بەرگی نۆیەم
ناوەندی ڕۆشنبیری و وەرزشی
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.
بەرگی نۆیەم
ئامادەکردنی: لیژنهی هاوبهشی زانكۆی ههڵهبجه و ڕێكخراوی خاڵ
ناساندنی ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان، یانە وەرزشییەکان و شوێنەکانی چالاکی لاوان کە برەو بە توانا هونەری و وەرزشییەکان دەدەن.
تەلەفزیۆنێکی ناوخۆیی وەرزشی بوو لە ٥ى ١ى ٢٠٠٣ وەکو کەناڵی دووەمی بزوتنەوەی ئیسلامی لەلایەن ئیدارەی تەلەفزیۆنی IMKیەوە دامەزرا. بە هۆی ئەوەی لەو ساڵانەدا کەناڵی ناوخۆیی وەرزشی لە سنورەکەدا نەبووە و هاوڵاتییانیش بینەری یاری و وەرزشە جیهانییەکان بوون، کەناڵی IMK بە هۆی بەرنامە سیاسی و ئایینییەکانییەوە، نەیدەتوانی تەواوی یارییە جیهانییەکان پەخشبکات، ئەم کەناڵە بۆ ئەو مەبەستە دامەزرا و تەواوی یارییە وەرزشی و پێشبڕکێ جیهانییەکانی لە کاتە جیاوازەکاندا پەخشدەکرد. ئێوارانیش کاتژمێر ٦ی ئێوارە تا ١٢ی شەو. بەڕێوەبەری ئەم کەناڵە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە هەتا داخستنی حەسەن حمەئەمین بووە و لە سەرەتای مانگی ١ی ساڵی ٢٠٠٥ بە هۆی کێشەی داراییەوە داخرا.
یەکەمین کەناڵی سەربەخۆیە لە سنوری پاریزگای هەڵەبجە. ساڵی ٢٠١٦ لەلایەن (مەحموود ئەحمەد محەممەد ئەمین)ی ناسراو بە (شنروێ)وە دامەزراوە. پەخشی کەناڵەکە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. بەرنامەکانی هەمەڕەنگن و گرنگی بە سەرجەم چین و توێژە جیاوازەکان دەدات. ئۆفیسی سەرەکی لە پارێزگای هەڵەبجەیە و لەوێوە پەخشی بەرنامەکانی دەکات. بەرنامەی: پەروەردەیی، کۆمەڵایەتی، تەندروستی، وەرزشی و سیاسی پێشکەش دەکات. بۆ ڕوماڵی چالاکی و ڕوداوەکانی سنورەکە تیمی ڕۆژنامەوانی هەیە. لەگەڵ دەزگای دەنگی ئەمەریکا VOA بە مەبەستی پێدانی ٢٠ خولەک پەخشی ڕۆژانە بۆ بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتەکانی کەناڵەکە لە تەلەفیزیۆنی هەڵەبجە، گرێبەستی هەیە.
لە بەرنامەکانی سەتەلایتی گەلی کوردستانە، تایبەتە بە زمان و ئەدەب و فەرهەنگ و تەواوی ژیانی کۆمەڵایەتیی ناوچەی هەورامان و قەڵەمڕەوی قوتابخانە شیعری و مۆسیقییەکەی و بازنەی ماچۆگۆیان. بە زمانی هەورامی پێشکەشکراوە. بیرۆکەی بووە، کە پێشتر بەرنامەی سۆزی هەورامانی بۆ تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان ئامادە و پێشکەشکردووە. هەر خۆیشی ئامادە و پێشکەشکردنی ئەم بەرنامەیەی گرتووەتەئەستۆ. یەکەم ئەڵقەی ١٠ی ٥ی ٢٠٠٧ تۆمارکراوە و پەخشکراوە. دواتر ئەیوب کوێخا ڕۆستەم تا تا ساڵی ٢٠٢٢ ئامادەی کردووە شاناو کۆساڵان پێشکەشیکردووە و ساڵێکیش شاناو کۆسالان بووەتە ئامادەکار و پێشکەشکاری و تا ساڵی ٢٠٢٣ بەردەوامبووە و چەندین کامێرامانی هەبووە. لەوانە: سامان مەجید، زانیار فەتاح، ئالان عوسمان و هێرش عبدالرحمان. کۆتاجار دیار خەسرەو مۆنتێری بووە. ٣٩٨ ئەڵقەی پێشەکەشکراوە. چەندین تەوەری گرنگی خستووەتە بەرباس.
