بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
زانای ئاینی و ئەکادیمییە. ناوی (ئەحمەدی کوڕی مستەفای کوڕی فەیزوڵڵا ئیبراھیم)ـە. ساڵی ١٩٦٤ لە گوندی (بەهیە) لە پێنجوێن لەدایکبووە. لەبەر ئەوەی بۆ ماوەی ١٠ ساڵ لە مزگەوتی شافیعی لە ھەڵەبجە فەقێ بووە، بە (مەلا ئەحمەدی شافیعی) ناسراوە. هەر لە هەڵەبجە ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە. بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە شەریعەدا بەدەستهێناوە. ساڵی ١٩٩١ دەستی ھەبووە لە کردنەوەی دوو مەدرەسەی زانستە شەرعییەکان لە ھەڵەبجە. ژیانی ھاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ماوەی حەوت ساڵ سەرۆکی بەشی پەیمانگای زانستە ئیسلامییەکان بووە لە سلێمانی. ساڵی ٢٠١٠ بووە بە ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئیسلامی کوردستان. ساڵی ٢٠٠٨ەوە تا ئێستا ئەندامی لیژنەی باڵای فەتوایە لە ھەرێمی کوردستان. چەند کتێبێکی بە چاپ گەیاندووە، لەوانە: (گوزەرێک بە ژیانی زانای گەورە مامۆستا مەلا عوسمان عەبدولعەزیز، الدرە التعلیمیة علی المنظومە البیقونیة، شیخ عثمان عبدالعزیز و منھجە فی التفسیر، کە ماستەرنامەکەیەتی).
زانا و مودەریس و موفتیی بابانە. ناوی (ئیبراهیم کوڕی مەلا ئیسماعیلی بیارە)یە. لە نەوەی پیر محەممەدە. بە بیست و پێنج پشت مەلا بوون. ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. ساڵی ١٧٩٣ لە بیارە وانەی وتووەتەوە. هاوچەرخی شێخ عەبدوڵای خەرپانی و مەلا جەلالی خورماڵ بووە. مەدرەسەی بیارە لە سەردەمی مەلا ئیبراهیمدا هاوشانی مەدرەسەی خورماڵ و خەرپانی بووە. لە ڕیزی ناوی مامۆستاکانی مەولانا خالدی شارەزووریدا ناوی هاتووە. لەسەردەی ئەوڕەحمان پاشا و ئیبراهیم پاشای باباندا ماوەیەک موفتی بووە و فتوا و قەزاوەتی زۆر بووە. لە زانستی ڕەوانبێژیدا دەستێکی باڵای هەبووە. ساڵی ١٨٣٤ کۆچیدواییکردووە.
شاعر و زانا بووە. لە کۆتاییەکانی سەدەی حەوتەمی کۆچیدا لە شارەزوور لەدایکبووە. لە شارەزوور خوێندنی دەستپێکردووە و لە بەغدا تەواویکردووە. گەراوەتەوە شارەزوور و بە ڕینوێنیەوە خەریکبووە. هاوچەرخی عابدینی جافە. لەو مەلایانە بووە سەرسەختانە دژایەتی تەریقەتی یاری و یارسان بوونی عابدینی کردووە. ساڵی ١٣٦٧ لە شارەزوور کۆچیدواییکردووە.
ناوی (مەلا حەسەن حەمە ڕەحیم)ـە. جێگرەوە و خۆشەویستی (بابا ڕەسوڵی بێدەنی) بووە لە حوجرەی عەبابەیلێ، تا کۆتایی ژیانیشی ١٩٦٤، مودەڕیس و وتاربێژ و دڵسۆزی فەقێیان بووە. یەکێک لە مامۆستا هەرە ناسراوەکانی هەڵەبجە بووە.
