کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

886 بابەت

شێخ محەممەدە کۆسە

زانای ئایینییە. دامەزرێنەری یەکەم قوتابخانەی ئایینییە لە خەرپانی. نای (شێخ محەممەدی شێخ عەلی شێخ خضر)ە و بە(شێخ محەممەدە کۆسە) ناوبانگی دەرکردووە. لە گوندی (تەکیە)ی سەر بە شارۆچکەی (قەرەداغ) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. سەر بە بنەماڵەی سەییدەکانی تەکیەی قەرەداغن و دەچنەوە سەر (ئیمام حەمزەی کوڕی ئیمام موسا). هاتووە بۆ گوڵعەنبەر (خورماڵ) و لەوێ نیشتەجێبووە. دواتر لە ساڵی ١٦٨٠ چووەتە گوندی (خەرپانی) سەر بە هەورامان. بەردی بناغەی مزگەوتی خەرپانی داناوە، کە دواتر بووە بە یەکەم قوتابخانەی ئایینی لەناوچەکەدا. گۆڕەکەی لە نزیک گوندی (ئەحمەدئاوای)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـە.

شێخ موئمن : شێخ مۆمن سازانى

شێخ موئمنی سازانی کوڕی شێخ حەسەنی کوڕی شێخ ئیبراهیم، لە نەوەکانی شێخ عیسى و شێخ موسای سەیدەکانی بەرزنجەن. شێخ موئمین لە گوندی (سەڵواتاباد)ی سەر بە پارێزگای (سنە)لە خۆرهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، ساڵی لەدایکبوونی نادیارە. خوێندنی سەرەتاکانی لەو گوندەدا تەواوکردووە، پاشان ڕوویکردووەتە ناوچەی هەورامان، لە وەزەنێی بەڵخە نیشتەجێدەبێت لەبەر ئەوەی خەڵکێکی زۆر خۆشیان دەوێت و سەردانی دەکەن، لەگەڵ دەسەڵاتداری ئەو ناوچەیە کەناوی (موساخان) دەبێی ناحەوێتەوە ناوچەکە بەجێ دەهێڵێ و ڕودەکاتە ناوچەیەک تیایدا نیشتەجێ دەبێت و (گوندی سازان) دروستدەکات، مزگەوتێک دروستدەکات، شێخ موئمنی هاوڕێی مامۆستا (جەلالەدینی گەورە)ی خورماڵ بووە و هەردووکیان خەلیفەی (شێخ حەسەنی گڵەزەردە) بوون، لەسەر (تەریقەی قادری) بوون. شێخ موئمن کەسێکی خواناس و زانا و شارەزا بووە لە دین، دوو دەستنوسی هەبووە، یەکێکیان بەناوی (خاطرات)، کە باس لە ژیانی خۆی و هەندێک ڕووداوی سەردەمی خۆی دەکات، بەڵام ئەم دەستنوسەی ونبووە، دەستنوسی دووەم بەناوی (کنز الأحادیث)ە و بەزمانی فارسی نوسیویەتی، نزیکەی ٥٠٠ لاپەڕەیە و ئێستا لە گوندی (سەڵواتاباد) پارێزراوە، باس لە فیقهەی فەرمودەکانی پێغەمبەر (د.خ) دەکات، شێخ موئمن ساڵی ١٧٩٥ کۆچیدواییکردووە، گۆڕەکەی لە گوندی سازانە.

شێخ نورەدینی موفتی

زانا و مامۆستای ئایینییە. ناوی (شێخ نورەدینی کوڕی شێخ موستەفای موفتی کوڕی شێخ مەحموودی قازی)یە. لە نەوەی (شێخ عەبدوڵای خەرپانی)یە. ساڵی ١٩٢٩ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. لەسەر دەستی هەردوو زانای گەورە (مەلا باقری باڵەک) و (مەلا محەممەدی دارالأحسان) بڕوانامەی وەرگرتووە. لەسەر ڕێبازی نەقشبەندی بووە. لە ساڵی ١٩٩١ەوە تاکۆ کۆتایی تەمەنی، بەرپرسی لیژنەی فەتوای شەرعی هەڵەبجە بووە. دەنگی خۆش بووە و بە زیکر و قورئان خوێندن مەجلیسەکانی ڕازاندووەتەوە. دامەزرێنەری مەدرەسەى نەقشبەندی بووە. لە هەردوو مزگەوتی (دارالسلام) و جامیعە وتاربێژی کردووە. زۆربەی تەمەنی بە وانەوتنەوە بەسەربردووە. دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی ١٥ منداڵە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسی زانیوە. ساڵی ٢٠١٣ کۆچیدواییکردووە لە گۆڕستانی (گوڵانی خواروو) بەخاکدەسپێرراوە.

