تازەدێی بناری سورێن

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09


کەوتووەتە بنار چیایی سورێن لە سنوری ناحیەی (خورماڵ). لە باکورەوە لەگەڵ ملەی قوینە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی قەڵبەزە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی بەردەبەل و لە خۆرئاواوە لەگەڵ چەمی هەنارە هاوسنورە و بەسەر دەشتی شارەزووردا دەڕوانێت. هاوینی گەرم وشک و زستانی سارد و باراناویە و بەفری لێدەبارێت. لە مێژووی نوێدا لە ساڵانی ١٩٦٩ – ١٩٧٠ ئاوەدانکراوەتەوە و مزگەوتی تێدا دروستکراوە. لەبەر ئەوەی قوتابخانەی لێ نەبووە، قوتابییەکانیان لە گوندی (وڵەسمت) خوێندویانە. لەدوای ساڵی ١٩٩٢ لەلایەن حاجی مارف حاجی حەمەساڵح جارێکی تر ئاوەدانکراوەتەوە. ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٢٠ خێزانی تێدا نیشتەجێبووە. ساڵی ١٩٧٨ بۆمبارانکراوە و هەمان ساڵ بەر شاڵاوی ڕاگواستن کەوتووە. سەرچاوەی ئاوی (قۆینە، هەنجیرەڕەشان، چاوگی دۆخەکان) دەکەونە سنوری گوندەکەوە. شوێنەواری دێرینی (چەم هەنارە) کەوتووەتە خۆرئاوای گوندەکەوە. شاخی (ملەی گۆڕیانە) کەوتووەتە باکوریەوە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٣٩ی بەردەبەلە.

سەرچاوەکان:

  1. چاوپێکەوتنى ئامادەکار لەگەڵ (مارف حاجى حەمەساڵح مەحموود)، لەدایکبوو: ١٩٦٧، پیشە: کاسب، لە ٢٢ى ٩ى ٢٠٢٣.
  2. سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢ى ٩ى ٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: سەلام هانەدنی

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

کێلەسپی

ساڵی ١٩٥٩ گوندی (کێلەسپی) لەگەڵ گوندی (جان جان) لەیەک دراوە و ناحیەی (سیروان) پێکهێنراوە. ساڵی ١٩٥٧ بە فەرمی هەردوو گوندەکە کراون بە یەک. کەوتووەتە سەرەتای لای ڕاستی ئەو ڕێگەیەی لە سیروانەوە بۆ هەڵەبجە دەچێت. بنچینەی ناوەکەی بۆ ئەو کێلەسپی و بەرزانە دەگەڕێتەوە، کە لە دروستکردنی گۆڕستانی گوندەکەدا هەبوون، ئەم کێلانە لە بەردی شاخ تاشراون و زۆرینەیان لە دوو مەتر بەرزتر بوون. هەتا ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو بەشێک لەم کێلانە مابوون. دوو لە کێلەکان نوسراوی لەسەر هەڵکۆڵرابوو، لەکاتی هێرشی (زەعیم سدیق مستەفا) ساڵی ١٩٦٣، کێلەکان دیارنەمان. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٦٣ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٧ی بەشارەتە.

گەچێنەی زێڕوون

کەوتووەتە قەدپاڵی زنجیرە چیای سورێن. بە دووریی نزیکەی (١٣کم) کەوتووەتە خۆرئاوای ناحیە‌ی (خورماڵ)ەوە. لە حۆرئاواوە لەگەڵ گوندی بانیبنۆک و لە باکورەوە لەگەڵ خۆرهەڵاتی کوردستان و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی چنارە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی کانی ئاسکان هاوسنورە. مێژووی دروستکردنی بۆ ساڵی ١٩١٠ دەگەڕێتەوە کاتێک (فەقێ محەممەد ئەکبەر) لە گوندی (قەویلەوە)هاتووە و بونیادیناوە. ‌لەچوارچێوەی هەڵمەتی ڕاگواستنی گوندەکانی سەرسنور، ساڵی ١٩٧٨ ڕاگوێزراوە بۆ ئۆردوگای زۆرە ملێی (شانەدەری و سەیدسادق). لەپاش ڕاپەڕین، ‌ساڵی ١٩٩٦ ئاوەدانکراوەتەوە‌ و لە ئێستادا چوار ماڵی تێدایە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٤٨ کەس بووە.