کۆمەڵێک ئاهەنگی هونەری و ڕۆشنبیری و مۆسیقی شاد و پڕ خرۆش بوون، بە بۆنەی دەسکەوتی بەیانی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ەوە لە شار و شارۆچکە و شارەدێ و گوندەکانی ناوچەی هەڵەبجەدا ڕێکخراون. تا دەستپێکردنەوەی شۆڕش، ساڵانە وەک یادکردنەوە لەو ڕۆژەدا چالاکیەکانیان پێشکەشکراوە. ناوەڕۆک و ئامانجیان بریتیبووە لە ڕەوایەتیی مافی خەباتی کورد و دەستکەوتی شۆڕش و خۆشەویستیی خاک و گەل و پێشمەرگە و وەفا بۆ خوێنی شەهیدان، بیرەوەری هەندێک لە ئاهەنگەکان وەک ساتی خۆشی لای نەوەکان ماونەتەوە. لەوانە: ١- ئاهەنگی ١١ی ئازاری، ١٩٧٠، ١٩٧١، ناو بازاڕی شارۆچکەی خورماڵ ٢-ئاهەنگی ١١ی ئازاری ١٩٧١ی تەوێڵە ٣-ئاهەنگەکانی بەڵخە و بیارە ٤- ئاهەنگەکانی هەڵەبجە
ئاهەنگ و کۆنسێرتی تیپی مۆسیقای سلێمانییە. لە ٥ی ٩ی ١٩٧١ لە هۆڵی ئامادەیی کوڕان لە هەڵەبجە سازکراوە. ئەو هونەرمەندانەی بەشداربوون: ولیەم یوحەننا، ئەنوەر قەرەداغی، خالد سەرکار، عوسمان محەممەد ئەمین، فەرەیدون دارتاش، جەمال شادان، ئەلبیرت عیسا، حسێن جەمبوش، سەباح کەرکوکی. گۆرانیبێژان: حەسەن گەرمیانی، تۆفیق عەلی، ساڵح کارگەچی، عومەری خەزان.
سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی هەڵەبجە بە دروشمی (بەهار و نەورۆز سومبولی هەڵهاتنی خۆری ئازادین)، ئاهەنگی نەورۆزی لە ٢٠ی ٣ی ٢٠١٣ سازیکردووە. مەشخەڵی نەورۆز هەڵکراوە و چەندین گۆرانی و پارچە میوزیک و هەڵپەڕکێ پێشکەشکراون. سەرپەرشتیاری لیژنە: خدر کریم، حەسەن شێخ نووری. ئامادەکارانی ئاهەنگ: کوێستان ئەکرەم، ئیحسان کەریم، جەبار عەلی، ئاڵا محەممەد ئیسماعیل) بە هاوکاری حەمید حەمەعەلی. شوێنی داگیرسانی مەشخەڵ و ئاهەنگ: ڕاستە شەقامی تەنیشت کازیوە بووە.
یەکەمین ئاهەنگی بەرفراوانی یادی نەورۆزه، کە دوای بە پارێزگاربوونی هەڵەبجە کرابێت. بەڕێوەبەرایەتیی گەشت و گوزاری هەڵەبجە و چالاکوانانی مەدەنی لە ئێوارەی ٢٠ی مانگدا لە سەیرانگای چاوگی باوەکۆچەک سازیانکردووە. لیژنەی بەڕێوەبردنی ئاهەنگەکە بریتیبووە لە: (سامان کەریم، هادی حەمەڕەشید، ڕێباز کەمال، ئەرسەلان عابد، دانا عەبدولڕەحمان، ناسح عەبدولڕەحیم، چنوور مەحموود، سەروەت محەممەد، ڕەنجدەر خالید، کەیوان هەورامی، سالم حەمەخان، زەکەریا ئەحمەد، ناجیح گوڵپی، ئاکۆ ئیسماعیل، کارزان سەلام، هەردی هادی و لوقمان عەبدولقادر). وتاری دەستپێک لەلایەن (سامان کەریم)ـەوە خوێنراوەتەوە و چەند چالاکییەکی هونەری پێشکەشکراون.
یەکەم ئاهەنگی گەورەی هونەری بووە. نەورۆزی ساڵی ١٩٦٤ لیژنەی ناوچەی هەڵەبجەی پارتی لە خورماڵ، سازیکردووە. سروود و گۆرانی و چەند بەرهەمێکی هونەری گرتووەتەوە. بۆ یەکەمجار لە شێوەیەکی فەرمی و هونەریدا، یەکەمین شانۆ بەناونیشان (کاوەی ئاسنگەر)، پێشکەشکراوە. هەرچەندە ناوی نوسەر و ئامادەکار و دەرهێنەری شانۆکە نەزانراون. نمایشی (کەژاوەی دوانزەسوارەی مەریوان)یش رێکخراوە، کە شێخ مەحموودی کاکەشێخ و حەمەسەعیدی قالە خەیات و عەلی شەمعەو عەلی شاوەیس و....هتد لە سوارەکانی نماییشەکە بوون.
