مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

بەرگی سێیەم

مێژوو و شوێنەوار، کەلەپوور

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

گەڕانێک بەناو مێژووی دێرینی هەڵەبجە و شوێنەوارە دێرینەکان، لەگەڵ ناساندنی کەلەپوور و دابونەریتی ڕەسەنی ناوچەکە.

ناوەڕۆک

184 بابەت

ئەحمەدئاوا

چەند گۆڕستانێکن لە سنوری گوندی (ئەحمەدئاوا). لە بەردەم گوندەکە و لە سەرەتای شیوی زەڵم دەستپێدەکەن هەتا (کەڕەجاڵ). بەناوی کۆمەڵێک کەسایەتیەوە ناونراون. بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ سەر یەک بنەماڵەی سەردەمی فەرمانڕەوایی حسنەوییەکان. کەسێک بەناوی (سەید ئیبرایم) لەگەڵ عەنبەرخاتونی کچی مەلیک بەدری حوسنەوی هاوسەرگیریکردووە و حەوت کوڕیان بووە. گۆڕستانەکان بەناوی ئەم کوڕانەوە ناونراون: ١- ئەبوشەمامان: کەوتووەتە خۆرهەڵاتى شارۆچکەی (خورماڵ) و بە دووریى نزيکەى یەک کیلۆمەتر بەرانبەر گوندى ناوباخان لە بەردەم گوندى (ئەحمەدئاوا)، مردووى گوندەکانى ئەحمەدئاوا و ئاوايى ڕۆستەم بەگى تێدا دەنێژرێت. بە پشتبەستن بەو تۆمارە مێژوويانەى لەسەر دوو لە کێلەکانى تۆمارکراوە، کە بريتين لە (١١٧٢، ١١٨٢)، دەکرێت بوترێت مێژووى دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمى ئەردەڵانييەکان(٥٤٣-١٢٨٣ک/ ١١٦٨-١٨٦٧ز) و گۆڕستانێکى گەورەى شارى (گوڵعەنبەر) بووە. گۆڕەکانى تەنها يەک کێليان ماوە، بە هۆى کاريگەریى ئاووهەوا و دەستى مرۆڤەوە تێکچوون، ئەوانەى لە ئێستادا ماونەتەوە ژمارەيان شەش دانەيە. کێلەکانیان نەخش و زەخرەفەیان لەسەرە. ٢- بیلال: کەوتووەتە نێوان گوندی زەڵم و بنی پەڵگ. هەریەکە لە گوندەکانی زەڵم و ئەحمەدئاوا پێکەوە دەبەستێتەوە. کێل و گۆڕی زیاتر لە ٥٠ گۆڕى کۆنی هەتا ئێستاش تێدا ماوەتەوە. بە هۆى ڕاکێشانى ڕێگاى ئۆتۆمێل و ئاوەدانکردنەوەى ئەو باخانەى لێیەوە نزیکن، هەندێک لە گۆڕەکان لەناوچوون. ٣- سەید محەممەد: کەوتووەتە نێو هاوینەهەوارەکانی گوندەکەوە. ٤- بابا زەردەڵە: کە یەکێک بووە لە کوڕەکانی سەید ئیبرایم، کەوتووەتە چیا بەرزەکەی پشت ئەحمەدئاوا. لەم شوێنەدا نزرگە و شوێنی چلەکێشانی ئەو پیاوچاکەش بوونی هەیە. ٥- چاڵەودارا: کەوتووەتە خوار بەرزایی سەرودارای نێوان گوڵپ و ئەحمەدئاوا، لەسەر ڕێگەی کۆنی نێوان گوڵپ و خورماڵدایە، لە چاڵاییەکەیدا دارودرەختی لێبووە، بۆیە بەو ناوەوە ناسراوە، زوو خەرمانیان لە نزیکیدا هەڵداوە، ئێستا بووەتە گۆڕستانی نوێی ئەحمەدئاوا.