شێخ وەهابى نێرگزەجاڕى

کەسایەتییەکی ئاینییە. کوڕى (شێخ قادرى کوڕى شێخ عەبدولڕەحمانیی نێرگزەجاڕى)یە. لە دەوروبەرى ساڵی (١٣٣٠ک - ١٩١١ز) لە گوندى (نێرگزەجاڕ) لەدايکبووە. ساڵى (١٣٦٦ک-١٩٤٦ز) کۆچیدواییکردووە و لەگوندى نێرگزەجاڕ بەخاکسپێرراوە.

عابدینی جاف

زانا و عارف و تەموورژەن بووە. ناوی عابدیینە و کوڕی مەلانوورڵای سازانە. لە دەوروبەری ساڵی ١٣٢٠ لە شارەزوور لەدایکبووە. شەریعەتی ئیسلامی لای مەلا ئەلیاسی شارەزووری و پیتۆڵ و فەلسەفەی لای مەلا غەفوری شارەزووری خوێندووە. سەرەتا ڕکابەریی دینی یارسانی کردووە. پاشان ڕێو ڕەچەی یاری قبوڵدەکات و دەچێتە شێخان و لەوێ ژیان دەگوزەرێنێ، تا کۆچیدواییدەکات و لەوێ دەنێژرێت. عابدین ڕەنگە یەکەم کەس بێ بە زاراوەی جافی هۆنراوەی نوسی بێت. گەلێک هۆنراوەی لە پاش بەجێماوە. شیعری بە شێوەزارەکانی هەورامی و کرمانجی ناوەڕاست هۆنیوەتەوە. دیوانێکی لێ بەجێماوە و لە کتێبی (ئەوەڵ و ئاخر یار؛ سەرەنجام، ل١٣٤)دا لەژێر ناوی (دیوانی عابدین)دا ئاماژە بە شیعرەکانی کراوه بە دەورەی عابدین ناودێرکراوەو یەکێکە لە شەش بەشەکەی کتێبی سەرئەنجام.

عەزازیل

شاعیرێکی ئایینی ‌یارسانییە. ناوی (یوسف کوڕی یەحیا)یە. لە شارەزوور لەدایکبووە. ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. لە منداڵییەوە چووەتە حوجره و خوێندنی لە بەغداد تەواوکردووە و گەڕاوەتەوە مەڵبەندی لەدایکبوونی. دواتر چووەتە شێخان و لای سان سەهاک ماوەتەوە و لە دەوروبەری ساڵی ١٣٧٧ کۆچیدواییکردووە. نازناوی (عەزازیل)ـە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدان‌ و تۆمارکراون.

فەقێ ئەحمەدی غەزایی

عارف و چلەکێش و (رجال الغیب) بووە. کوڕی شێخ محەممەدی کوڕی عەبدوڵای عەبدولواحید مەحموودی عەبدولسەمەد عەلی کوڕی عەبدەلڕەئوفی کوڕی شێخ عەبدولڕەئوفی کوڕی شێخ نیعمەتوڵای وەلییە) و لەسەیدەکانی بەغدایە و دەچنەوە سەر کاکۆزەکریاییەکان. گەلێک شوێن بۆ خوێندن گەڕاوە، سەرئەنجام لە تەوێڵە گیرساوەتەوە و ژنی هێناوە و نەوەی لێکەوتوەتەوە. (فەقێ ئەبوبەکری تەوێڵەیی هەیبەکرە)، باوکی خاتو (حەلیمە)ی دایکی شێخ عوسمانی سراجەدین، یەکەم کچی ئەم فەقێ هەیبەکرەیە. مزگەوتی فەقێ ئەحمەدی غەزایی لە تەوێڵە، کە خەڵوەخانەشی پێدەڵێن، دەگەڕێتەوە بۆ ئەم فەقێیە و بە ناوی ئەوەوە ناونراوە. مەزاری لە گەڕیاتی خوار تەوێڵەوەیە.

