بەرگی شەشەم
کەسەکان بەپێی پۆست
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
بەرگی شەشەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.
سانی هەورامانە. ناوی (بارام کوڕی سلێمان بەگی میرجیاشای هەورامی)یە. پاش کۆچیدوایی باوکی، کە شا ئیسماعیلی سەفەوی چووەتە سەر تەخت، لەلایەن شورای هەورامانەوە بە حوکمڕانی هەورامان هەڵبژێرراوە. ژیانی هاوسەریی لەگەڵ کچی ئەڵاوێردخانی حاکمی لوڕستاندا پێکهێناوە و سێ کوڕی لێی بووە. بە هۆی ناکۆکی خان ئەحمەدخان و خەزورانی بارام بەگدا، خان و سەفەوییەکان پەلاماری هەورامان دەدەن. سەرچاوەکان سەبارە بە گەمارۆی هەورامان و چارەنوسی بارام میرزا بەگ، بۆچونی جیاوازیان هەیە، هەندێکیش پێیانوایە قەڵای هەورامانی چۆڵکردووە و چووەتە گوندی سەرگەت و لەوێشەوە چووەتە هەرشەلی زەهاو و دواتر بارام میرزا بەگ کوژراوە.
یەکێکە لەسانەکانی هەورامان. کوڕی بەهمەنی سێیەمە. دوای مردنی باوکی بە پێی فەرمانی پیاوە گەورەکانی هەورامان، کراوە بە فەرمانڕەوای هەورامان. قەڵاکەی باوکی قاییمتر و پتەوتر کرد. دۆستایەتی لە گەڵ دراوسێکاندا کردووە و پەیمانی ئاشتی لەگەڵیاندا بەستووە. کچی فەرمانڕەوای دێوەزناوی. لەشکری پێکەوەناوە و زۆربەی دێیەکانی هەرامانی خستوەتە ژێر فەرمانڕەوایی خۆیەوە. ٥٥ساڵ حوکمیکردووە. ساڵی ١٦٩٧ کۆچی کۆچیدواییکردووە.
یەکێکە لەسانەکانی هەورامان. کوڕی بەهلوی هەورامییە. زۆر منداڵ بووە، کە باوکی مردووە. بە فەرمانی شێخ جەلالی غازی کراوە بە حوکمڕانی هەورامان. بەهاوکاری شوورای خەڵکی هەورامان، حوکمیکردووە و دادگەر و ئازا و پارێزگار بووە. قەڵای دروستکردووە و لەشکری پێکەوەناوە و هەندێک ناوچەی خستووەتە سەر قەڵەمڕەوەکەی. ماوەی ٥٥ ساڵ حوکمیکردووە. ساڵی ١٠٥٦ لە تەمەنی ٨٧ ساڵیدا کۆچیدواییکردووە.
لە بەگزادەکانى عەشيرەتى جافە. ناوی (بەهیە کچى حاميدبەگى مەجيدبەگى عوسمان پاشاى کوڕى محەممەد پاشاى جاف)ـە. ساڵى ١٩٢٥ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. لە ڕیزی یەکەمینەکانی ئەو کچانە بووه، کە بۆ خوێندن چوونەتە قوتابخانەى کوڕان. تا پۆلى پێنجى سەرەتايى خوێندووه، چونکە پۆلى شەش نەبووە لە هەڵەبجە. جگە لە زمانى کوردى، عەربى و کەمێک ئينگليزيشی زانیوە. هاوسەرگيری نەکردووە. ساڵى ١٩٩٠ چووەتە وڵاتى بەريتانيا و تا ئێستاش لەوێ نیشتەجێیە و بەشدارى دەيان چالاکى سياسى و کۆڕ و کۆبوونەوە و خۆپیشاندانى کردووه.