ئەسحابەکە ١

بە دووریی سێ کیلۆمەتر کەوتووەتە باکوری گوندی(دەرەشیشی سەروو‌). لەم شوێنە گۆڕی کەسێک هەیە، دەگوترێت ئەسحابە بووە و لەسەردەمی هاتنی ئیسلام لەوێ کوژراوە و لەو شوێنەدا نێژراوە. لەساڵی چلەکانەوه ‌خەڵکی دەرەشیشی سەرووش مردووی تێدا بەخاکدەسپێرن. ڕووبەرەکەی نزیکەی پێنج دۆنم دەبێت. لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە و بەشێوەی هەرەوەزی سیاجی بۆکراوە.

ئەسحابەکە ٢

کەوتووەتە باکورى گوندى (قارەمانى)ی سەر بە شارۆچکەی (سیروان) و نزيکەى (١٥٠٠م) لە گوندەکە دوورە، گۆڕى پياوچاکێکى تێدايە، وەک دەوترێت (سەحابە) بووبێت، بۆيه ئەو ناوەی لێنراوە. کەوتووەتە سەر ڕێگەى کۆنى گوندى نێرگسەجاڕ- هەڵەبجە لە نزيک کانى خوارنگ.

ئەسحاوان

کەوتووەتە لای ڕاستی گوندی (کانی گوێز)ی سەر بە شارۆچکەی (سیروان). وەک دەوترێت بە هۆی ئەوەی لەو شوێنە ئەسحابەیەک بەخاکسپێرراوه،‌ بۆیە ئەو ناوەیان لێنراوە. مێژووەکەی بۆ ١٤٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا دەگەڕێتەوە. ڕووبەرەکەی نزکەی دۆنمێک دەبێت. هەتا ساڵانی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو تەرمی لێ بەخاکسپێرراوە.

ئەشکەوتی باوا

کەوتوەتە کێوەکانی بەشی خۆرهەڵاتی گوندی (گریانە)ی هەورامان، لەکاتی بردنەوەی جادە بۆ گریانە ژمارەیەکی زۆریان دەرکەوتن، بە تەواوی نازانرێت چەند گۆڕن و بۆ چ سەردەمێک دەگەڕێنەوە. گۆڕەکانی ڕووەو قیبلەن. بەهۆی ڕاماڵین و داڕوخانی زەوی کێوەکانەوە، بوون بەژێرەوە.

ئیمام حەسەن

بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە باشوری گوندی (چواردارانی سەروو)ى سەر بە شارۆچکەی بەمۆ. بە ناو‌ی پیاوچاکێکەوە ناونراوە، کە گۆڕەکەی لە گۆڕستانەکەدایە. هەتا ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو مردووی تێدا بەخاکسپێرراوە.

ئیمام محەممەد

کەوتووەتە باکوری خۆرهەڵاتی گوندی (گڵێجاڵ) و باشوری گوندی بەلەسۆوە. سەرەڕای ژمارەیەکی زۆر گۆڕستان لە گوندەکە، بەڵام گۆڕستانی (ئیمام محەممەد) تایبەت بووە بە خەڵکی گڵێجاڵ و هەر لە دێرزەمانەوە مردووەکانی خۆیان تەنیا لەوێدا ناشتووە.

ئيمامى زامن

کەوتووەتە‌ باشورى خۆرهەڵاتى گوندى (ئيمامى زامن) و لە دوو گۆڕستان پێکدێت، کە يەکێکيان تەنها منداڵى تێدا نێژراوە و ئەوى ديکەيان گەورەى تێدا نێژراوە.

بابائەسکەندەر: پەشتۆ بانا

کەوتووەتە سنوری شارەدێی (تەوێڵە) لە کۆتایی گەڕەگی مالێدەر لە قەدپاڵی شاخەکەدایە. مێژوویەکی سەدان ساڵەی هەیە و بە ناوی بابائەسکەندەرەوە ناونراوە، کە گۆڕەکەی لە بەشی خوارەووەی‌ گۆڕستانەکەوەیە. لەبەر ئەوەی شاخە و پیادەڕێ و گۆڕ هەڵکەندن بە پاچ و بێڵە، بە وەسیەتی تایبەت یان خاوەنداری زیارەت تەڵانی مردووەکە، مردووی لێ دەناژن. ڕووبەرەکەی نزیکەی سێ دۆنمە.