قازی نەبی سەرگەتی

شاعیرێکی ئايينی، یارسانییە. ناوی (نەبی کوڕی تایەری سەرگەتی)یە. ‌له ‌سەرەتای سەدەی پێنجەمی کۆچی لە گوندی (سەرگەت) لەدایکبووە. بە منداڵی نراوەتە بەر خوێندن و بۆ ئەو مەبەستە زۆر شوێنی کوردستان چووە‌. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون. نازناوی (قازی)یە. ژیانی گۆشەگیری بۆ خۆی هەڵبژاردووه،‌ تا ئەو کاتەی کۆچیدواییکردووە.

کاک ئەحمەدی کەیبڕ هاواری

یەکەم کەسە، کە سان سەهاک مۆڵەتی سەربڕینی قوربانی پێداوە لە چیای شنروێ. لە کتێبی (سەرەنجام)دا ناوی هاتووە. وەک لە دوعای تێغدا هاتووە. (پادشام ئەمرش کەرد ئەحمەدشان چڕی). یەکەم قوربانی بە ناوی (کەڵەزەردە)ەوەی سەربڕیوە. تیرەکەیان لە هاوار و هاوارەکۆن بوونەتە خادم لە جەمخانەکان. کاک ئەحمەد نەوەی نەبووە. (کاک ئەحمەدی کۆنەپۆش و کاک ئەحمەدی هاواری و کاک ئەحمەدی کڵاشکەر) لە تیرەی کاک ئەحمەدی کەیبڕن.

کاک ئەحمەدی هاواری

زاتێکی باتنیی یارسانە. خۆی و باوانی لە هاوارەکۆن ژیاون. هاوچەرخی وسەینەی سیاکۆ و خۆشەویستی سان سەهاک بووە. مەزاری لە هاوارەکۆنە. لە (گڵێمە کۆڵ و شنروێ)دا، بە یار ئەحمەد ناوی هاتووە.

کەبیر

شاعیرێکی ‌یارسانییە. ناوی (جەمالەدین کوڕی ڕۆستەم)ـە. لە دەوروبەری ساڵی ١٢٨٣ لە شارەزوور لەدایکبووە. لە منداڵییەوە خراوەتە حوجرە و بۆ خوێندن چووەتە ‌بەغداد و شام. گەڕاوەتەوە مەڵبەندەکەی و خەریکی وانەوتنەوە و ڕینوێنی خەڵکی بووە. چووەتە شێخان و لای سان سەهاک ماوەتەوە، تا لە دەوروبەری ساڵی ١٣٦٥ کۆچیدواییکردووە. نازناوی (کەبیره)ە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

لامی

شاعیرێکی ‌یارسانییە. ناوی (فەروخ کوڕی شاپوور)ە. لە شارەزوور لەدایکبووە. ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. لە منداڵییەوە چووتە حوجرە. دواتر بەغداد و کە خوێندنی تەواوکردووە گەڕاوەتەوە مەڵبەندەکەی خۆی و دواتر چووەتە شێخان و لای سان سەهاک ماوەتەوە تا لە دەوروبەری ساڵی ١٣٧٠ کۆچیدواییکردووە. نازناوی (لامی)ـە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

لزا خانمی جاف

شاعیر‌ێکی یارسانییە. لە سەدەی پێنجەمی کۆچیدا ژیاوە. لە شارەزوور لەدایکبووە و دواتر چووەتە لوڕستان. لە لایەنگرانی (شاخوشین)ـە. لە جەمخانەدا تەمبووری ژەنیوە و هۆنراوەکانی خۆیی خوێندووەتەوە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