سێ بەشن لە بەگزادەکان. ١- پشتماڵەى محەممەد پاشا: بەگزادەى کەيخەسرەو بەگييە. نزيکەى سێ سەد ماڵ بوون، سێ سەد سواريان هەبووە، ئەمانە هەموويان خزمەتکار بوون، ماين و تفەنگ و ئيدارەيان لەسەر بەگزادە بووە، مەڕ و بزنيان نەبووە. بۆ گەڕانيان، گا و هێستريان بەکارهێناوە، هەموو مەسروفاتيان لەسەر بەگزادە بووە، وەک سەرباز بەخێوکراون بۆ ئيدارەى جاف و ئەملاک. ٢- پشتماڵەى عەبدوڵا پاشا: بەگزادەى بەهرام بەگييە. ٣- پشتماڵەى قادربەگى ڕۆستەم بەگى وەڵەد بەگ: بەگزادەى وەڵەدبەگييە. سەد ماڵ بوون. وەک سەرباز بۆ ئيدارەى جاف و ئەملاک ڕاگيراون، ئەمانە پێشتر هاتوچۆيان کردووە، لەوکاتەوەى، کە بەگزادەکانى جاف نیشتەجێبوون، ئەوانيش بە خزمەتکارى بەگزادەکان دانيشتوون و نیشتەجێبوون. دوای ئەوەی، کە محەممەد پاشای جاف کراوە بە قایمقامی قەزای گوڵعەنبەر (هەڵەبجە)، ئەوانیش بەشی هەرە زۆریان لە هەڵەبجەدا گیرساونەتەوە و نیشتەجێبوون.
بەگزادەیە. ناوی (جافرسان کوڕی حەمەسەعید سان کوڕی عوسمان سان)ـە، دایکی ناوی (فەیروزە خانمی کچی شێخ عەلی عەبابەیلێ)یە. پاش شەش مانگ بەسەر کوژرانی باوکیدا، ساڵی ١٨٨٥ لە تەکیەی (دەوڵەت ئاوایی ڕوانسەر) لەدایکبووه. جافرسان یەکێکە لە سانە بەناوبانگەکانی هەورامان. لە ماوەی ساڵانی ١٨٩٤ بۆ ١٩١٣ لە ناوچەیەکی بەرفراوانی خۆرهەڵاتی هەڵەبجە تا سنوری پاڵنگان و جافەکانی جوانڕۆ دەسەڵاتی هەبووە. بەرامبەر لەشکری عوسمانییەکان ساڵی ١٩١٤-١٩١٥ بەرگری لە نەوسوود کردووە. وەک دەڵێن شەڕی دوو دەوڵەتی کردووە. لەبەرئەوەی نەچووەتە ژێر ڕکێفی دەوڵەت و ڕازی نەبووە بە چەک دانان، ڕەزا شا ساڵی ١٩٣١ هێرشێکی کردووەتە سەر ناوچەکانی هەورامانی (لهۆن و تەخت) نزیک بە ساڵێک بەرەنگاری کردووه، کە بەزستانی ڕەش ناسراوە. دواتر بە ناچاری ڕوویکردووەتە هەورامانی بەشی عێراق و مافی پەنابەرێتی پێدراوه و لە شاری ڕومادی نیشتەجێبووە. لە بەرگری و پاراستنی هەڵەبجەدا یارمەتی پێشکەش بە عادیلەحان کردووە. لە چەندین سەرچاوەی مێژوویی و بەڵگەنامەکانی عوسمانی و سەفەویدا ناوی هاتووە. بەشداری و سەرکردایەتی چەندین شەڕی کردووە. لەوانە، نۆبرأن، باخی شا، تەپی تلەوەر، غەزای ڕووس، زستانی ڕەش. ساڵی ١٩٤١، کە سوپای ڕوسیا و بەریتانیا چوونە ناو خاکی ئێرانەوە، جافرسانیش گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە. بایەخی بە فەرهەنگ و ئاوەدانی داوە، شەشە جار هاوسەرگیری کردووە و ٣٦ منداڵی هەبووە. لەسەر وەسیەتی خۆی کەریم بەگی کوڕی کراوە بە سانی هەورامان. ساڵی ١٩٤٥ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی (عەبابەیلێ) بەخاکسپێرراوە.