باباناوس

یەکێکە لە گۆڕستانە دێرینەکان و بەرانبەر (تەختە خلەرە) لە گوندی (سەرگەت). دوو بەشە، بەشی سەرەوەی دێرینترە و لە مەزارێک پێکهاتووە، کە گۆڕی (باباناوسی سەرگەتی) یەکێک لە کەسایەتییە ئایینییە دیارەکانی تێدایە. خەڵکی گوندەکانی (سەرگەت و هانەیدن و دەرەومەڕێ)ی تێدایە. لە جەنگی عێراق و ئێراندا ئەم گۆڕستانە و مەرقەدەکەی تەختکراون. دواتر ساڵی ١٩٩١ لەلایەن خەڵکی گوندەکەوە هەر بە بەردی ناوچەکە نۆژەنکراوەتەوە. بە گۆڕستانی (باوەیس)یش ناودەبرێت.

بابا غەیبوڵڵا

کەوتووەتە بەردەم گوندی (سەرگەت). گۆڕستانێکی کۆنە. مەرقەدێکی تێدایە هەر بەو ناوەوە ناسراوە. بەناوی کەسایەتییەکی ئایینیی گوندەکەوە ناونراوە. یەکێک لە چلەخانەکانی باباناوسی سەرگەتی لەم شوێنەیە.

باخەکۆن

بە دووریی (٣٠٠م) کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (باخەکۆن)ی سەر بە شارۆچکەی (بیارە) لەسەر ڕێگەی سەرەکیی (باخەکۆن - گەچێنە). مێژووەکەی بۆ ساڵانی پەنجاکانى سەدەى ڕابردوو دەگەڕێتەوە. ڕووبەرەکەی لە نیو دۆنم زیاترە. لەلاپاڵى شاخێکدایە لەبەرانبەر گوندەکە. هەتا ساڵی ١٩٧٨ مردووی لێ بەخاکسپێرراوە.

باسکی کەلار

بە دووریی کیلۆمەترێک کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندی (سازان). ڕووبەرەکەی نیو دۆنم دەبێت. مێژووەکەی بۆ ٣٠٠ ساڵ پێش ئێستا دەگەڕێتەوە، کە خێڵێک لەوێ ژیاون بەناوی خێڵی (تفەنگچییەکان) و خاوەنی شوێنەکە بوون. ئەو شوێنەی ئەو خیڵەی تێدا ژیاون پێیدەگوترێت (دەشتێ).

بانەسەوز

کەوتووە‌تە گوندی (گردەناوێ). مێژوویەکی سەد ساڵەی هەیە. هەتا ساڵی ١٩٨٨ مردووی لێ بەخاکسپێرراوە. ڕووبەری لە یەک دۆنم زیاترە. لەسەر بانێکی گەورە و فراوان هەڵکەوتووە لەبەر ئەوەشه،‌ کە ئەو ناوەی لێنراوە.

بانی زیارەتان ١

کەوتووەتە خۆرهەڵاتی گوندى (عاموورە)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) و لە بەرزاییەکدایە. مێژوویەکی دێرینی هەیە و هەتا ئێستا مردووی لێ بەخاکدەسپێررێت. ڕووبەری زیاتر لە ٣٠٠٠ دۆنم زەوی دەبێت.

بانی زیارەتان ٢

کەوتووەتە سنوری گوندی (قەڵپ)ی سەر بە شارۆچکەی بەمۆ. لەنێوان گوندی قەڵپ و مۆرتکە. مێژووەکەی نزیکەی ٢٥٠ ساڵ دەبێت و بۆ هاتنی نەوەکانی سەید مەلا مستەفایی شەمێرانەیی دەگەڕێتەوە. ڕووبەرەکەی لە دوو دۆنم زیاترە. هەتا ساڵی ١٩٧٨ و کاتی ڕاگواستنی گوندەکان مردووی لێ بەخاکسپێرراوە.

