بەرگی چوارەم
شوێنی دەستکرد (گوند و شار)
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
بەرگی چوارەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە). لە باکوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (گەچێنە و باخەکۆن) و لە باکورەوە لەگەڵ گوندی گوڵپ لە باشوری خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی بنجەودڕەی هاوسنورە. مێژوویەکی دێرینی هەیە و چەندین تەپ و گردی بەناوی جۆراوجۆرەوە تێدایە. وەک (کڵاوی ئاشور، ئاوبارە، مەلاسیاوە، ملەگا کۆرە و هتد). خودی گوندەکە لە دامێنی ئەم گرد و تەپۆڵکانە هەڵکەوتووە. لەم گوندەدا گۆڕستانی زۆری تێدایە. زۆربەیان بە دەستوری موسوڵمانان نێژراون. ئەوانەیان کەوتوونەتە ناو سنوری گوندەکەوە بریتین لە: (مەلاشێخ، قەڵا، کۆسەپەڕە، ئایشە نەمام، مەرەخازی). نارنجڵە لە کۆندا لە شوێنێکدا بووە بەناوی (بناری قەڵای سەنگی سیاو)، دواتر لە شوێنێکی دیکەدا گیرساونەتەوە بەناوی (نارنجڵە کۆنە). زیاتر لە پەنجاوپێنج کانی و کانیاوی پڕ لە ئاوی سازگاری هەیە. (هانەکەیوا، هانەودەگای، فەقی ڕۆستەم، هانە سیاڵە) و چەندینی کانیاوی دیکە. هۆکاری ناولێنانەکەی بۆ دوو بیروبۆچوونی سەرەکی دەگەڕێتەوە، یەکەمیان: کانیاوێک، کە (نەیجە)ی تێدابووە بەواتای (قامیش و زەل) دێت. دووەمیان بوونی ژنێک بە ناوی (نارنج) و دواتر هەردوو ناوەکە بوونەتە نارنجڵە. پێش ڕاگواستنی گوندەکان ژمارەی دانیشتوانەکەی ٩٧ خێزان بوون. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانيشتوانەکەى ٢٢٦ کەس بووە. ئێستە تەنها دوو ماڵ لەنێو گوندەکەدا نیشتەجێن. (١٠٢٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. زەوییە کشتوکاڵییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٩ی جۆگەی بنجۆی دڕەیە و زەویوزارێکی زۆری هەیە، ٧٦٥ دۆنم لەوەڕگا، ٩٥ دۆنم بەراو، ٨٦ دۆنم دێم.
کەوتووەتە سنوری شارۆچکەی (خورماڵ). بە کۆمەڵێک شاخ و گرد و تەپۆڵکە دەورەدراوه. ڕووباری زەڵم به بەردەمیدا تێپەڕ دەبێت. له ساڵانی حەفتای سەدەی ڕابردوودا بەناوی (کلکەی باخ) واتە: قەراغ یان کۆتایی باخ ناوبراوە، دانیشتوانەکەی وەکو هاوینەهەوار، واتا وەکو سەردان لەکاتی هاویندا هاتوونەتە ناوچەکه و پاشان لەزستاناندا ڕۆشتوونەتەوه، بەڵام لە ساڵی ١٩٩١ وەکو شوێنی مانەوەی هەمیشەیی و گۆڕینی ناوەکەی بۆ (ناوباخان)، تێیدا نیشتەجێبوون. ناولێناکە لەگەڵ هەڵکەوتەی شوێنەکە (ناو + باخ) گونجاوە. ڕووپۆشی ڕووەکی لە گوندەکەدا به باخ ودارستان و لەوەڕگاوە دەکاتە ٦٧٩ دۆنم. پیشەی سەرەکیی دانیشتوانەکەی بریتییە لە کشتوکاڵ و باخداری و فەرمانبەری حکومی.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی میراولی، لە باشورەوە ڕووباری سیروان، لە باکوری خۆرهەڵات گوندی گونده، لە خۆرهەڵات گوندی هانەژاڵە لە خۆرئاوا گوندی بەشی پیرک. بەرزیی لە ئاستی ڕووی دەریا دەگاتە (٥٩٢م) چیای نەوەر کەوتووەتە بەشی خۆرئاوای گوندەکە، دوورییەکەی له سەنتەری شاری هەڵەبجەوه (١٥کم) دەبێت، خاوەنی زەوی کشتوکاڵی بە پیتە بەتایبەتی لە بەشی خۆرهەڵاتیەوه، بەڵام بەشی خۆرئاوای بە هۆی بوونی چیای نەوەر ناتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ کشتوکاڵ، تەنها لەچەند بەشێکی کەمدا نەبێت دەتوانرێت بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵ سودیلێوەربگیرێت. سەبارەت بەناوی گوندەکە وەک ئاماژەیپێدەدەن، چەند بیروبۆچونێک هەیە لەوانه: دەیگێڕنەوە بۆ وشەی (نادر)، که بە مانای ناوازە دێت، یان لە وشەی (نەبەرد)ەوە هاتووە، بەمانای شوێنێکی سەخت دێت، یان دەڵێن لە وشەی (نەخورد)ەوه هاتووه، به مانای لەوەڕگای پارێزراو دێت. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٥دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١١٩ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٣٠ی گوندە و سەراوە.