بانگبێژ و دەنگخۆشە، مزگەوتی موسعەبی پێوە ناسراوە. ناوی تەواوی محمد عبدالمحمد محمدە. ساڵی ١٩٢٠ لەدایکبووە. بۆ خوێندن چووەتە تەوێڵە و لای مامۆستایانی بنەماڵەی مەلا نەزیر دەرسی خوێندووە. پەیوەندیەکی بەتینی بە تەکیەی تاڵەبانی قادرییەکانەوە بووە. دووجار سەردانی ماڵی خوای کردووە و سەرەنجی بانگبێژی کەعبەی ڕاکیشاوە و لەوێ بانگیداوە. لە ساڵی ١٩٤٧دا بانگبێژ و ئیمام و خادمی یەکەم مزگەوتی گریانە بووە. لە هەڵەبجە هۆکارێک بووە بۆ ئاوەدانی مزگەوتی ڕیشە و تا ئێستاش بۆ ناسینەوەی مزگەوتەکە دەوتریت ڕیشە. خێزاندارە و خاوەنی ٤ منداڵ بووە. ساڵی٢٠١٣ لە هەڵەبجە کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی غەریبان نێژراوە.
خوێندەوار و زانا بووە. ساڵی لەدایکبوونی دیارنییە. تەمەنی زۆر نەبووە. لە تەوێڵە لەدایکبووە. بەوەدا، کە هاوچەرخ و هاوڕێی مەلائەحمەدی نۆدشی بووە؛ دەبێت لە نیوەی یەکەمی ١٨٠٠دا ژیابێت. لە تەوێڵە خوێندوویەتی و بۆ خوێندن دەچێتە نۆدشە و دێتە خورماڵ بۆ لای مەلاجەلال و پاشان دەبێتە موستەعید لای شێخ عەبدوڵای خەرپانی و دەڵێن مەولەوی(کامل)ی لای ئەم خوێندووە. تەنیا کوڕێکی بووە، کە بنەماڵەیەکی زانا و دانایان لێکەوتوەتەوە. لە تەوێڵە کۆچیدواییکردووە.
زانای ئایینی و قازی و موفەسیرە. ناوی (سەعید کوڕی فەتحوڵا کوڕی نەسوڵڵا کوڕی شاوەیس کوڕی مەحموودی حسێن خان)ـە. ساڵی ١٩٢٠ لەنزیک گوندی (لاوران) لەدایکبووە. لای مەلا محەممەد ڕەشید و لە هەڵەبجە لە تەکیەی سەید نەسروڵڵای مەلا مستەفا خوێندویەتی. چەند شوێنێکی کوردستان ڕۆیشتووە. گەڕاوەتەوە هەڵەبجە و لای مەلا عەبدولکەریمی مودەریس خوێندویەتی و لای مەلا مەحموود ئیجازەی وەردەگرێت. له چەند گوندێک مەلایەتی کردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. بە هۆکاری سیاسی لەلایەن حکومەتەوە نۆ مانگ لە حللە زیندانیکراوە. مامۆستای پەیمانگای ئایینی سلێمانی بووە. ساڵی ١٩٧٤ پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەکات و دەبێتە قازیی دادگای شۆڕش و دادگای شەرعیی سلێمانی. دوای نسکۆ گەڕاوەتەوە سلێمانی و بووە بە مەلای مزگەوتی دوودەرگا و کتێبخانەی سەڵاحەدینی کردوووەتەوە. ساڵی ١٩٩٢ خانەنشین کراوە. بەڵام وەک ئەندامی دەستەی باڵای یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلام و لیژنەی فتوای پارێزگای سلێمانی ماوەتەوە. خاوەنی تەفسیری قورئانی پیرۆزە لە ١٢ بەرگدا بە ناوی (تەفسیری زمناکۆیی). ساڵی ٢٠٠٦ لە سلێمانی کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (شێخ ئەحمەدی هندی) بەخاکسپێرراوە.
