شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

926 بابەت

پەرلەمان

کەوتووەتە سەنتەری شاری (هەڵەبجە). بەهۆی ئەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان تێچووی دروستکردنەکەی لەئەستۆگرتووە، ئەو ناوەی لێنراوە. شوێنی پێشتری قوتابخانەى خوێندنی ئیسلامی و قوتابخانەى (نێرگز)ی کچان بووە، لە کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا بینای قوتابخانەکە ڕوخێنراوە، ساڵی ٢٠١٢ لایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجەوە لەسەر ڕووبەری (٢,٨٩٦م٢) کراوە بە باخچە، کەوتووەتە گەڕەکی کانی قووڵکە و لە نزیک مزگەوتی عومەری کوڕی خەتابدایە، بۆ ئاودان و سەوزکردنی سود لە بیری ئاوی ناو باخچەکە وەردەگیرێت.

تایەر بەگی جاف

کەوتووەتە سەنتەری شاری (هەڵەبجە) لە گەڕەکی مامۆستایان. لەگەڵ دروستکردنی قوتابخانەی ئەحمەدموختار جافدا، ئەویش دروستکراوە، ساڵی ٢٠٢٣ لە لایەن گرووپی کۆمپانیاکانی هەڵەبجەوە لە سەدا هەشتای باخچەکە لەناو دەبرێت و سەر لە نوێ بە دیزاینێکی نوێ دروستیدەکەنەوە، ڕووبەرەکەی (١,٢٠٠م٢)یە. بۆ ئاودان و سەوزکردنی باخچەکە، سود لە بیر وەردەگیرێت، کە لەناو باخچەکەدا لێدراوە.

دەروازەی شار

کەوتووەتە سنوری گەڕەکی دەروازەی شار(زەمەقی). ڕووبەرەکەی (٤٤٥٠م) چوارگۆشەيه. جگە لەوەی دیمەنێکی جوانی بە شارەکە بەخشیوە، پانتاییەکەی سەوزپۆش کردووه.

ڕۆشنا

کەوتووەتە سەنتەری شاری (هەڵەبجە) لە گەڕەکی شەهیدان و لە پشت مزگەوتی عوسمانی کوڕی عەففانەوە. ساڵی ٢٠١٦ لە لایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجەوە دروستکراوە. ڕووبەرەکەی (٢٢٥م٢)یە. پێش ئەوەی بکرێتە باخچە بەردێکی گەورەی تێدا بووە و بە بەردی ڕۆشنا ناسراوە. ناولێنانەکەی بۆ کچێکی بەخشراوی ئەو گەڕەکە دەگەڕێتەوە، کە ڕۆژانە چووەتە لای ئەو بەردە و لەوێ بینراوە.

زەمەقی

کەوتووەتە سەنتەری شاری (هەڵەبجە). ساڵی ٢٠٢١ لە لایەن هاوڵاتییانەوە بە چاودێری و هاوکاریی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە لەسەر ڕووبەی (١,١٠٠م٢) دروستکراوە، بۆ ئاودان و سەوزکردنی سود لە تۆڕی ئاوی ماڵان وەردەگیرێت، کەوتووەتە گەڕەکی دەروازەی شار و لە بەردەم ئاسایشی گشتیی کۆندایە.

زمناکۆ

کەوتووەتە بەردەم بارەگای ئەنجومەنی سیروانی کۆمەڵی دادگەریی لە گەڕەکی ڕاپەڕین لە شارۆچکەی (سیروان). ڕووبەرەکەی (٩٨٠م٢)یە. یەک دەروازەی هەیە. چیمەن، درەختی پەڵگ و سەباحبەح، مۆرد، گوڵە هێرۆ و دارتووی تێدا نێژراوە. سەرچاوەی ئاودانی بیری سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی گەڕەکی ڕاپەڕینە.

شارەزوور

کەوتووەتە گەڕەکی ئازادی، لە نێوان ئامادەیی سورێنی کوڕان و مزگەوتی سەلاحەددینی ئەییوبی لەشارۆچکەی سیروان. ڕووبەرەکەی (٦١٧٣م٢)یە. دوو دەروازەی هەیە. چیمەن، گوڵەقاوە، گوڵەباخ، درەختی سەباحبەح، سنەوبەری قەزەم، سنەوبەری زیوی، درەختی واشنتۆنیا و داری زەیتونی تێدایە. سەرچاوەی ئاودانی ئاوی بیری ژمارە(٢)ی باخچەکانە. باخچەکە نزیکە لە قوتابخانەکانی ئامادەیی سورێنی کوڕان، ئامادەیی شارای کچان، قوتابخانەی ڕەزی بنەڕەتیی و قوتابخانەی هەرێزی بنەڕەتیی، شوێنێکی گونجاوە بۆ چالاکییە پەروەردەییەکان، بەتایبەتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی منداڵان.

