شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

173 بابەت

بەکراوا

بە دووریی نزیکەی پێنج کیلۆمەتر کەوتووەتە باکورى خۆرئاواى شارى هەڵەبجەوە و سەر بە ناحیەی (سيروان)ـە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (کاگردەڵ، کانی شێخ) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانى (حەسەنئاوا، پریسی خواروو) و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (دەلێن، زەمەقیی خواروو) هاوسنورە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٩٣ کەس بووە و لە ئێستادا ٣٥ ماڵى تێدايه و ژمارەى دانيشتوانى نزيکەى ٥٠ کەسه.‌ بە گشتى سەر بەعەشيرەتى (نەورۆڵى)ین. زەوییەکانی کەوتوونەتە کەرتی ٣ی حەسەنئاواوە. گردێکى گەورەى شوێنەواريى لە گوندەکەدا هەیه،‌، کە له ‌سەرەتاکانى سەدەى حەڤدەوە لەلايەن (بەکر بەگى سوور) دروستکراوە. دانيشتوانەکەی بە: ئاژەڵدارى، چاندنى گەنم و جۆ، زەڕات، شوتى، تەماتە و وێنجەکردنەوە خەریکن.‌ بەرزونزمى کەمە و به ‌گشتى لە بەرزیى (٥١٠-٦٢٠م) له ‌ئاستى ڕووى دەرياوە هەڵکەوتووە. جيا لەو بيرانەى بەم دواييانە لێدراون، کانيى کوێرە و کانيى بنگرد و چەمى بەکراوا و جۆگەى دەستکردى دەلێن، سەرچاوەى ئاويين. بەرزاييەکانى: بانەبۆر، وارش و تەپەسەوز و دەشتاييەکانى: بەردەلێن، پشت دەلێن، بن توان، سيفۆنەکە و گەوەڵان و نزمايى (چاڵەڕەش) له ‌سيما جوگرافييە ديارەکانى گوندەکەن. گوندى بەکراوا، خزمەتگوزاريیەکانى ڕێگەى قير و تۆڕى ئاوى خواردنەوە و کارەباى نيشتمانى و مزگەوتى تێدايە.

بەلەسۆ

بە دووریی نزیکەی چوار کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری گوندی (گڵێجاڵ)ی سەر بە ناحیەی (بەمۆ)‌. لە باکورەوە گوندی گڵێجاڵ و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ زەوییەکانی پشتە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی چواردارانی سەروو هاوسنورە. خۆرئاوای گوندەکە هەتا ملەی سەرتەکی بەمۆ درێژ دەبێتەوە و هاوسنورە لەگەڵ گوندی کانیی ژاڵە سەر بە ناحیەی (مەیدانی سەر بە قهز‌ای خانەقین). گوندی بەلەسۆ بە (بەرئاسۆ)ش ناودەبرێت، چونکە شوێنەکە بەیانیان سەرەتای خۆرهەڵاتنی زووتر لێ دەردەکەوێت. دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی ئاوی سازگار، لە بەناوبانگترینیان: کانیی بەلەسۆ و کانیی میرانی شێخە. چەندین ڕەز و باخی بەرداری تێدایە. لەکاتی ئێستادا تەنها سێ خێزان لێینیشتەجێن، کە ژمارەیان ١٢ کەسە.