کەوتووەتە بناری چیای سورێن و سەر بە ناحیەی (خورماڵ)ـە. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی بەردەبەل و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی کانی ئاسکان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی گەچێنەی بانیبنۆک و لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بانیبنۆک و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی شانەدەر هاوسنورە. (٦٤٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. دووریی لە ڕێگەی سەیدسادق - پێنجوێن هەشت کیلۆمەتر دەبێت، ئەم گوندە لە ڕووی کشتوکاڵییەوە خاکێکی به پیتی هەیە و بۆ دەشتی شارەزوور درێژ دەبێتەوە، بەمەش دەتوانرێت سودیلێوەربگیرێت بۆ بەرهەمهێنانی بەرووبومی کشتوکاڵی بەتایبەتی دانەوێڵە، کەوتووەتە دامێن و شوێنێکی(نەوی) نزم، هەر لەبەرئەوە بە(نەوێ) ناونراوه، هەروەها دەوترێت لە(نوێ)وە هاتبێت و بە تێپەڕ بوونی کات بوو بێت بە (نەوێ)، مێژوویەکی کۆنی هەیە و بەڵام به تەواوی نازانرێت کەی ئاوەدانکراوەتەوە، ژمارەیەک شوێنەوار لە گوندەکەدا بوونی هەیە لەوانە قەڵای زوحاک و زیندانی زوحاک و کوورەی کاوه و شوێنەواری چەند ئاشێکی ئاو و بوونی چەند گۆڕستانێکی گەورە لە نزیک ئەم گوندەدا بوونی هەیە ئەمەش بەڵگەی ئەوەیە، کە گوندی نەوێ مێژوویەکی کۆنی هەیه. ساڵی ١٩٧٨ ژمارەی ماڵەکانی ١٢٠ ماڵ بووە. بەرشاڵاوی ڕاگواستن کەوتووە و دانیشتوانەکەی ڕاگوێزراون بۆ ئۆردوگای (شانەدەری). لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، دانیشتوانەکەی گەڕاونەتەوە سەر زێد و سەرلەنوێ گوندەکەیان ئاوەدانکردووەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٥دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٠٣ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢١ی نەوێیە.