مامۆستا شێخ عومەر شێخ نورەدین

مامۆستای ئایینییە. ناوی (عومەر کوڕی شێخ نورەدین کوڕی شێخ موستەفای موفتی)یە. لە نەوەی (شێخ عەبدوڵای خەرپانی)یە. ساڵی ١٩٦٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. کۆلێژی شەریعەی لە زانکۆی بەغداد تەواوکردووە. لەلای باوکی ئیجازەی زانستە شەرعییەکانی وەرگرتووە. وتاربێژی‌ مزگەوتی (ئوسامەی کوڕی زەید) و دواتر (دارالسلام) بووە. لە ئێستادا وەک مامۆستای خۆبەخش لە حوجرەکەیدا بەردەو‌مە. ساڵی ٢٠١٩ بووە بە ئەندام لە ئەنجومەنی زانستی لە وەزارەتی ئەوقاف. چەند نامیلکە و پەرتوکێکی لە بوارە جیاوازەکانی شەریعەتدا وەرگێڕاوە بۆ زمانی کوردی. ماوەی ١٢ ساڵ بەرپرسی لیژنەی فەتوای شارەزوور بووە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

مامۆستا شێخ محەممەدى ئەحمەدبڕندە

زانا و کەسایەتیی ئایینییە. ناوی (شێخ محەممەدى ئەحمەد بڕندە کوڕی شێخ مەعروفى شێخ عەبدولڕەحمانی کوڕی شێخ قادرى نێرگسەجاڕی)يە. ساڵى ١٩٠٦ لە گوندى (ئەحمەد بڕندە) لەدایکبووە. لە خانەقا و مەدرەسەى شێخ مەعروفى نێرگسەجاڕ خراوەتە بەر خوێندنی زانستە شەرعییەکان. چەندین مەدرەسە و شوێنی تر بۆ خوێندن گەڕاوه و لاى زۆرێک لە مامۆستايانى ناودارى ئەو کات خوێندويەتى. لە مەدرەسە و خانەقاى بيارە مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. گوندەکەى خۆی بووە بە ئیمام و خەتیب و خەریکی وانەوتنەوە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی شەش منداڵ بووە. ڕۆڵی هەبووە لە دروستکردنى مزگەوتی (شێخ مەعروفى نێرگسەجاڕ) لە ئۆردوگاى نەسر. دروستکردنى قوتابخانەيەک بۆ خوێندنى ميرى لە گوندى ئەحمەدبڕندە. خاوەنی دەستنوسی (الإنسان حرٌ في مواهبه)یە‌. پەراوێزی لەسەر کتێبی (نور الإسلام)ی مامۆستا عەبدولکەریمی مودەڕيس و کتێبی (نهج الخمينى فى الميزان) نوسیوە. چەندین دەستنوسی تایبەت بە: چارەسەرى نەخۆشی بە دەرمانى گيايی، هۆنراوەى ئاينى و کۆمەڵايەتى، ژیاننامەی تایبەت بەخۆی و بابەتی هەمەجۆر،‌ کە تا ئێستا بە چاپ نەگەیشتوون، هەیە. لەپاش توشبوونى بە جەڵدەى دەماغ و مانەوەى بۆ چەند هەفتەيەک، ساڵى ١٩٩٣ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

مامۆستا شێخ محەممەدی سازانی

زانای ئایینیە. ناوی (محەممەد کوڕى سەلام کوڕى عەلی)یە. بە (مامۆستا شێخ محەممەدى سازانى) ناسراوە. بنەچەیان دەگەڕێتەوە سەر سەیدەکانی بەرزنجه. باوکى مەلایەکی ناوداری سنوری هەڵەبجە و عەبابەیلێ بووە. ساڵی١٩١٧ لە گوندی (عەبابەیلێ) لەدایکبووە. لە حوجرەی عەبابەيلێ، بیارە و چەند شوێنێکی تر خوێندویەتی. ساڵی ١٩٤٥ بووە بە پێشنوێژ و جگە لە کارى مەلايەتی منداڵانی گوندی سازان و گوندەکانی دەوروپشتی فێری خوێندن و نوسین و وانە ئاینیيەکان کردووە. ژمارەیەک مامۆستاش لەسەر دەستی ئەم خوێندنیان تەواوکردووە و ئيجازەى مەلايەتييان وەرگرتووە. له ڕووى کۆمەڵايەتيشەوە ماڵەکەی کردووە بە ديوەخان و بۆ خزمەتی ڕێبواران بەکاریهێناوە. پاش ئەوەى حکومەتى عێراقى ساڵی ١٩٧٨ گوندى (سازان)ی ڕا‌گواست، مامۆستا ڕووی لە هەڵەبجە کردووە و بووە بە مامۆستا لە مزگەوتی (عومەری فاروق). لە کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە ١٩٨٨ بریندار بووە و لە (پاوە) نیشتەجێبووه،‌ تا ‌ساڵی ١٩٩١ گەڕاوەتەوە‌ هەڵەبجە و بووە ‌بە پێشنوێژی مزگەوتەکەى خۆى. ساڵی ٢٠٠٦ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانی شەهیدانی هەڵەبجه بەخاکسپێرراوە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

