مەزارگەکانی گوندی دەگاشێخان

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09


لاپەڕەی 350

مەزارگە

کۆمەڵێک مەزاری پیاوچاکانن، کەوتووەنەتە سنوری گوندی (دەگاشێخان)ی هەورامانەوە. لە لای خەڵکی ناوچەکە پیرۆزن و مێژووی هەندێکیان دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی حەوتی کۆچی.

١- ئیمام قاسم: لە یاری شێخ ئەحمەدی جامییە. داربەڕوویەکی گەورەی تەمەن ٦٠٠ ساڵ لەسەر مەزارەکەیەتی و دەوروبەری نزیکەی ١٠ گۆڕی لێیە، کە ڕوو بە قیبلەن. کەوتوەتە سەروی ڕێگەی دێکۆنی داشارەی دەگاشێخان.

٢-دەروێشە پرچنە: کەوتووەتە بەردەم قوتابخانەی دێ کۆنەکەی دەگاشێخان و ڕەزەدێمەکانی ئیبراهیم ڕەشید، دەوربەری مەزارەکەی نزیکەی ٥٠ گۆڕی لێدەرکەوتووە، نوسینی کێلێکیان خوێنراوەتەوە، کە مێژووی ١٦٠٠ زاینی دەکات.

٣- تڵفی ساوا: کەوتووەتە سەر جادەی دەگاشێخان - بەڵخە. مەزاری پیرێکە لەبەر پاکی و بێوەیی بە منداڵی ساوا چوێنراوە. لە فراونکردنی جادەکە و دروستکردنی هۆڵی شەهید بورهان عەبدولڕەحمان لە ساڵی ٢٠١٢دا، پێوە بووە، ڕوفاتەکەی گوازراوەتەوە بۆ ناو گۆڕستانی بەر جادەکە و لە تەڵانێکدا دەوری بە تەلبەند گیراوە، لە باوەڕی خەڵکیدا وا هاتووە: لە ناکۆکی سوڵتانی ساق و شێخ ئەحمەدی جامیدا ڕۆڵی ئاشتی بینیوە و ڕێکیخستووتەتەوە.

سەرچاوەکان:

  1. سەردانی مەیدانیی ئامادەکاران بۆ شوێنەکە، لە‌ ٢٥ی ٤ی ٢٠٢٤.
  2. چاوپێکەوتنی ئامادەکاران لەگەڵ (ئەیوب محەممەد نیعمەت عەبدوڵا)، لەدایکبوو: ١٩٦٧، بڕوانامە: ئامادەیی، پیشە: کاسب و ئەنجومەنی (دەگا شێخان)، لە ٤ی ٨ی ٢٠٢٤، لە دەگاشێخان.
  3. گفتوگۆی ئامادەکاران لەگەڵ مامۆستا (ئەسعەد خواکەرەم ئەحمەد)، لەدایکبوو: ١٩٥٧، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: خانەنشین، لە ٥ی٨ی ٢٠٢٤.
  4. گفتوگۆی ئامادەکاران لەگەڵ مامۆستا (جەمال بێدار حەبیبوڵڵا)، لەدایکبوو: ١٩٤٧، بڕوانامە: دبلۆم، پیشە: خانەنشین، لە ٦ی ٨ی ٢٠٢٤.

ئامادەکردنی: هاوکار ساحیب کەریم,هومایون ساحیب کەریم

2

هاوبەشی پێبکە

بابەتە هاوپەیوەندیدارەکان

سەید ئیبراهیم

کەوتووەتە سنوری گوندی (خەرپانی) مەزارگەیەکە. دەڵێن گۆڕی پیاوێکی دیندارە، کە لە کاتی خۆیدا لە چەمی سێکوچکانە خەڵوەتی کردووە و ماوەتەوە. بە سەیدە (کوچک یان بچووک)یش ناوی دەهێنرێت. چونکە باڵای کورت بووە.

سەید ڕەزیە

چەند گۆڕێکن و کەوتوونەتە‌ باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (میریسوور)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ). قامیش و دارتووەیەکی تێدایە. دانیشتوانی گوند بۆ نەخۆشی (لەرزوتا) سەردانیانکردوون. وەک خەڵکی ناوچەکە دەڵێن: (کەسێکى ڕوو لەخوا و چاکەکار بووە). بەپێی ڕۆژگار و دوای ئەوان خەڵکەکە گۆڕی مردووانیان بردووەتە ئەو شوێنە.

سەید سەلام

کەوتووەتە سنوری گوندی (بەڵخە) لە ناحیەی (بیارە). (سەید سەلام) کوڕی شێخ (مۆئمینی سازانی) بووە کە ماوەیەک لە سنوری گوندی (بەڵخە) ژیاوە، لەو ماوەیەدا، سەید سەلامی کوڕی لە تەمەنی مێرمنداڵیدا دەمرێت. مێژووی مردنەکەی بە تەواوی دیارنییە، بەڵام نزیکەی ٢٥٠ ساڵ پێش ئێستا بووە. لە بەرزاییەک لە دووریی یەک کیلۆمەتر لە خۆرئاوای گوندەکەوە دەینێژن، کە ئێستا کەوتووەتە تەنیشت ڕێگای سەرەکیی (بیارە - بەڵخە). هەتا ئێستاش گۆڕەکەی ماوە و بەدیوار سیاجی بۆ کراوە، وەک مەزارگەیەکی پیرۆز سەیردەکرێت. ئەو ناوچەیەش دوای ناشتنی ئەو ناونراوە (سەید سەلام).

سەید عەلی

بە دووریی (٣٠٠م) کەوتووەتە باکوری گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ) و لەناو گۆڕستانی گوندەکەدایە. کێلێکى گەورەی بۆ کراوە، کە جیاواز لە هەموو کێلەکانى تری گۆڕستانەکە. دانیشتوانی گوندەکە و گوندەکانى دەوروبەر بۆ چارەسەری نەخۆشی سەردانیانکردووە.

سەید محەممەد ١

بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە باکوری خۆرئاوای گوندی (عامووره)‌ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ).‌ لە گۆڕێک پێکدێت، کە سیاجى بۆ کراوە و داربەڕوویەکی گەورەی تێدایه،‌ که ‌تەمەنی ١٠٠ ساڵ دەبێت. دانیشتوانی ناوچەکە وەک پیاوچاک سەیریانکردووە و بۆ نەخۆشی (بایا‌ری) سەردانیانکردووە.

سەید محەممەد ٢

مەزارگەیەی ئاینییە. کەوتووەتە باکوری گوندی (کوڵکنیى ئیسماعیلی خەسرەو)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی (٣٠٠م) دەبێت. دانیشتوانی گوندەکانی دەورووبەری، بە مەبەستى وەرگرتنى چارەسەرى هەندێک لە نەخۆشییەکان، بەتایبەت بۆ لەرزوتا و نەخۆشیی پێست، سەردانی مەزارەکەیان کردووە. مێژووى مردنى ئەو سەیدە دیارنییە، بەڵام تاکو ئێستا گۆڕەکەى ماوە و بە بەرد، سیاجێک بۆ گۆڕەکەى کراوە. مەزارگەى (هەنجیرەکە)یشی پێدەوترێت.