بەرگی سێیەم
مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
بەرگی سێیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.
ئەو گۆڕستانانەن لە ئێران، کە تەرمی زیاتر لە ٧٠٠ شەهیدی هەڵەبجەیان لێ نێژراوە، کە دوای مەرگەساتی هەڵەبجە لە ١٦ی ٣ی ١٩٩٨ بە برینداری براونەتە وڵاتی ئێران و لەبەر سەختیی برینەکەیان گیانیانسپاردووە و لەوێ نێژراون. دابەشدەبن بەسەر ئەم ناوچە و شارانەدا: تابلۆی ٢٠ بۆ ٤٠ لە بەهەشتی زەهرا لە تاران، شاری کرماشان، پاوە، کامیاران، گوندەکانی دەوروبەری مەریوان (هەزارخانی، شوێشە، نۆسمە، سونغور، سەحنە، هەرسین، کەنگاوەر، کرمان، سەریاس، سوڵاوا، ..).
کەوتووەتە سنوری شارەدێی (تەوێڵە) لە پێچی بلەی نزیک سۆسەکان. لەبەر کەمبوونەوەی شوێنی مردوو لە گۆڕستانی باباسەرهەنگ و پەشتۆ بانا، ساڵی ٢٠٠٤ بیر لە تەرخانکردنی زەوی و کردنەوەی کراوەتەوە. ساڵی ٢٠١٢ کراوەتەوە و ٢٥ دۆنم زەوی بۆ ئامادەکراوە و سیاج و ئاو و کارەبای هەیە. تایبەتە بە مردووەکانی هەردوو سۆسەکان و تەوێڵە.
کەوتووەتە باکوری گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر بە شارۆچکەی خورماڵ، لەنێوان گوندەکە و گردەگڕێدایە. مێژووەکەی لەگەڵ میژووی گوندەکەدایه و لە ١٢ گوندی دەوروپشتییەوە مردووی بۆ هێنراوە. گۆڕی شەهید (عەبدوڵا سادقی) تێدایە، کە شەهیدی سەردەمی شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفیدە و ساڵی ١٩٢٦ شەهیدبووە. ڕووبەرەکەی زیاتر لە ٤٠ دۆنم دەبێت و نزیکەی شەش دۆنمی تری لەلایەن بنەماڵەی (حاجی محەممەدی نادری هەواس)ـەوە خراوەتە سەر. به خێرخوازی ساڵی ٢٠٠٦ سیاجی بۆ کراوە و ساڵی ٢٠١٧ حەفارەیەکی بۆ دابینکراوە.
کەوتووەتە گەڕەکی (شێخ ئیسماعیل). ڕووبەری نزیکەی (١٤٠٠٠م) چوارگۆشەيه.
(٢٠٠م) لە خوار گوندی (گۆمەلار)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ)ـەوەیە. مێژوویەکی دێرینی هەیە. دەوترێت تەرمی (شێخ جونێدی بەغدادی) لەوێ بەخاکسپێرراوە. گۆڕەکەی سیاجکراوە و تاکو ئێستا شوێنەواری ماوە. دواتر خەڵکى مردووەکانیان لە دەورى ئەم گۆڕە بەخاکسپاردووە و بووە بە گۆڕستانی هەرسێ گوندی (گۆمەلار، دێکۆن، خێڵی حەمە). ڕووبەرەکەی نزیکەی هەشت دۆنم دەبێت.
گۆڕستانێکی گەورە و دێرینە و دەکەوێتە ناو خۆرهەڵاتی دەشتی گڵێجاڵەوە. گۆڕەکان هی خەڵکی گوندەکە نین و نەناسراون، شێوازی ناشتنی مردووەکان هەمویان ڕوو بە قیبلەن. ژمارەیەک درەخەتی گەورە و بەتەمەنی بەڕووی تێدایە، کە خەڵک لە کاتی گەرمای هاویندا پەنایان بۆ دەبات بۆ پشوودان. قسنێکی تێدایە کە بە دەوری یەک لە گۆڕەکاندا دروستکراوە و لە گۆڕەکانی تر جیا کراوەتەوە، کە لەناو خەڵکدا وا باوە ئەوە گۆڕی شێخەکەیە. لە ساڵانی ڕابردووشدا هەندێک خەڵک بە مەبەستی وەرگرتنی فەڕ و تەبەڕووک پەنایان بۆ بردووە.
بە دووریی (٢٠٠م) کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (ڕێشاو). لە دووریی گوندەکەیە. بەهۆی ئەوەی گۆڕی پیاوچاکێکی لێیە بەناوی (شێخ خامۆش)، ئەو ناوەی لێنراوە. خەڵکی بۆ ئاوات و نیازەکانیان سەردانیانکردووە. هەتا ساڵی ٢٠١٥ مردوویان لێ بەخاکسپاردووە. ڕووبەرەکەی دوو دۆنم دەبێت.
