گۆڕەکانى ناو مزگەوتى پاشا
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07
محەممەد پاشاى جاف لە سەردەمى قايمقامیەتى خۆيدا لە هەڵەبجە دروستيکردووە و خەرجیى مزگەوت و مەلا و فەقێى مزگەوتەکەى لەئەستۆگرتووە و دواى ئەويش کەوتووەتە سەرشانى عوسمان پاشاى جاف و دواتريش خێزان و کوڕەزاکانى، کۆمەڵێک گۆڕى تێدايە، کە هەموويان هى بنەماڵەى بەگزادەى جافن، سەير لەوەدايە گۆڕى هيچ يەکێک لە پاشا و بەگزادە گەورەکانى تێدا نييە، بەڵکو زياتر گۆڕى ژنان و کچانى ئەو بنەماڵەيە و تاقە کوڕێکيانی تێدايە، گۆڕەکان ژمارەيان ١٠ دانەيە، ناشزانرێت لەبەر چ هۆکارێک ئەوانە لەناو مزگەوتەکەدا ئەسپەردە کراون، بەپێى زانيارييەکانى بەهيەخانى کچى حاميدبەگى جاف، ئەوانەى، کە لەو مزگەوتەدا ئەسپەردەکراون ئەمانەى خوارەوەن:
١- ناهيدە عوسمان پاشاى جاف (١٨٨٣ بۆ ١٩٣٨): خێزانى عەلى بەگى مەحموود پاشاى جاف بووە.
٢- ئەختەر عيززەت بەگ: کوڕى عوسمان پاشاى جاف (١٩١٤ بۆ ١٩٤٠)، خێزانى حەسەن فەهمى بەگى جاف بووە.
٣- شەمسە مەجيد بەگی کوڕى عوسمان پاشاى جاف (١٩١١ بۆ ١٩٤٤)، خێزانى ئەحمەد بەگى حەمەساڵح بەگى جاف بووە.
٤- سەعادەتی تاهيربەگی عوسمان پاشاى جاف (١٩٠٤ بۆ ١٩٣٢)، خێزانى ئەحمەدبەگى حەمەساڵح بەگى جاف بووە.
٥- حەلاوە محەممەد (يەعقوب): خێزانى حاميدبەگى جاف (١٨٩٥ بۆ ١٩٥٠).
٦- ئامينە محەممەد عەلى بەگ محەممەد پاشاى جاف.
٧- محەممەد سەروەر: کوڕى حەسەن بەگ کوڕى عەلى بەگ کوڕى مەحموود پاشاى جاف (١٩٤٧ بۆ ١٩٤٩).
٨- ناهيدە حەسەن بەگی کوڕى عەلى بەگ کوڕى مەحموود پاشاى جاف (١٩٤٤ بۆ ٢٩ی ٨ی ١٩٤٥).
٩- خاتوو شيرين: خێزانى تاهيربەگى جاف(؟ بۆ ١٩٤٣)، کە دەکاتە دايکى فاتمەخان و هەورامى بووە.
١٠- ئامينەخان: خێزانى تاهيربەگى جاف، کە سەرەتا جولەکە بووە و پاشان مسوڵمان بووە، دايکى هەريەکە لە مەسعود و سەعادەت بووە.
سەرچاوەکان:
- سەردانی مەیدانیی ئامادەکار بۆ شوێنەکە، لە ٢ی ٥ی ٢٠٢٣.
ئامادەکردنی: د. عادل سدیق عەلی