دیدارێکی ئەدەبی و ڕۆشنبیری و هەمەلایەنە لەسەر ژیانی ئەحمەدموختار جاف. وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری و هەڵەبجە، یەکەم دیداری لە ٥ی ٢ی ٢٠١٣ سازکردووە، کە تیایدا ئەم بابەتانە پێشکشەکراون و دواتریش وەک کتێبی دیدار چاپکراون: خوێندنەوەیەک بۆ چیرۆکی مەسەلەی ویژدان، ئازاد تۆفیق. ناسکەسۆز لە شیعرە نەتەوەییەکانی ئەحمەدموختار جافدا، د. عەبدوڵا ئاگرین. چەند وێسگەیەک لە ژیان و هونەری ئەحمەدموختار جاف، حەکیم مەلا ساڵح. شیعرییەت و تایبەتمەندیەکانی شیعری لە دیوانی ئەحمەدموختار جافدا، مەنسور ڕەحمانی. قوماری عیشق، هومایون ساحێب. کاریگەری شاعیرانی کورد لە سەر ئەحمەدموختار جاف، عوسمان عارف ناری. دووەمین دیداری لە ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی ٢ی ٢٠١٦ لەهۆڵی مۆنێمێنتی هەڵەبجە بە ئامادەبوونی حەمیدەی کچی ئەحمەدموختار ڕێکخستووە، کە (ئارام خەسرەو) وەک نمایشی کەسێتیی ئەحمەدموختار هاتە ناو ئامادەبوانەوە. ئەم بابەتانە پێشکەشکراون: (موختارێک لە عەشق، ئەکرەم میهرداد. ئەحمەدموختار وەک تایپێک لە ڕۆشنبیر، لهۆن قادر. ئەحمەدموختار تەنها شاعیر، ئاوات حەسەن. ئەحمەدموختار دڵ و گیانی بەیار و نیشتمان دۆڕاند، همایۆن ساحێب). کۆڕەکان لەلایەن سەریاس عەلییە بەڕێوەبراون.
یەکەم درامای بەرهەمهاتووی بە شێوەزاری هەورامی، ساڵی ٢٠٠٩ بەرهەمهاتووە. سیناریۆ و دەرهێنان: ئیبراهیم حاجی زەڵمی، بەرێوەبەری گشتیی بەرهەم: ئەمین حاجی زەڵمی، شوێنی بەرهەم: گوندی زەڵم و شارەزوور. کامێرا: عەلی مرادی. تێکستی گۆرانی: ئازاد مەحیەدین. ئاواز و وتن: نعمەت حەمەکەریم. مۆسیقا و دابەشکردن: کارزان کامیل. کارگێڕی: سەنعان فایق، نزار حەبیب. ماکیاژ: کوردە قادر، شەهلا قادر. جلوبەرگ: محمەد یاسین، شفیق ڕەفیق. مۆسیقا: سیامەند حیسامەدین. شمشاڵ: زامن دێکۆنی. ڕووکار: ئاراس ڕەفیق، ڕایان عوسمان. دیکۆر و ئێکسسوار: عیسام حسین، نەورەس عەبدولڕەحمان، سەرکەوت ڕەحیم. دەنگ: عومەر عوسمان، نەورەس عەبدولڕەحمان، هەرێم مەهدی. یاریدەدەری کامێرا: ڕابەر ئیبراهیم، یوسف زەینەدین. مۆنتاژ: کۆمپانیای کلاکیت. یاریدەدەری دەرهێنەر: ئەمین حاجی زەڵمی، سامان کەریم. چەندین هاوڵاتی و هونەرمەندی خورماڵ و هەورامان و گۆرانیبێژی دیار، تیایدا دەرکەوتوون و ڕۆڵیانبینیووە. بە ٨ زنجیرەی ٣٠ خولەکی پێشکەشکراوە.