ناوی (سەعید مستەفا مەعروف)ـە. ساڵی ١٩١٠ لە ئاوایی گڵێجاڵ (ناوەندی شارۆچکەی بەمۆ) لەدایکبووە. لە تەمەنی منداڵیدا باوک و دایکی کۆچیدواییانکردووە، لە حوجرەکانی تریفە و پریس خوێندوویەتی، دواتر لە بیارە گیرساوەتەوە، ماوەیەکیش لە نزیک مەریوان لای مەلا باقری بالک فەقێ بووە. پاش وەرگرتنی مۆڵەی زانستی لەسەر دەستی مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس ١٩٤٥، گەڕاوەتەوە بۆ ئاواییی گڵێجاڵ و نوێژی هەینی دامەزراندووە، لە پشت کێوی بەمۆ بە (مامۆستا) ناسراوە، چونکە ساڵانێکی زۆر، جگە لە پێگەیاندنی فەقێ، ڕۆڵی دادوەر و بانگخوازی ئایینی و کەسایەتیی کۆمەڵایەتیشی بینیوە. لە ساڵانی کۆتایی تەمەنیدا بەهۆی جەڵتەوە کەوتووەتە سەر جێگە، ساڵی ١٩٨٨ لە شارۆچکەی زەڕایەن کۆچیدواییکردووە و هەر لەوێ بەخاکسپێرراوە.
ناوی (ئەحمەد محەممەد مرادوەیس)ـە لە بنەماڵە ساداتەکانی تاوگۆزییە. ساڵی ١٩٢٤ لە گوندی (زارێنە) لەدایکبووە. سەرەتا لە حوجرەکانی تاوگۆزی دەستی بەخوێندن کردووە، پاشان ڕوویکردووەتە حوجرەکانی پریس و تریفە و بیارە و پێنجوێن و سلێمانی، کۆتا وێستگەش لە بەردەستی مەلا ساڵحی گەورە لە هەڵەبجە مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. لە ساڵی ١٩٥٣ بووەتە مامۆستای مزگەوتی گوندی (قاینەیجە)ی شارەزوور، هەر لە وێش وەک مامۆستای وانەبێژ لە پڕۆژەی (نەهێشتنی نەخوێندەواری) دەستبەکاربووە. لە پاش ١٩٧٨ لە هەڵەبجە نیشتەجێبووە و پێشنوێژی مزگەوتی (بیلالی حەبەشی) بووە لە گەڕەکی شارەوانی. لە ١٢ی ٦ی ٢٠١١ لە قەزای شارەزوور کۆچیدواییکردووە.
کەسایەتی و زانای ئاینییە. ناوی (ئیسماعیل حسەین عەلی)یە. ساڵی ١٨٩٠ لە گوندی (سەرگەت)ی سەر بە هەورامان لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵه، کە یەکێکیان مەلا(شێخ سدیق سەرگەتی)یە، کە مامۆستایەکی دیار و بەناوبانگی ناوچەکە بووە. شێخ ئیسماعیل زانا و خاوەن حوجرە و کەسایەتییەکی دیاری ناوچەی هەورامان بووە. چەندین مامۆستای گەورە لەلای ئەم کەسایەتییە دەرسیان خوێندووە، لەوانە: جەنابی شێخ (عوسمان سیراجەدینی دووەم). لە ژیانیدا زۆر چەرمەسەری و ئاوارەیی بینیوە. ساڵی ١٩٦٣ کۆچیدواییکردوووە و لە لەسەرگەت بەخاکسپێرراوە.
مامۆستایەکی ئایینیی دەرچووی بەردەستی مەلا قادری سۆفییە لە نزیک دەربەندیخان. کەسێکی ناسراو بە خواپەرستی و خزمەتکردنی حوجرەی فەقێیان بووە. لە ساڵی ١٩٤٣ کۆچیدواییکردووە. لەنێو هەندێک لە دەستخەتەکانی عەبابەیلێ ستایشی پابەندی کراوە و وەک مامۆستایەکی باش ئاماژەی بۆ کراوە.