بەڵخە

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە). لە باکورەوە دەگاشێخان و شارۆچکەی بیارە، لە باشورەوە سۆسەکان و جاور و پاڵانیا، لە خۆرهەڵات شاخەکانی هەورامان و شارەدێی تەوێڵە، لە خۆرئاوا لەگەڵ گوندەکانی خەرپانی و تاوێرە هاوسنورە. شاخی بەنەن لە بەرزیی (١٣٠٩م) لە خەرپانی و تاوێرەی جیادەکاتەوە. مێژوویەکی کۆنی هەیە و شوێنەوارەکانی (سۆڵێ و زەریندۆڵ و مێشلە و دێگە و دەرەنەجات و قەڵای خەسرە و ئاغە و هتد) ئەمە دەسەلمێنن. ڕاوبۆچوونی جیاواز لەسەر ناوەکەی هەیە، هەندێکک پێیانوایە دوو برابوون، کە خەڵکی بەڵخی لای سەمەرقەند و بوخارا بوون، هەریەکەیان لە دوو شوێنی ناوچەکە نیشتەجێبوون، یەکیان لە شوێنێک لە خوارووی وەروەزەن، کە پێی وتراوە (دێگە) و ئەوی دیکەشیان لە (دەرەنەجات) لەسەرووی وەروەزەن نیشتەجێبووە. بە ناوی ئەم دوو کابرایەوە ناونراون بە بەڵخەی خواروو و بەڵخەی سەروو. هەندێککی بۆ هەبوونی تاڤگەیەکی زۆر لەو شوێنە دەگەڕێننەوه،‌ وەک (وەروەزەن، سەروەزەن و وەزەنێ). ئاوەکەیان بەسەر تاشە بەردەکاندا دەدات، کلس دەکات و بە زمانی ناوچەکەش بەم کلسە دەوترێت بەڵخ، هەندێکی تریش پێیانوایە، کە یاقووە سووری تەوێڵەیی لەکاتی کاروانیدا لە نزیک وەزەنێ لایداوە و هەواری هەڵداوە و وتویەتی هەوارم لای بەڵخەکەیە، ئیتر لەمەوە ئەم ناوە پەیدا بووە ئەم بۆچوونەش زیاتر بۆچوونی سەرەوە پشتڕاست ئەکاتەوە. ژیان لە بەڵخەی سەروودا هەتا شەڕی چاڵدێران و دیاریکردنی سنوری ناوچەکە لە نێوان عوسمانی و سەفەویەکاندا بەردەوامبووە. بەپێی ڕێککەوتننامەی ئەرزەڕۆم، شاخەکانی بەڵخە و خودی بەڵخەی سەروو و باخەکانی هەتا ڕێگەی نێوان سەرسۆڵێ و چێرسۆڵێ، کە ڕێگە سەرەکییەکەی ئێستا دەگرێتەوە، بەرکەوتەی دەوڵەتی سەفەوی بووە و لەوە بەرەوخواری بەرکەوتەی دەوڵەتی عوسمانی بووە. دەسەڵاتداری بەڵخە فەتاح بەگ و نەوەکانی پەیوەندیان لەگەڵ عوسمانیەکان بەهێز بووە، بەڵخەی سەروویان بەجێهێشتووە، لە (بانیتا) بەڵخەی ئێستایان دروستکردووەتەوە هەر بەناوی بەڵخەوە ناویانناوە. وردە وردە خەڵکی بەڵخەی سەروو ڕوویانکردووەتە گوندە نوێیەکە. هەروەها لە دێگە و دەرەنەجات و بەڵخەی خوارووش، ئاوەدانی و ژیان هەبووە، بەڵام دەرەنەجات بەهۆی تاعونەوە هەر زوو چۆڵکراوە، ساڵی ١٩٧٠ کۆتا ماڵ لە بەڵخەی خواروو، کە ماڵی (ڕەحمانی عەبدول) بووە کۆچیکردووە بۆ ئەم بەڵخەیەی ئێستا. گۆڕستانی ڕێوڵە یەکێکە لە گۆڕستانە مێژووییەکان و بەشی دووەمی گۆڕستانەکە بۆ سەردەمی ئیسلام دەگەڕێتەوە. ناوچەیەکی گەشتیاریی سەرنجڕاکێشە و ئاووهەوایەکی فێنک و تاڤگەی سەرنجڕاکێش و ئاوی زۆرە. لە گەڕەکەکانی (بەگزادا، هاڵاوی، ملەگا و خەڕاتا، گەڕەکە و دەرەی، دەرە ول، مێشلە و هەرزنەجەڕ)ە پێکهاتووە. قەدپاڵەکانی بە ڕزەدێم و بەتایبەت ترێ ڕەشە دەوڵەمەندە، باخی هەنجیر و هەناری زۆری تێدایە، زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥١ی بەڵخەی سەروون. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا، دانیشتوانەکەی ٦٧٢ کەس بووە.

بنجەو دڕەی

کەوتووەتە ناوچەی هەورامان و سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. لە خۆرهەڵاتی ڕێگەی (خورماڵ - بیارە) و لە پێدەشتی چیاکانی ناوچەکە هەڵکەوتووە. (٨٥٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ناوەکەی بە زمانی هەورامی (بنجەودڕەی) ناودەبرێت بەواتای (ڕیشکی دڕک) دێت. دوو جۆری دڕک بەشێوەیەکی بەربڵاو لە سنورەکەیدا دەبینرێن ئەوانیش (دڕکە زەردە) و (دڕکی کنگر)ن. کاتێک، کە پیردەبێت بنکێکی پان و دڕکاوی هەیە. کەرتی کشتوکاڵیی ئەم گوندە ژمارە ٥٩ بنجەیدڕەیە. نزیکەی ٢٠٠٠ دۆنم زەوی دێم و بەراوی هەیە. بە گشتی خەڵکەکەی لە سەنتەری گوندی (زەردەهاڵ)، لەسەر ڕێگەی (بیارە) دەژین. لە ئێستادا تەنها هەشت ماڵی تێدا دەژین. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٢١ کەس بووە. مێژووی نیشتەجێبوون لەم گوندەدا بۆ ١١٠ ساڵێک لەمەوبەر دەگەڕێتەوە. کاتێک (ئەفراسیاب بەگ کوڕی ڕۆستەم سان) بەشێوەی هەمیشەیی ئاوەدانیکردووەتەوە. پێش ئەو، خەڵک لە (بیارە) و (هانەگەرمڵە)ەوە هاتوون لەم سنورەدا کشتوکاڵیان کردووە و بەهۆی بوونی نەخۆشیی بەربڵاو لەو ساڵانەدا و گەرمی و مێشومەگەز، بە شەودا نەماونەتەوە و هاتوچۆیان کردووە.(چەمی بنجەودڕەی) ئاوێکی زۆری هەیە و کاتی خۆی مەرەزە و کشتوکاڵی لەسەر کراوە. کانیاوی (چاڵی) لەنێو گوندەکەدا بەناوبانگە. تەپی (ئاتەشگا) و (بومەلەرزە) لە گردە دیارەکانی گوندەکەن. پیشەی دەستی لەم گوندەدا لەسەر دەستی بنەماڵەی (وەستا مەحموود فەتحوڵڵا)، کە دارتاش بوون و (خاڵۆ عەلی عەبدولکەریم)، کە بەردەئاش و بانگردێنیان دروستکردووە، ناوبانگی زۆری هەبووە. ژنانی گوندەکە (جاجم و مەوج و گڵێم و بەرماڵ)یان چنیوە. بنەماڵەی حەمەی سڵێمان جلوبەرگی ژنانیان بەدەست دووریوە، بەتایبەت (حاجی ئەسما یان ئاسکۆڵ) وەک (کەوا و سەڵتە و لەچک) و خەڵکانی دیکەشیان فێرکردووە. (مامۆ حامید مەجید)، کە بە (حامیڵە کەڵ) ناسراوە، دانکێش بووە و ددانی خەڵکی بە بێ بەنج دەرکێشاوە و ناوبانگی هەبووە.