پڕۆژەیەکی زانکۆی هەڵەبجەیە. ساڵی ٢٠٢٢ دامەزراوە و لەلایەن لیژنەیەکی زانستییەوە سەرپەرشتی دەکرێت. سەرپەرشتیاری بۆردەکە (پ. ی. د. نەریمان عەبدوڵا عەلی)یە. تایبەتە بە ئەرشیفکردنی دیکۆمێنت و وێنە و لێکۆڵینەوە و چاوپێکەوتن و سەرچاوە و هتد. لە چوارچێوەی وێبسایتێک بەناوی هەڵەبجە میمۆریاڵ halabjamemorial.org بە زمانەکانی: کوردی، عەرەبی، ئینگلیزی، فارسی بڵاودەبێتەوە و لەچەندین بەشی گرنگ پێکدێت، وەک: گەلەری، مێژوو، چاوپێکەوتنی شایەتحاڵەکان، بەڵگەنامە و دیکۆمێنت، داشبۆرد. ئامانجی پاراستن و هەڵگرتنی سەرجەم دیکۆمێنتەکانی تایبەت بە جینۆسایدی هەڵەبجە و کیمیابارانی شارەکەیە. لە داشبۆردی جینۆسایدی هەڵەبجەدا زانیاری لەسەر هەر شەهیدێک و شوێنی شەهیدبوون و تەمەن و ڕەگەز و پیشە و باری خێزانداری تێدایە، داتاکان بەشێوەی ئۆنلاین لە وێبسایتەکەدا دەخاتەڕوو. داتاکان لە شێوازی چارت و نەخشە و هێڵکاری و... هتدا شیکراونەتەوە. کاری کۆکردنەوەی داتاکان بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیاباران بووە. بیرۆکەی داشبۆردەکە و دیزاینەکەی بۆ کارزان عەدنان حەمەسەعید دەگەڕێتەوە، لە بەهاری ٢٠٢٣ بە زمانەکانی کوردی و ئینگلیزی بەردەستە، تا ساڵی ٢٠٢٤ داتای زیاتر لە ١٢٠٠ شەهید تۆمارکراوە. شەهیدەکان جگە لە شاری هەڵەبجە بەسەر ٢٩ شاری تری عێراق و ئێراندا دابەشبوون. ئامانجی تەواوی پڕۆژەکە کۆکردنەوەی داتای سەرجەم شەهید و ونبووەکانی جینۆسایدی هەڵەبجەیە بەتەواوی زانیارییە جوگرافی و ناجوگرافییەکانیانەوە.
دیدارێکی ئەدەبییە. لە یادی مەرگی ئەکرەم عەنەبیی شاعیر و لێکۆڵەردا، لە ١٩ی ٣ی ٢٠١٦ لە هۆڵی مۆنۆمێنت ڕێکخراوە. بەرهەمی کتێبخانەی هەژار موکریانییە لە هەڵەبجە. تیایدا ئەم بەرهەمانە پێشکەشکراون: خوێندنەوەی ئیلاهینامەی نوسەر، ئاسۆ عەبدوللەتیف. نامەکانی ئەکەم عەنەبی، عومەر عەبدول. سێبەری ئیلاهینامە، گۆریان هەڵەبجەیی ئەکرەم عەنەبی لەنێوان خویندنی ئەکادیمی و مەعریفەدا، د.سەبور عەبدولکەریم (شکار).. مەعشوقەکەی ئەکرەم عەنەبی، د. تەحسین حەمەغەریب، ڕازی من و مەحرەمی ڕأز، هومایون ساحب.
١- هەڵەبشیما: یەکەم هۆنراوەی نوسراوە بۆ مەرگەساتی هەڵەبجە، لەلایەن حەسیب قەرەداخییەوە لە ١٩ی٣ی ١٩٨٨ نوسراوە. دوای ڕاپەڕین کراوە بە کۆراڵ و بە دەنگی هونەرمەندان لە فیستیڤاڵەکاندا پێشکەشکراوە. لە ناو خەڵکدا بە (وا هەڵەبجە بوو بە شاری هەڵەبشیما) ناسراوە. خەڵاتی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجەی پێدراوە. ٢-هەیەجانێک بۆ هەڵەبجە: لاوانەوەیەکی شینگێڕییە. هۆنراوە و وتنی میدیا حسێنە. هۆنراوەکە ٣٧ بەیتە و لەناوخەڵکیدا بە (سیروان دەخیلە) بەناوبانگە بە بەیتی؛ سیروان دەخیلە ئاگر دەبارێ- شەپۆلێ بەگوڕ بهاوە جارێ، دەستپێدەکات. هاوینی ١٩٨٨ بۆ یەکەمجار هەندێکی وتووە و دواتر ساڵی ١٩٩٣ تۆمارکراوە. لە ساڵیادەکانی هەڵەبجەدا بە