شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

173 بابەت

تەپەگوڵاوی

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان). لەگەڵ گوندەکانی (تەپەکەل) لە باکور و (لامەرکەزی) لە خۆرهەڵات و هەریەک لە گوندەکانی (بەشارەتی خواروو) لە باشور و (حاجی ڕەقە) لە خورئاواوە هاوسنورە. ناوی تەپەگوڵاويی دەگەڕێتەوە بۆ تەپێک ياخود گردێک، کە لە بەهاراندا بڕێکی زۆر گوڵاڵەسوورە لەسەری ڕواوە و دەڕوێت. سەرەتای دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵەکانی ١٩١٦ بۆ ١٩١٨ بە بەشداری چەند کەسایەتیەکی ديارى وەک (ئەحمەد خواڕەحم) لە (عەشیرەتی کەلهوری)، کە لە ئێستاشدا سەرجەم دانیشتوانی گوندەکە سەر بەو عەشیرەتەن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ ژمارەی دانیشتوانەکەی ٨٣ کەس بووە و لە ئێستادا ١٧٥ کەسە. بەشێکيان فەرمانبەری میرين و ئەوانى تریان خەريکى کاری باخداری و کشتوکاڵن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٤ی تەپەگوڵاوییە و خاوەنی ١٥٠٠ دۆنم زەوی کشتوکاڵی بەراون. سەرەرای هەبوونی چەمی خورماڵ لە سنوری گوندەکەدا، کە بە (تێلەجۆ) ناسراوە، بەڵام بۆ ئاوی خواردنەوە پشت بە ئاوی ژێرزەوی دەبەستن. خزمەتگوزارييەکانى: کارەباى نيشتمانى و مزگەوتیان هەیە‌.

تەپی سەفای خواروو

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی (گردیگۆ) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی (تەپی سەفای سەروو) و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (تازەدێ، کوڵکنیی فەقێ کەرەم) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی شەکرالی هاوسنورە. (٥٣٠م) لە ئاستی ڕووی زەوییەوە بەرزە. سەرەتایی دروستبوونی بۆ ساڵانی ١٩٣٠ دەگەڕێتەوە. ‌ناوی گوندەکە لە ناوی (مستەفا) ناوێکەوە ناونراوه. گوندەکەش لەسەر تەپۆڵکەیەک دروستکراوە بە پێى مێژوو بووە بە (تەپی سەفا)، بۆچوونێکی تریش هەیە، کە دەڵێن بەهۆی ئەوەی گوندەکە لە‌ شوێنێکی خۆشدا هەڵکەوتووە و کانیاو و داری زۆری لێبووە، وتویانە ئەمە شوێنی سەیران و سەفایە، ئیتر بەوەوە ناونراوە (تەپی سەفا). لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٧٣ کەس بووە و لە ئێستادا ٢٨٠ کەسه و سەر بە عەشرەتەکانى (یاروەیسی، نەوڕۆڵی، وردەشاتری)ن. بەشێکی دانیشتوانەکەی سەرقاڵی ئاژەڵداری و کشتوکاڵن و هەندێکیشیان فەرمانبەری دەوڵەتن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژماری ١٨ی تەوێڵەجۆیه و خاوەنی ٣٠٠٠ دۆنم زەوی بەراون. سەر‌چاوەی ئاودێری بریتییە لە جۆگەکانی (پوزانه، جاوگەدرێژ، تەوێڵە جۆ، کانی سلێمان)، دوو کانیشی هەیە(کانی سلێمان، کانی پوزانە). خزمەتگوزاری: قوتابخانه، مزگەوت، بنکەی تەندروستی، هۆڵی بۆنەکان، کارەبای نیشتمانی و تۆڕێ ئاوخواردنەوەیان هەیە.

