بەڵخە
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-15
کەوتووەتە سنوری ناحیەی (بیارە). لە باکورەوە دەگاشێخان و شارۆچکەی بیارە، لە باشورەوە سۆسەکان و جاور و پاڵانیا، لە خۆرهەڵات شاخەکانی هەورامان و شارەدێی تەوێڵە، لە خۆرئاوا لەگەڵ گوندەکانی خەرپانی و تاوێرە هاوسنورە. شاخی بەنەن لە بەرزیی (١٣٠٩م) لە خەرپانی و تاوێرەی جیادەکاتەوە. مێژوویەکی کۆنی هەیە و شوێنەوارەکانی (سۆڵێ و زەریندۆڵ و مێشلە و دێگە و دەرەنەجات و قەڵای خەسرە و ئاغە و هتد) ئەمە دەسەلمێنن. ڕاوبۆچوونی جیاواز لەسەر ناوەکەی هەیە، هەندێکک پێیانوایە دوو برابوون، کە خەڵکی بەڵخی لای سەمەرقەند و بوخارا بوون، هەریەکەیان لە دوو شوێنی ناوچەکە نیشتەجێبوون، یەکیان لە شوێنێک لە خوارووی وەروەزەن، کە پێی وتراوە (دێگە) و ئەوی دیکەشیان لە (دەرەنەجات) لەسەرووی وەروەزەن نیشتەجێبووە. بە ناوی ئەم دوو کابرایەوە ناونراون بە بەڵخەی خواروو و بەڵخەی سەروو. هەندێککی بۆ هەبوونی تاڤگەیەکی زۆر لەو شوێنە دەگەڕێننەوه، وەک (وەروەزەن، سەروەزەن و وەزەنێ). ئاوەکەیان بەسەر تاشە بەردەکاندا دەدات، کلس دەکات و بە زمانی ناوچەکەش بەم کلسە دەوترێت بەڵخ، هەندێکی تریش پێیانوایە، کە یاقووە سووری تەوێڵەیی لەکاتی کاروانیدا لە نزیک وەزەنێ لایداوە و هەواری هەڵداوە و وتویەتی هەوارم لای بەڵخەکەیە، ئیتر لەمەوە ئەم ناوە پەیدا بووە ئەم بۆچوونەش زیاتر بۆچوونی سەرەوە پشتڕاست ئەکاتەوە. ژیان لە بەڵخەی سەروودا هەتا شەڕی چاڵدێران و دیاریکردنی سنوری ناوچەکە لە نێوان عوسمانی و سەفەویەکاندا بەردەوامبووە. بەپێی ڕێککەوتننامەی ئەرزەڕۆم، شاخەکانی بەڵخە و خودی بەڵخەی سەروو و باخەکانی هەتا ڕێگەی نێوان سەرسۆڵێ و چێرسۆڵێ، کە ڕێگە سەرەکییەکەی ئێستا دەگرێتەوە، بەرکەوتەی دەوڵەتی سەفەوی بووە و لەوە بەرەوخواری بەرکەوتەی دەوڵەتی عوسمانی بووە. دەسەڵاتداری بەڵخە فەتاح بەگ و نەوەکانی پەیوەندیان لەگەڵ عوسمانیەکان بەهێز بووە، بەڵخەی سەروویان بەجێهێشتووە، لە (بانیتا) بەڵخەی ئێستایان دروستکردووەتەوە هەر بەناوی بەڵخەوە ناویانناوە. وردە وردە خەڵکی بەڵخەی سەروو ڕوویانکردووەتە گوندە نوێیەکە. هەروەها لە دێگە و دەرەنەجات و بەڵخەی خوارووش، ئاوەدانی و ژیان هەبووە، بەڵام دەرەنەجات بەهۆی تاعونەوە هەر زوو چۆڵکراوە، ساڵی ١٩٧٠ کۆتا ماڵ لە بەڵخەی خواروو، کە ماڵی (ڕەحمانی عەبدول) بووە کۆچیکردووە بۆ ئەم بەڵخەیەی ئێستا. گۆڕستانی ڕێوڵە یەکێکە لە گۆڕستانە مێژووییەکان و بەشی دووەمی گۆڕستانەکە بۆ سەردەمی ئیسلام دەگەڕێتەوە. ناوچەیەکی گەشتیاریی سەرنجڕاکێشە و ئاووهەوایەکی فێنک و تاڤگەی سەرنجڕاکێش و ئاوی زۆرە. لە گەڕەکەکانی (بەگزادا، هاڵاوی، ملەگا و خەڕاتا، گەڕەکە و دەرەی، دەرە ول، مێشلە و هەرزنەجەڕ)ە پێکهاتووە. قەدپاڵەکانی بە ڕزەدێم و بەتایبەت ترێ ڕەشە دەوڵەمەندە، باخی هەنجیر و هەناری زۆری تێدایە، زەوییەکانی سەر بە کەرتی کشتوکاڵیی ژمارە ٥١ی بەڵخەی سەروون. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا، دانیشتوانەکەی ٦٧٢ کەس بووە.
سەرچاوەکان:
- بەڵخە ئەستێرە شاراوەکەی هەورامان، مامۆستا بهجت ڕحمان، ٢٠١٩. چاپی یەکەم، ل١٤-١٩.
- گوندەکانی باشوری کورستان لە سەرژمێری دانیشتوانی عێراقدا ١٩٥٧، دکتۆر عبداللە غفور، بەرگی دووەم، چاپی دووەم، چاپخانەی دەزگای ئاراس، هەولێر، ٢٠٠٥، ل١٤٥.
- سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمان محمد، چاپی یەکەم، تاران، ٢٠٠٥، ل١٢٧١ – ١٢٧٥.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید