مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

184 بابەت

سەرقەوران

کەوتووەتە ناوەندی گوندی (پریسی سەروو) لە تەنیشت (کانی جانە)، زیاتر لە ١٠٠ گۆڕی تێدایە، بەرزیی لەئاستی ڕووی دەریاوە (٨٠٦م)ە، ئێستا بەهۆی دەستکاریکردنەوە بە گڵ داپۆشراوە و شوێنەوارەکەی بەرچاونییە.

سەرمەرەجۆڵا

بە دووریی کیلۆمەتر و نیوێک کەوتووەتە باشوری گوندی (گەچێنەی زێڕوون) سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ‌). ڕووبەرەکەی نیودۆنم دەبێت. مێژووەکەی بۆ سەرەتای هاتنی ئیسلام بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە.

سەروەزەن

کەوتووەتە نێوان گوندی (بانیشاری کۆن) و (بانیشاری تازە)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی دوو دۆنم دەبێت. ساڵی ١٩٥٠ دروستکراوە هەتا ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی ١٩٧٨ دانیشتوانی گوندەکە مردووەکانیان لەو گۆڕستانەدا بەخاکسپاردووە.

سەنگەرەکان

بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە باشوری گوندی (گەچێنە)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی نیودۆنم دەبێت. مێژووی دروستبوونی دیار نییە. هەتا ساڵی شەستەکانی سەدەی ڕابردوو مردوی لێ بەخاکسپێرراوە.

سەید ئەمین

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (کانی پاشا)ی سەر بە شارۆچکەی بەمۆ. سەرچاوەکان ئاماژەبەوە دەکەن پێش ٦٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا کەسێک بەناوی سەید ئەمین، کە پیاوچاک بووە لەوێ بە خاک سپێرراوە و دواتر ئەو شوێنە بووەتە گۆڕستان، هەتا ئێستا خەڵکی ئەو گوندە مردوو لەو گۆڕستانە بە خاک دەسپێرن. ڕووبەرەکەی زیاتر لە چوار دۆنم دەبێت، سیاج بۆ گۆڕستانەکە نەکراوە.

سەیدەکە

بە دووریی (١٥م) کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (قەڵپ)ی سەر بە شارۆچکەی بەمۆ. ڕووبەرەکەی نزیکەی یەک دۆنمە. تایبەتکراوە بە منداڵ و ساڵانێکى زۆرە تەنها منداڵى تێدا بەخاکدەسپێررێت.

سەید محەممەد

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی چنارەی زێروون لە بناری چیای سورێن. گۆڕستانێکی کۆنە. بەناوی پیاوچاکێکەوە ناونراوە. خەڵکی ناوچەکە بۆ هەندێک نەخۆشی چوونەتە زیارەتی.

سەی مستەفا

کەوتووەتە تەختایی ماوەزان لە گوندی سازان. تەنها منداڵی حەوت ساڵ و بچوکتری تێدا بەخاکسپێرراوە و گەورەترەکان لە گۆڕستانی بەناوبانگی گوندەکە، کە ناوی گۆڕستانی (شێخ موئمن)ـە نێژراون.

سەید وەقاس

دەکەوێتە گوندی بەشی پیرک، لە بەشی ڕۆژئاوای گوندەکەیە و لەسنوری نێوان گوندی بەشی پیرک و گوندی دلفە و لە لێواری بەنداوی دەربەندیخانە، ئەم گۆڕستانە مێژووەکەی زۆر کۆنە، لە تۆمارە فەرمییەکاندا وەک گۆڕستان تۆمارکراوە و ڕووبەرەکەی لە نەخشەی کادسترۆدا بە ژمارە ١٣ لە سنوری گوندی بەشی پیرک جیاکراوەتەوە.

سیانيی خواروو

گۆڕستانێکی دێرینە. کەوتووەتە سنورى گوندى (عاموورە)ی ناحیەى (خورماڵ). نزیکەى کیلۆمەترێک لەبەشى باکوری خۆرئاوای گوندەکەوە هەڵکەوتووە، ئەم گۆڕستانە لەچەند گۆڕێک پێکدێت، کە مێژووەکەیان دیارنیە، ئەو شوێنەش بە سیانیی خواروو ناسراوە، لەبەرئەوەى کانییەکى تێدایە و ناوى سیانیى خوارووە.

سیانيی سەروو

گۆڕستانێکی دێرینە. کەوتووەتە ‌باکوری خۆرئاوای گوندی (عامووره)‌ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ)، ڕووبەرەکەى نزیکەى یەک دۆنم دەبێت و سیاجى بۆ نەکراوە، مێژووى گۆڕستانەکەش بەتەواوى دیار نیە، بەڵام بە نزیکەیی بۆ ١٥٠ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە و گۆڕەکانیش لەسەر شێوازى ئیسلام نێژراون. ناسراوە بە سیانیی سەروو.

شاقەدەم

بە دووریی (٥٠٠م) کەوتووەتە باشوری گوندی (خارگێڵان)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە). لە نێوان خارگێڵان و خەرپانیدایە. مێژووەکەی بۆ ٢٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە. ڕووبەرەکەی سێ دۆنمە. لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە سیاجکراوە. هەتا ئێستاش خەڵکی گوندەکە مردوەکانیان لەو گۆڕستانە بەخاکدەسپێرن.

شاوەیس و باوەیس

کەوتووەتە بەشی باکوری خۆرئاوای گوندی (گردیگۆ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). مێژوویەکی دێرینی هەیە. هەتا حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو خەڵکی گوندەکە مردووەکانیان لێ بەخاکسپاردووە. ڕووبەرەکەی نزیکەی یەک دۆنم دەبێت.