گردەچاڵ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بەحرکە) لە پارێزگای هەولێر. هەڵەبجەییەکان لە دوای کیمیابارانی هەڵەبجە و گەڕانەوەیان لە وڵاتی ئێران، لە دەشتاییەکانی حەوزی بازیان و باینجان هێشتنیاننەوە، پاش ماوەیەکی کەم کۆمەڵێکی زۆیان لێ دەستبەسەرکران و بەره ‌و سنوری ئەم گوندە ڕاگوێزران و لە سەختترین ژیاندا نیشتەجێکران. بە سادەترین پێداویستی و کولەمەرگی ڕووبەڕووی سەختیی ڕۆژگارەکە کرانەوە. بە یارمەتی و چاونەترسی هەولێرییەکان توانیان ئەو ڕۆژانە بەڕێبکەن.

گردی قازی

لە باکورەوە لەگەڵ گوندی گوڵەخانە و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی گردیگۆ و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندی تەپەڕێزینە و لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندی گێڵەک هاوسنورە. لەسەر سەرچاوەی ناوەکەی زانیاریەکی ئاشکرا نییە، بەڵام ئەوەی، کە دیارە میژووی دروستبوونی دەگەڕێتەوە بۆ ناوەڕاستی پەنجاکانی سەدەی ڕابردوو، کە بەشێک لە خێزانەکانی لە گوندەکانی دەوروبەرەوە، کە سەر بە(عەشیرەتی سەدانی)ن، دێنە ئەم جێیە و هەتا ئێستاش ماونەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٣ کەس بووە. زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٨ی کشەدەریی تەپەڕێزینەیە‌. لەئێستادا ژمارەیان ١٠٠ کەسە و بە سەر ٢٣ خێزاندا دابەشبوون. خاوەنی ٣٤٠ دۆنم زەویی بەراوە و نزیکەی ٨٠ دۆنمی باخی هەنارە. دیارترین کانی، کە گوندەکە بۆ کشتوکاڵ سودیلێوەردەگرن بەناوی (کانی گیڵەک)ەوەیە، ئەمە جگە لە بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوی بۆ باخداری و کشتوکاڵ. گوندەکە ڕاستەوخۆ کەوتووەتە سەر ڕێگەی سەرەکیی (خورماڵ -سەیدسادق) و مزگەوت و بیری ئاوی خواردنەوە و ڕێگاوبان و هۆڵی بۆنەکانی هەیە. پیشەی دانیشتوانەکەی بریتییە لە کشتوکاڵ و باخداری و فەرمانبەری میری.

