شێخ مارفی تاقانە

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-07


لاپەڕەی 343

مەزارگە

مەزاری (شێخ مەعروف کوڕی شێخ عەبدوللەتیف شێخ حەسەنی شێخ شەمسەدینی شێخ عەبدولغەفاری یەکەم)ـە. لە نەوەی مەلا گوشاییشە و لە مەردۆخییەکانی هەورامانە. بە شێخ مارفی دەرەقووڵەش ناسراوە. له ‌دەوروبەری ساڵی ١٧٠٠ لە خارگێلان لەدایکبووە و هەر لەوێش کۆچیدواییکردووە. مەزارەکەی کەوتووەتە (دەرەقووڵە) لەسەر ڕێگەی بانی کۆڵ، لە خوار زەردەهاڵ و نزیک خارگێڵان. بە بەرد هەڵچنراوە و داربەڕووەکەی سەری پەڕۆی پێوەکراوە، خەڵکی ناوچەکە دەڵێن، کە شێخ عومەری زیائەدین داویەتی بەلایدا، لەسەر وەڵاخەکەی دابەزیوە. خەڵکی ناوچەکە بۆ هەندێک نەخۆشی بەهیوای چاکبوونەوە سەردانیانکردووە. بووەتە گۆڕستانی زەردەهاڵ و دەرەقەیسەر. لە ٢ی١١ی ٢٠٢٤ لەلایەن لیژنەیەکەوە نۆژەنکراوەتەوە.

سەرچاوەکان:

  1. بنەماڵەی زانیاران، مەلا عبدالکریمی مدەرس، چاپی یەکەم، بڵاوکردنەوە کتێی کانی، سنە، ١٣٨٩، ل٩٠.
  2. مێژووی زانایانی هەورامان، عبدالستار اسف هەورامانی، چاپی یەکەم، چاپخانەی پاندا، سلێمانی، ٢٠٢٣، ل٩٥-٩٧.
  3. چاوپێکەوتنی ئامادەکار لەگەڵ (دیاری شەریف عەلی)ی ئەنجومەنی گوندی (زەردەهاڵ)‌، لەدایکبوو: ١٩٩٦، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: کاسب، لە ١١ی ٢ی ٢٠٢٤، لە زەردەهاڵ.

ئامادەکردنی: هومایون ساحیب کەریم

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

سەید ئیبراهیم

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی) مەزارگەیەکە. دەڵێن گۆڕی پیاوێکی دیندارە، کە لە کاتی خۆیدا لە چەمی سێکوچکانە خەڵوەتی کردووە و ماوەتەوە. بە سەیدە (کوچک یان بچووک)یش ناوی دەهێنرێت. چونکە باڵای کورت بووە.

سەید ڕەزیە

چەند گۆڕێکن و کەوتوونەتە‌ باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (میریسوور)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ). قامیش و دارتووەیەکی تێدایە. دانیشتوانی گوند بۆ نەخۆشی (لەرزوتا) سەردانیانکردوون. وەک خەڵکی ناوچەکە دەڵێن: (کەسێکى ڕوو لەخوا و چاکەکار بووە). بەپێی ڕۆژگار و دوای ئەوان خەڵکەکە گۆڕی مردووانیان بردووەتە ئەو شوێنە.

سەید سەلام

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە) لە ناحیەی (بیارە). (سەید سەلام) کوڕی شێخ (مۆئمینی سازانی) بووە کە ماوەیەک لە سنوری گوندی (بەڵخە) ژیاوە، لەو ماوەیەدا، سەید سەلامی کوڕی لە تەمەنی مێرمنداڵیدا دەمرێت. مێژووی مردنەکەی بە تەواوی دیارنییە، بەڵام نزیکەی ٢٥٠ ساڵ پێش ئێستا بووە. لە بەرزاییەک لە دووریی یەک کیلۆمەتر لە خۆرئاوای گوندەکەوە دەینێژن، کە ئێستا کەوتووەتە تەنیشت ڕێگای سەرەکیی (بیارە - بەڵخە). هەتا ئێستاش گۆڕەکەی ماوە و بەدیوار سیاجی بۆ کراوە، وەک مەزارگەیەکی پیرۆز سەیردەکرێت. ئەو ناوچەیەش دوای ناشتنی ئەو ناونراوە (سەید سەلام).

سەید عەلی

بە دووریی (٣٠٠م) کەوتووەتە باکوری گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ) و لەناو گۆڕستانی گوندەکەدایە. کێلێکى گەورەی بۆ کراوە، کە جیاواز لە هەموو کێلەکانى تری گۆڕستانەکە. دانیشتوانی گوندەکە و گوندەکانى دەوروبەر بۆ چارەسەری نەخۆشی سەردانیانکردووە.

سەید محەممەد ١

بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (عامووره)‌ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ).‌ لە گۆڕێک پێکدێت، کە سیاجى بۆ کراوە و داربەڕوویەکی گەورەی تێدایه،‌ که ‌تەمەنی ١٠٠ ساڵ دەبێت. دانیشتوانی ناوچەکە وەک پیاوچاک سەیریانکردووە و بۆ نەخۆشی (بایا‌ری) سەردانیانکردووە.

سەید محەممەد ٢

مەزارگەیەی ئاینییە. کەوتووەتە باکوری گوندی (کوڵکنیى ئیسماعیلی خەسرەو)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی (٣٠٠م) دەبێت. دانیشتوانی گوندەکانی دەورووبەری، بە مەبەستى وەرگرتنى چارەسەرى هەندێک لە نەخۆشییەکان، بەتایبەت بۆ لەرزوتا و نەخۆشیی پێست، سەردانی مەزارەکەیان کردووە. مێژووى مردنى ئەو سەیدە دیارنییە، بەڵام تاکو ئێستا گۆڕەکەى ماوە و بە بەرد، سیاجێک بۆ گۆڕەکەى کراوە. مەزارگەى (هەنجیرەکە)یشی پێدەوترێت.