تەپی سەفای سەروو

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی تەپی سەفای خواروو و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی شەشکی سەروو و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی (تازەدێ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی شکڕالی هاوسنورە. (٥٤٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەرەتای دروستبوونی بۆ دوای ساڵی ١٩٤٧ دەگەڕێتەوە. هەریەکە لە (مستەفا عەلی مەحموود یاروەیسی، مشیر عەلی مەحموود یاروەیس، عەبدولکەریم فەتاح ئەحمەد یاروەیس) ئاوەدانیانکردووەتەوه. سەبارەت بەناوی گوندەکە بەخۆشی گوندی (تەپی سەفای خواروو)ەوە ناونراوە‌، چونکە لە (تەپی سەفای خواروو) جیابووەتەوە، بەتایبەت یاروەیسیەکان ئەم گوندەیان ئاوەدانکردووەتەوە. بەشێکی دانیشتوانەکەی خەریکی کشتوکاڵ و هەندێکیان فەرمانبەری دەوڵەتن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ١٩ی تەوێڵەجۆیە و خاوەنی ٥٠٤ دۆنم زەویی بەراون. سەر‌چاوەی ئاودێری برتییە لە جۆگەکانی (سەرگەتەچۆ، موڵکی)، سەرچاوەی ئاوی ئەم دوو جۆگه ئاوی (کانیاوی گەنجانە) لە شارۆچکەی (خورماڵ)‌. چەند کانییەک هەیە لەوانه (کانی پاڵەوان، بلورگ، لالەحا)، که وەک سەرچاوە بۆ مەبەستی ئاو خواردنەوە و ئاودێری بە کاریدەهێنن. ژمارەی جۆگەکانیش سێ جۆگەی ئاودێرین. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٠٨ کەس بووە و لە ئێستادا ١٧٥ کەسه. ‌خزمەتگوزارییەکانی: قوتابخانە، مزگەوت، بنکەی تەندروستی، هۆڵی بۆنەکان، کارەبای نیشتمانییان هەیە.

تەکیە

بە دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە خۆرئاوای ناحیەی (خورماڵ) و لەگوێ چەمی زەڵمدایە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (هانەی قوڵ، یاڵانپێ، شیرەمەڕ، بانیشار) و لە خۆرئاوا و باشوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (ئاواییی حاجی حەمەمین و هەرسێ کوڵکنییەکان و گێڵەک) و لە باشورەوە لەگەڵ (خورماڵ و گردیگۆ) هاوسنورە. سەرچاوەی سەرەکیی ئاوی خواردنەوەی گوندەکە لە ئاوی بیر پێکدێت‌. لە ساڵانی ١٩٠٠ بەدواوە (شێخ حیسامەدین نەقشبەندی) بۆ ماوەیەک لەم گوندە ماوەتەوە مورید و هەوادارەکانی لەوێ سەردانییانکردووە و بەهۆی ئەوەی، کە خەڵکێکی زۆر سەردانی گوندەکەیان کردووە‌، ئەو ناوەی لێنراوە. لە ساڵانی (چلەکانی) سەدەی ڕابردوو عەشیرەتی سەددانی لە هۆزی جاف، تێیدا نیشتەجێبوون. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٩ی وڵەوسێنانە. سەرچاوەی ئاوی گوندەکە کانییەکانی (کانی ژنان، حەوزی پیاوان، کانی مام حسەین) و جۆگەی وڵەوسێنان و چەمی زەڵمە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٠ کەس بووە و لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧دا بووە بە ٥٤ کەس و ساڵی ٢٠٢٣ بووە بە ١٠١ کەس بووە. بەگشتی دانیشتوانەکەی سەرقاڵی کاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارین. خزمەتگوزارییەکانی: قوتابخانە، مزگەوت، پڕۆژەی ئاو و کارەبـایـان هەیە.

تەوەنەوەل

کەوتووەتە ناوچەی نەوڕۆڵی و سەر بە ناحیەی (سیروان)ـە و نزیکەی (١٨کم) لە سەنتەرى شاری هەڵەبجەوە دوورە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی گردەناوێ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی کەوتە و لە باکورەوە لەگەڵ چیای باڵامبۆ و لە باشورەوە لەگەڵ ڕووباری سیروان هاوسنورە. (٧٦٦م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. شوێنێکی لەبارە بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ و مەڕ و ماڵات، دانیشتوانەکەی گەرمیان و کوێستانیان کردووە و لە هاویندا ڕوویانکردووەتە گوندی پریسی سەروو، لە زستاندا بۆ لەوەڕی ئاژەڵ و مەڕ و ماڵاتەکانیان، گەڕاونەتەوە بۆ گوندی تەوەنەوەل. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٧ی گردەناوێیە.