زاناو مودەڕیس بووە. ناوی (عەبدوڵا کوڕی مەلا یاسین)ی تەوێڵەیە. بە (مەلا عبدولباری)یش ناوی هاتووە. ساڵی ١٨٣٨ لەدایکبووە. لای باوکی و زاناکانی ئەوکاتە خوێندوویەتی. نزیکەی چل ساڵ ئیمام و خەتیبی تەوێڵە بووە. کتێبی (بەهجه)ی ئیبنولوەردی لەبەر بووە. حەوت کوڕ و دوو کچی بووە. ساڵی ١٩٣٥ لەتەوێڵە کۆچیدواییدەکات و هەر لەوێش نێژراوە.
مودەڕیس و زانای ئاینییە. ناوی (مەلا عەبدولقادر کوڕی مەلا عەبدولڕەحمانی کانیکەوەیی)ی لای (بازیان)ـە. لە نەوەی مەلا ئەبوبەکری موسەنیفە، لای مەلا ئەحمەدی نوتشە ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتووە، لە سەردەمی شێخ عومەری بیارەدا و بۆ ماوەی بیست ساڵ مودەڕیسی مەدرەسەی بیارە بووه. دەیان زانای گەورە ئیجازەی مەلایەتییان لەلا وەرگرتووە. لەگەڵ (فاتمە)ی خوشکی (شێخ عومەری بیارە) ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. سێ کوڕ: حەسەن (شاهۆی شاعیر)، حوسەین، عەبدولخالق، کچێک (حومەیرا)یان هەبووە. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. ساڵی ١٩٢٠ کۆچیدواییکردووە.
ناوی (عەبدوڵا عەبدولغەفور)ە، خەڵکی گوندی (نەمەشیر)ی بانەیە لە خۆرهەڵاتی کوردستان، لە خانەقای دووڕووە مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە، بەڵام لە گوڵپ و هانەگەرمەڵە و بیاوێڵە و دەرەشیش لە سنوری هەڵەبجە کاری مەلایەتی کردووە. ساڵی ١٩٣٩ لە دەرەشیش لە تەمەنی ٥٨ ساڵیدا کۆچیدواییکردووە.
زاناو قازی و مامۆستا بووە. ناوی (عەبدوڵای کوڕی عەبدولسەمەد) برازای مەلا یاسینی تەوێڵەیە. ساڵی ١٨٤٠ لە تەوێڵە لەدایکبووە. لای باوکی و مەلاکانی تەوێڵە و لە مزگەوتی گەورەی سلێمانی خوێندوویەتی. لە دەوروبەری ساڵی ١٩٢٦ کۆچیدواییکردووە.
ناوی (محەممەد سەعید محەممە ئەحمەد)ی عەبابەیلێییە. ساڵی ١٨٨٩ لەدایکبووە، لە بەردەستی کۆمەڵێک مەلا خوێندوویەتی، پاشان ڕوویکردووەتە کەرکوک، دوا وێستگەش لە بەردەستی (مەلای گەورەی)ی بیارە مۆڵەتی وەرگرتووە. لە عەبابەیلێ کاری تەدریسی کردووە، جگە لەوەش سەرقاڵی کار و کەسابەت و بازرگانی بووە. لە ١٩٢٧ کۆچیدواییکردووە.