شارۆ

کەوتووەتە گەڕەکی ئازادی، لەسەر ڕێگەی سەرەکیی سیروان – هەڵەبجە. شەش دەروازەی هەیە و بە چیمەن، گوڵەقاوە، مۆرد، سنەوبەری ستوونی، سنەوبەری کارزیما، گوڵەباخ، درەختی واشنتۆنیا، درەختی سەباحبەح و دار توو ڕووپۆشکراوە. سەرچاوەی ئاودانی بیری ژمارە (٢)ی بەشی باخچەکان، کە (١٥٠م) قوڵە.

شەهیدان

کەوتووەتە سەنتەری شاری (هەڵەبجە) لە گەڕەکی شەهیدان، نزیک گۆڕستانی شەهیدانی هەڵەبجەیە. ساڵی ٢٠٠٤ لە لایەن فەرمانگەی کشتوکاڵی هەڵەبجە و لەسەر ڕووبەری زەوى ١٨ دۆنم دروستکراوە، هەمان ناوی گەڕەکەکەی لێنراوە، لە ئێستادا بەشێکی لە لایەن گروپی کۆمپانیاکانی هەڵەبجە و کەسایەتیی شاری هەڵەبجە (ئاسۆ حاجی محەممەد بامۆکی)یەوە کاری دیزاین و ڕێکخستنی بۆ دەکرێت و لەسەر شێوازێکی مۆدێرن دروستدەکرێتەوە، بۆ ئاودان و سەوزکردنی سود لە ئاوی بیری ئیرتیوازی دەبینرێت، کە لەناو باخچەکەدا هەڵکنراوە.

شەهید موحەممەد ئەحمەد میراولی

کەوتووەتە سەنتەری شاری (هەڵەبجە). ساڵی ٢٠١٩ لە لایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە لەسەر ڕووبەری (٤,٤٥٠م٢) دروستکراوە. بەناوی شەهیدێکەوە ناو نراوە، کە ساڵی ٢٠٠٣ شەهیدبووە و ماڵیشیان بەرانبەر ی باخچەکە بووە. کەوتووەتە دەروازەی شار و نزیک بارەگای فەرماندەیی هەڵەبجەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، بۆ ئاودان و سەزکردنی سود لە تۆڕی ئاوی ماڵان وەردەگیرێت.

شنەبای هیوا

کەوتووەتە سەنتەری شاری (هەڵەبجە). ساڵی ٢٠٠٣ لە لایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە و بە پاڵپشتی (نەسرین ڕێکەوتی) لەسەر ڕووبەی (١٤,٦٤٧م٢) دروستکراوە، کەوتووەتە گەڕەکی شارەوانی لە پشت پرسەخانەى هاوارییەکان و قوتابخانەى شنروێی بنەڕەتییەوەیە، بۆ ئاودان و سەوزکردنی سەرەڕای ئاوی تەنکەر سود لە تۆڕی ئاوی ماڵانیش وەردەگیرێت.

ع. ع. شەونم

کەوتووەتە سەنتەری شاری (هەڵەبجە). ناوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوی شاعیری گەورەی کورد (ع. ع. شەونم). ساڵی ٢٠١٤ لە لایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجەوە لەسەر ڕووبەی (١,١٠٠م٢) دروستکراوە، کەوتووەتە گەڕەکی شارەوانی لە تەنیشت شوقەکانی هەڵەبجە و مزگەوتی عەبدولکەریمی مودەڕیسە، لەلایەن سەرۆکایەتی شاروانییەوە سەرپەرشتی و چاودێری دەکرێت. سەرچاوەی ئاوی، سەرەڕای ئەوەی بە تەنکەر ئاوی بۆ دەهێنرێت، سود لە تۆڕی ئاوی ماڵانیش وەردەگرن.

عەلەبەرانی

باخچەیەکی میرییە. لە دوای باخی گشتی هەڵەبجە بە دووەم باخچەی شارەوانی دادەنرێت. ساڵی ١٩٥٦ لەسەر ڕووبەری (٢٧٠٦م٢) دروستکراوە. عەلی محەممەد حەبیب محەممەد (عەلی بەرانی) کارمەندی شارەوانی، پاسەوان و خزمەتگوزاری بووە و بەناوی ئەوەوە ناونراوە. دیوارێکی هاوبەشی بەردی نەقاڕی لەگەڵ قوتابخانەی هەڵەبجەی کچاندا هەبووە. دەرگایەکی گەورەی دوو تاکی ئاسنی هەبووە و نیوەی دیوارەکەی محاجەرەی ئاسن بووە. ڕووبەرێکی فراوانی چیمەن و چواردەور مۆرد و گوڵ و داری سێبەرداری هەبووە. ژمارەیەک یاری مندأڵانی تێدابووە. چەند جارێک لە ڕێگەی سینەمای گەڕۆکەوە فیلمی تەندروستی پەروەردەیی تێدا نمایشکراوە. لە دوای ساڵی ١٩٧٥ کراوەتە گازینۆ و ئۆتێلی شنروێ. لە ئێستادا نەماوە.