تەوەنەو زەڕەنگەرا

کەوتووەتە سنوری گوندەکانی (هانەیدن و سەرگەت). چیای (هەربەدۆڵ) دەڕوانێت بەسەریدا و لەنێو چەمی (ماماشکێ)یە. بەواتای (بەردی زێڕنگران) دێت. ئەم شوێنە، پاشماوەی گوندێکی کۆن بووە. پێدەچێت شوێنی کانزاکاری و دروستکردنی خشڵی جوانکاری و پێویستیەکانی ڕۆژانە بووبێت. خەڵکانێک لە ساڵانی نەوەدەکاندا بۆ دۆزینەوەی شوێنەوار پیایدا گەڕاون. دواتر گوزاراوەتەوە بۆ شوێنێکی دیکە بەناوی (جەوراوا)، کە پاشماوەکانی لە ناوچەکە دیارن. پاشان لەوێشەوە بۆ گوندی (سەرگەت)ی ئێستا، کە لە بناری قەڵای سەرگەتەوە گوازراونەتەوە.

تریفە

کەوتووەتە سنوری ناوچەی نەوڕۆڵی سەر بە ناحیەی (سیروان)ـە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوڵان و چاوگی باوەکۆچەک و لەخۆرئاواوە گوندى پریسی سەروو و هانەسوورە و لە باکورەوە لەگەڵ گوندی حەسەنئاوا و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی هانەسوورە و چیای باڵامبۆ، هاوسنورە. ناوی (تریفە) لە ڕۆشنایی و تریفەی مانگە شەوەوە هاتووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٩٢ کەس بووه. لە پێش ڕاگواستنی ساڵی ١٩٧٨ نزیکەی ٦٠ ماڵی تێدا بووە و حوجرە و قوتابخانەی ئاینی تێدا بووە و گەلێک قوتابی فێری خوێندەواری و زانستی ئاینی بوون تێیدا. دانیشتوانەکەى سەرگەرمی کشتوکاڵکردنی گەنم و جۆ و باخداری و مەڕوماڵات بەخێو کردنن. ڕووبەری گوندەکە ٤٩٧٣ دۆنم دەبێت و نزیکەی(٨٣٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. گرنگترین شوێنەکانی تریفە: (مەیدانی تریفە، چەمی لار، چەمی گاوازک، کەلاران). گرنگترین کانییەکانی تریفە ئەمانەن: (کانی باخی شاوەیس، کانی باخی حسن، کانی کەڵەک، کانی دادە مینا، کانی باخی مامۆ عوسمان)، کە هەتا ئێستاش ئاویان هەیە. زەویییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٥ی تریفەن.

تلێوەرێ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) و بە دووریی (١٤کم) لە‌ باشور و باشوری خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجەوە دوورە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی سازان و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی کەچەڵ هاوسنورە. سەبارەت بەناوی گوندەکه،‌ دوو بۆچوون هەیە، یەکێکیان پێیوایە‌، کە لە (ترێ وەرێ)وە هاتووە، بەجۆرێک هێندە ترێی زۆربووە وەرزی پایز هاتووە و ترێ بە کەپر و دارەکانەوە ماوەتەوە و وەریوەتە سەرزەوی، بۆیە ناونراوە (ترێ وەرێ)، بۆچوونی دووەمیان ئەوەیە، کە لە (تلێ وەرێ)وە هاتووە، کە(تل) بەمانای بەرد هاتووە و ناچەکە سەخت و بەردەڵانە. لەئەنجامی زۆری بەربونەوەی بەرد لەشاخەکانی پشتەوە، ناونراوە تلەوەرێ بەتێپەربوونی کات بووە بە تلەورێ یاخود تلێوەری. هەتا ساڵی ١٩٧٩ نزیکەی ٢٦ ماڵی تێدانیشتەجێبووە، کە سەرجەمی گوندنیشینان سەربە عەشیرەتی زەردۆیی بوون و لەدوای ڕاگواستنی گوندەکان ئەم ژمارەیە دادەبەزێت بۆ نزیکەی ٩ ماڵ ساڵی ١٩٩٧، کە زیاتر پشتیان بە باخداری و ئاژەڵداری بەستووە، بەڵام لەساڵانی ٢٠٠٠ بەدواوە بەتایبەت لەدوای ڕوخانی ڕژێمی پێشووی عێراق، بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری ساڵ لەدوای ساڵ گوندەکە چۆڵکراوە، بەجۆرک لەئێستادا هیچ ماڵێکی تیادا نییە، کە نيشتەجێى هەميشەيى بێت، ڕووبەری باخ لەگوندەکەدا نزیکەی ٢٥ دۆنمە، کە بۆ ئاودێری تەنها پشت بە چوار کانیی سەرەکی دەبەستن. هەتاوەکو ئێستا هیچ جۆرە خزمەتگوزاریەک لەم گوندەکەدا بوونی نییە.

