بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
مەزارگەیەکی پیرۆزە لەسەر گردێک لە نێوان ڕێگای سەرەکیی گوندەکانی کاگردەڵ و دوانزە ئیمامە. بە کەڵەکەبەرد هەڵچنراوە. لە ساڵی ١٩٢٠کانەوە ئەو مەزارگەیە بوونی هەیە. سەرەتا گوندی کاگردەڵ لەوێ بووە. خەڵکی بۆ چاکبوونەوەی نەخۆشی ڕۆشتوونەتە سەری. دارێکی توی تێدابووە پێیانوابوو، کە هەرکەس لقێک لەو دارە بکاتەوە توشی دەردێک دەبێت. دارەکە بۆ نزیکەی ١٠ ساڵ دەبێت سووەتاوە. لە ئێستەدا چواردەوری زەوییەکانی بەهۆی کێڵان و جوتیارییەوە گۆڕانکاریان تێداکردووە. خەریکە بەتەواوەتی گردەکە تەخت دەبێت. کانییەک لە تەنیشتیدا هەبوو، بەڵام بەهۆی لێدانی بیرەوە وشکیکردووە.
مەزاری (شێخ مەعروف کوڕی شێخ عەبدوللەتیف شێخ حەسەنی شێخ شەمسەدینی شێخ عەبدولغەفاری یەکەم)ـە. لە نەوەی مەلا گوشاییشە و لە مەردۆخییەکانی هەورامانە. بە شێخ مارفی دەرەقووڵەش ناسراوە. له دەوروبەری ساڵی ١٧٠٠ لە خارگێلان لەدایکبووە و هەر لەوێش کۆچیدواییکردووە. مەزارەکەی کەوتووەتە (دەرەقووڵە) لەسەر ڕێگەی بانی کۆڵ، لە خوار زەردەهاڵ و نزیک خارگێڵان. بە بەرد هەڵچنراوە و داربەڕووەکەی سەری پەڕۆی پێوەکراوە، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، کە شێخ عومەری زیائەدین داویەتی بەلایدا، لەسەر وەڵاخەکەی دابەزیوە. خەڵکی ناوچەکە بۆ هەندێک نەخۆشی بەهیوای چاکبوونەوە سەردانیانکردووە. بووەتە گۆڕستانی زەردەهاڵ و دەرەقەیسەر. لە ٢ی١١ی ٢٠٢٤ لەلایەن لیژنەیەکەوە نۆژەنکراوەتەوە.
مەزاری پیاوچاکێکە، مێژووی ژیانی نەزانراوە. کەوتووەتە چەمی خواروو لە دەرەقازاندایە لەناو باخی (ساڵحی ئەحمەدی مەحموود) لە سنوری شارەدێی (تەوێڵە). بۆ باخەکانی دەوربەری بووەتە ناونیشان. وا دەوترێت، کە سەحابی بووە و لەو شوێنەدا کوژراوە.
سەکۆیەکی گەورەیە لە باخی شەمسە، نشینگەی هاوینەی شێخ عەلی حسامەدینە، کەوتووەتە گۆشەی پردی نزیک سەرچاوەی (زەڵم) لەسەرووی جۆگە مەننەوە. ساڵانی ١٩٢٧ بەدواوە، هاوینان مرید و دەروێش و مەنسوبەکانی شێخ لە خێڵی سۆفیا، لەو شوێنە کۆبوونەتەوە. هەتا ئێستاش شوێنەواری ماوە و خەڵکی گوند باسیدەکەن.
شوێنی حەوانەوە و نوێژگەی شێخ حسامەدینی نەقشبەندییە. کەوتووەتە نێو سارای چنارەوە لە ئاوێسەر، لە شارەدێی تەوێڵە. کەڵەکەکەی بەردی گەورەگەورەبوون، مەلابەکر و حەمەی حەمالە و چەند پیاوێکی تر بەسەرپەرشتی شێخ دایانناوە و دەوری گیراوە. لە نزیکیەوە دوختان و شوێنی نوێژکردن کراوە و شێخ لە کاتی خۆیدا وەک نشینگە تیایدا ماوەتەوە.