فراوانی لەناو شار و دەزگاکانی ڕاگەیاندندا لێدەدرێت. بووەتە دەنگی دیاری تراژیدیای هەڵەبجە. ٣-شینێک بۆ هەڵەبجە: هۆنراوەیەکی(ڕەزا حەمە)یە. بە(دنیا خەمە ژیان ژانە) و لەنێو خەڵکدا بە(هەڵەبجە هێرۆشیمایە) ناسراوە. ١٩٩٢ ناسرای ڕەزازی لە یەکەم یادی هەڵەبجە بە گۆرانی وتوویەتی و تایبەت کراوە بە یادەکاتی ١٦ی ٣. لەلایەن هونەرمەندانی ترەوە وتراوەتەوە. ٤-فەرمانە، فەرمانە: لاوانەیەکی شینگێری و حەماسیی هونەرمەند (شڤان پەروەر)ە بۆ کارەساتی کیمیابارانی هەڵەبجە و بە کرمانجی ژووروو، نزیک لە کارەساتەکە چڕیویەتی. ٥- بەتەنیا جێم مەهێڵن: گۆرانییەکی سروود ئامێزە. بووەتە سونبولی کارەساتی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و لەگەڵ یادەکانی ١٦ی ٣دا دێتەوە. بەشێکە لە شیعری درێژی (لاوکی هەڵەبجە)ی ڕەفیق سابیر، کە ئانوساتی کارەساتەکە شاعیر لە ئەفغانستان بووە و سەرەتایەکی لە شیعرەکە نوسیوە و پاشان لە سوریا دوای بینینی فلیمێکی ئێرانییەکان لەسەر هەڵەبجە، کۆتایی مانگی یەکی ١٩٨٩ شیعرەکە تەواودەکات و لە لوبنان بۆ یەکەمجار وەک نامیلکە چاپکراوە و بە تۆماری دەنگی دەگاتەوە کوردستان و بەشێکیشی لە گۆڤاری نوسەرکوردستان لە شاخ بڵاودەکرێتەوە. بۆ یەکەمجار هونەرمەند و موزیسیانی کوردی خۆرهەڵات، عەلی عابدی ئاوازی بۆ داناوە و لە سەرەتای ساڵی ١٩٨٩دا چڕیویەتی. شیعرەکە لە بەرەو گۆرانی_چووندا دەستکاری کراوە و بەشێکی سالەی سوزەنی هاتوەتەناو. لە (بەتەنیا جێی مەهێڵن)ەوە، بووە بە (بە تەنیا جێم مەهێڵن). چەند کەسی تریش ئەم ئاوازەیان چڕیوە. وەک (هێدی قادر، تارا ڕەسوڵ). تێکستی گۆرانییەکە بەو جۆرە بووەتە شیعری (ڕەفیق سابیر و ساڵح سوزەنی). شایانی باسە بەشێکی تری ئەم قەسیدە درێژە هونەرمەند عەدنان کەریم چڕیویەتی. ٦- دەربەندی پەپوولە: قەسیدەیەکی درێژی شاعیر (شێرکۆبێکەس)ـە. تەقەلایەکی فراوانی ڕۆمانە شیعرە، کە تیایدا غوربەت و نیشتمان و کۆچ و مەرگی هەڵەبجە بە شێوەیەکی درامی و ڕیالیزمی وێنایان کێشراوە. لە ڕووی فۆڕم و کێش و ئاهەنگ و بڕگەی شیعرەکان لەنێوان (٣ بە ٣، ٤ بە ٤) هەندێکجاریش کێشەکان لە یەک فۆڕم و ئاستدا ناگیرسێنەوە. بەشێکی وێسگەی ئەم بەرهەمە، نەخشاندنی مەرگەساتی هەڵەبجەیە. ئەو بەشانەی بەدرێژایی یادکردنەوە و فیستیڤاڵەکانی هەڵەبجە و چەندین بەرهەمی هونەریدا دەرکەوتووە. بەتایبەت ئەم بەشەی بووەتە سەرەتای زۆربەی یادەکانی هەڵەبجە: (بروسکەیەک پەلە نییە و شیعریش نییە) بە ناوی مەولەوی و پێنج هەزار گوڵەوە، بە ناوی گۆران و پێنج هەزار کۆترەوە، بۆ زانا بلیمەتەکانی وڵاتی: پوشکین، وڵاتی جاک لەندن، وڵاتی بایرۆن، وڵاتی جان دارک، وڵاتی بسمارک، وڵاتی گاریباڵدی، وڵاتی ڤان کوخ، وڵاتی، وڵاتی، وڵاتی.. سوپاس بۆ ئەو دیارییەی، کە بەکۆمەڵ سەرلەبەیانی ڕۆژی ١٦ی ٣ی ١٩٨٨ لە ڕێگەی بەغداوە بۆ گوڵ و کۆتر و منداڵ و شیعری کوردستانتان ناربوو.