گردیگۆ

کەوتووەتە سنوری ناحیەی (سیروان) لەسەر سێڕیانی خورماڵ هەڵەبجە و سەیدسادق و لە نزیک پردی زەڵمە. لە خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (کوڵکنیی فەقێ کەرەم و کوڵکنیی حەمەسوور) و لە باکوری خۆرهەڵاتەوە لەگەڵ گوندەکانی (گردی قازی و تەپەڕێزینە) و لە باشورەوە لەگەڵ گوندی (تەپی سەفا) و لە خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (تەپەتۆڵەکە، تەپەسەرقوڵە، کشەدەر) هاوسنورە. لە تۆمارە فەرمیەکاندا بەناوی کوڵکنیی خواروو ناوی هاتووە. هەندێکیش دەڵێن مێژووی زۆر کۆنە و پێدەچێت ئەو گردە بۆ سەردەمی گۆتییەکان بگەڕێتەوە. بەڵام مێژووی ئاوەدانکردنەوەی بۆ ساڵی ١٨٠٠کان دەگەڕێتەوە. سەرەتا ئەولمحمەمەدی کاخانی حەمەخانی محە ئاوەدانیکردووەتەوە، بەهۆی گردەکەی ناویەوە ناونراوە گردیگۆ و خۆشی بووەتە موختاری گوندەکە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ١٤٣ کەس بوون، کە ٨٣ نێر و ٦٦ لە ڕەگەزی مێ بوون. لە ساڵی ١٩٧٠ بەشێوەی کاتی قوتابخانەی تێدا کراوەتەوە و لە ماڵی هاوڵاتیەک بەناوی عەوڵای ئەحمەدی وەیسی، هەتا ساڵی ١٩٨٧ بەردەوامدەبێت و دواتر گوندەکە وێرانکراوە. لە کۆندا گۆڕستانی سەرەکیی گوندەکە گۆڕستانی شاوەیس و باوەیس بووە. بەڵام بە تێپەڕبوونی کات مردووەکانیان لە گوندی شیرەمەڕ و شوێنانی دیکە بەخاکدەسپێرن. ڕێکخراوی HAD ئەڵمانی لە ساڵی ١٩٩٤ کەلوپەلی بیناسازی پێشکەش بە دانیشتوانی گوندەکە کرد و لەهەمان ساڵدا هەمان ڕێکخراو قوتابخانەی بۆ گوندەکە کردەوە. لەساڵی ١٩٩٣ ڕێکخراوی ڕابیتەی ئیسلامی کورد، مزگەوت و لە ساڵی ١٩٩٨ هۆڵی پرسەی بۆ گوندەکە دروستکردووە. لە ساڵی ٢٠٠٢ نەخۆشخانە لە گوندەکەدا کراوەتەوە. لە ساڵی ١٩٩٩ قوتابخانەیەکی بنەڕەتیی دیکە لە گوندەکە کراوەتەوە. لەڕووی خزمەتگوزارییەوە ئەحمەدی کوێخا ڕەشید خزمەتێکی زۆری بە گوندەکە کردووە و ژێرخانی ئاوەدانی هێناوەتە گوندەکە. لەساڵی ٢٠١٦ مزگەوتەکە بە شێوەی خێرخوازی نۆژەنکراوەتەوە و هۆڵی پرسەی پیاوان دروستکراوە. بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافیی گوندەکە و سێڕیانی هەڵەبجە بۆ خورماڵ و سیروان و پێگەی ستراتیجیی گوندەکە لە ڕووی سەربازییەوە، تەنها لەسەردەمی زەعیم سدیق چوارجار گوندەکە سووتاوە و کاولبووە. لە شەڕی ناوخۆدا دووبارە شوێنی پێکدادانی هێزە کوردییەکان بووە و بەردەوام هێرشیکراوەتەسەر. لە نەخشەی گرتنی هەڵەبجە وەک شوینێکی سەرەکی و دابڕینی هەڵەبجە لە سلیمانی هێرشیکراوەتەسەر.

گریانە

بە دووریی (٢٥کم) لە باشورى خۆرهەڵاتى شاری هەڵەبجەوە دوورە. سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. کەوتووەتە سنوری نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران و خۆرهەڵاتی کوردستان. لە خۆرهەڵاتەوە ڕووباری سیروان لەگەڵ گوندی شێخان لە شارستانی پاوە لەیەکیان جیادەکاتەوە. له خۆرئاواوە لەگەڵ گوندەکانی (هاوار، هاوارە کۆن) لە باشورەوە لەگەڵ گوندەکانی (بۆین و ڕێشاو) و لە باکورەوە لەگەڵ شارەدێی تەوێڵە و گوندەکانی (سۆسەکان، دەرەتفێ) هاوسنوره. دەربارەی ناوەکەی، بۆچوونی بەهێز ئەوەیە، کە لەئاڤێستادا بە (گارێهانە) ناوی هاتووە. بە تێپەڕبوونی کات لەسەر زار بۆ (گریانە) گۆڕاوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٨٣ کەس و ساڵی ٢٠١٦دا ٦٥٠ کەس بووە. کۆمەڵێک گۆڕستان و ئەشکەوتى تێدایە لەوانە ئەشکەوتى (کونیل، زاخێ، دووەر، مقەر، کولێن دەشت)، هەروەها شوێنەواری ٣٥ خانو و میحرابی مزگەوت و بەردە دنگێک و دوو ئاش تێیدا بەجێماوە، یەکێکیان تەمەنى بۆ زیاتر لە ‌١٠٠ ساڵ دەگەرێتەوه. گریانە بە دارەبەن بەناوبانگە. چەندین کانی و کارێزی‌ تێدایە، لەوانە (کانی پیرکامڵ، کانی بن گوێز، کانی کونێل، کارێزی وەیسە، کارێزی حەمەکافە). زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥٣ی گریانەیە‌.