تووەکەی دێکۆن

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەردەبەل). پاشماوەی کەلاوە و شوێنەواری ژیان و ئاشێکی کۆنی تێدایە، کە بە ئاشی تووەکەی دێکۆن بەناوبانگە. لە کۆندا گوندی بەردەبەل لەوێدابووە. کەوتووەتە سەر ڕێگەی سەرەکی و سێ ڕیانی (نەوێ - بەردەبەل - وڵەسمت).

تووەوشکێ

لە بەڵگەنامە فەرمییەکانی زەویوزاردا بە گوندی (بەڕوێنی سەروو و دارەکونجە) ناوی هاتووه و زەویییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٤٢ـە. بە دووریی نزیکەی چوار کیلۆمەتر کەوتووەتە ناوەندی شارەدێی بەمۆوە بە ئاڕاستەی باشوری خۆرهەڵات. لە باکوری خۆرئاوا لەگەڵ گوندی کانیی پاشا، لە باکورەوە لەگەڵ کانیی وەیسکێ، لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بەڕوێن و لە باشور سنوری نێودەوڵەتی (عێراق – ئێران) لەگەڵ گوندی قەیتول لە شارستانی سەلاسی باوەجانی لە خۆرهەڵاتی کوردستان هاوسنورە. ساڵی ١٩٢١ لەلایەن قوبادییەکان، کە لە گوندی پشتەوە هاتوون، ئاوەدانکراوەتەوە و بووە بە شوێنی نیشتەجێبوون، ناوەکەی لە بوونی داری تووی وشکبوو ناونراوە، شوێنێکی هاوینە هەوارە و دەوڵەمەندە بە داربەڕوو. ساڵی ١٩٤٠ لەلایەن چوار برا لە عەشیرەتی قوبادی بەناوەکانی (فەتاح حسەین، سلێمان حسەین، فەتحوڵڵا حسەین، حەسەن حسەین)ـەوە ئاوەدانکراوەتەوە. لە ئێستادا لە دوو خێزان پێکدێت، کە ژمارەیان ١١ کەسە.

توونی حاجی حەسەن

کەوتووەتە ناوچەی شەمێران لە سنوری ناحیەی (سیروان). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی نێرگزەجاڕ و لە باشورەوە گوندی بانەبانان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی قارەمانی و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی گەراوێ هاوسنورە. ئاوەدانکردنەوە و دروستکردنی گوندی توونی حاجی حەسەن لە لایەن (حاجی حەسەن ئەحمەد سلێمان) ناوێکەوە بووە. ناوەکەشی بۆ ئەو بنەماڵە دەگەڕێتەوە. لە پاش دروستکردنی بەنداوی دەربەندیخان لەلایەن حکومەتی ئەو کاتەی عێراق لە ساڵی ١٩٥٦ – ١٩٦١ گوندی عارەوان بووە بە بەشێک لە سنوری کاری پرۆژەکە و ڕوویان لە گوندی (ئیمامی زامن) کردووە، بنەماڵەی حاجی حەسەنیش ڕوویان کردووەتە ئەم شوێنە و ئاوەدانیانکردووەتەوە. ساڵی ١٩٧٨ ڕاگوێزران بۆ هەڵەبجە و دەوروبەری و ئیتر گوندەکە چۆڵ بووە. ساڵی ١٩٩١ جارێکی تر ئاوەدانکراوەتەوە.