کەرنەڤأڵ و ئاهەنگێکی ئەدەبی و هونەریی مندأڵانە. بەرهەمی خانەی ڕۆشنبیریی کازیوەی منداڵانی هەڵەبجەیە. لە پێشانگە و میوزیک و هۆنراوە و تابلۆی هەڵپەرکێ پێکهاتووە. بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوە ڕێکخراوە. سەرپەرشتیاری گشتی: شاهۆ حەمە فەرەج. سەرپەرشتیاری هونەری: هەردی هادی. دەلیل: ساکار محەممەد. وێنەگر: ماکوان نعمەت. ڕوناکی: ڕەحمان محەممەد. پێشکەشکار: شاکار جەبار. دیکۆر: بەشداران. ئەم بەرهەمانەی گرتووەتەوە: وێنەکێشان: بەرهەمی ٢٠ منداڵی کوڕ و کچ. سەرپەرشتیار: ئەمجەد جەمال، ئارێز نەورۆز. گۆرانیی شایی. هۆنراوەی: عوسمان تۆفیق. ئاوازی: یوسف نەجمەدین. میوزیک: ئەمیر ئەرسەلان. ڕاهێنانی پرۆڤەی هۆنراوەی: زریان حکیم، توران ئومێد. میوزیک: ئەمیر ئەرسەلان. بەشداران: توران ئومێد(کوین). تەمەن کەنعان(تائم ئاب). لینا ئومێد (سەندرێلا. کەویار هادی (بەیبی گێڵ). گۆرانی: ئێمە منداڵی جوانین: ڕاهێنانی منداڵان: یوسف نەجمەدین. بەرهەمی خانەی ڕۆشنبیریی منداڵانی سەرچنار. شیعری کتێبخانە. نوسینی هەنار مەحمود. خوێندنەوەی: هیران ساڵح. من پەپوولەم: نوسینی: هەنار. خوێندنەوەی: ڤینۆس سەرباز. چیرۆکی سەردانەکەی دانا: نوسینی: شاکار جەبار. خوێندنەوەی: زریان حەکیم. سەرپەرشتیار: تەلار عبدالقادر. نمایشکردنی تابلۆی هەڵپەڕکی، ئامادەکردنی: سەنا عەلوان. ڕۆژی ٤ی ٦ی ٢٠٠٩ لە هۆڵی کازیوەی منداڵانی هەڵەبجە.
چالاکییەکی هونەریی ڕۆشنبیریی هاوبەشە، گروپی نمەی باران بە هاوبەشی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان، وەک پلان و بەرنامەیەک بۆ بەنەریتکردنی ساڵانەی چالاکییەکە، بەئامانجی دەستڕاگەیشتن بەکتێب و ئاڵوگۆڕی کتێبخانەکان بەبێ پارە، ئەنجامیداوە. سەردانیکەر توانیویەتی هێندەی ژمارەی ئەو کتێبانەی بەخشیویەتی، کتێب بەرێتەوە و دوو کتێبیش بە دیاری وەربگرێت. یەکەم: بە بەشداری سەنتەری گەشەپێدانی چالاکی لاوان، ڕێکخراوی نوێ، پەیوەندی خوێندکاران و لاوان، ڕێکخراوی پێشڕەو، ئەنجومەنی ئافرەتان، ڕێکخراوی ژیار، ڕێکخراوی گەشەپێدانی قوتابیان، ڕێکخراوی هەڵوێست، ڕێکخراوی کورد، ڕێکخراوی باران، ڕێکخراوی نووری حیکمە، ڕێکخراوی هەمیشە، ڕێکخراوی قوتابیان، کتێبخانەی هێمن، پەیمانگای بانگخوازان، یەکگرتووی خوشکان، ڕێکخراوی توانست، بە چاودێری قائیمقامی قەزای مەرکەزی هەڵەبجه، لە ١٠ی ١٠ی ٢٠١٦ لە باخی گشتی کراوەتەوە. دووەم: به چاودێری قائیمقامی قەزای ناوەندی هەڵەبجه و بە هاوبەشی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان، ڕێکخراوی هەمیشە، ڕێکخراوی ژیار، دەزگای ڕۆشنبیریی نووری حیکمە، پەیوەندیی خوێندکاران و لاوان، ڕێکخراوی پێکەوەژیان، کتێبخانەی هەڵەبجە، (گروپی بەرین) لە ٢٧ی ٤ی ٢٠١٧ لە باخی گشتی کراوەتەوە. سێیەم: بە چاودێری بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی هەڵەبجه و بە هاوبەشی گروپی ڕێژیان، سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان، ئەنیستتیوتی ژیار، پەیوەندی خوێندکاران و لاوانی کوردستان، ڕێکخراوی نوێ، گروپی هێزی گەنجان، ڕێکخراوی WOLA، کتێبخانەی هێمن لە ١٣ی ١٠ی ٢٠١٨ لە باخی گشتی