گۆڕستانێکی زۆر دێرین و گەورەیە. کەوتووەتە نێوان هەرسێ گوندی (پشتە، بەڕوێن، کانی وەیسکێ). خەڵکی ناوچەکە نازانن بۆ چ سەردەمێک دەگەڕێتەوە. هەندێک لە کێلەکانی گۆڕستانەکە نزیکەی دوو مەتر بەرزن. خەڵکی گوندەکانی (بەڕوێن و کانی وەیسکێ) مردووەکانیانی تێدا بەخاکدەسپێرن.
کەوتووەتە نێوان گوندەکانی (بەشارەتی سەروو) و (شەشک). گۆڕستانێکی دێرینە و هەردوو گوندەکە مردووەکانیان لەوێ ناشتووە. مەزارگەیەکی پیرۆزی تێدایە و کاتی خۆی بۆ نەخۆشیی بایاری، کە دەکاتە ڕۆماتیزم، سەردانیانکردووە. لە نزیکیەوە کانی و سەرچاوەی ئاوی هەیە و بەچەمێکدا دێتە خوارەوە و کۆمەڵێک زەوی بەراودەکات. بە گشتی لەلای خەڵکی ناوچەکە بە شوێنێکی پیرۆز سەیردەکرێت.
کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (پاڵانیا)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). ڕووبەرەکەی دۆنم و نیوێک دەبێت. پیاوچاکێک بەناوی (شێخ ساڵح)، کە لەو شوێنە بەخاکسپێرراوە، دواتر خەڵکی گوندەکە لەنزیک ئەو گۆڕە مردووەکانیان بەخاکسپاردووه و بەناوی ئەوەوە ناونراوە. مێژووەکەی بۆ زیاتر لە ١٠٠ ساڵ دەگەڕێتەوە.
کەوتووەتە بەشى باکورى شارۆچکەى (خورماڵ) و پێنج کیلۆمەتر لە گوندی(یاڵانپێ)وە دوورە. یەکێکە لە گۆڕستانە دێرینەکانی ناوچەکە و مێژووەکەی بۆ نزیکەی سێ سەدە و نیو پێشتر دەگەڕێتەوە. ناولێنانەکەی لە ناوی (شێخ سلێمان کوڕى شێخ محەممەدی کوڕى شێخ عەلى کوڕى شێخ محەممەدی نۆدێيە)یەوە هاتووە، کە بە ڕەچەڵەک دەگەڕێتەوە سەر ئيمام موساى کازم. باوەڕی خەڵکەکە وەهایه، کە ناوبراو لەو بنەماڵەیەیە، کە لە بنەڕەتدا لە گوندى(دۆڵپەموو)ـى نزيک بەرزنجەوە هاتوونەتە ناوچەکە. شێخ سلێمان لە ماوەی ژیانیدا کاروباری ئاوەدانکردنەوەی گوندەکەی لەدەستبووە و خاوەنی زەویوزار بووە و پاش مردنى لە ساڵى ١٨٣٥ یەکەم کەس بووە لەم گۆڕستانەدا بەخاکسپێرراوە.
کەوتووەتە باشوری گوندی (زەردەهاڵ) لە ناوچەی هەورامان. مێژووەکەی بۆ ٣٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. لە ناو چەمێکی گەورەدایە، کە ئاوی بیارە و دەرەقەیسەری پێدا تەپەڕدەبێت. ڕووبەرەکەی نزیکەی سێ دۆنمە. گۆڕی پیاوچاکێکی تێدایە بەناوی (شێخ مارف)ـەوە، هەر لەبەر ئەوەشه، کە ئەو ناوە لە گۆڕستانەکە نراوە.
کەوتووەتە سەرەتای گوندی سازان و پێش ئەوەی بگەیتە نێو باخەکانی گوندەکە لە دۆڵێکدایە. یەکەم کەسیش لەم گۆڕستانە نێژرابێت، شێخ موئمن بووە. دواتر شێخانی دیکەی سازانیش لەوێ نێژراون. شێخ موئمن بە دامەزرێنەری گوندی ئێستەی سازان دادەنرێت. دواتر بوەتە گۆڕستانی سەرەکیی گوندەکە و لە دێهاتەکانی دیکەی ناوچەی سازانەوە هەرکەس تەمەنی لە سەرووی حەوت ساڵەوە بووبێت و مردبێت، لەم گۆڕستانەدا نێژراوە. بەڵام منداڵی خوار ٧ ساڵ لە گۆڕستانی سەی مستەفا لە نزیک گوندەکە نێژراون.