جاور: جاوری

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە). لە باکور گوندەکانی بەڵخەی سەروو و خواروو، لە باشور دۆڵبیان و لە خۆرهەڵات گوندی سۆسەکان و لە خۆرئاواش گوندی پاڵانیا هەڵکەوتووە. لە ئێستادا گوندێکی چۆڵە، بەڵام پێش ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ ئاوەدانبووە. جگە لە کاری باخداری، دانیشتوانەکەی بەهۆی نزیکی لە خۆرهەڵاتی کوردستان و گوندی شوشمێوە، سەرقاڵی کاری بازرگانیش بوون. باخەکان بە میوەی جۆراوجۆر دەوڵەمەندن و داهاتێکی باشی بۆ دانیشتوانەکەی دابینکردووە. بەتایبەت بە گوێز بەناوبانگە. ناوچەیەکی فێنک و سازگارە بۆ گەشتیاران، بەڵام بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری وەک ڕێگاوبان، ناوچەکە دەرفەتی کەمی لەبەردەمە بۆ ڕاکێشانی گەشتیار.

جەلیلە

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان). لەناو خەڵکدا بە (جێڵە) ناسراوە. ناونانەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناوی میرێک، کە حوکمڕانی کردووە بە ناوی (جەلیل) و بەرزاییەک لە ئێستادا بە شوێنەواری ئەو فەرمانڕەوایە دەناسرێت. لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (عەنەب و دەرەشیش) له باشورەوە لەگەڵ (عەبابەیلێ) لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ (سەرکەن و تاوێرە) و لە خۆرئاواشەوە لەگەڵ شاری هەڵەبجە هاوسنورە. (٨٢٧م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دەکەوێتە دامێنی چیای (شنروێ)وه،‌ کە (١٨٤٠م) بەرزە. فراوانبوونی شاری هەڵەبجە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی زەوییە کشتوکاڵییەکانی کردووە. لە ڕابردوودا چوار جار شوێنەکەی گۆرأوە. یەکەمجار لە شوێنێک بووە بە ناوی (دێکۆن)ـەوە دواتر دەشتی بەردەگەوران لەوێوشەوە بۆ دەشتی خەرمانە قوڵ و لە کۆتاجار گەیشتووەتە ئەم شوێنەی ئێستای لەسەر ڕێگەی نێوان عەبابەیلێ و عەنەب. جەلیلە دەوڵەمەندە بە ئاوی کانی و زەویی بەراو و چەندین کانی لێیە وەک (کانیی ژنان، کانیی سەرحەوز، کارێز، قلیج، کانیی دێکۆن، مەسۆیە، زەهۆر، کانیی مزگەوت، قەرەحەسەن). بەپێی قسەی پێشینان بێت خەڵکی گوند گەرمیان و کوێستانیان کردووە، بە هاوین ڕوویان لە هەورامان کردووە بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان هەتا کاتەکانی پایز، پاشان گەڕاونەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٤٠ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٤ی جەلیلەن.

جەوراوا

پاشماوەی گوندێکی کۆنە لە سەرەتای گوندی (سەرگەت)دا. کەوتووەتە بەرانبەر مزگەوتی (باوەیس) و گۆڕستانی (باباناوس). لە ئێستادا زەوییەکی بەتاڵە و هەر بە (جەوراوا) ناودەبرێت. دەوترێت ناوەکەی لە (جەبر ئاباد)ەوە هاتبێت. گۆڕستانەکانی ناوچەکە بەڵگەن لەسەر کۆنی و دێرینی ئەم گوندە و ژمارەیەک گۆڕستانی گەورەی لێیە وەک (باباناوس، دارچەقالە، گۆڕستانی وەردەگا و مێزەرە چەرمە هەروەها مەرقەدی شێخ عەلی و شێخ عەبدولکەریم)، کە خەلیفەی شێخ عوسمانی نەقشبەندی گەورە بوون.