کراوەتەوە. چوارەم: بە هاوبەشی گروپی (ڕێژیان، دۆستانی کتێب، پێشەنگ) و سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان کراوەتەوە. بۆ حەوانەوە، کۆڕ و چالاکیی کورتی موزیکیشی تێدا پێشکەشدەکرێت. زیاتر لە ٢٠٠٠ کتێبی تێدا نمایشکراوە. لە ٢٤ی ٩ی ٢٠٢٠ لە باخچەی سەنتەری گەشەپێدانی لاوان کراوەتەوە. پێنجەم: بە هاوبەشی گروپی ڕێژیان و گروپی دۆستانی کتێب و سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان کراوەتەوە. بۆ حەوانەوە، کۆڕ و چالاکیی کورتی موزیکیشی تێدا پێشکەشکراوە. بەشداربووان دەزگای ڕوانگە، ڕێکخراوی دۆستانی هەڵەبجە، ئینستتیوتی ژیار، ڕێکخراوی شنروێی کاکەیی، ڕێکخراوی شاڕێ، کتێبخانەی باران، کتێبخانەی تاهیر غوڵامی. ڕۆژی پێنجشەممە ٣٠ی ٩ی ٢٠٢١ لە باخچەی سەنتەری گەشەپێدانی لاوان کراوەتەوە. شەشەم: بە هاوبەشی دەزگای ڕوانگە، ڕێکخراوی شنروێی کاکەیی، ڕێکخراوی شاڕێ، ڕێکخراوی نافا، کتێبخانەی باران، گروپی ڕێژیان، گروپی دۆستانی کتێب، گروپی کتێبناسی و سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوان کراوەتەوە. ڕۆژی پێنجشەممە ٨ی ٩ی ٢٠٢٢ لە باخچەی سەنتەری گەشەپێدان کراوەتەوە. ٧٠٠٠ کتێبی تێدا ئاڵوگۆڕ کراوە. بۆ حەوانەوە، کۆڕ و چالاکیی کورتی موزیکیشی تێدا پێشکەشکراوە. حەوتەم: چالاکیی ساڵانەی ڕۆشنبیریی سەنتەری گەشەپێدانی چالاکیی لاوانە. بە بەشداری: کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە، ڕێکخراوی دۆستانی هەڵەبجە، ڕێکخراوی سەروەریی هەڵەبجە، ڕێکخراوی کەمئەندامانی هەڵەبجە، ژیار بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی، ڕێکخراوی شاڕێ، کتێبخانەی باران، گروپی دۆستانی کتێب، گروپی کتێبناسی. ڕۆژی پێنجشەممە ٢٣ی ٩ی ٢٠٢٣ لە باخچەی سەنتەری گەشەپێدان کراوەتەوە. ئاڵوگۆڕی ئەو کتێبانەی تێداکراوە، کە بەشداربووان بۆ بەخشین دایانناون، کڕین و فرۆشتنی تێدا نییە. بەشداربووان دەتوانن بە ژمارەی ئەو کتێبانەی دایانناون، کتێب هەڵبگرنەوە لەگەڵ دوو کتێبی زیادەیش. بۆ حەوانەوە، کۆڕ و چالاکیی کورتی موزیکیشی تێدا پێشکەشکراوە.
چالاکییەکی بەڕێوەبەرێتیی چالاکیی هونەری و وەرزشیی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەڵەبجەی شەهیدە. بە دروشمی هونەر و وەرزش، دوانەی گەشەی هەر گەلێکی زیندوون. بۆ باخچەکانی منداڵان لە ٩ی ٣ی ٢٠٢٢، لە یاریگای نێودەوڵەتیی هەڵەبجە سازیکردووە و چەند بەرهەمێکی هونەریی و وەرزشی پێشکەشکراوە.
فیستیڤاڵێکی هونەری موزیک و شێوەکاریی ساڵانەیە. سەنتەری چالاکیی گەنجانی هەڵەبجە لە ٢٠ی ٩ی ٢٠٢١ سازیکردووە. گروپی دەف بە سەرپەرشتی: ئاکار مستەفا و ئەندامان (سایە عەبدولحەمید، شێنە سەڵاح، ڕاوێژ عەدنان، هیلین خالد، محەممەد مەزهەر، مەهناز سەعدوون، مونیر مستەفا، سندوس فەرهاد) چوار میزراب: جیهانگیر جەلال، شاد حەیدەر، ئاکار مستەفا، گۆران بورهان، ڕاوێژ عەدنان. شێوەکاران: هاوسەر ڕەئوف، محەممەد عەبدوڵا، سۆلین سەردار، بڕوا حەبیب، ئاکام ئەکرەم، پروشە حەیدەر، ڕووخسار ڕەحمەت، سۆنیا گۆران، هارەن فەلاح، ڕێباز یاسین، نڤار لایق، ساوزەن حەبیب، شنیار عەلی، بەخشین فایق، هێلین سۆران، هیران تەحسین.