زانا، عارف، پارێزکار، خەتخۆش، ئەهلی تەریقەتە. ناوی (حاجی مەلانەزیر کوڕی سۆفی محەممەد مۆمنی کوڕی سۆفی مەحموودی کوڕی سۆفی ئیبراهیم کوڕی سۆفی ئەحمەد)ە. ساڵی ١٧٨٦ لە تەوێڵە لەدایکبووە. زاوای شێخ عوسمان سیراجەدین و باپیری مەلاساحبی تەوێڵەیە. لای مەلا قەسیمی شەڕەکان ئیجازەی وەرگرتووە و بووتە زاوای و لە مەدرەسەکەیدا وانەی وتووەتەوە، سەفەری مەدینەی کردووە. لای شێخ مەزهەری بوخارایی تەمەسوکی کردووە. چووتە سەمەرقەند و بوخارا و لای شێخ ساحێبی نەقشبەندی دەرسی خوێندووە و دوای مردنی شا ساحێب، گەڕاوەتەوە تەوێڵە. دوو جار لە چلەخانە بەناوبانگەکەیدا، چلەی کێشاوە. ٣٣ جار قورئان و (احیا علوم دین)ی نوسیوەتەوە. دوا نوسخەی قورئانە دەستنوسەکەی لە مزگەوتی مەلا نەزیر لە تەوێڵە پارێزراوە. خێزاندار بووە و حەوت کوڕ و دوو کچی هەبووە. نەوەکانی زانا و دانا و عارفی ناوداربوون. ساڵی ١٨٧٨ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی باباسەرهەنگ لە تەوێڵە بەخاکسپێردراوە.
زاناو مامۆستا بووە. موسەتەعیدی مەدرەسەی شێخ عەوڵای خەرپانی بووە. یاسین کوڕی مەلا عبدولڕەحمانە و دەچێتەوە سەر مەلا سەلام. وادەردەکەوێت دوروبەری ساڵی ١٨٠٠ لەتەوێڵە لەدایکبووە. لای شێخ ئەوڵای خەرپانی ئیجازەی وەرگرتووە. هاوڕێی مەلا خدری نالییە. زاوای مەلا نەزیری گەورەی تەوێڵەیە، باوکی مەلا (عەبدوڵا-مەلا عەبدە)ەیە و پشتاوپشت مەلان. بنەماڵەی مەلاسەلام دەچنەوە سەر شێح شەهابەدینی دزاوەری و ئەمیش کوڕی شێخ ڕەزیەدینە و لە نەوەی شێخ حەسەنی شازلین. بەم پێیە بێت لە گەڵ فەقێ ئەحمەدی غەزایی لە یەک بەرە بابن.
ناوی (یوسف ئەحمەد یوسف مەعروف)ـە. مامۆستایەکی ئایینیی پەروەردەی حوجرەکانی هەڵەبجە بووە، لە دەوروبەری ١٩١٥ لە گوندی گڵێجاڵ (ناوەندی شارۆچکەی بەمۆ) لەدایکبووە. لە چەند حوجرەیەکی ناوچەکە خوێندوویەتی، ماوەیەکیش لە مزگەوتی (تەکیە)ی هەڵەبجە بووە. لە سەر دەستی (مەلا ساڵحی گەورە) مۆڵەتی وەرگرتووە. مەلا یوسف، هاوڕێی (مەلا مەجیدی دەوڵەتئاوا) بە پێی دەستخەتەکانی حەز و خولیای ئەدەبیشی هەبووە، لە هاوینی ١٩٤٦ کوژراوە و لە گۆڕستانی شێخ ئیسماعیلی هەڵەبجە بەخاکسپێرراوە. هەندێک دەستخەتی لێ بەجێماوە، کە هی حوجرەکانی هەڵەبجەن و بە زمانەکانی عەرەبی و فارسی و کوردی و هەندێک یادەوەریشی تێدا تۆمار کراوە و لە ناوەندی کوردستان - زانکۆی سلێمانی ئەرشیف کراون. ژیانی هاوسەریی پێکنەهێناوە.
شاعیرێکی یارسانییە. ناوی (نەرگز کچی مەلا شوکوروڵڵای شارەزوری)یە. لە دەوروبەری ساڵی ١٣١٣ لە شارەزوور لەدایکبووە. لەلای باوکی فێری خوێندن و زانستە شەرعییەکان بووە. لەگەڵ (عابدینی جاف) ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و بوونەتە یارسان و چوونەتە شێخان بۆ لای سان سەهاک. بە زاری کرمانجی ناوەڕاست/ شێوەزاری سلێمانی هۆنراوەی داڕشتووە و ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدان و تۆمارکراون.