یەکێکە لە گوندەکانی ناوچەی سازان و سەر بە ناحیەی (سیروان). بە دووریی (٢٠کم) لە باشوری خۆرئاوای شاری هەڵەبجەوە دوورە. لەسەر ڕووباری سیروانە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی کوڵی متکان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی پێگە لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی لمە و لە باکورەوە لەگەڵ گوندی چنار هاوسنورە. (٧٠٠ بۆ ١١٠٠م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. تا بەرەو ڕووباری سیروان بڕوات، زیاتر نزم و لێژ دەبێتەوە. بە گشتی ناوچەکە شاخاویی سەخت و کێوەکانی لە تاوێرە بەردی تیژ و ڕەش پێکهاتوون. بە دارەکانی بەڕوو و قەزوان دەوڵەمەندە و بنێشتکردن و ڕاوەماسی و ئاژەڵداری پیشەی سەرەکیی دانیشتوان بووە. دەربارەی ناوەکەی دووبۆچوون هەیە، بەو پێیەی لە پێچاییەک هەڵکەوتووە و بە زمانی ناوچەکەش بەو جۆرە شوێنانە دەوترێت نەیگا و بە بەراورد بە شوێنەکانی دیکەی گوندەکە هەوای سارد نایگرێتەوە. بەڵام بۆچوونی بەهێز ئەوەیە، کە نەیجە بەواتای جۆرێکی قامیش دێت و بەو ڕووەکە سروشتیە دەوڵەمەندە. هەتا پێش ڕاگواستنی ١٩٧٨ نزیکەی ٣٠ ماڵ بووە. مزگەوتی هەیە و قوتابخانەی نەبووە و بۆ خوێندن هاتونەتە سازان. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٥دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٨٠ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٩ی نەیجەڵەیە. مێژووی ئاوەدانکردنەوەی بۆ ساڵی ١٨٣٠ دەگەڕێتەوە. یاروەیسی کوڕی نەزەر کوڕی خوڵاوەیس ئاوەدانیکردووەتەوە. پاشان عیسا حەمەشریف کۆکۆیی و دواتر حەمەکەریمی عەلی زەردۆیی هاتووەتە گوندەکە و لەگەڵ ڕۆستەمی غوڵام، کە خەڵکی گوندی سازان و عەشیرەتی لۆراوی بووە زیاتر ئاوەدانبووەتەوە. بۆیە بەگشتی گوندەکە لە عەشیرەتی زەردۆیی و کۆکۆیی و لۆراوی و ساتیاری پێکهاتووە. بەڵام ساتیارییەکان لە پاش ساڵی ١٩٥٠ گوندەکەیان بە جێهێشتووە. هەروەها کۆمەڵێک خێزان لە عەشیرەتی دەوانی تێدابووە. لەگەڵ خێڵی خاندەلی لە ئەسڵدا هەمەوەندی بوون لەوێ ژیاون.
بە دووریی نزیکەی (١٢کم) کەوتووەتە باکورى خۆرهەڵاتی ناحیەی (سيروان) و (١٥کم) لە سەنتەرى شارى هەڵەبجەوە دوورە. لە باشور و باشورى خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانى (تونى حاجى حەسەن، مامەشەيى) و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانى (کانى توو، غوڵامى، قارەمانى) هاوسنورە. (٥٨٢م) لە ئاستى ڕووى دەرياوە بەرزە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٣٧ـە. سەرچاوەى بژێویى دانيشتوانەکەی بريتيیە لە کشتوکاڵ و ڕاوەماسى و ئاژەڵدارى. بەپێى سەرژمێرى ساڵى ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٣٢ کەس بووە، بەڵام لەکاتى ڕاگواستنى نێرگزەجاڕ بۆ ئۆردوگاى زەمەقى لە پارێزگاى هەڵەبجە، زياد لە حەفتا ماڵی لێ نیشتەجێبووە. مێژوویەکی هەزار ساڵەی هەیە. لەسەر ناوى نێرگزەجاڕ چەند بۆچوونێک هەیە، هەندێک پێیانوایە، کە لە گوڵی (نێرگز)ەوە هاتبێت و (جاڕ)يش بە زەوييەک دەوترێت، کە کێڵرابێت و داچێنرابێت و بەروبوومەکەى هەڵگيرابێتەوە و دورابێتەوە. بۆچونى دووەم دەیگەڕێننەوە بۆ بنەماڵەيەکى بەناوبانگى کوردى بەناوى بنەماڵەى نێرگزيیەکان، کە لە گوندەکەدا ژياون، لەوانە (أبو الوفا النيرجسي)، کە نازناوى (تاج و العارفين)ـە. حوجرە و قوتابخانەى ئاينى لە گوندەکەدا مێژويەکى دێرينى هەيە، وەک مەدرەسەی ئاینی (شێخ مەعروفى نێرگزەجاڕ).