کازیوە

کەوتووەتە سنوری‌ گەڕەکی (مامۆستایانی یەک) نزیک جوتسایدی شارەوانی- ناوبازاری هەڵەبجە. ڕووبەری (٢١٠٠م) چوارگۆشەيه. جگە لەوەی دیمەنێکی جوانی بە شارەکە بەخشیوە، پانتاییەکەی سەوزپۆش کردووه.

کوبرای حەمید پوور

کەوتووەتە سەنتەری شاری (هەڵەبجە). ساڵی ٢٠١٣ لە لایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجەوە لەسەر ڕووبەی (٥,٢٥٠م٢) دروستکراوە. ناونانی بە (کوبرای حەمید پوور)، دەگەڕێتەوە بۆ ناوی ئەو ئافرەتەی منداڵێکی ونبووی هەڵەبجە (زمناکۆ عەلی)ی لە ئەستۆگرتبوو، کەوتووەتە گەڕەکی شارەوانی و بەرانبەری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجەیە، بۆ ئاودان و سەوزکردنی باخچەکە سود لە بیرێک وەردەگیرێت، کە لەناو باخچەکەدا لێدراوە.

گەنجان

کەوتووەتە گەڕەکی ڕاپەڕین لە بەردەم قوتابخانەی سیروانی بنەڕەتیی لەسەر ڕێگای سەرەکیی سیروان - هەڵەبجە. ڕووبەرەکەی(٦٥٠م٢)یە. دوو دەروازەی هەیە. چیمەن، درەختی سەباحبەح، گوڵەقاوە، مۆرد، درەختی واشنتۆنیا، درەختی ئەربیزیا، سنەوبەری ستوونی و سنەوبەری کارزیمای تێدا ڕوێنراوە. سەرچاوەی سەرەکی ئاودانی لە بیری ژمارە (٢)ی بەشی باخچەکانە.

ماڵە ئێرانییەکان

کەوتووەتە سەنتەری شاری (هەڵەبجە). ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجەوە لەسەر ڕووبەی (١,٨٧٣م٢) دروستکراوە، ناوی گەڕەکەکە، بووە بە ناوی باخچەکەیش. زۆرینەى دانیشتووانی ئەو گەڕەکە، ئەو ماڵانەن، کە لە ئاوارەیی لە وڵاتی ئێران گەڕاونەتەوە و دواتر لەو گەڕەکە نیشتەجێکراون. کەوتووەتە دەروازەى شار و لە ناو ماڵە ئێرانییەکاندا دروستکراوە، بۆ ئاودان و سەوزکردنی سود لە تۆڕی ئاوی ماڵان و ئاوی تەنکەر وەردەگیرێت.

مامۆستایان

کەوتووەتە سەنتەری شاری (هەڵەبجە). ساڵی ٢٠١٣ لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجەوە لەسەر ڕووبەی (٢,٥٦١م٢) دروستکراوە. هەمان ناوی گەڕەکەکەی لێنراوە. بۆ ئاودان و سەوزکردنی، سود لە تۆڕی ئاوی ماڵان و ئاوی تەنکەر وەردەگیرێت، نزیک قوتابخانەی شەهید ئازاد هەورامییە.

مەحوی

کەوتووەتە سەنتەری شاری (هەڵەبجە). ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجەوە لە سەر ڕووبەری (٢٣١٧م٢) لە گەڕەکی شەهیدان دروستکراوە. یەک دەروازەی هەیە. یاریگایەکی منداڵانی بە کەرەستەی پێویست تێدا دروستکراوە. چیمەنی تێدا نەڕوێنراوە، بەڵام درەختی سەباحبەح، ناروەن و مۆردی تێدا چێنراوە. بیرێکی تایبەتی هەیە بۆئاودان، کە (١٢٠م) قوڵە.

منداڵە ونبووەکان

کەوتووەتە سەنتەری شاری (هەڵەبجە). ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجەوە لەسەر ڕووبەی (٣,٧٠٨م٢) دروستکراوە. وەک وەفایەک بۆ ئەو منداڵانەی لە کیمیابارانی هەڵەبجەدا ونبوون، ناونراوە. بۆ سەوزکردنی سود لە تۆڕی ئاوی ماڵان و ئاوی تەنکەر وەردەگیرێت، کەوتووەتە گەڕەکی سەروەرانی یەک و نزیک قوتابخانەی مەشخەڵانی بنەڕەتییە.

پێشتر 1
...
13 14 15
...
47 دواتر