سانە. کوڕی (محەممەد سانی یەکەم)ـە. ساڵی ١٨٤٨ بووە بە حوکمڕانی تەخت و ڕەزاو. لە کەسێتییە دیارەکانی سەردەمی قاجارە، کە لە مێژووی پیاوانی ئێراندا ناوی هاتبێت. هەمیشە ٢٠٠٠ تفەنگچی ئامادەی هەبووە. یەکێتیی و پێکەوژیانی لەگەڵ حاکمانی هەورامانی لهۆندا دروستکردووە و هەورامان یەکیگرتووەتەوە. لەگەڵ مەحمود پاشای جافدا، کە ئەوکات لە هەڵەبجە حاکم بووە، یەکێتیی پێکهێناوە. نافەرمانی حاکمانی سنەی کردووە. دوای ئەوەی ناسرەدین شا دوای تەمەنی حەوت سەدەی والی نشینی ئەردەڵان، کۆتایی بە والیانی ئەردەڵان دەهێنێت و میرنشینی ئەردەڵان هەڵدەوشێنێتەوە و فەرهاد میرزای مامی دەکاتە حاکمی سنە. ئەویش بە لەشکرێکی زۆرەوە بۆ ڕأمکردنی ناوچەکە دێت. مەرامی شەڕفرۆشتنی فەرهاد میرزا بە هەورامان دەگاتە شێخی بەهادین. هەوڵەکانی شێخ بۆ ڕوونەدانی شەڕ سەرناگرێت و شەڕ بەرپا دەبێت. لەشکری فەرهاد میرزا دەشکێت و خۆیشی بەگران ڕزگاری دەبێت. ئەو ڕوداوە و هەڵهاتنی لە کتێبی مونشەئاتدا باسکردووە. فەرهاد میرزا بۆ کوشتنی گەڕاوە، بۆیە لە سەفەرێکی ساڵی ١٨٦٧ بۆ ناوچەی مەریوان، هەسەن سان و براکانی بانگدەکات بە نیازی خەڵات و پاداشت. پلانی کوشتنیان لە مزگەوتی بێڵەک (بێڵو) دادەڕێژێت. زەینولعابدینی فەراشباشی و ١٠ لە پیاوانی بۆ جێبەجێکردن ڕادەسپێرێت. لە چاخانەی گوندەکە هەسەن سان دەکوژرێت و بارام بەگ و مستەفابەگی برای بەدیلدەگیرێن. دوای سێ ڕۆژ کەسوکاری دەیبەنەوە و لە گۆڕستانی ئەسحابان لە دزڵی بەخاکیدەسپێرن. بە (هەسەن سان)یش ناودەبرێت.
لە سەرکردە و بەگزادە ناسراوەکانى جافى وەڵەدبەگييە. ناوی (محەممەدسەعيد بەگ کوڕى حەسەن بەگ کوڕى قارد بەگ)ـە. لە بەگزادەکانى وەڵەدبەگى جافە. ساڵی ١٨٩٥ لە (بيارە) لەدایکبووە. لە دواى حەمەساڵح بەگى براى دووەمين کوڕى خێزانەکەيەتى. لەلاى مامۆستاى تايبەت خوێندوويەتى. لە سەردەمى دەوڵەتى عوسمانيدا بۆ ماوەى دووساڵ و نیو بەڕێوەبەری شارۆچکەی خورماڵ بووە. لە پاش کۆچیدوایی باوکی، بووە بە گەورە و دەمڕاست و پیاوماقوڵی خانەوادەکەى. لە گوندى (دەرەشيشى ژوروو) دانيشتووه. سێ جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵە. ساڵى ١٩٥٨ تووشى جەڵدە دەبێت و پاش ماوەیەک هەر بەو نەخۆشييە کۆچیدواییدەکات و لە گۆڕستانی (گوڵان) لە هەڵەبجە بەخاکدەسپێررێت.