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) و نزیکەی (١٤کم) لە شاری هەڵەبجەوە دوورە. لە خۆرئاوای ئەم گوندەوە (چیای سماقان) و (دێی گوندە) هەڵکەوتووە، لە باشوری خۆرئاواییەوە گوندی (نەوەر) و لە باشور و خۆرهەڵاتەوە گوندی (کەوتە) و(ڕووباری سیروان) و لە باکورەوە گوندی (سەراو) و (دەشتی ئاڵەمات) هاوسنورە. (٦٥٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. ئەم گوندە شیوێکی تەنگەبەردا هەڵکەوتووە لەنێوان شاخی نەوەر و شاخی باڵامبۆدا و لە بنەڕەتدا ناوی (کانی کەروێشکان) بووە لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ بە کانی کەروێشکان تۆمارکراوە و ١٢٠ کەس بووە. دواتر ناوەکەی گۆڕاوە بە (هانەژاڵە)، دیارە کانی کەروێشکان کانییەک بووە، کە کەروێشکی زۆر بووە یان زۆر تیایدا بینراوە، هەرچی سەبارەت بە (هانەژاڵە)يشە ئەوە وشەکە زاراوەیەکی هەورامییە و بە مانای کانی ژاڵە دێت، کە دیارە ئەو پانتاییە داری ژاڵەی زۆر بووە. لە کاتی ڕاگوێزانی لە ساڵی ١٩٧٨ نزیکەی پەنجا ماڵێکی تێدابووە. قوتابیانی بە مەبەستی خوێندن چوونەتە (قوتابخانەی گوندە). دانیشتوانەکەى بە پیشەی کشتوکاڵ و ئاژەڵداری و ڕاوەماسییەوە خەریکن.
کەوتووەتە ناوچەی هەورامان. لە باکورەوە لەگەڵ دۆڵی بنجەودڕەی و لە باشورەوە لەگەڵ دۆڵی دەرەقەیسەر و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ کانی باخی سان و دۆڵی بێزەل لە خۆرئاواوە لەگەڵ دۆڵی زەردەهاڵ هاوسنورە. لە ئێستادا چۆڵە، بەڵام پێش پرۆسەی ڕاگواستنی بەزۆرەملێی سەردەمی ڕژێمی پێشووی عێراق، ئاوەدانبووە و شانبەشانی گوندەکانی دراوسێی وەک دەرەقەیسەر و زەردەهاڵ دانیشتوانەکەی سەرقاڵی کاری باخداری بوون، بۆ پێداویستیەکانیان ڕۆشتوونەتە بازاڕی بیارە، جگە لەوەی بەرهەمێکی باشی میوەهات و گوێزیان هەبووە و بەشی دانیشتوانەکەی کردووە و زیادەکەشی براوەتە بازاڕی بیارە بۆ ساغکردنەوەی و داهاتێکی باشی بۆ خاوەن باخەکان مسۆگەرکردووە، لەوانەش بەرهەمی ترێ و هەرمێ و گوێز و هەنار و توو. لە ئێستادا باخەکانی بەهۆی کەشوهەوای فێنک بە تایبەتی لە وەرزی هاویندا، سەرنجی گەشتیاران ڕادەکێشێت، خراپیی ڕێگاوبانەکان دەرفەتی سەردانیکردنی وەک پێویست بە گەشتیاران نەداوە. ئەوەی هەیە تەنها لە وەرزی بەهاردا دەوروپشتی، کە چەند گرد و تەپۆڵکەیەکی تێدایە، دەبێتە جێ سەیرانی خەڵکی، بە تایبەتی لە بۆنەی نەورۆزدا. (١٣٢٣م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٦١ی پشت جۆگەی هانەنەوتێیە.
