ئاشە مەکینەکەی سیروان
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
کەوتووەتە گەڕەکی کێلەسپی لەسەر ڕێگەی سەرەکیی سیروان - هەڵەبجە. ساڵی ١٩٦٧ لەسەر ڕووبەری (٥٠٠م٢) لەلایەن (خەلیفە محەممەد وڵەدخان و حاجی مەلاساڵحی گەورە)وە دامەزراوە. مەکینەی هیندی بووه، کە بە سوتەمەنی گاز و دیزڵ و ڕۆن ئیشیکردووە. دوو هەباشەی هەبووە و بە قایش لە مەکینەی سەرەکی بەستراوە. لەبری ڕادێتەر، بیر و حەوزی تایبەتی بۆ فێنککردنەوەی ئامێرەکانی هەبووە. زۆربەی کات (خەلیفە محەممەد) پاشان کوڕەکەی (حسەینی خەلیفە محەممەد) سەرپەرشتی ئاشەکەیان کردووە. ساڵی ١٩٧٩ لەکارکەوتووە. بۆ خستنە ئیشی ئاشەکە، زۆرجار گوریسی بارەکەرەکانیان کۆکردووەتەوە و لە شوێنی تایبەتی مەکینەی ئاشەکەیان بەستووە. پاشان چەند پیاوێک لە خاوەن باراشەکان ڕایانکێشاوە.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (حسەینی خەلیفە)، لەدایکبوو: ١٩٥٤، پیشە: پێشمەرگەی خانەنشین، لە ١٣ی ١٢ی ٢٠٢٣، لە سیروان.
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (مەحموود ساڵح خەلیفە)، لەدایکبوو: ١٩٦٢، بڕوانامە: ئامادەیی، پیشە: خانەنشین، لە ٢٢ی ١٢ی ٢٠٢٣، لە سیروان.
ئامادەکردنی: یونس مەحموود ئەحمەد