بانیشار

کەوتووەتە نێوان گوندی (بانیشار) و (عاموورە)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ). ساڵی ١٩٩٦ دروستکراوە. ڕووبەرەکەی نزیکەی چوار دۆنم دەبێت. لە ئێستادا دانیشتوانی گوندەکە مردووەکانیان لەوێ بەخاکدەسپێرن.

باوا سەرهەنگ

کەوتووەتە باشوری شارۆچکەی تەوێڵە و خۆرئاوای خانەقای تەوێڵە، بەرزییەکەی (١٤٤٥م)ە لە ئاستی ڕووی دەریاوە، دەڕوانێتە سەر شارۆچکەی تەوێڵە، لە باکورەوە قەڵای گاوران و چیای هەرزگا و لە خۆرهەڵاتەوە خانەقای تەوێڵە و کانی وەیسوورە و لە خۆرئاواوە چیای هەوارە بەرزە و لە باشورەوە دۆڵی تەوێڵە و گەڕیات دەورەیانداوە. به ‌ناوی‌ یەکێک لە پێشەوایانی ئایینی یارسانییەوە ناونراوه،‌ کە گۆڕەکەشی لە گۆڕستانەکەدایە. مێژووی گۆڕستانەکە دێرینە و بۆ سەدەی چوارەمی کۆچی دەگەڕێتەوە. گۆڕە دێرینەکانی گۆڕستانەکە دووقات و سێ قات لەسەر یەک دانراون. زۆرێک لە کێلەکانی ڕوو بە قیبلە نین. جۆری کێلەکان و نوسراوەکان و ئەو زەخرەفانەی بەکارهاتوون ئەو ڕاستییە دەردەخەن. بە (گۆڕستانی گەورەی تەوێڵە)ش ناودەبرێت. لە دوو بەش پێکدێت (گۆڕستانی بابا سەرهەنگ) و گۆڕستانی (حاجی بەشارەت)، کە ئەمیش گۆڕستانێکی گەورە و کۆنە. گۆڕی چەند کەسایەتییەکی تەوێڵەی تێدایە وەک (مەلا نەزیری گەورە و حاجی محێدینی کوڕی، سەید فەتحولموبین). لەم گۆڕستانە و لە بەشی دووەمیدا، دار بەڕوویەکی گەورەی زۆر کۆن هەیە پێیدەوترێت (سەید حەسن)، کە پەڕۆی سەوزی پێوەیە و بە شوێنێکی پیرۆز سەیردەکرێت.

باوەخول خول

کەوتووەتە گوندى (زەمەقیى خواروو) به ‌دووریى يەک کيلۆمەتر لە باکورى گوندەکە بە ئاڕاستەى گوندى (تەپەکوڕە). (٥٨٦م) له ‌ئاستى ڕووى دەرياوه بەرزە‌. لە گۆشەيەکى گۆڕستانەکەدا بەردێکى زۆر بە شێوەيەکى بازنەيى، کە تيرەکەى سێ مەتر دەبێت، ڕيزکراون، قەبارەى بەردەکان لە نێوان (١٠ بۆ ٣٠سم)ن. ناوەکە بە‌ تەنها تايبەت نيیە بە گۆڕستانەکه،‌ بەڵکو ناوە بۆ ياريگا و زەويیەکانى دەوروبەريشى.

بەردی ئیمام عەلی

کەوتووەتە‌ ناو چەمی (دەرەکۆره)‌ی باکوری گوندی (میری سوور)ی سەر به ‌شارۆچکەی (خورماڵ). ڕووبەرەکەی نزیکەی دە دۆنم دەبێت. لە باکوری گوندەکەوە دەستپێدەکات هەتا نزیک قەڵای (سوڵتان ساحەق). مێژووەکەی بۆ سەردەمی هاتنى ئیسلام دەگەڕێتەوە و هەموو گۆڕەکان ڕووەو قیبلەن. گۆڕە کۆنەکان، بەهۆى کاریگەریى ئاووهەواوە زۆرێک لە گۆڕەکان شوێنەواریان نەماوە و هەندێکیشیان تەنها کێلەکانیان ماون.

1 2
...
10 دواتر