کەوتووەتە ناوچەی هەورامان. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی دەرەیمەڕ و لە باشورەوە لەگەڵ لوتکەی تاقە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ لوتکەی لەنگەلەرز و شەڵواندڕ لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی سەرگەت هاوسنورە. (١١٢٤م)ە لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزه. لە ئێستادا نزیکەی ٣٢ ماڵ دەبێت و دانیشتوانەکەی بە زۆری خەریکی ئاژەڵداری و کاری بازرگانین و کاری کۆڵبەری دەکەن. جگەلەوەی کاری باخداریان فەرامۆشنەکردووە و ڕووبەرێکی فراوان ڕەزە دێم بەتایبەتی لە شەڵواندڕ و چیاکانی دەوروبەريدا هەیە و بەشی خۆبژێوی دانیشتوانەکەی دابیندەکات و بەرهەمە زیادەکەشی لە نێو بازاڕی خورماڵ دەفرۆشرێت و داهاتێکی باش بۆ خاوەن باخەکان دەستەبەردەکات، بە جۆرێک ترێی شەڵواندڕ لای دانیشتوانی خورماڵ بەناوبانگە، هەروەها بە بوونی هەوارگەی گەشتیاریی زۆر بەناوبانگە، لەوانەش (هانەنەوە و هانە توتمان و هانەی نسار تاریک و هانەوتێ و هانەتایلە و قەڵای داڵ)، کە سەرجەمیان شوێنی گەشتیارین و خاوەنی باخی دارگوێز و کانیاوی زوڵاڵ و سازگارن، کە ساڵانە خەڵکێکی زۆر سەدانیاندەکەن. دۆما، گەڕەکێکی دیاری ناو گوندەکەیە ساڵی ١٩٢٠ دروستکراوە، ماڵەکانی تاڕادەیەک تەختە، نزیکەی بیست ماڵی تێدایە. دانیشتوانەکەی هەموو پیشەوەر بوون، هەر بۆیە بەم گەڕەکە وتراوە (گەڕەکەو دۆما)، کە (دۆم) بەواتای پیشەوەر دێت. لەو پیشانە: کڵاشچن، ئاسنگەر، خەیات، ڕستنوچنین بە تەشی، جۆڵایی، هەلاجی و لێفە دوورین... بەتایبەت ژنەکانیان لەوانە (پوورە ئامینە، حاجی حەلاو، پوورە ڕابیعە) دەستڕەنگین بوون. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٠٤ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵی ٤٩ی هانەیدنە.
بە دووریی پێنج کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی یاڵانپێ و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی زەڵم و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی بانیشار هاوسنورە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٢٣ کەس بووە و ساڵی ١٩٧٧دا بووە ٤٧٠ کەس و لەئێستادا ١٩٥٠ -٢٠٠٠ کەسە، کە زۆربەیان لە شارۆچکەی خورماڵدا نیشتەجێن. گوندەکە بەچەند بەرزاییەک چواردەور دراوە، شاخی (ڕەنگین) و بانی (هانەی قوڵ) لە باکور و شاخی (مارە گیرەو) و (حوشترمل) لە خۆرهەڵات و (تەپەنۆدژانە)ش لەباشوریەوە. سەبارەت بەناوی (هانەی قوڵ) بۆچوونی جیاواز هەیە، یەک لەوانە بەناوی ئەو کانییەوە هاتووە، کە لەناو گوندەکەدا هەبووە. (هانە)ش بە هەورامی واتە (کانی). دانیشتوانەکەی لە چەند بنەماڵەیەک پێکهاتوون (سیدە بەگ، سۆفی کەریم، محموود و شێ، بابا وەیسە، خێڵی خەیاتان، خێڵی ئوڵا، قالە بەرزە)، کە لەسەرەتاوە گوندەکەیان ئاوەدانکردووەتەوە. ساڵی ١٩٧٢ بۆ یەکەمجار قوتابخانەی لێ کراوەتەوە. لە شۆڕشەکەی (شێخ مەحموودی حەفید)دا خەڵکی گوندەکە بەسەرۆکایەتیی (مەحموودخانی دزڵی) بەشدارییانکردووە. پاشان لەشۆڕشی ئەیلولیشدا بەشداربوون و بەو هۆیەوە لە ساڵی ١٩٦٣ بەفڕۆکە بۆردومانکراوە و چەند هاوڵاتیەکی لێ شەهید بووە. ساڵی ١٩٧٨ بەر شاڵاوی ڕاگواستن کەوتووە و دانیشتوانەکەی ڕاگوێزراوە بۆ ئۆردوگای نزیک خورماڵ. دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ خەڵکەکەی هەوڵی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکەیان داوە. بەهۆی کەمیی سەرچاوەی ئاوەوە لەئێستادا ژمارەی دانیشتوانەکەی کەمیکردووە بۆ تەنها پێنج ماڵ، کە بە ئاژەڵدارییەوە خەریکن. لە شوێنی گوندە کۆنەکەیانەوە بە بۆری، ئاویان بۆ ئاوەدانییە نوێیەکە ڕاکێشاوە و ڕێگەکەی چەوڕێژە، کارەبای