چاوگ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) و بە دووریی پێنج کیلۆمەتر لە باشوری شاری هەڵەبجەوە دوورە. لە باکور گوندەکانی چنار و مۆردین، لە خۆرئاوا زەردۆیان و ناوچەی نەورۆڵی، لە خۆرهەڵات گوندەکانی بامۆک و دەڵەمەڕ و عەبابەیلێ هەڵکەوتووە. بەرزییەکەی لە ئاستی ڕووی دەریا (٨٧٠م)ـە. مێژووی دروستبوونی بۆ ساڵانی ١٨٠٠ دەگەڕێتەوە. دانیشتوانی چنار و باوەکۆچەک بەهۆی فێنکی و لەباریی ناوچەکە، هەواریان تێدا هەڵداوە. بەهۆی بوونی زۆرێک لە سەرچاوەی ئاو و لەوەڕگا، مەڕوماڵاتیان تێدا بەخێوکردووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵی ژمارە ٢٦ی باوەکۆچەکن. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ٥١١ کەس تێیدا نیشتەجێبووە. دەربارەی ناوی گوندەکە، بەهۆی بوونی سەرچاوەی ئاوی زۆر و کانی و کارێز و کانیاو، بە چاوگ ناونراوە، کە سەرچاوەی ئاودێرانی باخەکانی باوەکۆچەک و گوڵانیش بووە. چەندین دیاردەی جوگرافی و بەرزی و نزمی لەم گوندەدا بوونیان هەیە، لەوانە شاخی باڵانبۆ لە خۆرئاوا، دۆڵی پەلی دەواران و دۆڵی دڵی و زەهۆران و ملەی داربەلوجە. لە گرنگترین سەرچاوە ئاوییەکانی بریتییە لە کانی زەردۆیان و کانیی ناو مزگەوت و کارێزی مەلا مستەفا و کانی سەر حەوز، کە بەناوبانگترینیانە و بە سەرچاوگیش ناو دەبرێت. ئەم شوێنە بووەتە هۆی ڕاکێشانی گەشتیارێکی زۆر و سەیرانگایەکی دڵڕفێنە لە ئێستادا و لە کۆنیشدا هاوینەهەوارێکی بەناوبانگ بووە. کەسایەتی وەک مەلا مستەفای کۆکۆیی و مەلا عەلی عبدالقادر هەڵکەوتوون، لە سێ بنەماڵەی بەناوبانگ پێکدێت. گۆڕستانی ملەکەوە لەسەر ڕێگەی چاوگ بۆ دارستانی باوەکۆچەک هەڵکەوتووە و لەوێ مردووەکانیان نێژاوە. لە کۆندا قوتابخانەی نەبووە و قوتابیەکانیان هاتونەتە گوندی باوەکۆچەک، لەئێستاشدا قوتابخانە و بنکەی تەندروستی نییە، بەڵام ڕێگەی قیر و پڕۆژەی کارەبای بۆ کراوە. لە ڕووی گەشتیارییەوە خزمەتگوزاری پێویستی تێدایە.

چرۆستانە

کەوتووەتە ناوچەی نەورۆڵی و سەر بە ناحیەی (سیروان)ـە. (٢٠کم) لە خۆرئاوای شاری هەڵەبجەوە دوورە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی کانی توو و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی گوندە و هانەژاڵە و لەخۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی پریسی سەروو و لە خۆرئاوا‌وە لەگەڵ گوندی بێلەنگە و و لە باکوری خۆرئاواشەوە لەگەڵ گوندی قارەمانی هاوسنورە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٣٨ی چرۆستانەیە. ڕووبەرەکەی نزیکەی ١٥٠٠ دۆنم دەبێت. نزیکەی ٢٩٠ دۆنمی بەراوە. کارێزی (ئەحمەد بەگ) سەرچاوەی سەرەکی زەویيە بەراوەکانیەتی. لە کانییەکانی (زڵێخاخان ، دنگڵی، گردەگڕێ، حەوزی دەروێش عەبدولکەرەم، کانیی ناودێ، گوڵباخ، کانییە قوڕینە، کانیی دێ شاناز)ە، کە هەموویان لەڕێی چەمێکەوە دەڕژێنە ناو ئاشەکانی حەوتاشان. بەهۆی چڕیی دار و درەختەکانەوە ناوی (چروستانە) لە گوندەکە نراوە‌. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٩٤ کەس بووە و پێش ڕاگواستنی ساڵی ١٩٧٨ نزیکەی پەنجا ماڵی تیدا بووە. لە ئێستادا کەسی تێدا نیشتەجێ نییە و تەنها چوار ماڵ بنەیان لە ئاوایییەکەدا ماوەتەوە، کە سەرقاڵی کاری ئاژەڵدارین.

چنارەی زێڕوون

کەوتووەتە بناری چیای سورێن لە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی کانی ئاسکان و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی میریسوور و لە باکورەوە لەگەڵ گەچێنەی زێڕوون و لە باکوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی نەوێدا هاوسنورە. مێژوویەکی دێرینی هەیە، دواجار لە ساڵی ١٩٩٣ ئاوەدانکراوەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٦٢٢کەس بووە و ساڵی ٢٠٢٤ تەنها ٢ ماڵی تێیدا نیشتەجێبووە، کە بە ئاژەڵدارییەوە خەریکن. خزمەتگوزاری بۆ نەکراوە تەنها ڕێگەی چەوڕێژی هەیە. دانیشتوانەکەی سەر بە عەشیرەتی قەویلەیین. زۆربەیان لە شارۆچکەکانی خورماڵ و سەیدسادق دادەنیشن. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٢ی زێڕوونە.