کەوتووەتە گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). لە شۆڕشەکەی شێخ (مەحموودی حەفید)دا، کەسایەتییەکی شۆرشگێڕ بووە. ساڵی ١٩٢٦ لە گوندی (ناڵپارێز) بە فڕۆکەی ئینگلیز کوژراوە و تەرمەکەی هێنراوەتەوە بۆ گۆڕستانى گوندی (شیرەمەڕ) و سیاجیان بۆ کردووە. خەڵکی بە پیرۆزیان داناوە و بۆ چارەسەری نەخۆشى بەتایبەتی (گرانەتا، ئیفلیجی) سەردانیانکردووە.
نەزرگەیەکە لە گوندی (دەرەتوێ)، نەزرگەی یەکێک لە پیاوە ئاینیەکانی پەیڕەوانی ئایینی (یارستان)ە. کەوتووەتە نێوان (سەرسوڵێ) و (هاڵەمێ) بەناوی ئەو کەسایەتیە ئایینییەوە ناونراوە. بە بەرد تەڵانی بۆ کراوە. خەڵکی ناوچەکە سەردانیدەکەن.
کەوتووەتە سەر گردەکەی (تەپی سەفای خواروو)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). بەپێی قسەی دانیشتوانی گوندەکە پیاوێکى ئاینى و لەخواترس بووە و خەڵکی گوندی قەڵبەزە بووە. زانیاری لەسەر ساڵانی ژیانی نازانرێت. دانیشتوانی گوندەکە بۆ نەخۆشیی لەرزوتا سەردانی گۆڕەکەیان کردووە. گۆڕێکی تریش لە تەنیشتییەوە هەیە، کە نازانرێت هى کێیە. بە بەرد شوورای بۆ کراوە.
کەوتووەتە باشوری تەوێڵە و لەسەر ڕێگای سەرەکیی تەوێڵەیە لە گەڕیات، دەڕوانێتە سەر دۆڵی تەوێڵە و گەڕیات، لە باکورەوە گەڕیات و شارۆچکەی تەوێڵە و لە باشورەوە دەرە قازان و تەڵانە گەورێ و لە خۆرهەڵاتەوە دۆڵی سۆفی جانە و لە خۆرئاواوە سۆسەکان دەورەیانداوە، مەزاری فەقێ ئەحمەدی غەزایی دیندار و عارف و چلەکێشە. لە نەوەی کاکۆ زەکریاییەکانە و هاتوەتە تەوێڵە.
کەوتووەتە سنوری گوندی (چنار)ی کۆکۆیی. تاکە گۆڕێکە لە نزیک ڕوباری سیروان، کە هی ژنێک بووە و ئاوی ڕوبار لە خۆرهەڵاتی کوردستانەوە هێناویەتی لەوێ نێژراوە و ناوچەکە بەو ناوە ناونراوە.
مەزارێکی پیرۆزی یارسانەکانە و کەوتووەتە نێوان گوندی (هاوار) و (پاڵانیا). کاکەی جاور لە تێکستە پیرۆزەکانی یارساندا ناوی هاتووە.
بە دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە باشوری گوندی (یاڵانپێ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرکەى (٢٠م٢) دەبێت. مێژووەکەی بەتەواوى دیارنییە. وەک شوێنێکى پیرۆز سەیریانکردووە و بە مەبەستى چارەسەرى نەخۆشى بەتایبەت (لەرزوتا، بایەری) پەنایان بۆ بردووە. چەند گۆڕێکى تریش لە دەوریدا هەبوون، کە ئێستا تەنها شوێنەواریان دیارە.
گۆڕێکی مێژووییە و کەوتووەتە نێوان سنوری گوندەکانی نەوێ و بەردەبەل. نزیک ئاشەوانە، کە سەرچاوەی ئاوی نەوێیە. خەڵکی ناوچەکە دەڵێن بۆ سەردەمی زوحاک دەگەڕێتەوە و چیرۆکی ئەفسانەیی لەسەر ئەم گۆڕە و هۆکاری ناونانەکەی دەگێڕنەوە.
