بەرگی نۆیەم
ناوەندی ڕۆشنبیری و وەرزشی
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.
بەرگی نۆیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.
کەناڵێکی تەلەفزیۆنی ناوخۆییە. دەنگ و ڕەنگی هەورامانە. بەڕێوەبەر و بیرۆکەی دامەزراندنی ڕێبوار هەورامییە. پەخشی کەنأڵەکە بە زمانی کوردی (هەورامی و کرمانجی ناوەڕاست/سلێمانی)یە. لەگەڵ ژێرنوس و دۆبلاژکردن بە زمانەکانی (عەرەب، فارسی، تورکی و ئینگلیزی). بە مەبەستی پاراستنی سروشت و کلتوری ناوچەی هەورامان و گۆران دامەزراوە. کار دەکات بۆ پاراستنی تایبەتمەندیەکانی ناوچەکە و بڵاوکردنەوەی کلتوری پێکەوەژیان. لە شاری هەڵەبجە و تا ئێستا بارەگای نییە. نوسینگەی سەرەکی لە شاری هەڵەبجەیە. لەسەر سیستمی ناوخۆیی کاردەکات و بۆ سەرانسەری کوردستان پەخشدەکرێت. لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشەوە بۆ دەرەوەی کوردستان دەگوازرێتەوە.
کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی ناوخۆییە. لەمانگی ٢ى ١٩٩٣ لیژنەی ناوچەی هەڵەبجەی پارتی دیموکراتی کوردستان دایمەزراندووە. سنوری پەخشی سەنتەری شار و ناحیەی سیروان بووە. بەرنامەکانی زیاتر هونەری بوون و فلیمی تێدا پەخشکراوە. هەندێک جار بەرنامەکانی تەلەفزیۆنی (پ.د.ک)ی سلێمانی پەخشدەکردەوە. بیناکەی لەناو بینای لیژنەی ناوچە بووە لە گەڕەکی جوولەکان. کاتی پەخشی سەرلەئێوارە بۆ ١٢ی شەو بووە. لیژنەی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی ناوچە بە کارگێڕیی بەختیار سدیق سەرپەرشتی کردووە. ماوەی کارکردنی ساڵی نەخایاندووە و بە هۆی شەڕی ناوخۆوە ڕاگیراوە.
کەناڵیکی تەلەفزیۆنی ناوخۆیی ئۆنلاینە. لە ٩ى ٢ى ٢٠٢٣ لەلایەن ڕێکخراوی تاج و العارفینەوە دامەزراوە. لە بەشی ئۆنلاینی سیستمی HD BOX و FAMILY BOX داخڵکرا و دەستی بە پەخش کرد. ناوەڕۆکی ئەم کەناڵە ئایینی و فکری و پەرەوەردەییە و ماوەی پەخشەکەی ٢٤ کاتژمێرییە. بەڕێوەبەری ئەم کەناڵە ئەرسەلان محەممەدە و بارەگای کەناڵەکەیش لە گەڕەکی پاشایە، پاڵپشتیی دارایی ئەم کەناڵە دەگەڕێتەوە بۆ ڕێکخراوەکە و خێرخوازان.
کەناڵێکی هونەری و سیاسیی گشتییە. لە مانگی ١ی ساڵی ٢٠٠٦ لەلایەن لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دامەزراوە. وەستا جەمال سەرپەرشتیاری ستۆدیۆکانی ڕاگەیاندنی پارتی، ستۆدیۆکەی دامەزراندووە. ڕۆژانە لە کاتژمێر ٦ی ئێوارە هەتا ١٢ی شەو پەخشی هەبووە. سنوری هەڵەبجە و شارەزوور هەتا ناحیەی عەربەتی دەگرتەوە. بەرنامەکانی بەشێکی بەرهەمهێنانی خۆی بووە، بەشێکیشی لە تەلەفزیۆنی زاگرۆسی سلێمانییەوە وەردەگیرا. بەڕێوەبەری ئەم کەناڵە لە سەرەتادا حسێن محەممەد بووە. سەروەت حاجی و شوان سۆسەکانی و ڕەحیم غەریب وەک کامێرامان و مۆنتێر دامەزراون. دواتر سەرهەنگ عیزەت بووە بە بەڕێوەبەر، هەتا ساڵی ٢٠٠٩، کە داخراوە.