بۆین

سەر بە ناحیەی (سیروان)ە. ناوچەیەکی سنورییە له نێوان کوردستانی باشور و ڕۆژهەڵات، کە ڕووباری سیروان بە خۆرهەڵات و باشوری گوندەکەدا تێدەپەرێت، لەگەڵ گوندەکانی(سازان و کۆساوا) له باشوری خۆرئاوا و (ڕێشاو) لە خۆرئاوا و (ژاله) لەباشور و (هاوارەکۆن و گریانه) له باکور هاوسنورە. لە بەرزیی (٨٠٠م) دەستپێدەکات هەتا دەگاتە (١٦٥٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە. (ئەشکەوتی زینۆ) لە سیما شوێنەوارييە دیارەکانیەتی. لە ساڵانی ١٩٤٥-١٩٤٦ نزیکەی ٣٣ماڵی لێنیشتەجێبوون، کە بنەچەیان دەگەڕێتەوە بۆ عەشیرەتەکانی کۆکۆیی و زەردۆیی. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٢١ کەس بووە. بەڵام لەئێستادا نزیکەی نۆ ماڵ وەک بنە نیشتەجێن. خاوەنی تەنها بیرێکی ئیرتیوازییە. یەکێک لە بۆچوونەکان ئەوەیە لەکۆندا کانی و کارێزی نەبووە، ئاوەکەی پەنگی خواردووەتەوە و زۆنگاوی دروستکردووە و بۆنی هاتووە بۆیە باوەڕوایە ناوەکەی لەم بۆنەوە هاتبێت. بۆچونیکی دیکە هەیە هەرچەندە مێژووەکەی نادیارە، کە نەخۆشییەک بڵاوبوتەوە زوربەی خەڵکی مردوون، تەنها دوو سێ ماڵیان ماونەتەوە ئەوانيش لە ترسى ئەو نەخۆشیە گوندەکە بەجێدەهێڵن و دەچنە گوندی (گریانە)پاش ماوەیەک دێنەوە بۆ سەردانی و هەواڵپرسی خزمانیان، دەبینن هەموویان مردوون و بۆنیانکردووە، بەمەش ناوی گوندەگە دەبێت بە(بۆین). لە ئێستادا تەنها ئاژەڵداری سەرچاوەی سەرەکیی داهاتە لەگونەکەدا. بەشێکى کەمى دانيشتوانى گوندەکە بە هۆى بوونى دارقەزوان لە ناوچەکەياندا بە (بنێشتکردن)ەوە خەريکن. لەسەر کەرتی ١٥ ی بۆینە. سەری هاڵەسەخت، کنگر دۆڵ، قولە ملە خەڵوزە، چۆلەکەخنکێن ..هتد لە شوێنە دیارەکانی گوندەکەن.