سانە. کوڕی عوسمان سانی عەلیمەردان سانی حسێن سانە. بەیارمەتی حەسەن سان دوای لابردنی ئەحمەدسانی دووەم لە ساڵی ١٨٤٨، کراوە بەحاکمی هەورامانی لهۆن. مەڵبەندی حوکمڕانییەکەی نەوسوود بووە. لە گەڵ هەسەن ساندا یەکێتییەکی پتەویان لە هەوراماندا پێکهێناوە. لە ١٩ساڵی حوکمدارییاندا، زنجیرەیەک ڕاپەڕین دژی قاجار و بێگانەکانی تر لە هەوراماندا ڕوویانداوە. غوڵامشاخانی والی لەشکرێکی گەورەی کردووەتەسەر و پلانی سوتماککردنی نەوسود و کوشتوبڕی خەڵکەکەی بووە. بۆیە سان ناوچەکە چۆڵدەکات و دێتە مأڵی خەزوری (شێخ عەلی عەبابەیلێ) لە عەبابەیلێ. دەسەڵاتی قاجار و عوسمانییەکان بۆ گەڕانەوەیان ڕێکدەکەون. ساڵی ١٨٦٥ دووبارە دەسەڵاتی قاجار و حاکمانی ئەردەڵان پەلاماری هەورامان دەدەنەوە. دووبارە سان نەوسوود چۆڵدەکات و دێتەوە هەڵەبجە. شێخ عەبدولڕەحمانی ئەبولوەفا و حەمەپاشای جاف هەوڵی باشکردنی نێوانی ئەمانوڵاخان و سانیان داوە. بەرامبەر بە ٣٠٠٠ تمەن سەرانە لەگەڵ تفەنگچیەکانیدا دەگەڕێنەوە. لە ساڵی ١٨٦٩ بۆ سێیەمجار لەشکری قاجار لە سەردەمی فەرهاد میرزادا بۆ داگیرکردنی هەورامان هێرش دەکەن. سان ٥٠٠ تفەنگچی بە فەرماندەیی ئەورەحمان بەگی کوڕی، لە کەناری سیروان جێگیردەکات. زیانێکی زۆر بە لەشکری قاجار دەگەیەنن و فەرماندەی فەوجی زەفەریان دەکوژن. لە بەرزۆری ژمارەی لەشکر، هەورامییەکان پاشەکشەدەکەن و لە ڕێگای شارەزوورەوە دێنە سلێمانی. بەهەوڵی فەیروزە خانی خێزانی حەمەسەعیدسان و ڕێککەوتنی لەگەڵ فەرهاد میرزادا، سان دەگەڕێتەوە ئێران. فەرهاد میرزا و عەلی ئەکبەرخان پیلانی کوشتی دادەنێن. سەرچاوەکان لە گێڕانەوەی چۆنیەتی کوشتنیان جیاوازن. لەناو گۆڕەپانی تەلاری حکومەت لە قەڵای جوانڕۆ لە ساڵی ١٨٧٢ سان و میرزا بەکر تیرباران دەکرێن. ئەورەحمان بەگ و ڕۆسەم بەگی کوڕی دەنێرنە زیندان. لە زیندان ئەورەحمان بەگ بە پشتێنەکەی دەخنکێنن و ڕۆستەم بەگ لەبەر کەمیی تەمەن ئازاددەکەن.
سانە. کوڕی (ڕۆستەم سانی حەمەسەعید سانی عوسمان سان)ـە. پاش کوژرانی باوکی لەگەڵ مەلا عەزیزی قازی دەچنە سنە و لەلایەن ئەمیر نیزام خانی گەڕوسی حاکمی سنە و کرماشانەوە لەساڵی ١٨٩٢ فەرمانی سانیەتی هەورامانی لهۆنی بۆ دەردەچێت و محەممەد بەگی مامەی دەبێتە جێگری. پاش سێ مانگ بە فیتی چەند کەسێک محەممەد بەگی مامی دەکوژێت و دەچێتە نێو بەگزادەکانی تەخت و ڕەزاو. ئەوانیش لەشکری بۆ ڕێکدەخەن و دێتەوە نەوسوود. پاش سێ سأڵ لە حوکمڕانی لە ساڵی ١٨٩٥ بەدەستی (مەحمود بەگی کوڕی عوسمان بەگ و جافر سانی مامی) لە تۆڵەی خوێنی محەممەد بەگدا دەیکوژنەوە. هاوکات جافرسان بە ئامادەیی شێخ عومەری بیارە دەبێتەسان.