محەممەد پاشاى جاف لە سەردەمى قايمقامیەتى خۆيدا لە هەڵەبجە دروستيکردووە و خەرجیى مزگەوت و مەلا و فەقێى مزگەوتەکەى لەئەستۆگرتووە و دواى ئەويش کەوتووەتە سەرشانى عوسمان پاشاى جاف و دواتريش خێزان و کوڕەزاکانى، کۆمەڵێک گۆڕى تێدايە، کە هەموويان هى بنەماڵەى بەگزادەى جافن، سەير لەوەدايە گۆڕى هيچ يەکێک لە پاشا و بەگزادە گەورەکانى تێدا نييە، بەڵکو زياتر گۆڕى ژنان و کچانى ئەو بنەماڵەيە و تاقە کوڕێکيانی تێدايە، گۆڕەکان ژمارەيان ١٠ دانەيە، ناشزانرێت لەبەر چ هۆکارێک ئەوانە لەناو مزگەوتەکەدا ئەسپەردە کراون، بەپێى زانيارييەکانى بەهيەخانى کچى حاميدبەگى جاف، ئەوانەى، کە لەو مزگەوتەدا ئەسپەردەکراون ئەمانەى خوارەوەن: ١- ناهيدە عوسمان پاشاى جاف (١٨٨٣ بۆ ١٩٣٨): خێزانى عەلى بەگى مەحموود پاشاى جاف بووە. ٢- ئەختەر عيززەت بەگ: کوڕى عوسمان پاشاى جاف (١٩١٤ بۆ ١٩٤٠)، خێزانى حەسەن فەهمى بەگى جاف بووە. ٣- شەمسە مەجيد بەگی کوڕى عوسمان پاشاى جاف (١٩١١ بۆ ١٩٤٤)، خێزانى ئەحمەد بەگى حەمەساڵح بەگى جاف بووە. ٤- سەعادەتی تاهيربەگی عوسمان پاشاى جاف (١٩٠٤ بۆ ١٩٣٢)، خێزانى ئەحمەدبەگى حەمەساڵح بەگى جاف بووە. ٥- حەلاوە محەممەد (يەعقوب): خێزانى حاميدبەگى جاف (١٨٩٥ بۆ ١٩٥٠). ٦- ئامينە محەممەد عەلى بەگ محەممەد پاشاى جاف. ٧- محەممەد سەروەر: کوڕى حەسەن بەگ کوڕى عەلى بەگ کوڕى مەحموود پاشاى جاف (١٩٤٧ بۆ ١٩٤٩). ٨- ناهيدە حەسەن بەگی کوڕى عەلى بەگ کوڕى مەحموود پاشاى جاف (١٩٤٤ بۆ ٢٩ی ٨ی ١٩٤٥). ٩- خاتوو شيرين: خێزانى تاهيربەگى جاف(؟ بۆ ١٩٤٣)، کە دەکاتە دايکى فاتمەخان و هەورامى بووە. ١٠- ئامينەخان: خێزانى تاهيربەگى جاف، کە سەرەتا جولەکە بووە و پاشان مسوڵمان بووە، دايکى هەريەکە لە مەسعود و سەعادەت بووە.
ژمارەيان نۆ گۆڕە، کەوتوونەتە ناو ژوورێکى شێوە لاکێشەيى (٢ بۆ ٣م)، لە تەنيشت دەروازەى سەرەکیى چوونەناو هۆڵى نوێژکردنى مزگەوتەکە لە تەنيشت بەشى خوارەوەى باشورى منارەکەيدا. مێژووى گۆڕەکان: چەند سەرچاوەيەکى مێژوويى، کە لەسەر مێژووى مزگەوتە دواون و ئاماژەيان بەوە کردووە، مێژوويان دەگەڕێتەوە بۆ خانەوادەى موسا بەگ، کە لەسەردەمى فەڕمانڕەوايەتیى بابانەکاندا قائيمقامى خورماڵ بووە، لە تەنيشت مزگەوتى خورماڵدا ژورێکى بۆ خۆى دروستکردووە و پاش مردنى لەو ژوورەدا نێژراوە و پاشان بووەتە گۆڕستانى تاکەکانى خێزانەکەى. نەخش و زەخرەفەى سەر گۆڕەکان: لە ئێستادا تەنها سێ گۆڕيان بەشێکى کێلەکانيان ماوەتەوە و ئەوانى تر شکاون و نەماون.
بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە خۆرئاواى گوندى (گمە) لە تەنیشت گۆڕستانی (ناوڕیانى نوێ). مێژووەکەی بۆ پێش دروستبوونى گوندەکە دەگەڕێتەوە. ڕووبەرەکەی نزیکەی دوو دۆنم دەبێت.