چنار

کەوتووەتە ناوچەی کۆکۆیی لە سنوری ناحیەی (سیروان). (١٧کم) لە سەنتەری شاری هەڵەبجەوە دوورە.(١٠٤٠م) لە ئاستی دەریاوە بەرزە و لەناو دۆڵێکدا هەڵکەوتووە. لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (نەیجەڵە و دەوەرە) و لە باکورەوە لەگەڵ گوندەکانی (سازان و تلەوەرێ) لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (لمە و پێگە) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (مۆردین و گردەناوێ) هاوسنوررە. ڕووباری سیروانيش بە بەشی باشوریدا تێپەڕ دەبێت. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا دانیشتوانەکەی ١٨٨ کەس و (٥٠ بۆ ٦٠) خێزانی تێدا ژیاوە. لە ئێستادا تەنها دە ماڵ تێیدا نیشتەجێن. بەهۆی وشکەساڵییەوە تەواوی سەرچاوەکانی ئاوییەکانی وشکبوون. لە کۆنیشەوە خەڵکی گەرمیان و کوێستانیان کردووە. هاوینان لە (وارگەپان و باسک) و زستانان لە چنار ماونەتەوە. ئاوی ژێرزەوی لەڕێگەی بیری ئیرتیوازییەوە بۆ ئاودانی ئاژەڵ و پێویستییەکانی ڕۆژانە بەکاردەهێنن. ڕێگەی چنار بە ڕێگەیەکی خۆڵ و ناوچەیەکی شاخاویدا تێپەڕدەبێت. ناوی گوندەکە لەو دار (چنار)ە بەرزەوە سەرچاوەی گرتووە، کە لە کۆندا لەسەر کانییەکی گوندەکە هەبووە. پیشەی دانیشتوانەکەی لە کۆن و ئێستادا تەنها بەخێوکردنی مەڕ و ماڵات و کاری بازرگانیکردنن لەگەڵ گوندەکانی خۆرهەڵاتی کوردستان بەتایبەت گوندەکانی (بەورۆڵ، سیمان، گوڕی گەور).

چواردارانی خواروو

کەوتووەتە تەنیشت گوندی (چواردارانی سەروو) بە ئاڕاستەی باشور لە ڕۆخی چەمی چوارداران. زەوییەکانی گوندەکە لەگەڵ گوندی چواردارانی سەروو تێکەڵە و لە زۆرێک لە بەڵگەنامە فەرمییەکاندا بە یەک چوارداران ناویان هاتووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٦٥ کەس بووە، بەڵام لە ئێستادا تەنها یەک خێزانی هەشت کەسی لێ نیشتەجێیە.

چواردارانی سەروو

کەوتووەتە باشوری گوندی (بەلەسۆ) ‌لە دامێنی چیای بەمۆی سەر بە ناحیەی (بەمۆ). لەسەر ڕێگەی گوندی (کانیی وەیسکێ - گڵێجاڵ)‌ـە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی بەلەسۆ و لە خۆرهەڵات و باشوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی کانیی وەیسکێ و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی کانی پاشا هاوسنورە و لە خۆرئاواشەوە سنورەکەی هەتا شانی شاخی بەمۆ درێژ دەبێتەوە. نزیکەی چوار کیلۆمەتر لە ناوەندی شارەدێی بەمۆوە دوورە. لە بەڵگەنامە فەرمییەکانى زەویوزاردا زەوییەکانی تێکەڵە لەگەڵ گوندی بەلەسۆ و کەرتی ٤٣. ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە داری سروشتی (بەڕوو)ی بەتەمەن و قەبارە گەورە. ناوەکەی لە بوونی چوار داری گەورەوە وەرگیراوە. چەندین ڕەز و باخی بەرداری تێدایە. لە ئێستادا گوندەکە چۆڵە و هیچ کەسێکی تێدا ناژی.

پێشتر 1 2 3 4
...
9 دواتر