مامۆستا مەلا ساڵحی گەورە

زانای ئاینییە. ناوی (ساڵح عەبدولکەریم محەممەد)ە. ساڵی ١٩٠٤ لە گوندی (هەنارۆ)ی بەرزنجە لە دایکبووە. زانستە شەرعیەکانی خوێندوە و لای شێخ عومەر قەرەداغی مۆڵەتی دوازدە زانستی وەرگرتووە. لە گوندی (تریفە)ی نزیک هەڵەبجە، جگە لە پێشنوێژی، حوجرەیەکی کردووەتەوە. ساڵی ١٩٤٩ بە هاوکاری خەڵکی هەڵەبجە مزگەوتێکیان لە گەڕەکی (کانیعاشقان)ی هەڵەبجە کردووەتەوە و بووە پێشنوێژ و مامۆستا تیایدا. پاش شۆڕشی ١٤ی تەمووزی ١٩٥٨ بەسەرکردایەتی وەفدێکی زانایان، سەردانی (عەبدولکەریم قاسم)ی کردووە. ساڵی ١٩٦٠ دامەزرێنەری قوتابخانەی سەرەتایی ئاینی فەرمی دامەزراندووە و بووە بە بەڕێوەبەری. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی هەشت منداڵە. ساڵی ١٩٨٩ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

مامۆستا محەممەد مەلا بەها

مامۆستا و زانای ئاینییە. ساڵى ١٩٠٧ لەگوندى (دزاوەر)ى ئێران لەدایکبووه. بۆ خوێندنى زانستى شەرعى زۆرێک لە شار و شوێنەکانی باشور ڕۆیشتووە. لە ساڵانی پەنجاکاندا بەڕێوەبەرى مەدرەسەى (بیارە) بووە. ماوەى حەوت ساڵ لە (پێنجوێن) مەلایەتى کردووە. ساڵى ١٩٥٦ چوەتە خورماڵ و مەدرەسەى (مزگەوتى گەورە)ى خورماڵی ئاوەدانکردووەتەوە‌ و چەندین فەقێ و قوتابى لەلای وانەیان خوێندووە. ساڵى ١٩٦٠ بەشدارى کۆنگرەى (حیزبى ئیسلامى عێراق)ی لەبەغدا کردووه. چەندین گرفتى کۆمەڵایەتى و خێڵەکى چارەسەرکردووە. لە دامەزرێنەرانى یەکێتیى زانایانی کوردستانه ١٩٧٠. ‌ساڵى ١٩٨٣ کۆچیدواییکردووە و لە گۆڕستانى (گوڵان) له ‌هەڵەبجە بەخاکسپێراوه.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

مەرزی

شاعیرێکی ‌یارسانییە. ناوی (ئیسماعیل کوڕی حەسەن)ـە. لە شارەزوور لەدایکبووە. ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. لە منداڵییەوە خراوەتە حوجره و بۆ خوێندن چەند شوێنێکی کوردستان گەڕاوە و دواتر چووەتە شێخان و لای سان سەهاک ماوەتەوە، تا لە دەوروبەری ساڵی ١٣٧٦ کۆچیدواییکردووە. نازناوی (مەرزی)ـە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

مەستی

شاعیرێکی ‌یارسانییە. ناوی (بارام کوڕی شاپوور)ە. لە شارەزوور لەدایکبووە. ساڵی لەدایکبوونی نەزانراوە. لە منداڵییەوە چووتە حوجره و بە فەقێیەتی چەند شوێنێکی کوردستان گەڕاوە و دواتر چووەتە شێخان و لای سان سەهاک ماوەتەوه،‌ تا لە دەوروبەری ساڵی ١٣٥١ کۆچیدواییکردووە. نازناوی (مەستی)ـە. ژمارەیەک لە هۆنراوەکانی لەبەردەستدایە و تۆمارکراون.

پێشتر 1
...
16 17 18
...
45 دواتر