بیاوێڵه
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-12
کەوتووتە باکوری خۆرهەڵاتی ناحیەی (سیروان) و نزیکەی پێنج کیلۆمەتر لە خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجەوە هەڵکەوتووە. کەوتووەتە نێوان دوو دۆڵ. لەبەشی باکورەوە لەگەڵ دەرەشیشی خواروو، لە خۆرهەڵاتەوە و لەگەڵ (دەرەشیشی سەروو) لە باشور و (عەنەب) لە خۆرئاواوە و گوندی (زەمەقی) هاوسنورە. کەوتووەتە باکوری چیای شنروێ و بەرزیی لە ئاستی ڕووی دەریاوە دەگاتە(٧١٤م). زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥ی بیاوێڵەیە. دانیشتوانی گوندەکە دەڵێن: سەرەتای دروستبوونی بۆ سەردەمی دەوڵەتی عوسمانی دەگەڕێتەوە و لەلایەن سێ براوە بەناوەکانی (موراد، مەحموود، عەبدوڵا) ئاوەدانکراوەتەوه،، کە لە بنەڕەتدا دەگەڕێنەوە سەر شەجەرەی ساداتی جوانڕۆ. خاوەنی زەویی بەپیتە،، کە بەشێکی زۆری کراوە بۆ باخداری و بەرووبومی دانەوێڵە. سەبارەت بەناوی گوندەکە دوو بیروبۆچون هەن: یەکەمیان ئاماژە بەوە دەکەن کەسێک لەو ڕەوەند و کۆچەرییانەی لە ڕابردوودا بەو گوندەدا هاتوچۆیانکردوه، بانگی لە هاوڕێکانی تری کردوه، که شوێنی گونجاوی بەدی کردوە پێی وابووە ئەو شوێنە نێوان ئەو دوو دۆڵەبووە،، کە ئێستا گوندەکەی تیادایه و بۆ دابەزین و بارگەخستن گونجاو بووە بۆیە بانگی کردون وتویەتی وەرن وێڵه، که دواتر ئەم وشەیە دەستکاری کرابێت بەشێوەی شێوەزاری هەورامی یان فارسی بووەتە (بیا - وێڵە) واتە وەرە ئەی کەسی بێ ماڵ و بێ شوێن. ئەمە لەکاتێکدایه،، کە دانیشتوانی گوندی بیاوێڵە بە زاری ناوەڕاست/شێوەزاری سلێمانی قسەدەکەن و شێوەزاری هەورامی بەکارناهێنن. بیروبۆچوونی دووەم ئاماژە بەوه دەکەن،، کە لەو ناوەدا دار (بی) یەکی گەورەو سێبەر چڕ بەقەراغی جۆگەلەی ئەو کاتەی گوندەکەدا ڕواوه و گەورەبووه، سێبەرێکی چڕو خۆشی هەبووە و زۆرکەس لە ژێریدا حەواوەتەوه، پاشان پرسیار کراوە ئەم داره گەورە کێ خاوەنیەتی و کێ ناشتوویەتی؟ لە وەڵامدا وتراوە: ئەمە دار (بی) یەکی وێڵە و دواتر بووەتە (بیە - وێڵە) و بەتێپەڕ بوونی کات وشەکە بووەتە بیاوێڵە. لە ڕابردوودا خانەقای شێخانی نەقشبەندی لێ بووە و چەندین فەقێ تیایدا خوێندویەتی. ساڵی ١٩٥٤ قوتابخانە بۆ گوندەکە دروستکراوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا، ژمارەی دانیشتوانەکەی ١٠٢ کەس بووە. شوێنەواری ژیانی زۆر کۆن لە گوندەکەدا دۆزراوەتەوە، کە پێدەچێت لە قۆناغە جیاوازەکاندا شوێنی ژیان بووبێت. لەسەردەمی زەعیم سدیقدا و لە ساڵی ١٩٦٣ بەهۆی ئەوەی دانیشتوانەکەی ئاڵای سپیان بۆ پێشوازی لە زەعیم هەڵنەکردووە، سوتێنراوە و خاپوورکراوە. هەموو باخە کۆنەکانی گوندەکە تاپۆی دەوڵەتی عوسمانییان هەیە. مزگەوتەکەی لەسەردەمی شێخ عومەری بیارەدا دروستکراوە و زیاتر لە ٩٠ ساڵ تەمەنی هەیە. لە ساڵی ١٩٥٦دا پڕۆژەی غەنی شاڵی، کە بریتیبووە لە ڕاکێشانی ڕێگەی هەڵەبجە - خورماڵ چەوڕێژکراوە. لەساڵی ٢٠١٢ قیرتاوکراوە. لە ساڵی ١٩٧٥ کارەبای بۆ ڕاکێشراوە. هەر لەو ساڵەدا ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنیش براوەتە گوندەکە. خاوەنی ئەستێری ملە قەویە، کە لە ١٦ی٣ی ١٩٨٨ چەندین کەسی تێدا شەهیدبووە.
سەرچاوەکان:
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار (د. مقداد عومەر عەبدوڵا) لەگەڵ (هێمن غەریب بابل) (ڕۆنامەنوس و خەڵکی گوندی بیاوێڵە) لەدایکبوو: ١٩٨٤ بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ٢٧ی ٢ی ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی تیمی مەیدانی لەگەڵ (هێمن غەریب بابل باوەیس)، لەدایکبوو: ١٩٨٤ بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: مامۆستا، لە ٢٧ی ٢ی ٢٠٢٤.
- چاوپێکەوتنی تیمی مەیدانی لەگەڵ (سەلام قادر عەبدولوەهاب قادر)ی ئەنجومەنی گوندی (بیاوێڵە)، لەدایکبوو: ١٩٦٥، بڕوانامە: ئامادەیی، لە ٢٧ی ٢ی ٢٠٢٤.
ئامادەکردنی: د. مقداد عومەر عەبدوڵا,تیمی مەیدانی/ گوندی بیاوێڵە