بیاوێڵه

کەوتووتە‌ باکوری خۆرهەڵاتی ناحیەی (سیروان) و نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجەوە هەڵکەوتووە. کەوتووەتە‌ نێوان دوو دۆڵ. لەبەشی باکورەوە لەگەڵ دەرەشیشی خواروو، لە خۆرهەڵاتەوە و لەگەڵ (دەرەشیشی سەروو) لە باشور و (عەنەب) لە خۆرئاواوە و گوندی (زەمەقی) هاوسنورە. کەوتووەتە‌ باکوری چیای شنروێ و بەرزیی لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەگاتە(٧١٤م). زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥ی بیاوێڵەیە. دانیشتوانی گوندەکە دەڵێن: سەرەتای دروستبوونی‌ بۆ سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە و لەلایەن سێ براوە بەناوەکانی (موراد، مەحموود، عەبدوڵا) ئاوەدانکراوەتەوه،، کە لە بنەڕەتدا دەگەڕێنەوە سەر شەجەرەی ساداتی جوانڕۆ. خاوەنی زەویی بەپیتە،، کە بەشێکی زۆری کراوە بۆ باخداری و بەرووبومی دانەوێڵە. سەبارەت بەناوی گوندەکە دوو بیروبۆچون هەن:‌ یەکەمیان ئاماژە بەوە دەکەن کەسێک لەو ڕەوەند و کۆچەرییانەی لە ڕابردوودا بەو گوندەدا هاتوچۆیانکردوه،‌ بانگی لە هاوڕێکانی تری کردوه،‌ که ‌شوێنی گونجاوی بەدی کردوە پێی وابووە ئەو شوێنە نێوان ئەو دوو دۆڵەبووە،، کە ئێستا گوندەکەی تیادایه ‌و بۆ دابەزین و بارگەخستن گونجاو بووە بۆیە بانگی کردون وتویەتی وەرن وێڵه،‌ که ‌دواتر ئەم وشەیە دەستکاری کرابێت بەشێوەی شێوەزاری هەورامی یان فارسی بووەتە (بیا - وێڵە) واتە وەرە ئەی کەسی بێ ماڵ و بێ شوێن. ئەمە لەکاتێکدایه،‌، کە دانیشتوانی گوندی بیاوێڵە بە زاری ناوەڕاست/شێوەزاری سلێمانی قسەدەکەن و شێوەزاری هەورامی بەکارناهێنن. بیروبۆچوونی دووەم ئاماژە بەوه ‌دەکەن،، کە لەو ناوەدا دار (بی) یەکی گەورەو سێبەر چڕ بەقەراغی جۆگەلەی ئەو کاتەی گوندەکەدا ڕواوه ‌و گەورەبووه،‌ سێبەرێکی چڕو خۆشی هەبووە و زۆرکەس لە ژێریدا حەواوەتەوه،‌ پاشان پرسیار کراوە ئەم داره ‌گەورە کێ خاوەنیەتی و کێ ناشتوویەتی؟ لە وەڵامدا وتراوە: ئەمە دار (بی) یەکی وێڵە و دواتر بووەتە (بیە - وێڵە) ‌و بەتێپەڕ بوونی کات وشەکە بووەتە بیاوێڵە. لە ڕابردوودا خانەقای شێخانی نەقشبەندی لێ بووە و چەندین فەقێ تیایدا خوێندویەتی. ساڵی ١٩٥٤ قوتابخانە بۆ گوندەکە دروستکراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا، ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٠٢ کەس بووە. شوێنەواری ژیانی زۆر کۆن لە گوندەکەدا دۆزراوەتەوە، کە پێدەچێت لە قۆناغە جیاوازەکاندا شوێنی ژیان بووبێت. لەسەردەمی زەعیم سدیقدا و لە ساڵی ١٩٦٣ بەهۆی ئەوەی دانیشتوانەکەی ئاڵای سپیان بۆ پێشوازی لە زەعیم هەڵنەکردووە، سوتێنراوە و خاپوورکراوە. هەموو باخە کۆنەکانی گوندەکە تاپۆی دەوڵەتی عوسمانییان هەیە. مزگەوتەکەی لەسەردەمی شێخ عومەری بیارەدا دروستکراوە و زیاتر لە ٩٠ ساڵ تەمەنی هەیە. لە ساڵی ١٩٥٦دا پڕۆژەی غەنی شاڵی، کە بریتیبووە لە ڕاکێشانی ڕێگەی هەڵەبجە - خورماڵ چەوڕێژکراوە. لەساڵی ٢٠١٢ قیرتاوکراوە. لە ساڵی ١٩٧٥ کارەبای بۆ ڕاکێشراوە. هەر لەو ساڵەدا ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنیش براوەتە گوندەکە. خاوەنی ئەستێری ملە قەویە، کە لە ١٦ی٣ی ١٩٨٨ چەندین کەسی تێدا شەهیدبووە.

بێژاوا

کەوتووەتە‌ خۆرهەڵاتى زنجيرە چياى (تونى غوڵامى و ملەى پلان)ی سەر بە ناحیەی (سیروان)‌.‌ لەگەڵ گوندەکانى (گورگە چيا لە باکور، بەکراوا لە باکوری خۆرهەڵات، پريسى خواروو لە خۆرهەڵات، کانی توو لە باشوری خۆرئاوا، غوڵامی خواروو لە باکوری خۆرئاوا) هاوسنورە. شانی پشت کارێز لە پریسی ژوورووی جیادەکاتەوە. بە گشتى زەويیەکانى بەراورد بە خۆرئاواى زنجيرە چياى ناوبراو تەختترن، بۆ گەنم و جۆ و دانەوێڵە گونجاوە. دايکى (مەولەوى)ی شاعير لەم گوندهدا‌ بەخاکسپێرراوە‌، مەدرەسەيەکى دينى لەم گوندەدا هەبووە بەو هۆيەوە مەولەوى و دايکى ماوەيەک لەم گوندەدا بوون، لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ٤٧ کەسى تێدابووە، لەئێستادا چەندماڵێکى تێدايە،، کە بە ئاژەڵداریيەوە خەريکن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٢ی بێژاوان.

بێلەنگە

کەوتووەتە ناوچەی نەوڕۆڵی. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی پریسی سەر‌وو و لە باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی هانەسوورە و لە خۆرئاواییەوە لەگەڵ گوندی چرۆستانە و ناوچەی تلە قوچە، کە کەوتووەتە نێوان بیلەنگە و بێژاواوە، لە باکورەوە لەگەڵ گوندی پریس و لە باشورەوە لەگەڵ دەشتی ئاڵەمات و گوندە و سەراو هاوسنورە. لەلايەن مەلا سەيد عەبدوڕەحمان (باوەشێخ)،، کە لە ساداتى(چۆڕ و نەنە) بووە و نەوەى (مەلا ئەبوبەکرى موسەنيف) بووە، دروستکراوە و ئاوەدانکراوەتەوە. بەشى هەره ‌زۆریان سادات و شێخان و بەرەبابى سێ بنەماڵەى (شێخ عەبدولکەریم، شێخ عەبدولقادر، شێخ عەبدولڕەحمان) پێکیانهێناوە. بەپێی لێکدانەوەکان پێدەچێت مێژووەکەى بگەڕێتەوە بۆ نزيک بە ٢٢٠ ساڵ لەمەوبەر و پێشتر ناوى (کانى توو و بێلەنگە) پێکەوە هاتووە. ‌خەڵکی گوندەکە پێیانوایە‌ پاش گرانییەکەی ساڵی ١٩١٨ لەناوچوو بێت، بۆیە خەڵکەکەی هاتوونەتە گوندی هانەسوورە، شوێنەکەی نزیکە لە (ملەی کەردزیاگ)ەوە. (٦٧٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوینێکی لەبار و گونجاوە بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و لە ئێستاشدا ئاژەڵی تێدا بەخێودەکرێت. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژماره ٣٥ی بێلەنگەیە. شانی خلە خەنجەر و لغاوگیر کەوتونەتە نێوانی گوندەکە و پریسی ژوورو. گردی بێژنگ بەسەر لە چرۆستانە و باسکی ماینەچەرمگ و گلەبەران لە سەراوی جیادەکاتەوە.

پاڵانیا

سەر بە شارۆچکەی (بیارە)یە. ١١٤٣ مەتر لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لە باکور لەگەڵ گوندی (بەڵخە) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (هاوار، دەرەتفێ و هاوارەکۆن) و لە خۆرهەڵاتیشەوە لەگەڵ (دۆڵبیان، سۆسەکان، جاور و شارەدێی تەوێڵە) هاوسنورە. کەوتووەتە سەرسنوری نێوان خۆرهەڵات و باشوری کوردستان. سنوری پاڵانیان فراوانە و بەهۆی چەند کەژ و چەمێکەوە لە گوندەکانی تر جیادەکرێتەوە. ناوی (پاڵانیا) بۆ گوندی (پاڵانیا)ی ناوچەی گەرمیان دەگەڕێتەوە، کە بەشێک لە دانیشتوانەکەی لەوێوە هاتوون و نیشتەجێبوون. بوونی شوێنەوارەکانی وەک (سایەقەڵا، دۆڵ تاوان و دۆڵی بەنیخانە) و گۆڕستانی کۆن و مزگەوت، بەڵگەن لەسەر بوونی مێژوویەکی دێرینی ئاوەدانی لە گوندەکەدا. لەڕووی کۆمەڵایەتییەوە (بەگەکانی هەورامان) دانیشتوانی ڕەسەنی گوندەکە پێکدەهێنن. ژمارەیەکی زۆر کانی و کانیاوی لێیە. ئاوی چەمی پاڵانیا لە تەوێڵە و چەمی زاوەرەوە دێتە دۆڵبیان و پاڵانیا دواتر دەڕواتە هاوار و هاوارەکۆن و گریانە و دەڕژێتە ڕووباری سیروان. دوو گۆڕستانی (مەلا عەبدوڵا) و (زیارەتا)ی لێیە. نزیکەی ٢٠٠ دۆنم باخیان هەیە سەر بە کەرتی کشتوکاڵی (٥٥)ـە. ژمارەی دانیشتوانەکەی بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ تەنها ٩٦ کەس بووە. پێش ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨، نزیکەی ٦٠ ماڵ لێ بووە. لە ئێستادا تەنها مزگەوت، کارەبای نیشتیمانی هەیە.

پریسی خواروو

یەکێکە لە گوندەکانی ناوچەی نەوڕۆڵی و بە دووریی نزیکەی حەوت کیلۆمەتر کەوتووەتە بەشی باشوری خۆرئاوای هەڵەبجەوە، لە ڕووی کارگێڕيیەوه سەر بە ناحیەی سیروانە و نزیکەی حەوت کیلۆمەتر لە شاری هەڵەبجەوە دوورە، لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی حەسەنئاوا و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی بێژاوا و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی پریسی سەروو و لە باکورەوە لەگەڵ گوندی بەکراوا و گورگەچیا هاوسنورە. ڕووبەرەکەی٣٦٦٠ دۆنم دەبێت و نزیکەی(٥٩٩م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دانیشتوانی لە ساڵی ١٩٧٨ ڕاپێچی کۆمەڵگای زۆرەملێی زەمەقی کراون، پێش ئەو ڕێکەوتە نزیکەی ٥٠ ماڵێک بوون، لە ئێستاشدا تەنها سێ ماڵ لە گوندەکەدا دەژین. دانیشتوانی زیاتر سەرگەرمی وشکەدانی(گەنم و جۆ) و پاشانیش بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات و ئاژەڵدارین. لەڕووی سەرچاوەی ئاو و کانیاوەوە دەوڵەمەند نییە، بەڵام بە سود وەرگرتن لە ئاوی چەمی پریسی سەروو، کاڵەک و ترۆزیی دێمیی پریسی خواروو لە هەڵەبجە و دەوروبەریدا بەناوبانگە، چونکە خاکەکەی بەپیت و لەبارە بۆ ئەوجۆرە کشتوکاڵە. گرنگترین شوێنەکانی پریسی خواروو:(شیوی میران، ئیمەت، کانی یە کوێرە، سەنگەرەکە، تەڵەتوەکە، شیوی هەسەن، زەوییە لار، یاڵە دوو گۆپکە، گیا گوڵاڵە، یاڵە بەرز، مەرەزەجاڕ، خڕنوکاوی، چەمی توە قووت، گورگەچیای بچکۆلە). لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٩١ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٩ی پریسی خوارووە.