کەوتووەتە باشوری خۆرئاوای گوندی (عەبابەیلێ). ڕووبەرەکەی نزیکەی سێ دۆنم دەبێت. شوێنێکی مێژووییە و زیاتر لە (٣٠٠) گۆڕی کۆن و نوێی تێدایە. هەندێک لە گۆڕەکان هی بەگزادەکانی بنەماڵەی جافە و هەندێکی تریان گۆڕی شێخەکانی ئەو ناوچەیەن. گۆڕی (عادیلە خانم، ئەحمەدموختار جاف و تایەر بەگی جاف) لەم شوێنەن. سەرچاوەی ئاوی کانی لێیە و شوێنەکەی بەرزە و بەسەر هەڵەبجەدا دەڕوانێت. بە هۆی شوێنەکەی و بوونی دار و درخت و سەوزایی زۆر و هەروەها بوونی گڵکۆی (ابو عبیدە الانصاری)، کە واکردووە پیرۆزییەک بە شوێنەکە بدات و شێخەکانی ئەم ناوچەیە و بەگزادەکانی جاف مردووەکانیان لەم گۆڕستانەدا بنێژن. جاران ئەم گۆڕستانە لە یەک بەش پێکهاتبوو، بەڵام ئێستا بە هۆی دروستکردنی ڕێگایەک بە ناویدا گۆڕستانەکەی کردووە بە دوو بەشەوە. ئەم گۆڕستانە و گوندەکەی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری عێراقی لە١٦ی ٢ی ١٩٤٨ لە ڕۆژنامەی(الوقائع العراقیە) ڕاگەیاندنی شوێنەواری بۆ کراوە، وەک ناوچەیەکی شوێنەواری بە ناوی (ابو عبیدە الانصاری)یەوە ناسێنراوه.
بە دووریی دوو کیلۆمەتر کەوتووهتە باشوری (گوندی هانەژاڵەوە) و دەکەوێتە سەر (ڕوباری سیروان)، ژمارەیەک گۆڕی کۆنی لێیە و بۆچوون وایە، کە گۆڕی هاوەڵێکی پێغەمبەری خوای تێدابێت (د.خ)، بۆیە ئەو ئەو ناوەی وەگرتووە، (٥٢٨م) بەرزە لە ئاستی ڕووی دەریا و لە وەرزی بەهاردا سەیرانگایە.
گۆڕستانێکی گەورەیە. کەوتووەتە گوندی (شیرەمەڕ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). لە بەردەم (گردە گڕێ) لە باکوری گوندەکە و لەنزیک خانوەکانی ئاواییدایە. میژووەکەی لەگەڵ ئاوەدانکردنەوەی گوندی شیرەمەڕدایە. تایبەتە بە گۆڕی کەسانی سەرجەم گوندەکانی سەر بە تیرەی (سەددانی)، کە بریتیین لە گوندەکانی (شیرەمەڕ خۆی، تەکیە، گێڵەلەک، ئاواییی حاجی حەمەئەمین، کوڵکنیی فەقێ کەرەم، کوڵکنیی سمیایلی خەسرەو، کوڵکنیی فەقی کەرەم، گردیگۆ، تەپە تۆڵەکە، گردی قازی، ئاوایی حەمەی مرواری و تازەدێ).
کەوتووەتە خۆرهەڵاتى گوندى (عەنەب). لەسەر ڕێگەی جەلیلە و بەرامبەر کانی پیرێژن. تایبەتە بە خەڵکی گوندەکە. مێژوویەکی کۆنی هەیە. دەوترێت بە ناوی خوشکی ئەبو عوبەیدەوە ناونراوە خاتوو ئیسافە. ڕووبەرەکە نزیکەی هەشت دۆنم دەبێت. لە دواى کیمیابارانى هەڵەبجە و ناوچەکە، تەرمی لێ بەخاکنەسپێرراوە، مەگەر لەسەر وەسیەتى کەسەکە بووبێت.
کەوتووەتە باکوری گەڕەکی شارەوانیی هەڵەبجە، جاران بەو شوێنە وتراوە تەقتەقان، پشت شوقەکانی ئێستا. دوای ڕاگواستنی گوندەکان و نیشتەجێبوونیان لە کۆمەڵگەکانی زەمەقی و عەنەب و هەڵەبجە، چەند کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی و ئایینی، بە سەرپەرشتیی مەلا سەید نەجمەدین تەها، پێشنیازی کڕین و تەرخانکردنی زەویەکەی کراوە. خەڵکی گوندە ڕاگوێزراوەکان مردوەکانیان تێدا ناشتووە و پێیگوتراوە غەریبان، سیاج کراوە و ژووری تایبەت و کەرەستەی پێویستی گۆڕی لێیە. ڕووبەرەکەی نزیکەی ٢٠٠٠ م دەبێت و خەریکە پڕدەبێت.
کەوتووەتە خۆرئاوای گوندی (گڵێجاڵ) لە بناری چیای خۆشک. فەقێ ئەحمەد باپیری یەکێک لە خێڵەکانی عەشیرەتی (گڵێجاڵ)ـە. بەهۆی ئەوەی گۆڕی فەقێ ئەحمەد لەو گۆڕستانەیە بەناوی ئەوەوە ناونراوە.
کەوتووەتە باشوری گوندی (بانیشاری کۆن)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). مێژوویەکی دێرینی هەیە. گۆڕەکانی لەسەر شێوازی ئاینی ئیسلامن. زۆربەی کێلە کۆنەکان ماون. ڕووبەری نزیکەی یەک دۆنمە.