سانە. دوای مردنی تایەرسان و لە سەرکار لادرانی عەلی مەردان سان، ساڵی ١٢٠٩ک بە فەرمانی ئاغە محەممەدخانی قاجار بووەتە فەرمانڕەوای هەموو هەورامان. لەم کاتەدا مەنوچەربەگی کوڕی عەلی مەردان سان ویستویەتی بیکوژێت، باوکی ڕێگربووە. بەڵام ناکۆکی و پیلانی یەکتر لەناوبردن لە نێوان ئەم سانە و کوڕانی عەلی مەردان ساندا هەبووە. بە مردنی محەممەدخانی قاجار و سەرقاڵبوونی ماڵباتی قاجار بە دەست کاربەدەستانی حەسەن عەلی خانەوە، بوونە هاندەرێک بۆ مەنوچەربەگ، کە داوای حوکمڕانیی لهۆن بکاتەوە. مردنی عەلی مەردان سان لەمپەری بەر کوشتنی حەمەیوسف سانی نەهێشت و لە ٢٧ی ڕەمەزانی ساڵی ١٢٢٣ک لەلایەن مەنوچەربەگ و براکانییەوە لەشکری بۆ جوڵاوە و لە شەوی جەژندا کوژراوە.
سانە. کوڕی (عەلی مەردان سانی حسێن سان)ـە. پاش کوژرانی عوسمان سانی مامی بە فەرمانی ئەمانوڵاخانی ئەردەڵان لە ساڵی ١٢٣٩ک بووە بە فەرمانڕەوای هەورامان. دوای ساڵێک قادربەگی ئامۆزا و ژنبرای بەڵێنی فەرمانڕەوایی لهۆنی پێدراوە و هانەگەرمڵە دەکاتە پایتەختی و لە گرنگیی نەوسود کەمدەکاتەوە. لەبەر ئەوە لە ساڵی ١٢٤٠ک بەرامبەر یەک دەوستن و لە ملەی نەڵکمین لە پشتی ئاوێسەر جەنگ دەستپێدەکەن. لە ناکاو گوللەیەک بەر قادر دەکەوێت و دەکوژرێت و حەیدەسان دەکرێتەوە بە فەرمانڕەوای لهۆن. لە مردنی ئەمانوڵڵاخان و هاتنی خوسرەوخانی ناکامی ئەردەڵاندا، لەگەڵ محەممەدسانی ئەسکەندەرساندا لە والی یاخی دەبن و شۆڕشێک هەڵدەگیرسێنن. ئەویش لەشکرێک بە فەرماندەیی میرزا هیدایەت بۆ سەرکوتکردنیان دەنێرێت، بەڵام ئەم لەشکرە دەشکێت و لەشکری سان دوایان دەکەوێت. لە ناوچەی شاخاوی دوور دەکەونەوە و دێنە دەشتایی. لەشکری محەممەد بەگی قادربەگی جاف دەکەونە ناویان و پەرشوبڵاویان دەکەن. لەو لاشەوە لەشکری والی خۆی ڕێکدەخاتەوە. محەممەد سان هەڵدێت و حەیدەرسان خۆی دەخاتە سیروانەوە. دەریدەهێننەوە و لە ساڵی ١٢٤٢ک لە داریدەدەن.