پریسی سەروو

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) و بە دووریی نزیکەی کیلۆمەترێک لە باشورى خۆرئاواى شارى هەڵەبجەوە هەڵکەوتووە. ڕووبەرەکەى نزیکەی ٦٢٩٤ دۆنمە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندى (تريفە)، لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندى (بێ لەنگە)، لە باشورەوە لەگەڵ گوندى (هانەسورە) و لە باکورەوە لەگەڵ گوندى (پريسى خواروو) هاوسنورە. هەتا ڕادەيەک ناوچەيەکى ئاڵۆزى هەيە و بەرزترە بە بەراورد بە شارى هەڵەبجە و دەشتاييەکانى دەوروبەرى. بەرزييەکەى لەنێوان (٦٧٠-٩٣٠م) لەئاستى ڕووى دەرياوه. ئەمەش وايکردوە پلەى گەرماى نزمتربێت. تێکڕاى بارانى ساڵانەی نزيکەى(٦٥٠ملم)ـه. سەبارەت بە ناوى (پريس) دەوترێت،، کە ڕيشەيەکى ئاڤێستايى کۆنى هەيه و لە بنچينەدا (هەپيريسى)يه،‌، کە بە واتاى (هەرێز) دێت،، کە جۆرە گيايەکە و بە شێوەيەکى فراوان لەم گوندەدا هەيە، بەڵام بە تێپەڕبونى کات گۆڕاوە بۆ (پريس). حەوت کانی لێیە‌، (کانیى دەراش، کانیى چەرمەڵ، کانیى گوێز، کانیى جانە، کانیى مروارى، کانیی سەروەڵخ و کانیی بەرکەورگ). له سنوری گوندەکە سێ دەواجين، دوو گاودارى و ڕووبەرى ٦٨ دۆنم باخ هەیە و دانیشتوانەکەی بە بە‌خێوکردنى ئاژەڵیشەوە خەریکن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٦٣ کەس بووە. لە ئێستادا ژمارەى دانيشتوانى گوندەکە ٧٣ کەسە و بەسەر ١٣ خێزاندا دابەشبوون. ٧٢ خانووى تێدايە و هەشتیان گڵن و ٦٤يان کۆنکرێتە‌. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ٢٣ی پریسی ژوورووە.

پشتە

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بەمۆ). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی (گمە) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی (بەڕوێن) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی (گڵێجاڵ) هاوسنورە و لە خۆرهەڵاتیشەوە لەگەڵ گوندی (ڕەجەوییە) لە خۆرهەڵاتی کوردستانی جیا دەکاتەوە لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٣٧ کەس بووە و لە ساڵی ٢٠١٩ ژمارەکە بۆ ١٨٢ کەس کەمیکردووە. لە گرنگترین دیاردە جوگرافییەکانی گوندەکە بریتییە لە شاخی پاڵی پشتە لە خۆرهەڵاتی گوندەکە و بۆ ئاژەڵداری سودیلێدەبینرێت. چەمی قەڵاش بەناو گوندەکەدا تێپەڕ دەبێت. ساڵی ١٨٩٥ (شێخ نەجمەدین شێخ عومەری نەقشبەندی) لە گوندەکەدا خانەقای بونیادناوە. ساڵی ١٩٣١ مەخفەری پۆلیس و ساڵی ١٩٥٥ نەخۆشخانە و ساڵی ١٩٥٦ قوتابخانەی تێدا کراوەتەوە. بە گشتی و بەهۆی ئەوەی،، کە لە سەرسنور هەڵکەوتووە، دانیشتوانەکەی سەرقاڵی کاری بازرگانین و دواتریش کاری ئاژەڵداری دەکەن.

پێگە

بە دووریی (١٤کم) کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە. سەر بە ناحیەی (سیروان)ـە. لە باکورەوە گوندی (لمە) و لە خۆرهەڵاتییەوە ڕووباری سیروان و لە خۆرئاواییەوە گوندی (نەیجەڵە) و لە باشورەوە گوندی (کوڵیمتکان)ـە. لە دەوروبەری ساڵی ١٨٥٠ لە لایەن (نادر مەحموود حەمەوەیس میروەیسی)ی ناسراو بە (نادری مەخولە ڕەش) ئاوەدانکراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٢ کەس بووە. ساڵی ١٩٧٨ دووچاری ڕاگوێزران بووەتەوە. هەتا ئێستا ئاوەداننەکراوەتەوە و چۆڵە. (کانی نادر) لێیە،، کە حەوز و قەمی بۆ دروستکراوە.

تازەدێ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ)‌. لە باکورەوە لەگەڵ (ئاواییی حاجی حەمەئەمین) و لە باشورەوە لەگەڵ گۆمەڵار و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (تەپی سەفای سەروو، تەپی سەفای خواروو) و لە باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی دێکۆن و لە باکوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی کوڵکنیی فەقێ کەرەم هاوسنورە. لە دوای ساڵانی ١٩٣١ لە لایەن (ئەحمەد فەرج خەلیفە) و (حاجی ئەحمەد قادر مەولود)ەوە ئاوەدانکراوەتەوە. عەشیرەتی (سیان)،، کە ئێستا بە (سەیانی)‌ ناودەبرێت و بەشێک لە عەشیرەتی (زەردۆیی) لەم گوندەدان. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٠١ کەس بووە. بەگشتی دانیشتوانەکەی بەشێکی خەریکی کشتوکاڵ، ئاژەڵدارین و هەندێککیان فەرمانبەری دەوڵەتن. زەوییەکەیان سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٩ی سەرگەته جۆیە‌ و تەواوی زەوییەکان بەراون،، کە ڕووبەرەکەی ٣٨٤ دۆنمە. لە ئێستادا ژمارەی دانیشتوانەکەی تەنها‌ ٢٠ کەسە.

