بەرگی نۆیەم
ناوەندی ڕۆشنبیری و وەرزشی
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.
بەرگی نۆیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.
چالاکییەکی ئاهەنگ و موزیک و گۆرانییە. سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان – ئۆفیسی هەڵەبجە بە بۆنەی گەڕانەوەی ڕۆڵەیەکی ونبووی شارەکە بە ناوی (عەلی: زمناکۆ) و ساڵیادی دامەزراندنی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان، ڕۆژی ٨ی ١ی ٢٠١٨ ئەنجامیداوە. هونەرمەندان: سەباح هەورامی، سیروان لهۆنی، حسێن خورماڵی و هونەرمەندی ڕۆژهەڵات فەرزادی ئەمینی، بەشدارییان تێدا کردووە. لە هۆڵی میر پێشکەشکراوە.
دیدارێکی ئەدەبییە. مەڵبەندی ڕۆشنبیریی هەورامان، بە دروشمی(بێسارانی شاعیرێک پێش سەردەمەکەی خۆی کەوتووە)، لە ١٣ و ١٤ی ٦ی ٢٠١٩ لە هۆڵی یادگاریی هەڵەبجە بەڕێوەیبردووە. بەڕێوەبەری دیدار: ئەیوب کوێخا ڕۆستەم. پاش پێشکەشکردنی وتار و نمایشی فلیمێک لەسەر بێسارانی، ئەم لێکۆڵەرانە بەرهەمەکانیان پێشکەشکردووە: عەبدوڵا ئاگرین، عادل محەممەد پور، لهۆن قادر، ئەنوەر ڕەوشەن، ئیبراهیم حاجی زەڵمی، ڕزگار جەباری، حەمەڕەشید ئەمینی. ژمارە (٤٠) گۆڤاری هەورامان تایبەتکراوە بە دیدارەکە و لێکۆڵینەوەکانی بڵاوکردووەتەوە.
چالاکیی هاوبەشی کۆلێژی یاسا و کارگێڕیی زانکۆی هەڵەبجە و کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەیە، بە هاوبەشی ڕێکخراوی داک بۆ گەشەبیدانا ژنا ئیزدی و سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان، بە هاوکاری کۆمسیۆنی نێودەوڵەتیی کاروباری بێسەروشوێنکراوانICMP، بە ناونیشانی: بێسەروشوێنکراوانی کوردستان و ئەرکی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و مافی کەسوکاریان، لە ڕۆژی جیهانیی بێسەروشوێنکراواندا لە ٣٠ی ٨ی ٢٠٢٤ لە هۆڵی کتێبخانەی زانکۆی هەڵەبجە بەڕێوەچووە. چەندین ڕێگە بۆ خزمەتکردنی کەیسەکە خراوەتەڕوو.
ئیڤێنتە (دیدار)ە. کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە و تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە، بە هاوکاری کۆمیسیۆنی نێودەوڵەتیی کاروباری بێسەروشوێنکراوان (ICMP)، لە ڕۆژی جیهانی بێسەروشوێنکراواندا، لە ٣٠ی ٨ی ٢٠٢٢ لە هۆڵی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە سازیکردووە. بە شداربووان: سالار مەحموود، ڕێبوار ڕەمەزان، ئاوارە حسێن، سۆزان سەفەر. ئەرکی دامەزراوەکان لە کەیسەکە و مافی کەسوکاریان، گفتۆگۆی لەسەر کراوە و ئاڵۆزی و تەنگەژەی بەردەم هەوڵەکان خراونەتەڕوو.
چالاکییەکی هونەرییە، وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە، لە ڕۆژی جیهانی سینەمادا، وەک پشتیوانی سینەماکاران و فلیمسازانی هەڵەبجە، لە ٢٧ی ١٢ی ٢٠٢٤ لە هۆڵی ڕۆشنبیریی هەڵەبجە، ئەنجامیداوە و ئەم فلیمانە بەشدارییان تێدا کردووە: ١- شێرۆ: سیناریۆ و دەرهێنان: ڕابەر ئیبراهیم.. ٢- نیوە: دەرهێنان: عوسمان محەممەد. ٣- واژۆی مەکەن: دەرهێنان: عوسمان محەممەد. ٤- چرۆی درەختە پیرەکان: دەرهێنان: گەیلان تەیمور. ٥-دوایین دیدار: دەرهێنان، هاوکار ساڵح. ٦-ژووری سوور: بەرهەمهێنان و دەرهێنان، ئیلیان ئەمیر.
ئەو کەرەستە و ئامێر و بەڵگە و دەلیلانەن، کە لە دوای کردنەوەی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە، لەلایەن خاوەنەکانیانەوە پێشکەش بە مۆنۆمێنتی هەڵەبجە کراون. ئەوانیش: هەندێک لە کامێرای ئەو وێنەگر و ڕۆژنامەنوسە بیانیانەی، کە وێنەی شەهیدەکان و مەرگەساتەکەیان گرتووە. هەروەها تەسبیحی ٥٠٠٠ دەنکی قەزوانی، سەنعان فایق محەممەد. تاکە نەعلەکەی ئەبوتەحسین، کە لە ڕووخانی سەدامدا لە وێنەکەی دەدات، بێشکەی منداڵەکانی م. فەخرەدین و کەرەستەی بەکاربردووی شەهیدان و چەندین مەدالیا و خەڵات و بەڵگەی تر.
پڕۆژەیەکی ناوازەی شێوەکار (ڕێبوار سەعید)ە. لە لەندەن بەرهەمهێنراوە. بۆ مەرگەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەی شەهید ئەنجامیداوە. بە ژمارەی شەهیدەکان تابلۆی نیگار کێشاوە. بە ئەندازەی یەکسان، هەر تابلۆیەکی ڕەمزی شەهیدێکە. بینەر شوێنی هەیە لە وردبوونەوەی پڕۆژەکەدا، ئەم پڕۆژەیە دەنگدانەوەیەکی جیهانی گەورەی هەبووە و لەڕۆژنامە و گۆڤارەکانی هەرێمیشدا زۆری لەسەر نوسراوە. لەسەر پێشنیازی (شێرکۆ بێکەس)و بانگهێشتی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەسەرپەرشتی بەرهەم ساڵح، ساڵی ٢٠٠٣ هونەرمەند پڕۆژەکەی هێنایەوە کوردستان و پێشکەشی(مۆنۆمێنتی هەڵەبجە)ی کرد. ئەم پڕۆژە تەنها ئەو ستوڵانە نین، کە دانراون، پڕۆژەکە چواربەشی تریشی هەبووە، کە قەبارەیان پێکەوە پێنج تەن بوون. لە خۆپیشاندانەکانی ١٦ی ٣ی ٢٠٠٦دا لە مۆنۆمێنت سوتێنرا.
بەرنامەیەکی هەورامی سەتەلایتی کوردستانە، لە ڕێگەی نوسینگەی هەڵەبجەوە، تایبەتە بە ژیانی فەرهەنگی و هونەری و ئەدەبی و مێژووی ژیانی هەورامان. بە شێوەزاری هەورامی پێشکەشکراوە. ئامادەکردنی هومایون ساحیب و پێشکەشکردنی فەرهەنگ دارا. کامێرا، حەمزە شوکر. دەرهێنانی حسێن محەمەد. لە نوسینگەی سلیمانی کاری مۆنتاژی بۆکراوە. یەکەم بەرنامەی لە ٢٠ی١٢ی ٢٠٠٥ لە تەوێڵە تۆمار و پەخشکراوە و ٥٠ ئەڵقەی بە دوو هەفتە جارێک لێ پەخشکراوە. لە هەردوو هەورامانی باشور و ڕۆژهەڵات، بەرنامەی تۆمارکردووە. تا ساڵی ٢٠٠٨ بەردەوامبووە.
١- چەپڵە چەپڵە: جۆرە گۆرانییەکی تایبەت بە هەورامانە. ئاسانترین جۆری گۆرانی هەورامییە و هەموو گۆرانیبێژە هەورامییەکان دەتوانن بیڵێنەوە. بە شێوەیەکی گشتی دیوی شاد و خۆشیی خەڵکی هەورامان پیشاندەدەن. لە شایی و سەیران و کاری هەرەوەزییدا گەرمکەری داوەت و شایی و هەڵپەڕکێن. بە چەپڵە و ئیقاعی تایبەتەوە دەوترێن، جارجار شمشاڵی لەگەڵدا لێدەدرێت. جۆری کرژی و خێرایی چەپڵەڕێزان، دەبێت کۆک و تەبا بێت لەگەڵ ئاواز و ڕیتمی گۆرانییەکەدا، هەندێکیان چەپڵەی خاویان لەگەڵدا لێدەدرێت، چونکە بەبێ چەپڵە ناوترێن. شەستەکانی سەدەی ڕابردوو ژمارەیەک گۆرانیبێژی هەورامی هەندێک لەم بەزمی چەپڵانە و وردە بەزمەکانیان تێکەڵ بە ئامێری میوزیک کردووە. ناوی هەندێک لە بەزمەکان: ئای نەخش، ئای بەلەنجەگیان، ئامەکەو ئامینم، ئەی کەڵی مل بەرز، ئامەکوڵێ و فاتە کوڵێ، ئەی خاڵ وەی خاڵ، ئا مەگری مەگری، ئامان لەرزانە (سێ بەزمە)، بێتاوان، ئامینم تۆ گوڵەکەمی، عەمرەکەم کەنی (دوو بەزمە)، برا لە چەمۆ بێ، وەی وەی وەی وەی... هتد. ٢- گۆرانیی خاو: جۆرە گۆرانییەکی ڕەسەنی ناوچەی هەورامانە. لە سیاچەمانەکان ئاسانترن. زۆربەی گۆرانیبێژانی هەورامان و هەندێک گۆرانیبێژی دەرەوەی هەورامان دەتوانن بیانڵێنەوە. هەندێک لەم ئاوازانە زۆر کۆنن و هەندێکیشیان تازەن و بڕێکیشیان خاوەنەکانیان دیارن. زۆرینەی ئەم گۆرانیانە پڕن لە ئاهەنگ و ناڵە و نەوای عاشقان. هەندێک لەم گۆرانی و ئاوازانە پێیاندەوترێت: (وردە بەزم: نەرمە بەزم). هەندێکیشیان پێیاندەوترێت: (بەزمی گێڵای- گەڕیان). هەشیانن بە بەزمی (دەرەیی) ناسراون. لەگەڵ سەرهەڵدانی تەریقەتی نەقشی و خانەقاکانی هەورامان، هەندێک بەزمی (شێخانەی خاو) هاتنە ڕیزی گۆرانییە خاوەکان. ناوی هەندێک لە گۆرانییە خاوەکان: خاوەر گەلاوێژ، ئەی لاوەلاوە، ئەی شل، ڕابە هۆ ڕابە (سێ بەزمن)، ئارۆ ڕام کۆتەن کۆنە هەواران (دوو بەزمن)، شیرین کەوتەرە ئۆ باخ و گوڵزار... ٣- سیاچەمانە: جۆرێکە لە چرینی ڕەسەن و دێرینی هەورامان. دیوە سروشتیەکەی (وێناکردنی سروشتی جوان و جۆری ژیانی خەڵکەکەیەتی) و دیوە مەزهەبی و فەرهەنگیەکەی (ڕیشەو ڕەگەکانیەتی لە ئایین و ڕەچەدیینی و تەریقەتەکانی سۆفیگەری)یدا. ناتوانرێت مێژوویەکی دیار بۆ سەرهەڵدان و لەدایکبوونی سیاچەمانە دابنرێت. مادام گۆرانی و میوزیک هاوتەمەنی مرۆڤن، کەواتە سیاچەمانەش لەگەڵ مرۆڤی هەورامیدا سەریهەڵداوە. بیروڕای جیاواز لەسەر لێکدانەوەی وشەکە هەیە. سیاچەمانە_چڕی قەدیم، مام هەیەر باس لە ٤٢ سیاچەمانە و عوسمان کەیمنەیی باسی ٧٠ سیاچەمانە دەکات. ناوی هەندێک لە بەزمی سیاچەمانە: (بەزمی پەسەک، بەزمی هەورامی، بەزمی ڕەزبڕین، سیاچەمانەی دەرەیی، سێ بەزمن. سیاچەمانەی ژنانە. سیاچەمانەی شێخانە، چەند بەزمێکن. سیاچەمانەی ئەحلی، خواڵەداد، عەرعەر داد، ڕەفیق داد، خاڵ سیاو لەیل، خاڵ خەنەین، خانمەلێ، قامەت وەش، میناوەی سێ بەزمن، حەلیم داد، نازار وەی، ئایشێ ڕۆ دوو بەزمن، عەتیلێ، پێچە پێچەکان،... هتد. ٤- هۆرە: چڕینێکی دێرینەی تایبەتی ناوچەکانی خوارووی خۆرهەڵات و باشوری کوردستانە. جوگرافیاکەی کرماشان و لوڕستان و ئەمبەرەوبەری سیروان و شارەزوورە. پەیوەندی عیشقی نێوان مرۆڤ و سروشتە و تێکەڵ بەستایشی ئایینیش کراوە. لەلای پەیرەوانی سوننە و بەشێک لە شیعە و یارسانەکان و تەریقەتەکانیشدا برەوی هەبووە. بەستەری بەستنەوەی گۆران و جاف و کەڵهوڕ و فەیلی و سۆرانی و گەرمیان و کوێستانیشە. بەتەواوی نازانرێت مێژووەکەی بۆ کەی دەگەڕێتەوە. لە دەقەکانی هەزارساڵ پێش، نیشانەکانی دەبینرێن. بەبێ مۆسیقا دەچڕرێت. هەندێک لە مێژوونوسان بە ئاوازێکی ئاهورایی دەزانن و ڕیشەیەکی ئایینی و ئولی زەردەشتی و تەنانەت میتراییشی پێدەدەن و لایانوایە وشەکەش لە ئاهوراوە هاتووە. هەندێکیش لایانوایە (سوورە)ی قورئانی پیرۆز نزیکی لەگەڵ (هورە) هەیە. کەڵهوڕەکان خۆیان بە میراتگری دەزانن. لەگەڵ سیاچەمانە لقی یەک درەختن. هی سەردەمی ئەشکەوتنشینی مرۆڤە. قەڵەمڕەوی ڕەسەنی ئیلام و کرماشان و ناوچەکانی کەڵهوڕە. بەڵام لە هەورامان و شارەزوور و بەشێکی گەرمیان و ناو یارسانەکانیش بایەخی خۆی هەیە و ستایشی پێ دەکرێت. بە هەموو کەس ناوترێت. زیاد لە ٢٢ مەقامی هەبووە و هەندێکیان لەناوچوون و هەندێکی نوێشی هاتووەتە ناو. لە ناو جافدا هۆرەی جافی هەیە و لە شارەزوورو هەڵەبجەدا زیاتر دەوترێت.
لە مێژەوە مۆسیقا لای هەورامیەکان باوبووە، سەرەتا لە شمشاڵ و تەنبور کەڵکیان وەرگرتووە. پاشان تەپڵ و دەهۆڵ و زوڕنا و... هتد. بەفراوانی چووەتە ژیان و فەرهەنگی ناوچەکەوە و هەر جوڵەیەکی ژیان، جۆرێک میلۆدی پێوە تایبەت کراوە. سێ چەشنە مۆسیقا لە هەورامان پەرەی گرتووە: ناوخۆیی، کە هەردەم لێی زیاد دەکرێت و نوێ دەبێتەوە. فۆلکلۆری، مۆسیقای دەگمەنی ساچەمانە، کە پشت بە بين و سنگ و گەرووی سیاچەمانە_چڕەکە دەبەستێت. ناوی چەندین ئامێر و سازی مۆسیقی لە هۆنراوەی هونەرانی هەورامی بێژدا هاتووە، کە لە بەزم و ڕەزمەکاندا کەڵکیان لێ وەرگیراوە. بەشێک لەو سازانە لەناو گەلانی دنیادا ناسراون و ناوی هەندێکیان ئێستا فەرامۆشکراون. دەروێش ئوجاخی گاوارەیی ١٢١١ بۆ ١٢٨٦ک لە شیعرێکی هەورامیدا ناوی ئەم سازانەی بردووە. یاران یاوەران چەن سازێ داریم-مەبۆ نامشان یەک یەک بیاریم. (تەنبوور، عود، ڕوباب، قیتار، بەربەت، قیژەک، شمشاڵ، سێتار، قوپۆز، تەپڵ، تاس، کەڕەنا، دووزەلە، دەهۆڵ، دوتەپڵە، زوڕنا، توتەک، زەنگ، تار، شاخنەفیر، ڕۆد، باڵەبان، کینار، سەفیر، دایرە، دەف، کەمانچە، مزمار، شەیپور، گاودوم، چەغانە، چارپار، چەنگ، تیرباڵ، دومبەک، قانوون، کۆس، سەنتور، شانە، ئەرغەنوون).
کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە و سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان، ئۆفیسی هەڵەبجە، بە سپۆنسەری ڕاگەیاندنی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک بەشێک لە پڕۆژەی بەفەرهەنگیکردنی ١٦ی ٣، لە سییەمین ساڵیادی جینۆسایدی هەڵەبجەدا، لە ٢٣ی ٣ی ٢٠١٨، لە هۆڵی د. مستەفا زەڵمی ڕێکیخستووە. بەشداربووان: مامۆستا جەمال گەویلی، ماستەر لە زانستە سیاسیەکاندا. مامۆستا ئاوارە حسێن، ماستەر لە یاسای نێودەوڵەتیدا. د. کارزان محەممەد، دکتۆرا لە یاسای ڕاگەیاندندا. لەلایەن هۆشمەند مرادەوە بەڕێوەبراوە.
کۆمەڵێک چیرۆکی سیاسی، کۆمەڵایەتی، فەرهەنگی بوون، کە هەندێکیان لە شێوەی تەنزدا ئامادە و پێشکەشکراون. بەرهەمی تیپی هونەریی پێشەنگی خورماڵ بوون و لە دەنگی یەکگرتوو - ڕادوێی هەڵەبجەی شەهیدوە پێشکەشکراون، کە ڕەخنەیان لەلایەنی بەڕێوەبردنی کارگێڕیی و نۆڕینگی پزیشکی و چەندین دیاردەی کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمەی شاریان گرتووە. چیرۆکەکان: مام فایەقی واسواس، پەشیمانی، دوو زمانی، شەلەی قۆڵبڕ، تکایە وێر نییە، سواڵکەر، کێشەی کارەبا، ئێوارە وەرە بۆ عیادەکەم، ئاوەڕۆی خورماڵ، سەردانی نەخۆش، کێشەی خاوەن باخ، تاپۆکردنی زەوی، ئەمەیان بۆ کەی، بێ هیوایی، ئای لە دەست مۆلیدە، ئای لە بایەعی، ئۆخەی هەڵبژاردنە، وانابێ، چوونە بازاڕ. هونەرمەندانی بەشداربووی نوسین و ئامادەکار و دەرهێنەری چیرۆکەکان: مامۆستا عومەر عەزیز، سامان دەرەمەڕی بوون. نواندنی دەنگیی بەشێک لە چیرۆکەکان: سامان کەریم دەڵەمەڕی، لایەق ئەنوەر، هۆشمەند حەمەکەریم، کارزان مەولود، نەغەدە حەمەکەریم، مەرجان محەممەد، مەسعەب ئادەم، دیاری مەهدی. یەکەم چیرۆکیان لە ٢٦ی ١ی ٢٠٠٣ و کۆتا چیرۆکیان ٢٧ی ١١ی ٢٠٠٦ پێشکەشکراوە.
بەرنامەیەکی دیجیتاڵی کەناڵی هەڵەبجەیە بە شێوەی ئۆنلاین و لایڤ لە شێوەی دادگا و شکڵی یاسایی پەخشکراوە. لە هەناوی کارەساتی کیمیابارانی ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ەوە سەرچاوەی گرتووە. ئامادە و پێشکەشکردن: دانا هەڵەبجەیی، سەرپەرشتیکار: ڕێبوار حەمەفەرەج. وەرگرتنی پەیوەندییەکان: کامەران حەمەنووری کوردستانی. دواندنی کەسانی بەرکەوتوو، بریندار و خاوەن قوربانییانی کەیسی کیمیابارانکردنی هەڵەبجەیە. لە ١٦ی ٣ی ٢٠٢٢ تا ٣ی ٦ی ٢٠٢٢، ٩١ زنجیرەی لێ پەخشکراوە و ٧٢ قوربانی قسەیانکردووە.
چالاکیی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجەیە. دوای کۆبونەوەیەکی بەرفراوان، واژۆکردنی گرێبەستی نێوان کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە و کۆمپانیای ڕۆشای ئێرانی لێکەوتوەتەوە، کە بریتیە لە ڕێکارەکانی کارئاسانیکردن بۆ هێنانەوەی دۆسیەی بەرکەوتوانی کیمیاباران لە نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئێران و گواستنەوەی نەخۆش و هاوڵاتیان و بەرکەوتووانی کیمیاباران، کە پێویستیان بەچارەسەرکردنی پزیشکی هەیە لەسەر ئەرکی خۆیان بە تێچووی کەمتر، لە ١٨ی ١١ی ٢٠٢١ بە ئامادەبوونی سەرکونسوڵی کونسوڵخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران و جێگری پارێزگار و بەڕێوەبەری گشتیی کاروباری شەهیدان و سەرۆکی شارەوانی و سەرۆکی تۆڕی ڕێکخراوەکانی هەڵەبجە و سەرۆک و ئەندامانی دەستەی باڵای کۆمەڵەی کیمیاباران و سەرۆک و ئەندامانی گروپی کۆمپانیای ڕۆشا، لە بینای کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە واژۆکراوە.
چالاکییەکی ڕۆشنبیریی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان - ئۆفیسی هەڵەبجە و ڕێکخراوی هەڵوێستە. چەند دیبەتێکە تایبەت بە ڕەخساندنی ژینگەیەکی ڕۆشنبیریی تایبەت بە کاندیدی لایەنەکان و بەشدارییان لە هەڵبژاردنەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی مەیدانییان لەگەڵ خەڵکدا. دیبەیتەکان بۆ هەر یەک لە: ١- له ڕۆژی ٩ی ٩ی ٢٠١٣ بۆ هەریەک لە کاندیدان (سەردار مەحموود، سەروەر عەبدولڕەحمان، ناسیح مەجید، عەبدولوەهاب عەلی مەحموود، عەبدولڕەحمان عەبدولڕەحیم، شێرکۆ جەودەت) ڕێکخرا. دیبەیتەکە لە (هۆڵی سارا) بەڕێوەبرا. ٢- لە ١٢ی ٩ی ٢٠١٣ بۆ هەریەک لە کاندیدان (کەلسوم حسین، قومریە محەممەد بەرزنجی، کوێستان لەتیف، تەلار لەتیف، خەرامان محەممەد، ئیڤار ئیبراهیم) ڕێکخرا. دیبەیتەکە لە (هۆڵی سارا) بەڕێوەبراون. ٣- لە ١٦ی ٩ی ٢٠١٣ بۆ هەریەک لە کاندیدان (عومەری حاجی عینایەت، ئومێد کەمال، لوقمان یاروەیسی، سوبحی مەهدی ئەحمەد، ئەنوەر عەنەبی). ڕێکخرا. دیبەیتەکە لە (هۆڵی سارا) بەڕێوەبرا.
یەکەمین پێشانگای تایبەتی(هەڵمەت لەتیف)ە. ماڵی گەنجانی هەڵەبجە کردوویەتییەوە. بەڕێوەبەری بەرهەم: ماڵی گەنجان. سەرپەرشتیاری هونەری: هەردی هادی. ڕاوێژکاری هونەری: عەبدولڕەحمان میرزا. هاوکاران: (محەممەد هوشیار، هێمن حەمەڕەحیم، سەردەشت عەلی). ٥ی ٥ی ٢٠١٢ و ڕۆژانی دوایی لە گەلەری عادیلە خانم.
چەند دیدارێکن، تایبەت بە ئەدەب و کلتور و فەرهەنگ و زمانی هەورامان. یەکەمیان کۆمەڵگەی مارگرێت بۆ پەروەردە و کلتور و ئەوانی تر، دامەزراوەی کەریمی عەلەکە، بە چاودێری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، چەند ساڵێک لە هەڵەبجە بۆ فەرهەنگ و ئەدەب و زمان و کلتوری هەورامان ڕێکیانخستوون. بە بیرۆکە و سەرپەرشتی شاخەوان سدیق و سپۆنسەری دارایی د. تەها ڕەسوڵ. هەر دیدارە و بە ناوی کەسایەتییەکی ڕۆشنبیری هەورامانەوە ناونراوە و سەرجەمیان لە هۆڵی مۆنۆمێنتی هەڵەبجە ڕێکخراون و کۆی بابەتەکانیان بە کتێب چاپکردوون. ١-دیداری عوسمان محەمەد هەورامی. ٣٠ی ١٠ی ٢٠٢١، چەند وتارێک و پڕۆژەی خوێندن بە هەورامی لەلایەن حەمەی حەمەسەعید وەزیری ڕۆشنبیرییەوە. سێ پانێڵە، بە بەشداری: حەمەڕەشیدی ئەمینی، کورش ئەمینی، ئیرەجی مرادی، عادل محەمەد پور، سوهەیب فاروق، ڕەئوف مەحمود پور، ڕزگار جەباری، هومایون ساحێب، نامق هەورامی. بەڕێوەبەرانی پانێڵەکان: عەبدولخالق یەعقوبی، شاخەوان سدیق، جەلیل عەباسی. ٢-دیداری جەمال بێدار. ١٩ی١١ی ٢٠٢٢، چەند وتار و خەڵات و سێ پانێڵی لەخۆگرتووە. بە بەشداری توێژەران و نوسەران: ڕێباز لوقمان، ڕێژەن حەسەن، زریان حاجی، د. بێستوون حەسەن، جەلیل عەباسی، حەمەکەیم هەورامی، عەبدولخالق یەعقوبی، لوقمان کەریم، هومایون ساحێب. پانێڵەکان لەلایەن (ئیبراهیم هەورامانی، شاخەوان سدیق، سوهەیب فاروق)ەوە بەڕێوەبراون. ٣- دیداری پرۆفیسۆر محەمەد ئەمین هەورامانی. ڕۆژی سێشەممە ١٧ی ١٠ی ٢٠٢٣. بەخشینی خەڵاتی دامەزراوە بە نوێنەری بنەماڵەی محەممەد ئەمین هەورامانی، شیعرێک لەلایەن مەهوەش دروستکار. سێ پانێڵ بە بەشداری: د.لهۆن قادر، هەدیە عەلی عابد، ڕێباز حەمەغەریب، جەلیل عەباسی، فەرشید ڕۆستەمی، سەلمان خوامرادی، هومایون ساحیب، پەروێز ڕۆستەمی، د. موئمین زەڵمی. بەڕێوەبەری پانێڵەکان: (شاخەوان سدیق، ئاهورا کوردستانی، سوهەیب فاروق) بوون. ٤- دیداری خاتوو جیهاننارا، خانمی پاوەیی بۆ ڕەخنەی ئەدەبی: ڕۆژی شەممە ٥ی ١٠ی ٢٠٢٤. بەرنامەکان: چەند وتارێک و سێ پانێڵ بە بەشداری: د. لهۆن قادر عەبدولڕەحمان، ئاوێنە ئەحمەدی، سابیر عەزیزی، د. ڕێباز لوقمان مستەفا، نامق هەورامی، یوسف باقی عەبدولقادر، ڕەئوف محەممەد پوور، ئەیوب کوێخا ڕۆستەم، ئەرشەد یامەولا، د. ئیبراهیم حاجی زەڵمی. پانێڵەکان لەلایەن (شاخەوان سدیق، د.دیلان سەلام، سوهەیب فاروق)ەوە بەڕێوەبراون.
بەرنامەیەکی دیکۆمێنتاریی تەلەفزیۆنییە. لە کەناڵی لۆکاڵیی هەڵەبجه تیڤی پەخشکراوە. چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەسایەتی و شاعیران و نوسەرانی سنوری پارێزگای هەڵەبجەدا کردووە. مێژووی زارەکی تێدا تۆمارکراوە. لە ٢٠١٨ تا ٢٠٢٠ میوانداری ١٥ کەس کراوە. پێشکەشکار: سەرچڵ یونس عەبدولکەریم. کامێرامان: ڕێبین، شنروێ، سەرخێڵ، سیروان، پێشڕەو. دەرهێنان: ڕێبین محەممەد، هێمن، بەمۆ. میوانەکان (ع. ع. شەونم، مەلا لەتیفی بامۆکی، عەلی شەمعە، خاڵۆ سەید نەجیبی هانەسوورە، مامۆستا جەمال بێدار، حەکیمی مەلا ساڵح، ئازاد ساڵح شنروێ، حەمەی حاجی شەریف، مەلا تایەری یاروەیس، حەمەومین هەورامی، د. فایەق گوڵپی، مام وریا هاواری براخاس، مامۆستا ڕەئوف دەورێش فەرەج، محەممەدی حاجی مشیری تەپی سەفا).
پڕۆژەیەکی دیکۆمێنتاریی پەیکەرسازییە، بۆ هێشتنەوەی وێنەیەک لەدەستی پەرلەمانتارانی کوردستان بە خاکی هەڵەبجە، لەدوای دەنگدانیان بە پڕۆژەیاسای بە پارێزگابوونی هەڵەبجە لە دانیشتنی ژمارە دووی نائاسایی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستاندا، لە ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی ٢ی ٢٠١٥ لە مۆنۆمێنمتی هەڵەبجە. دوای دەنگدان لە مۆنۆمینتی هەڵەبجە بە خاکی هەڵەبجە ئامادەکراوە، قاڵبی دەستی پەرلەمانتارانی دەنگدەر وەرگیراوە و دواتر دەستەکان بوونەتە پڕۆژەیەکی هونەری و لە قاڵب کراون. پێویستە بوترێت هەندێک لە پەرلەمانتاران دوای دەنگدانیان بە پڕۆژە یاساکە، بە پڕۆژە هونەرییەکەیان نەزانیووە و قاڵبی دەستیان نەگیراوە. بۆیە ژمارەی دەستەکان لە پڕۆژەکەدا (٤٨) دەستن. دەستەکان لە دیوانی پارێزگای هەڵەبجە دانراون و بەڵگە و بڕوانامەی پڕۆژەکەش بە زمانەکانی(کوردی، عەرەبی، فارسی، ئینگلیزی) لە شووشەدا گیراوە و هەڵواسراوە. بیرۆکە و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە: هونەر ساحیب. سپۆنسەر: پەرلەمانی کوردستان.
خەڵاتێکی ساڵانەی ڕێکخراوی نوێیە لە هەڵەبجە بۆ بواری داکۆکی لە مافەکانی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی. ساڵی ٢٠٢٢ هاتووەتە ئاراوە. بە هەردوو ڕەگەز و ئەو کەسانە دەبەخشرێت، کە لە سنوری پارێزگای هەڵەبجەدان و لە مافەکانی ژناندا کاریان کردبێت. خەڵاتی ساڵی یەکەمی لە ٢٥ی ١١ی ٢٠٢٢ بەخشراوە بە (ڕۆژنامەنوس میهرەبان سەلام و پێشکەشکار کاڵێ ڕێناس و چالاکوان سۆزان فەرەج). ساڵی دووەمی خەڵاتەکە، کە بە هاوکاریی ڕێکخراوی تواناسازیی ئافرەتان، لە چوارچێوەی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژ بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی کچان و ژنان لە ٤ی ١٢ی ٢٠٢٣ بەخشراوە بە (عەلا ڕەمەزان)ـی وێنەگر و پەیامنێر و ئامادەکاری کارەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا و (فەرحان حەمەخان)ـی پەیامنێری دەنگی ئەمریکا و (ئەڤین عەتا)ـی پەیامنێری کوردستان ٢٤.