نیشتیمانی و مزگەوتیان هەیە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٥ی تەکیە و یاڵانپێیە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە). له خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی دەرەتفێ و له باکورەوە لەگەڵ گوندی هاوار لە باشورەوە لەگەڵ گوندی گریانە و لە خۆرئاواوە لەگەڵ شاخی شنروێ هەتا دەچێتەوە سەر ڕووبارى سیروان هاوسنورە. (٩٢٤م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. سەرچاوەی ئاوی (کانی هەوارەکۆن)ی هەیە، کە ئاوێکی زۆری هەیە. دانیشتوانەکەی له پەیڕەوانى ئاینى کاکەیی یارسانن. گوندەکە پاشماوەی قەڵا و مۆری تیادۆزراوەتەوە، کە بۆ سەردەمى ماددەکان دەگەڕێتەوه. زەوییەکى فراوانی هەیە، کە لەوەڕگایە بەڵام پێیدەڵێن(بەر دێ)، واتا بەردەمى گوند. بۆیە دەکرێت پێشتر دێیەکى گەورە بووبێت. سەبارەت بە ناوى ئەم گوندە بۆچونی بەهێز ئەوەیە، پێشتر گوندى هاوار لێرە بووبێت و بەواتای هاوارى کۆن دێت. ژمارەى خێزانەکانى نزیکەى ٤٥ خێزانە، بەکارى کشتوکاڵى و باخداری و ئاژەڵداریەوە خەریکبوون. ئەم گوندەش دەوڵەمەندە بە سامانى ئاوى بە هۆی تێپەڕبوونى چەمێک بە ناو گوندەکەدا، کە لەهەورامانەوە دێت و پاش ئەوەى بە گوندی هاواردا تێدەپەڕێت بەرەو خۆرهەڵات دەبێتەوە و لێرە بە (چۆمى زەوار) ناو دەبرێت و بڕێکى زۆر باخدارى لەبەر کراوه، بۆیە بە گوێز، هەنار و هەنجیر دەوڵەمەندە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٦٠ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٥ی هاوارە.
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە). لە باکورەوە لەگەڵ گوندی پاڵانیان لە باشورەوە لەگەڵ گوندی هاوارەکۆن لە خۆرهەڵات لەگەڵ شارەدێی تەوێڵە و گوندی دۆڵبیان و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی تاوێرە هاوسنورە. (١٠٠٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. لوتکەی (بەفری میری) یان (چادرگە) بە بەرزیی (٢٠٠٤م) بەرزترین خاڵی ئەم گوندەیە. لە ڕوی جوگرافیەوە سەر بە ناوچەی هەورامان و لە پەیڕەوانی ئایینی یارسان یان کاکەیین. ڕۆژی (ماستی قەڵاتێ) یان (بەخشین) لە بۆنە بەناوبانگەکانیانە. مێژووی ئەم گوندە بۆ ٩٨٤ ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و شوێنەواری دێرینی وەک (سایە قەڵا) و (قەبری یوسو) لەگوندەکە هەن. ناوی هاوار لە بنەڕەتدا بۆ (ها)، کە ئامڕازی ئاماژە پێکردنە لە شێوەزاری هەورامیدا و (وار) بەواتای (خوار) دێت. هەردوو وشەکەش پێکەوە بەواتای لە (خوار دەگەیەنن) بەو پێیەی، کە کەوتووەتە بەشی خوارەوەی ناوچەی هەورامانی لهۆن. ڕایەکی دیکە پێیوایە ناوی گوندەکە لە (هاناو هاوار)ی خەڵکی شارەزورەوە هاتبێت، کە لە کاتی شەڕوشۆڕی ناوچەکەدا ڕویان لە گوندەکە کردووە. هاوار خاڵی یەکگرتنی سێ چۆم (دۆڵ)ی پڕ لە ئاوی وەک چەمی شنروێ لە خۆرئاوا و چەمی دواوان لە باکور و چەمی ئاشی لە خۆرهەڵات، بۆیە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە ئاو و چەندین کانی بەناوبانگی وەک (کانیە درێژ، کانی وێشەی، کانی چەمی شنروێ) و چەندینی دیکە، کە دانیشتوانەکەی بۆ ئاوی خواردنەوە و پێداویستیی ڕۆژانە پشتیانپێبەستووە. بە دار قەزوان و دارەبەن و بنێشتکردن و بەخێوکردنی هەنگ بەناوبانگە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٣٥٧ کەس لە ١٩٧٧دا ٥٨٢ کەس بووە، لە ئێستادا ژمارەی خێزانەکان زیاتر لە ٤٠٠ خێزانە. یەکەمین قوتابخانە لە ١٥ی ٩ی ١٩٥٣ کراوەتەوە لە گەڕەکەکانی (ئاواییی ژووروو، بەردەڕەشێ، خەرمانی سەوڵێ، خەرمانێ، کانیە) پێکهاتووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٥ی هاوارە و جادەی قیری بۆ چووە و بووەتە ناوچەیەکی گەشتیاری.