تازەدێی بناری سورێن

کەوتووەتە بنار چیایی سورێن لە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە لەگەڵ ملەی قوینە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی قەڵبەزە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بەردەبەل و لە خۆرئاواوە لەگەڵ چەمی هەنارە هاوسنورە و بەسەر دەشتی شارەزووردا دەڕوانێت. هاوینی گەرم وشک و زستانی سارد و باراناویە و بەفری لێدەبارێت. لە مێژووی نوێدا لە ساڵانی ١٩٦٩ – ١٩٧٠ ئاوەدانکراوەتەوە و مزگەوتی تێدا دروستکراوە. لەبەر ئەوەی قوتابخانەی لێ نەبووە، قوتابییەکانیان لە گوندی (وڵەسمت) خوێندویانە. لەدوای ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن حاجی مارف حاجی حەمەساڵح جارێکی تر ئاوەدانکراوەتەوە. ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٢٠ خێزانی تێدا نیشتەجێبووە. ساڵی ١٩٧٨ بۆمبارانکراوە و هەمان ساڵ بەر شاڵاوی ڕاگواستن کەوتووە. سەرچاوەی ئاوی (قۆینە، هەنجیرەڕەشان، چاوگی دۆخەکان) دەکەونە سنوری گوندەکەوە. شوێنەواری دێرینی (چەم هەنارە) کەوتووەتە خۆرئاوای گوندەکەوە. شاخی (ملەی گۆڕیانە) کەوتووەتە باکوریەوە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٣٩ی بەردەبەلە.

تاوێره

کەوتووەته باشوری خۆرئاوای ناحیەی (بیاره). لە بەشی خۆرهەڵاتەوە گوندی بەڵخە لە باشور و باشوری خۆرهەڵات گوندی هاوار لە باشوری خۆرئاوا گوندی عەبابەیلێ لە خۆرئاوا گوندی جەلیلە و لە باکوری خۆرهەڵات گوندی خەرپانی لە باکوری خۆرئاوا گوندی دەرەشیشی سەروو هاوسنورە. دووریی ئەم گوندە لە سەنتەری شاری هەڵەبجەوە(١٤کم) دەبێت و بەرزیی لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەگاته ‌(١١٨٢م)ە. سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ٤٥ی تاوێرەیە. سەبارەت به ‌ناوی گوندەکە‌ دوو بۆچوون هەیە: دەوروبەری گوندەکە لە تاوێر(بەرد) پێکهاتووە، پێدەچێت ناوەکەی لەوەوە وەرگیرابێت، یان لە وشەی(تاو) و (تین)ەوە هاتبێت. مێژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ نزیکەی ٢٥٠ ساڵ پێش ئێستا. ساڵی ١٩٧٧ خراوەتە سەر ناحیەی بیاره. ساڵی ١٩٥٥ یەکەم قوتابخانەی تێدا دروستکراوه.‌ لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٥دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٩٠ کەس بووە. له ‌سەرەتای دروستبوونی تەکیەی تێدا بووە، پاشان کراوە به ‌مزگەوت، ساڵی ١٩٧٧ ڕێگەی هاتوچۆ گەشتوەتە سنوری گوندی تاوێرە و هاوار، لە ڕووی کشتوکاڵیەوە بەهۆی ئەوەی زیاتر ناوچەیەکی بەردەڵانییه،‌ زیاتر بۆ ئاژەڵداری لەهەندێک شوێندا بۆ باخداری سودیلێوەرگیراوە. لە ڕابردوودا لە چەند شوێنێکیدا برنجیان بەرهەمهێناوە، سەرچاوەی ئاوی سەرکەن و کانی هەناران و..هتدی تیدایە. له ‌ڕووی شوێنەواری مێژووییەوە چەند شوێنەوارێکی تێدایە لەوانە شوێنەواری قەڵا ڕێزێن و لەگەڵ بوونی گۆڕستانێکی کۆن لە سەرکەن هەروەها شوێنەواری پیرهەمزه ‌و پیرداود، لەگەڵ چەند ئاشێکی ئاو لە دۆڵی گاوران و دۆڵی هارەگەلێن.