یەکیکە لە سانەکانی هەورامان. کوڕی بارام سانی هەورامییە. لە هانەگەرمڵەدا ژیاوە. دۆستایەتی لە گەڵ عوسمانییەکاندا خۆش بووە. فەرمانی سانیەتی هەورامانی لهۆنی لەساڵی ١٧٤٧ لەلایەن عوسمانیەکانەوە بۆ دەرکراوە. بۆ بەرگرتن لە دەستوەردانی عوسمانیەکان لە هەوراماندا، سوبحانوێردی خانی ئەردەڵانیش دەیکاتە حوکمڕانی لهۆن. خوسرەو بەگی فەرمانڕەوای ڕەزاو دەکوژێت لە ترسی تۆڵەکردنەوەی بارام سان بۆ نەوسود هەڵدێت و دەچێتە لای سوبحانوێردی خان و ئەویش لەشکرێکی دەداتێ. خالدبەگی برای خوسرەو بەگ بەفەرمانی بارام سان، مۆمن خان و مستەفا بەگی برای حسێن سان دەکوژێت و لەبەرئەوە بارام سانیش دێتە سلێمانی و لە سەلیم پاشای بابان داوای کۆمەک دەکات و ئەویش لەشکێکی دەداتێ. ساڵی ١٧٤٧ کوژراوە.
سانە. یەکێکە لە سانەکانی هەورامان. ژنی حەیدەرسانی کوڕی عەلیمەردان سان و خوشکی قادرسانە. لە هەندێک سەرچاوەدا بە مەنیجەسان ناویشی هاتووە. دوای کوشتنی مێردەکەی بە دەستی خەسرەوخانی ناکام لە ساڵی ١٢٤٢ک هاتنیان بۆ شارەزوور، دەبێتە سانی هەورامانی لهۆن. ماوەی ساڵێک حوکم دەکات و پاش ئاشتی و گەڕانەوەی هەورامییەکان لە شارەزوورەوە، قادر بەگی عومەربەگ فەرمانی سانییەتی بۆدەرەچت و منیرەخان وازیهێناوە.
سانە. هاوسەریی ئەسکەندر سانە. پاش کوژرانی مێردەکەی لە ساڵی ١٨١٠ لەبەرئەوەی هەر چوار کوڕەکەی سان تەمەنی بوونە سانیان نەبووە، دەبێتە سانی هەورامان و محەممەدبەگی برای ئەسکەندەرسانیش دەبێت (نائب الحکومە)ی. پاش ساڵیک لە سانیەتی، محەممەد بەگی شوبرای دەچێتە لای والی و بەهۆی میرزا عبدالکریمی ڕاوێژکاری والییەوە فەرمانی سانییەتی بۆ خۆی دەهێنێتەوە و هۆریزادسانیش دەست لە سانییەتی هەڵدەگرێت و شوو بە محەممەدبەگ دەکات. بەڵام وەک ڕاوێژکار دەمڕاستی محەممەدبەگ دەمێنیتەوە.
سانە. یەکێکە لە سانەکانی هەورامان. کوڕی بارام سانی دووەمی هەورامییە. نەبەز و ئاییناس و مرۆڤدۆست بووە. پاش کوژرانی باوکی لە ساڵی ١١٦٨ک بووەتە حوکمڕانی هەورامانی گەورە. زستان لە هانەگەرمڵە ژیاوە. لەسەردەمی حوکمڕانیدا حەیدەربەگی بەڵخی ژنبرای موسا بەگ نوێنەری دەوڵەت بووە لە نەوسوود. لای سلێمان پاشا دەمی لە خالدسان داوە، کە خەریکی قومار و کاری ناشەرعییە. ئەم کەسە لەگەڵ سڵیمان پاشای بابان ڕێککەوتووە بە میوانی خالدسان بانگدەکەنە شارەزوور و لە خورماڵ بە بیانوی ڕاووشکارەوە، غافڵگیری دەکەن و دەیگرن و دەیخەنە زیندانەوە. پاش سێ شەو پیاوانی حەیدەر بەگ دەریدەکەن و دەیهێننە نزیک ملەگای چنار لای بیارە و لە ساڵی ١١٧٠ک دەیکوژن. پاش کوژرانی خالد سان فەرمانی حوکمڕانی هەورامان لەلایەن پاشای بابانەوە بۆ حەیدەربەگ دەرکراوە. ناوبراو تاکە کەس بووە لەمێژووی سانەکانی هەوراماندا لە بنەماڵەی فەرمانڕەوایی بەهمەن نەبووبێت. بۆیە دوای شەش مانگ لە دەستبەکاربوونی محەممەد بەگی برای خالدسان لە حەرەمسەراکەی خۆیدا دەیکوژێت.
سانە. کوڕی (حسێن سانی بارام سانی عەباسقولی سان)ـە. زانا و تێگەیشتوو بووە. پاش کوشت و کوشتاری دەوروبەری ساڵی ١١٦٩-١١٧٠ کۆچی لەلایەن سلێمان پاشای بابانەوە کراوە بە فەرمانڕەوای هەورامان. میرانی ئەردەڵانیش فەرمانی سانیەتیان بۆدەرکردووە. حەزری لە هێمنی و ئاشتی و ئاوەدانکردنەوە بووە. فەرمانی داوە هەرکەسێک بە هەر هۆکارێک هەورامانی جێهێشتووە بێتەوە. دوودڵی و دوژمنایەتی هەڵگرتووە و خوێنەکانی ڕابردووی خۆشکرد و دۆستایەتی لە هەوراماندا چەسپاند. گەلێک خانوو و مزگەوت و پردی دروستکردووە. شوێنی بۆ هەتیوان کردووەتەوە و ساڵانە ١٠٥٠ مەن گەنمی بۆ حاجیان خەرجکردووە. بوژانەوەی باخداری و کشتوکاڵی پەرەپێداوە. گەلێک قوتابخانەی دینی ئاوەدانکردوەتەوە. بوژانەوە و ڕزق و ڕۆزی هەورامان لە سەردەمیدا زۆربووە و خەڵکی دەرەوەی هەورامان لە گرانیدا ڕوویان لەوێ کردووە. پریشکی ململانێکانی ڕۆم و عەجەم و بابان و ئەردەڵانی بەرکەوتووە و زۆربەی جار دەربازی بووە. کۆتایی ژیانی دەبرێتە لای حەمەپاشای بەبە و لە قەڵاچوالان تووشی نەخۆشی دەبێت و ساڵی ١١٩٧ک لەوێ کۆچیدواییدەکات و بە خاکیدەسپێرن. هەندێک سەرچاوە دەنوسن لەسەر وەسیەتی خۆی دەبرێتە چەمی کەیمنە و لە نزیک محەممەدی غەیبی و لە ناوەڕاستی هانەگەرمڵە و کەیمنەدا بەخاکدەسپێردرێت.
سانە. کوڕی (حەمەسەعیدسانی عوسمان سان)ـە. لەسانە ناودارەکانی هەورامانە. لەساڵی ١٨٧٥ دەبێتە فەرانڕەوای هەورامانی لهۆن. دوای کوژرانی مستەفا سان، ژنەکەی مارەدەکاتەوە، کە ئەوکات کوڕێکی منداڵی هەبووە. ئەم کوڕە گەورە دەکات و دەیکاتە تفەنگچی. لەشکرێکی سوارە و پیادەی ڕێک دادەمەزرێنێت و کاروباری لهۆن ڕێکدەخاتەوە. ناوی هەموو ئەو کەسانەی تۆمارکردووە لەکوشتنی باوکیدا بەشداربوون. بە پلانێکی ورد و لەسەرخۆ، هەموویان دەگرێت و دەیانخاتە زیندانەوە. دیدەنی شێخ عومەر زیائەدینی کردووە. بۆ یەکێتیی هەورامانی لهۆن چەند ژنێکی لە هاوار و تەوێڵە و بیارە هێناوە. لە ساڵی ١٨٩٢ لە ڕۆژی زەماوەندکردنی لەگەڵ کیژێکی هاواریدا لەگوندی هاوار لەلایەن حسێنەزەردی کوڕی مستەفاسانی دووەمەوە، کە ڕۆسەم سان دایکی مارە کردووەتەوە، دەدرێتە بەر فیشەک و دەکوژرێت.
