شێخ عوسمان عەبدولعەزيز

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15


لاپەڕەی 245

ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ئیسلامی

‌زاناى ئايینيى کورد و کەسايەتیى سياسیى ئيسلامیى کوردستانە. کوڕى مامۆستا مەلا عەبدولعەزيزى پريسه. بە مامۆستا (مەلا عوسمانى هەڵەبجه) ناسراوە. ساڵى ١٩٢٢ له ‌گوندى (پريسى سەروو) لەدایکبووە. لەلاى باوکى لە مەدرەسەى پريس خوێندویەتی و لەسەر دەستى ئەو مۆڵەتی مەلايەتى وەرگرتووە. لە پاش کۆچیدوایی باوکی، مەدرەسەکەی بەڕێوەبردووە. وەک سەرپەرشتيارى (کۆمەڵەى ئیخوان موسلیمین) له ‌کوردستان ‌تا ساڵى ١٩٨٧ دەستبەکاربووە. ‌ساڵى ١٩٥٩ لەگەڵ چەند زانايەکى بنەماڵەکەى و دوو سەرۆک هۆزى عەشيرەتى نەورۆڵى زيندانیکراون و دوورخراونەتەوە بۆ ناسريیە. دامەزرێنەرى پەيمانگاى ئيسلامى هەڵەبجە بووە و يەکەمين بەڕێوەبەرى پەيمانگاکەبووه. ديدار و چاوپێکەوتنى لەگەڵ هەريەکە لە: عەبدولکەریم قاسم و عەبدولسەلام محەممەد عارف، مەليک فەیسەڵى کوڕى پادشاى سعودیەدا‌ هەبووە. ساڵی ١٩٧٧ لەسەر هەڵوێستەکانى دژ به ‌ڕژێمى ئەوکات، خۆى و خانەوادەکەى زيندانىکراون و دوورخراونەتەوە بۆ سەماوە. ساڵى ١٩٨٧ چووەتە کوردستانى ئێران و لەوێ بزووتنەوەى ئيسلامى ڕاگەیاندووە. لە چەندين کۆڕ و کۆبونەوە و کۆنفرانسى نێودەوڵەتیدا بەشداریکردووە. دەیان قوتابی پێگەیاندووە و دەیان زانا و مامۆستای باشور و خۆرهەڵات مۆڵەتی عیلمییان لێ وەرگرتووە. لە یەکەمین هەڵبژاردنی کوردستاندا یەکێک بووە لە چوار پاڵێوراوەکەی ڕابەری گشتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٢ منداڵە. خاوەن چەندين کتێبى چاپکراوە لەوانە (تەفسيرى قورئانى پيرۆز "١٥ بەرگ"، شەرحى صحيحى بوخارى بەزمانى کوردى "دوو بەرگ"، علوم القرآن، أصول الفقه). ساڵی ١٩٩٩ له ‌ديمەشق کۆچیدواییکردووە لە مەراسيمیکدا تەرمەکەی هێنراوەتەوە بۆ هەڵەبجە و لە گۆڕستانی گوڵان بەخاکسپێرراوە.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (عەبدولڕەحمان عوسمان عەبدولعەزیز)، لەدايکبوو: ١٩٦٠، بڕوانامە: دەرچووى بەشى ديراساتى ئيسلامى، پيشە: ئەميندارى گشتیى دەزگاى کارگوزارى و فرياکەوتنى ئيسلامى کوردستان، لە ١٩ی ٤ی ٢٠٢٤، لە هەڵەبجە.

ئامادەکردنی: تۆفیق کەریم ساڵح

5

هاوبەشی پێبکە