بە (ئێڵانپێ و هێڵانپێ)ش ناودەبرێت. کەوتووەتە سنوری ناحیەی (خورماڵ). له دامێنى زنجيرە چياى سورێن و خۆرئاواى ئەو زنجيرە چيايەدا هەڵکەوتووه. بە دورى پێنج کیلۆمەتر لە سەنتەرى شارۆچکەى خورماڵەوە دووره. لە باکورەوە لەگەڵ گوندی دزڵی لە خۆرهەڵاتی کوردستان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی هانەی قوڵ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی بانیشار و لە باشورەوە لەگەڵ شارۆچکەی خورماڵ هاوسنورە. سەبارەت بە ناوەکەی بۆچونی جیاواز هەیە، دەڵێن وشەیەکی تورکیە بەواتای(پیاوی ئازا و دز) دێت، لەسەر کەتیبەیەکی ئەشکانیاکان بە ناوی (ئیڵێپی)ەوە تۆمارکراوە، (مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس) دەڵێت بە واتاى (دێی پاڵەوانان) دێت، کۆتا بۆچونيش پێیوایە (وشەیەکی کوردییە و لە دامێنی یاڵدایە(ياڵ واتە دۆڵێک لەناوچەيەکى بەرزدا) و وەک مەدالیا بە گەردنی یاڵەکاندا هەڵواسراوە. دانيشتوانى سەر بە هیچ عەشیرەتێک نین و تەنها (گۆران - هەورامى)ن ، چونکە (گۆران - جاف)يش هەيە، مێژووەکەی زۆر کۆنە و بە پێی لێکۆڵینەوە و کنە و پشکنینی شوێنەواری، کە بۆ ئەو کەلوپەلە دەستیانەی، کە دۆزراونەتەوە، هی سەردەمی (شارستانیەتیی ئەشکانی و ماد و ساسانییەکانە). خاوەنی ٢٥ کانیی هەمیشەییە و هەتا ئێستا هیچ کانییەکی وشکینەکردووە، ئاوی بەهارانیشی زۆر زۆرە و زۆربەی شوێنەکانی پڕ دەبن لە ئاو و گرنگترین کانیەکانی بریتین لە: (پەڵگا، هانە چیاڵە، هانەوا، هانە گەورە، هانەو ڕێبوارا، حەوزو شێخ ڕەزای، وێکەن، هانەو کاک هەسەنی، سەرو حەوزی، کانی تو، هانە بەکان) و چەندین کانیی تر. لەبەرئەوەى ناوچەى شاخاوى و دەشتاييشى هەيە، دانيشتوانەکەى هەم بە ئاژەڵداری و هەم بە باخەوانی و هەمیش بە کشتوکاڵەوە خەريکن، بەگشتى باخى (هەنجير و هەنار و گوێز) لە ناوچە بەرزەکانى گوندەکە و دانەوێڵەى (گەنم و جۆ)ش لە دەشتايى و تەختاييەکانى دامێن چيادا دەکرێن، لە خزمەتگوزارییەکانی (ڕێگاى قیر، مزگەوت، کارەبای نیشتیمانی - قوتابخانە، تۆڕى ئاو)، بەڵام بە هۆى نەبونی خوێندکارەوە قوتابخانەکە هەڵپەسێردراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٥٥٠ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٢٥ی تەکیە و یاڵانپێیە.