بەگزادەی جافە. ناوی (عەلی بەگ کوڕی ئەحمەد بەگی محەممەد بەگی جاف)ـە. لە دايک و باوکەوە لە بەگزادەکانى وەڵەدبەگى جاف بووە و يەکێک بووە لە سەرۆکەکانی عەشيرەتى جاف، بەتايبەتى لە سنوری هەڵەبجەدا. ساڵى ١٨٩٢ لەدایکبووە. لە شارى (سنه) خوێندوويەتى و دواتر لە (بەغداد) درێژەی بە خوێندن داوە. هەر بۆ خوێندن ساڵى ١٩١٠ چووەتە (ئەستەنبوڵ) و لەوێ کۆلێژی سەبازی تەواوکردووە و بووە بە ئەفسەر. دواى کشانەوەى عوسمانييەکان و داگيرکردنى باشورى کوردستان لەلايەن ئينگليزەوە، وەک ئەفسەرى ستاف پەيوەندى بە سوپاى بەريتانياوە کردووە، بەڵام کارەکەى بەجێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ هەڵەبجە. لە شەڕی (ئاوايیی ڕۆستەم بەگ)دا، کە ئامانج لێى گرتنى باوکى بووه، بەشداریکردووە. لەژێر فشارى ئينگليزەکاندا لەگەڵ باوکيدا ئاوارەى ئێران بوون. بە بڕیاری ئينگليزەکان لێبوردن بۆ باوکى دەرچووە و گەڕاونەتەوە بۆ هەڵەبجە و سەرقاڵى کارى کشتوکاڵى و بازرگانى بووە. جگە لە زمانى کوردی، عەرەبى، فارسى، تورکى و فەرەنسیشى زانيوە. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٠ منداڵە. زەویى (باخى گشتى)ی هەڵەبجە و پارکەکەی بەردەم ئۆرزديیە کۆنەکەی بەخشیوە بە شارەوانیی هەڵەبجە. هەتا کۆتایی تەمەنی ئەندامی ئەنجومەنی شارەوانیی هەڵەبجە بووە و جێدەستی زۆر دیار بووە. ساڵی ١٩٤٧ لە ماڵەکەی خۆیدا تیرۆرکراوە و لە گۆڕستانی (گوڵانی خواروو) لە ھەڵەبجە بەخاکسپێرراوە.
سانە. کوڕی حسێن سانی بارام سانی هەورامییە. لە ساڵی١٧٨٢ بە فەرمانی خەسرەوخانی ئەردەڵان بووە بە فەرمانڕەوای هەورامان. پێنج ساڵ لەگەڵ حەمەتایرسانی برایدا پێکەوە حوکمڕانیان کردووە. سەرانە و جەریمە و باجی زۆرکەم کردووەتەوە. عوسمانییەکان هەورامان دابەشدەکەن. بەشی لهۆن بۆ حەمەتایرسان و تەخت و شوێنەکانی تر بۆ عەلی مەردان سان. ساڵی ١٢٠٧ک حەمەتایر سانی برای لەسەفەری لوڕستاندا کۆچیدواییدەکات. لە دەوری محمەدخانی قاجاردا حوکمداری هەورامان دەدرێتەوە بە عەلی مەدان سان تا ساڵی١٧٩٢ بەهۆی گۆڕانکارییەکانی دەرباری قاجار و والیەتی کوردستانەوە لەسەرکار لابراوە. دەوروبەری ساڵی١٢٢٢ک سانەیەتی بۆ دەگەڕێتەوە بەڵام نەخۆش بووە. ساڵی ١٧٩٤ لە نەوسود کۆچیدواییکردووە.