شوێنی شەخسێکە بەناوی (مەحموود سەرەواڵا). ئەم ناوە لە هۆنراوەی شاعیرانی ناوچەی هەوراماندا هاتووە. کەوتووەتە نزیک کانی ژنان لە سنوری گوندی (گوڵپ) لە یەکەم پێچ بەرەو سەرگەت. شوێنەکە لەکاتی خۆیدا بریتیبووە لە بەردێکی تەخت و دەورەکەی بە کەڵکەبەرد هەڵچنراوە. ڕۆژانی چوارشەممان خەڵک بەشیرینییەوە چوونەسەری و نزایانکردووە. لە ئێستادا شوێنەکە نەماوە و بەرجادەکەی (گوڵپ – سەرگەت) کەوتووە. لە نزیک گوندی جەلیلەش شوێنی هەیە.
کۆمەڵێک مەزاری پیاوچاکانن، کەوتووەنەتە سنوری گوندی (دەگاشێخان)ی هەورامانەوە. لە لای خەڵکی ناوچەکە پیرۆزن و مێژووی هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتی کۆچی. ١- ئیمام قاسم: لە یاری شێخ ئەحمەدی جامییە. داربەڕوویەکی گەورەی تەمەن ٦٠٠ ساڵ لەسەر مەزارەکەیەتی و دەوروبەری نزیکەی ١٠ گۆڕی لێیە، کە ڕوو بە قیبلەن. کەوتوەتە سەروی ڕێگەی دێکۆنی داشارەی دەگاشێخان. ٢-دەروێشە پرچنە: کەوتووەتە بەردەم قوتابخانەی دێ کۆنەکەی دەگاشێخان و ڕەزەدێمەکانی ئیبراهیم ڕەشید، دەوربەری مەزارەکەی نزیکەی ٥٠ گۆڕی لێدەرکەوتووە، نوسینی کێلێکیان خوێنراوەتەوە، کە مێژووی ١٦٠٠ زاینی دەکات. ٣- تڵفی ساوا: کەوتووەتە سەر جادەی دەگاشێخان - بەڵخە. مەزاری پیرێکە لەبەر پاکی و بێوەیی بە منداڵی ساوا چوێنراوە. لە فراونکردنی جادەکە و دروستکردنی هۆڵی شەهید بورهان عەبدولڕەحمان لە ساڵی ٢٠١٢دا، پێوە بووە، ڕوفاتەکەی گوازراوەتەوە بۆ ناو گۆڕستانی بەر جادەکە و لە تەڵانێکدا دەوری بە تەلبەند گیراوە، لە باوەڕی خەڵکیدا وا هاتووە: لە ناکۆکی سوڵتانی ساق و شێخ ئەحمەدی جامیدا ڕۆڵی ئاشتی بینیوە و ڕێکیخستووتەتەوە.
کەوتووەتە باشوری خۆرهەڵاتی گوندی (دەرەگوڵان)ی سەر به شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی ٢٠ دۆنم دەبێت. پێشتر چەند کێلێکی تێدابووە. بەڵام لەشەڕی (ئێران و عێراق) کێلەکانیان لابردووە، دانیشتوانی گوندەکە بۆ چارەسەری نەخۆشی لەرزوتا چوونەتە سەردانی. هەرچەندە زەوییەکەی دەوروپشتی کشتوکاڵییه، بەڵام کەم کەس دەوێرێت بیکێڵێت و باوەڕی زۆربەی دانیشتوانـەکـە وەهـایـه: هەرکـەس لـە ڕابردوودا کێڵاویەتی توشی کارەسات بووە.
کەوتووەتە ڕێگای نێوان گوندەکانی هاوار و دەرەتفێ. بە يەکێک لە شوێنە ئایینیە پیرۆزەکانی پەیڕەوانی ئایینی یارسان (کاکەیی) دادەنرێت. ساڵانە ژمارەیەکی زۆری گەشتیار لە پەیڕەوانی ئەم ڕێبازە بۆ مەبەستی پاڕانەوە و حاسڵبوونی مرازەکانیان سەردانی مەزارگەکە دەکەن. (میر اسکندر) خۆی یەکێکە لە یارانی کاکەیی و (سوڵتان اسحاقی بەرزنجی) باپیرە گەورەی بووە. ئەم کەسایەتییە لای (هاوارییەکان) خۆشەویستە و جێگە و ڕێزی تایبەتی هەیە. بەپێی مێژوو و بەڵگەنامە ئایینیەکان، (میراسکندر) سەری خۆی لە پێناو پاراستنی ڕێبازی کاکەیی و تایفەکانی هاواردا بەخت کردووە.