کەناڵێکی تەلەفزیۆنی سەربەخۆی ناوخۆیی (لۆکاڵی)یە. ئۆفیسەکەی کەوتووەتە گەڕەکی (سەرا) لەناو شاری هەڵەبجە. تایبەتە بە خۆراک. (وریا حەمەکەریم) دامەزرێنەری کەناڵەکەیە و لە ١ی ٩ی ٢٠٢١ دەستی بە پەخش کردووە. (سالم حەمەخان) بەڕێوەبەریەتی. لە ناو سیستمە ناوخۆییەکانی (HD BOX و FAMILY BOX و KURD CELL و MIX MEDIA و ISTAR و ONE BOX) ) لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و موسڵ و کەرکوک و سیستەمە ناوخۆییەکاندا پەخشی ھەیە و زۆرێک لە ئامێرە ئەنتەرنێتیەکانی IP TV لە نزیکەی ١٠ ئەپلیکەیشن پەخشی ھەیە. لە ئێستادا ٢٥ کارمەندی هەیە و هەتا ئێستایش بەردەوامە. مۆڵەتی حکومەتی هەرێمی هەیە. سەرچاوەی داهاتی ڕیکلام و فرۆشتنی بەرنامە و بەرهەمەکانیەتی بە دەزگا ڕاگەیاندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق. لە بینایەکی کرێدایە.
یەکەمین کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی تایبەت بە هەورامانە. بارەگای سەرەکی لە شارۆچکەی (خورماڵ) بووە. ساڵی ٢٠١٠ دەستی بە پەخشکردن کردووە. پەخشی تا شاری پاوە لە خۆرهەڵات و شاری سلێمانی ڕۆیشتووە. ماوەى سێ ساڵ بەردەوامبووە. (ئەمین عەبدولکەیم زەڵمی) بەڕێوەبەری بووە. بەرنامەکانی تایبەت بووە بە پیشاندانى کلتور و زمان و مێژووی و ئەدەبی و هونەری هەورامان. ساڵی ٢٠١٣ پەخشی ڕاگیراوە.
درێژکراوەی KTVی سلێمانی بووە. لە تەمووزی ١٩٩٤ لە ئەنجامی شەڕی ناوخۆوە لەلایەن لیژنەی ناوچەی هەڵەبجەی (پ. د. ک)ـەوە بە هەمان لۆگۆوە هێنرایە هەڵەبجە. بەڵام لە پەخشکردنیدا بە ناوی کەناڵی کەرکوک/سلێمانی ناودەبرا. بارەگای لە گەڕەکی سەرادا بووە، پشت ئامادەیی هەڵەبجەی کچان. زمانحاڵی پارتی بووە لە هەڵەبجە. بەرنامەکانی سیاسی و هونەری و ڕۆشنبیری و وەرزشی و هەمەڕەنگ بوون. کاتی پەخشەکەی سەرلەئێوارە بۆ ١٢ی شەو بووە. سنوری پەخشی هەڵەبجە و شارزوور بووە. بەڕێوەبەری ئەم تەلەفزیۆنە لە ساڵی ١٩٩٤ مەلا عەلی کەرکوکی و دواتر لە ساڵی ١٩٩٥ هەتا کاتی گواستنەوەکەی بۆ سلێمانی لە ساڵی ١٩٩٦، سەردار کەرکوکی کراوە بە بەڕێوەبەر. سەرپەرشتی ڕاگەیاندنی ناوچەی پارتی، کە هەریەک لە تەلەفزیۆن و ڕادوێکەیش لە ژێر دەسەڵاتیدا بووە، لە ساڵی ١٩٩٤ کەریم ڕۆژ بووە، دواتر لە ساڵی ١٩٩٥ عەلی تۆفیق کراوە بە سەرپەرشت، هەتا مانگی ٩ی ١٩٩٦. کەناڵەکە هەتا ٣١ى ٨ى ١٩٩٦ لە هەڵەبجە لە پەخش بەردەوامبووە، بەڵام بە هۆی شەڕی ناوخۆ و ڕووداوەکانی لە ١ى ٩ى ١٩٩٦ لە هەڵەبجەوە گواستراوەتەوە بۆ سلێمانی و دواتر لەوێیش لە ١٣ى ١٠ى ١٩٩٦ بەهۆی شەڕی یەکێتی و پارتی و چۆڵکردنی سنوری هەڵەبجە و سلێمانی لەلایـەن پـارتییـەوە بـە تـەواوی داخراوە.
تەلەفزیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستانە. لە ٣ى ٦ى ٢٠٠١ لە خورماڵ دامەزرا. زمانحاڵی سەرەکیی کۆمەڵی ئیسلامییە. ڕۆژانە کاتی پەخشەکەی ٥ی سەرلەئێوارە تا ١٢ شەو بووە. تۆفیق کەریم ساڵح وەک بەرپرسی مەکتەبی ڕاگەیاندنی کۆمەڵ و بەڕێوەبەری تەلەفزیۆنەکەش محەممەد فەرەج دێکۆنی بووە. بەرنامەکانی سیاسی و ئایینی و کۆمەڵایەتی و هەمەڕەنگ بوون، لە ٢١ى ٣ى ٢٠٠٣ بەهۆی موشەکبارانی بارەگاکانی کۆمەڵی ئیسلامی لە خورماڵ لەلایەن هێزەکانی هاوپەیمانانەوە، ئەم تەلەفزیۆنە گواسترایەوە بۆ هەڵەبجە و لە ٢٧ى ٥ى ٢٠٠٣ لە هەڵەبجە دەستی بە پەخش کردەوە و فارووق عەلی کرایە بەڕێوەبەر. لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە هەتا داخستنی، عەباس محەممەد کراوەتە بەڕێوەبەر و بارەگاکەی لە گەڕەکی سەرا بوو لە ناو بینای مەڵبەندی یەکی کۆمەڵی ئیسلامی ئەوکات و کۆمەڵی دادگەریی ئێستا. لە مانگی ٥ی ٢٠٠٨ لەگەڵ دامەزراندنی کەناڵی ئاسمانیی پەیام، ئەم تەلفزیۆنەش داخرا و سەرجەم کەلوپەل و کارمەندەکانی گوازرانەوە بۆ کەناڵی پەیام.
نوسینگەی تەلەفزیۆنیە لە پارێزگای هەڵەبجە، بۆ یەکەمجار لەساڵی ٢٠١٣ کراوەتەوە، دەکەوێتە گەڕەکی مامۆستایان، نوسینگەکە لەبینایەکی کرێدایە و ڕووبەری بیناکەی ٢٠٠ مەتر دەبێت، چوار کارمەند لەو نوسینگەیە کاردەکەن. پێشتر (وەلید خالید) بۆ ماوەی دوو ساڵ بەرپرسی نوسینگەکە بووە. دواتر(دیلان شاوەیس) بووەتە بەرپرسی نوسینگەکە، تاکو ئێستا، کە لە هەمان کات ناوبراو کامێرامانی کەناڵەکەیە لە پارێزگای هەڵەبجە. تاکو ئێستا نوسینگەکە کراوەیە و ڕۆژانە کاری کەناڵەکە لە سنوری پارێگای هەڵەبجە لەم نوسینگەیە ئەنجامدەدرێت. کەناڵی عێراقیە کەناڵێکی نیمچە فەرمی زمانحاڵی حکومەتی عێراقە، خۆی لە شەش کەناڵ و ڕادوێ و ڕۆژنامەدا دەبینێتەوە.
بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠١٤ لە پارێزگای هەڵەبجە، کەناڵی (KNN)، نوسینگەی تایبەت بە کەناڵەکەی کردەوە، کە دوای ڕووماڵکردنی بابەتەکانی ڕۆژ، لەو نوسینگەیە ئامادەکراون و کاری تۆمارکردنی دەنگ و مۆنتاژی تێدا کراوە. نوسینگەکە یەکەمجار (ئارام نەجم) بەرپرسی بووە، دواتر (چۆمان عوسمان) تاکو ساڵی ٢٠١٨ بەرپسی نوسینگەکە بووە. بنکەکەی لە گەڕەکی (پیرمحەممەد) بووە لە خانوویەک، کە ڕووبەرەکی ١٥٠ مەتر دووجا بووە، ڕۆژانە ٢ کارمەند لە نوسنگەکە کاریانکردوە، لە ساڵی ٢٠١٨ەوە نوسینگەکە داخراوە و تاکو ئێستا تەنها دوو کەس وەک تیمی کەناڵەکە لە سنورەکەدا کاردەکەن، ئەوانیش (عیسا ئەحمەد) وەک کامێرامان و (ئەبوبەکر حسێن)وەک پەیامنێر و تاکو ئێستاش لە کارکردن بەردەوامن.
کەوتووەتە گەڕەکی فەرمانبەران لەناو شاری هەڵەبجە. بۆ یەکەمجار لە ساڵی ٢٠٠٦ کراوەتەوە، سەرەتا هەشت کارمەندی هەبووە و (حسەین محەممەد) بەرپرسی بووە. جیا لەنوسینگەی کوردستان تیڤی، نوسنگەی کەناڵی زاگرۆسی عەرەبیشە و لە ئێستادا (سەرهەنگ عیزەت) بەرپرسـی نوسـینگـەکەیە.
کەوتووەتە گەڕەکی ڕۆشنبیری لەناو شاری هەڵەبجە. ساڵی ٢٠١٦ کراوەتەوە. لە ژوورێک و ستۆدیۆیەک پێکدێت. دوو کەس وەک تیم لە نوسینگەی ناوبراو کاردەکەن، ڕۆژانە هەواڵ و کار و چالاکیی سنورەکە ڕووماڵ و کارى مونتاژ و تۆماکردنى دەنگ ئەنجامدەدەن و دواتر دەیگوازنەوە بۆ کەناڵەکە. لە ئێستادا (سامان عەبدولفەتاح) بەرپرسی نوسینگەکەیە.
کەناڵێکی تەلەفزیۆنیی ناوخۆییە. ساڵی ٢٠٠٥ لەلایەن مەڵبەندی پێنجی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستانەوە دامەزراوە. زمانحاڵی مەڵبەند بووە. بەرنامەکانی سیاسی و هونەری و وەرزشی و هەمەڕەنگ بووە و کاتی پەخشی لە ٦ی ئێوارەوە دەستیپێکردووە هەتا ١٢ی شەو. لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییە جیهانییەکاندا ماوەی پەخشەکەی زیاددەکرد، لە سنوری هەڵەبجە و شارەزوور و سلێمانی هەتا پیرەمەگروون پەخشیدەکرد. بەشێک لە بەرنامەکانی لە هەڵەبجە ئامادەدەکران، بەڵام بەشێکیشی لە تەلەفزیۆنی یەکگرتووی سلێمانییەوە وەردەگیرا و پەخشدەکرا. بارەگای ئەم کەناڵە لە گەڕەکی پاشا بووە و لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەتا ساڵی ٢٠٠٩، هیوا حەمەئەمین بەڕێوەبەر بووە و دواتریش مەنسور حەسەن، هەتا ساڵی ٢٠١١ بەردەوامبووە. بە هۆی کێشەی داراییەوە تەلەفزیۆنەکە داخراوە.
تەلەفزیۆنێکی ناوخۆییە. کورتکراوەی ناوی تەلەفزیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی لە کوردستانە. مانگی شەشی ساڵی ١٩٩٦ لەلایەن مەکتەبی ڕاگەیاندنی بزوتنەوەی ئیسلامییەوە دامەزرا. IMK TV کەناڵێکی سیاسی و ئایینی و تەرفیهی و کۆمەڵایەتی و وەرزشی و گشتگیر بووە، زمانحاڵی بزوتنەوەی ئیسلامی بووە. بیناکەی لەگەڕەکی سەرا بووە. کاتی پەخشی بەرنامەکانی لە کاتژمێر شەشی ئێوارە دەستیپێکردووە هەتا کاتژمێر ١٢ی شەو. لە وەزری هاویندا لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆوە پەخشیدەکرد هەتا کاتژمێر ٤ی عەسر و دواتریش سەر لەئێوارە دەستیدەکردەوە بە پەخش. بەڕێوەبەری ئەم کەناڵە بەپێی ڕیزبەندی بریتیبوون لە: ئەحمەد کاکە مەحموود و محەممەد حەسەن و کەمال ڕەحیم و عەلی حەمەغەریب و ئەحسەن حەسەن و کامیل مەحموود و حەسەن حەمەئەمین. لە سەرەتای دامەزراندنی ئەم کەناڵە بەردەوامبووە لە پەخشکردن هەتا مانگی ١١ی ٢٠١٢ و بە هۆی کێشەی داراییەوە داخرا.
تەلەفزیۆنێکی ناوخۆیی وەرزشی بوو لە ٥ى ١ى ٢٠٠٣ وەکو کەناڵی دووەمی بزوتنەوەی ئیسلامی لەلایەن ئیدارەی تەلەفزیۆنی IMKیەوە دامەزرا. بە هۆی ئەوەی لەو ساڵانەدا کەناڵی ناوخۆیی وەرزشی لە سنورەکەدا نەبووە و هاوڵاتییانیش بینەری یاری و وەرزشە جیهانییەکان بوون، کەناڵی IMK بە هۆی بەرنامە سیاسی و ئایینییەکانییەوە، نەیدەتوانی تەواوی یارییە جیهانییەکان پەخشبکات، ئەم کەناڵە بۆ ئەو مەبەستە دامەزرا و تەواوی یارییە وەرزشی و پێشبڕکێ جیهانییەکانی لە کاتە جیاوازەکاندا پەخشدەکرد. ئێوارانیش کاتژمێر ٦ی ئێوارە تا ١٢ی شەو. بەڕێوەبەری ئەم کەناڵە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەتا داخستنی حەسەن حمەئەمین بووە و لە سەرەتای مانگی ١ی ساڵی ٢٠٠٥ بە هۆی کێشەی داراییەوە داخرا.
یەکەمین کەناڵی سەربەخۆیە لە سنوری پاریزگای هەڵەبجە. ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن (مەحموود ئەحمەد محەممەد ئەمین)ی ناسراو بە (شنروێ)وە دامەزراوە. پەخشی کەناڵەکە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. بەرنامەکانی هەمەڕەنگن و گرنگی بە سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان دەدات. ئۆفیسی سەرەکی لە پارێزگای هەڵەبجەیە و لەوێوە پەخشی بەرنامەکانی دەکات. بەرنامەی: پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، تەندروستی، وەرزشی و سیاسی پێشکەش دەکات. بۆ ڕوماڵی چالاکی و ڕوداوەکانی سنورەکە تیمی ڕۆژنامەوانی هەیە. لەگەڵ دەزگای دەنگی ئەمەریکا VOA بە مەبەستی پێدانی ٢٠ خولەک پەخشی ڕۆژانە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکانی کەناڵەکە لە تەلەفیزیۆنی هەڵەبجە، گرێبەستی هەیە.