەڵدەبژێررێت بە ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی، لە ٩ی ١٢ی ٢٠١٩ کۆچیدواییدەکات و لە گۆڕستانی گوڵانی خواروو بەخاکدەسپێررێت.
عەلی عەبدولعەزیز
کەسایەتیی ئاینی و سیاسییە. ناوی عەلی عەبدولعەزیز محەممەدە، ساڵی ١٩٢٩ لە گوندی پریسی خۆرئاوای هەڵەبجە هاتووەتە ژیانەوە، خوێندنی زانستە شەرعیەکانی لە قوتابخانە ئاینیەکەی باوکی و هەر لەسەر دەستی ئەودا تەواوکردووە، بەڕێوەبەری پەیمانگای ئیسلامی هەڵەبجە بووە، تا ساڵی ١٩٨٧ وتاربێژی مزگەوتی پاشا بووه لە هەڵەبجە. چەندجار لە سەردەمی بەعسدا گیراوە و نەفیکراوە، کە دواترینیان ساڵی ١٩٧٦ بوو بۆ فەلوجە. لە دامەزراندنی بزووتنەوەی ئیسلامیدا، ساڵی ١٩٨٧ کراوە بە جێگری ڕابەری گشتی، ساڵی ١٩٩٧ بووە بە ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی، ساڵی ١٩٩٩، کە لەگەل بزووتنەوەی ڕاپەڕینی ئیسلامیدا، بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامیان پێکهێنا، بوو بە ڕابەری گشتیی بزووتنەوەکە. بەشداری چەندین کۆنگرە و کۆنفرانسی لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتدا کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی نۆ منداڵە. تا ساتی وەفاتی ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی بووە. ساڵی ٢٠٠٧ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی گوڵانی خواروو نێژراوە.
عيرفان عەلى عەبدولعەزیز
سیاسی و ڕابەری حیزبە. ناوی (عيرفان عەلى عەبدولعەزیز محەممەد)ە. ساڵی ١٩٦٤ لەشارى هەڵەبجە لە بنەماڵەيەکى ئاینی لەدایکبووە. کۆلێژى شەريعەی لە زانکۆى بەغداد خوێندووە. پەيمانگاى زانستى سياسى لە زانکۆى تاران خوێندووه و ماستەری بەدەستهێناوە. ساڵى ١٩٩٧ سەنتەرى (بوار بۆ لێکۆڵينەوەى ستراتيجى) دامەزراندووە. ساڵى ٢٠٠٢ بووە بە بەرپرسى (مەکتەبى ڕاگەياندن). ساڵى ٢٠١٢ بووە بە (ڕابەرى گشتیى بزووتنەوەی ئیسلامی) و تا ئێستا(٢٠٢٥) بەردەوامە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵە.
محەممەدی حاجی مەحموود
سکرتێری پارتی سۆسیالیستی کوردستانە. ناوی (محەممەد مەحموود محەممەد سان ئەحمەد)ە و بە (محەممەدی حاجی مەحموودی گوڵەخانە) یان (کاکە حەمەی گوڵەخانە) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٣ لەسەر (گردەلەت) لەناو ڕەشماڵدا لە گوندی قەدەفەری سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. لە تیرەی نادرشاییە لە هۆزی گەورەی جاف. بە ھەوڵی خۆی فێری خوێندن و نوسین بووە. ساڵی ١٩٧٦ لەگەڵ شەش پێشمەرگەی تر یەکەمین مەفرەزەی چەکدارییان لە کوردستان دروستکردووە و شاخی سورێنیان کردووەتە بنکەی خۆیان. لە ژیانی پیشمەرگایەتیدا چەندین جار بریندار بووە. لە ڕووی سیاسیشەوە جگە لەوەی سکتێری حیزبی سۆسیالیستی کوردستانە، لە ژیانی سیاسیدا چەند پۆستێکی تری بینیوە، لەوانە: ساڵی ٢٠٠٥ ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە، دواتر بووە بە وەزیری کشتوکاڵ لە حکومەتی هەرێم، پاشان ئەندامی پەرلەمانی کوردستان. لەبواری نوسیندا خاوەنی دەیان بەرهەمە، کە گرنگترینیان نوسینی یاداشتەکانیەتی بەناوی (ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک)، کە پێنج بەرگە. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی یازدە منداڵە، کە دوانیان (عەتا و پشتیوان) شەھیدن بوون.