شەخسە بچووک

گۆڕستانێکی دێرینە. کەوتووەتە ناوەندی گوندی (ئاوایی ڕۆستەم بەگ)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی دۆنمێک دەبێت، مێژووەکەی لەگەڵ مێژووی ئاوەدانکردنەوەی گوندەکەدایە. بە زۆرى منداڵان لەم گۆڕستانەدا بەحاکسپێرراون‌. هەتا حەفتاکانی سەدەی ڕابردووش مردوو لەم گۆڕستانەدا بەخاکسپێرراوە. وەک خەڵکی گوندەکە دەڵێن لە کۆندا کەسێکى پیاوچاکی باڵاکورت هەبووە، کە کۆچیدواییکردووە، لە‌و شوێنە بەخاکسپێرراوە و دواتر بووە گۆڕستان، هەر لەبەر ئەوەشە ئەو ناوەی لێنراوە.

شەخسەکە ١

کەوتووەتە باشوری گوندی (ئاوایی حاجی حەمەئەمین). مێژووەکەی بۆ ساڵى ١٩٦٠ دەگەڕێتەوە. ڕووبەرەکەی نیودۆنم دەبێت. هەتا ساڵى ١٩٧٨ و ڕاگواستنى گوندەکان، خەڵکی گوندەکە مردووەکانیان لەوێ بەخاکسپاردووە.

شەخسەکە ٢

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (چواردارانی سەروو). بەهۆی ئەوەی گۆڕی پیاوچاکێکی لێیە، ئەو ناوەی لێنراوە. هەتا چەند ساڵێک پێش ئێستا خەڵکی گوندەکە مردوویان لێ بەخاکسپاردووه.

شەخسە گردەڵە

کەوتووەتە بەشی خۆرهەڵاتی گوندی بانیبنۆک لە بناری چیای سورێن. لەسەر گردێکی خڕ هەڵکەوتووە. هەندێک داربەڕووی تێدایە. گۆڕی پیاوچاکێکی تێدایە و نازانن کێیە. خەڵکی ناوچەکە هەر لە کۆنەوە هەتا ئێستەش بە پیرۆز سەیریدەکەن و چەند ڕووداوێکی سەیری تێدا دەگێڕنەوە.

شەخسی میران

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (تووەوشکێ). بە زۆری گۆڕی منداڵی تێدایە.

شەهیدان

کەوتووەتە گەڕەکی (شەهیدان). مانگی ڕەمەزان لە زستانی ساڵی ١٩٦٨ دا ڕژێمی عێراق بۆردومانی شار دەکات و چەند کەسێک شەهیددەبن، پیاوماقوڵان بڕیاردەدەن، کە ئەو زەوییە بکڕن، پارەی بۆ کۆدەکەنەوە و لەگەڵ ناشتنی شەهیدەکاندا، گۆڕستانەکەش ناو دەنرێت شەهیدان، یەکێکە لە گۆڕستانە فراوانەکان و چەندین شەهیدی کیمیابارانیشی لێ ئەسپەردەکراوە. ڕووبەرەکە‌وە نزیکەی (٣٩٥٠٠م) چوارگۆشەيه.

شەهیدانی عەنەب

کەوتووەتە سەر(یاڵی عەنەب) یا سەروی (هالە گلان) لەسەر سێ ڕیانی (هاوار - دەرەشیش - عەنەب) لە ساڵی ١٩٩٣ لەلایەن ڕێکخراوی (KRO) بەمەبەستی ئەسپەردەکردنی ڕوفاتی شەهیدانی کیمیابارانی گوندی عەنەب و ئەوانەی لەو گوندە شەهیدبوون، دروستکراوە. بەهۆی ئەوەی عەنەب لەسەر ڕێگەی هەڵەبجە - هەورامان هەڵکەوتووە، یەکێک بووە لە ڕێگاکانی خۆدەربازکردن لە کاتی کیمیابارانی هەڵەبجەدا. لەسەر ئەم ڕێگەیەش ژمارەیەکی زۆر لە خەڵکی شارەکە لە قەدپاڵی (ملەقەوی) و (تەنیشت قوتابخانەی عەنەب) و زەوی بەرباخی (حاجی ئەولکەریمی قێخا محەممەد) و بەدرێژایی ڕێگای گوندەکە، شەهیدبوون. گوندی عەنەب بەتەنها ٢١١ کەسی لێ شەهیدبووە، لە نێویاندا حەوت خێزان هیچ میراتگرێکیان لێبەجێنەماوە. کۆی ژمارەی ئەو شەهیدانەی، کە لەم گۆڕستانە بەخاکسپێردراون زیاتر لە ٤٠٠ شەهیدە. پێکهاتەی گۆڕستانەکە و دیزاینەکەی ئەگەر لە ئاسمانەوە بەشێوەیەکی ستوونی سەیربکرێت لەسەر شێوەی بۆمبی کیمیایی دروستکراوە. لەسەر ڕوبەری زیاتر لە دۆنمێک و لە ١٢ گۆڕی شێوە لاکێشەیی بەکۆمەڵدا شەهیدەکان نێژراون. بە (کێلەسپی)ش ناودەبرێت. ئەنجومەنی گوندی عەنەب لە ئاب و ئەیلولی ١٩٩٣ لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و سەرجەم پارت و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، هەستا بە کۆکردنەوە و دووبارە ناشتنەوەی ڕوفاتەکان لەم گۆڕستانەدا. لە کاتی گواستنەوی ڕوفاتەکاندا لیژنەیەک دروستکرابوو بۆ کۆکردنەوەی بازن و سەعات و ملوانکەی شەهیدەکان و بە کەسوکاریان درانەوە.

پێشتر 1
...
4 5 6
...
10 دواتر