تەپەتۆڵەکە

کەوتووەتە سەر ڕێگەی سەرەکیی (هەڵەبجە - سلێمانی). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی تەپەسەر قوڵە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندى شەکرالی و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندى تەپی سەفا و لە خۆرئاواشەوە لەگەڵ گوندەکانی (تەپەکەل و گردی سایەق) هاوسنورە. سەبارەت بەناوى گوندەکە دوو بۆچوون هەيە، بۆچوونی یەکەم پێیوایە‌ لە وشەی (تۆڵە)وە هاتووە، بەڵام گێڕانەوەی دووەم ڕونتر دەردەکەوێت لای دانیشتوانەکەی کەوا دەگوترێت بەهۆی گردێکەوە ئەم ناوەی وەرگرتوە، کە ڕێژەيەکى زۆر لە ڕوەکی (تۆڵەکە)ى لێ ڕواوە. لە پێش سییەکانی سەدەی ڕابردوو چەند سەد مەترێک لە دووری ئەو شوێنەی ئێستا،، کە گوندەکەی لێیە بەناوی گوندی (شاوەیس و باوەیس) ئاوەدانبووە، بەڵام لە ساڵی ١٩٣٢ و پاش چۆڵبوون و نەمانى ئەو گوندە، کەسێک بەناوی (حەمە عەلی عەبدولقادر) گوندى تەپەتۆڵەکەی بەم ناوەوە و لەم جێگەی ئێستادا ئاوەدانکردووەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەی ٥٢ کەس بووە. سەرچاوەی ئاودێریی گوندەکە بریتییە لە ئاوی ژێر زەوی بەشێوە بیری هەڵکەندراوى کراوە و بيرى ئيرتيوازى و هەندێک کانی وەک (کانی قیبلە و کانی ماران و کانی شاوەیس و باوەیس) ئەمە سەرەڕاى پشتبەستنیان بە سەرچاوەی ئاوى زەڵم. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٥ی شێخ موسێیە. بە گشتی خاوەنى ٦٥٠ دۆنم زەوى کشتوکاڵيیه ‌و سەرجەميان بەراون و نزیکەی ١٨٠ دۆنمی بە باخی هەنار و باخی تێکەڵ بە زەیتون و مزرەمەنی و میوەی تر چێنراوە، هەربۆيە پيشەى زۆرێک لە دانیشتوانەکەی کشتوکاڵ و باخداری و فەرمانبەری میرین، گوندەکە ٨٣ ماڵە و ٣٨٠ کەسە. خزمەتگوزارییەکانی وەک پڕۆژەی ئاودێری و ڕێگەى قیر و قوتابخانە و مزگەوت و هۆڵى پرسەیان هەیە.

تەپەسەرەقوڵە

کەوتووەتە دەشتی شارەزوور و لە سنوری ناحیەی (سیروان)ـە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی قەدەفەری و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی تەپەتۆڵەکە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ تەپەڕێزینە و لە باشوری خۆرهەڵات گردیگۆ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی کشەدەریە هاوسنورە. سەرەتا لەلایەن (برایم بەگ)ـەوە ئاوەدانکراوەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٦ کەس بووە. لەپاڵ کاری کشتوکاڵی، خەڵکی زیاتر بەکاری ئاژەڵدارییەوە خەریکن و زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٩ی کشە‌دەرییە. ‌

تەپەکەل

یەکێک بووە لە گوندەکانی دەشتی شارەزوور. کەوتووەتە نزیک بەنداوی دەربەندیخان و دەریاچەکە دایپۆشیوە. بەوهۆیەوە زۆربەیان هاتونەتە گوندی تەپەتۆڵەکە. گردێکی بەرزی تێدابووە؛ بۆیە بەو ناوە ناونراوە. گردەکە بەئاوی دەریاچەکە چواردەوری گیراوە. پێدەچێت گردێکی کۆنی شوێنەواری بووبێت. لەم گوندەدا کانییەک هەبووە بەناوی کانی چەرموو، کە کەوتووەتە نێوان گوندی تەپەتۆڵەکە و تەپەکەل. کانییەکە وشکیکردووە و لە ئێستادا بێئاوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٤ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٨ی تەپەڕێزینە و کشەدەرییە.

تەپەکوڕه

بە دووریی نزیکەی کیلۆمەترێک کەوتووەته باشوری خۆرئاوای سەنتەری ناحیەی (خورماڵ)‌ەوە. لەگەڵ گوندەکانی: شەشکی خواروو، بەشارەتی سەروو لە خۆرئاوا و باشوری گوندەکانی: قشڵاخەڕووتە، زەمەقیی خواروو لە خۆرهەڵات و باشوری خۆرهەڵاتی گوندی خێڵی حەمه، هاوسنورە. مێژووەکەی بۆ ٢٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە، لە سەردەمی (عەزیزی میرە)، کە دەکاتە باپیرەگەورەی بنەماڵەی (حاجی میر ئەحمەد) دروستکراوە. چوار گردی سەرەکی لە گوندەکەدا هەن (قو‌چ، بەیداخ، درۆزنە، تەپەکوڕە). زیاتر لە ٢٤٠٠ دۆنم زەوی بەراوی هەیە و زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١١ی تەپەکوڕەن‌. لە ڕابردوودا سەرچاوە ئاوی زۆری هەبووە وەک (چاوگەى درۆزنە، کونەماسى سەروو و کونەماسى خواروو، بێ حسێن، جۆگەکانى بن گرد و دەلێن و ناوەڕاست)، بەڵام لە ئێستادا وشکیانکردووە و بۆ ئاودێرى پشت بە بیرە‌ قوڵ و مامناوەندەکان دەبەستن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٥٢ کەس بووە و ساڵی ٢٠٢٢ بووە بە ١٦٠ کەس. بەگشتى بە کشتوکاڵ و باخدارى و ئاژەڵ بەخێوکردنەوە سەرقاڵن. خزمەتگوزارييەکانى: قوتابخانە، مزگەوت، پڕۆژەى ئاوى خواردنەوه، هۆڵى پرسە و کارەباى نيشتمانى لە گوندەکەدا هەيە.

پێشتر 1 2 3
...
9 دواتر