پڕۆژەیەکی هونەریی شێوەکاریی بەرگرییە لەپێناو مافەکانی ژندا. وەزارەتی مافی مرۆڤ - بەڕێوەبەرایەتیی مافی مرۆڤی شارەزوور، لە پێناو ژیاندۆستی و دژی مەرگدۆستی، لە ڕێی جوڵەی ڕەنگ و هێڵەوە بۆ ٤٦ هونەرمەندی هەڵەبجەی لە پێوانەی (٥٥ بە ٣٥سم)دا بە ئەنجام گەیاندووە. هەر هونەرمەندەی بە تابلۆیەک بەشداریی پڕۆژەکەی کردووە. بەڕێوەبەری پڕۆژە: ئاودێر عوسمان. هونەرمەندە بەشداربووەکان: (ئیسماعیل حەسەن، ئەمجەد جەمال، ئامینە عەبدوڵا، ئیبراهیم زۆراب، ئاودێر عوسمان، ژیان کەمال، حەسەن موراد، حامید ئەحمەد، سالار باقی، عیزەت عەزیز، عەبدولڕەحمان میرزا، عەبدوڵا میرزا، فەخرەدین سەلیم، کاوە نووری، کامیار عەلی، کاربین عومەر، کوردستا عەبدوڵا، گۆنا ئەمین، مەریوان زەندی، ماریا محەممەد، نبان جەمال، نەوشیروان عەلی، هەرێم جەال، هاوژین عوسمان، هاوسەر سەفەر، هاوار عەلی مەردان، هاوژین عەبدولڕەحمان، هەتاو حەمەکەریم، هونەر ساحیب، بەیان عومەر، زانا سدیق، کەژاڵ بورهان، مەروان هادی، چیمەن مەولود، ئەمین حەمەنووری، سەحەر شەوکەت، مەسعود فایەق، هاوژین سەلام، دەریا محەممەد، ڕەوا بەختیار، ئارێز نەورۆز، بڕیار فەتاح، تاڤان ئەحمەد، چنور عەبدولڕەحمان، چرۆ کەمال، پەیمان عیزەت).
کۆمەڵێک بەرهەمی سروود و گۆرانین، لە نێوان ساڵی ١٩٩٣، کە زۆربەیان ئاواز هۆنراوەی مامۆستا بەختیار عەبدوڵا بوون، هۆنراوەی بێدار و کاک ئەحمەدیشیان تێدایە و لە وتنی مامۆستا بەختیار و چەند هونەرمەندێکی دەزگاکە، لەوانە: هیوا عەبدوڵا و ئەدیب عەلی و پشتیوان فایق و ئەمجەد جەعفەر، کە تەنها ئامێری دەفیان لەگەڵ بووە و لە تۆمارگای مەولەوی تۆمارکراون و لە بۆنە ئایینییەکانی وەک مەولود و گۆڕینی ساڵی کۆچی و جەژنەکاندا لە زۆربەی مزگەوتەکانەوە لێدراون و ڕادوێ و کەناڵە ناوخۆییەکانیش چەندینجار و تا ئێستاش پەخشیاندەکەن. تەواوی خەڵکی هەڵەبجە پێیان ئاشنابووە. بەرهەمەکان: توڕە مەبن، جەژنەجەژنە، ئەی پێغەمبەر، ئۆخەی ڕووناکی هاتەوە، ئۆخەی خوایەگیان باوکم، براو خوشکم وابەهارە، ڕەمەزان، کەتۆ بوی، گرمە گرم، لا الە الا اللە، مامۆستا گیان، وەرزشکارم، یاران جەمن. بەرهەمەکانی ساڵی ١٩٩٥، کە مۆسیقا و دابەشکردنی بەرهەمەکان مامۆستا ئەنوەر حەمەئەمینە و لە ستۆدیۆی دەزگای هونەریی پەیام تۆمارکراون. ئەوانیش: هۆ دایە دایە، وەرزشکار، بولبول بەنەغمەی، یاحەیی بێچوون، قەڵای ڕەوشت، هەریەک لە ئێمە، دایک، مامۆستا گیان، ئەی نیشتمان.
یەکەم بەرهەمی تۆمارکراوی تەلەفزیۆنی ڕەنگاوڕەنگی گۆرانی و مۆسیقای تیپی مۆسیقای شنروێیە بە شێوەی میللی و خۆرهەڵاتی. لە ئامادەکردنی ئازاد ساڵح. لە١٨ی ٧ی ١٩٨٢ لە هۆڵی ڕۆشنبیریی هەولێر، بەسەرپەرشتی دەزگای بڵاوکردنەوە و ڕۆشنبیریی کوردی لە بەغداد، لە چوارچێوەی فیستیڤاڵی تیپەکانی کوردستاندا پێشکەشکراوە. حەوت گۆرانی لەخۆگرتووە. گۆرانیبێژان، شێخ جەمال، حەمە قوتو، حەمە لامەرکەزی، سیروان کاکەیی، گۆرانیەکانیان وتووە. ژەنیارەکان، ئازاد ساڵح، عەزیز حەکەیم، ئاراس شێخ جەمال، بەهمەن ئەحمەد، شوان عەلی، مەحمود ئەحمەد، دانا هەڵەبجەیی. کۆرسەکان، شێخ جەمال، ئەمیر پاشا نامدار، نوری خەیاڵ ، تەها بەکر، ئاراس مەقسود، ئایار محەمە ئەمین، شیرین محەمەد، نیان سالح، دڵگیر محەمەد، شلێر محەمەد،پەیمان ساڵح. بەرهەمەکە لەناو خەڵکیدا دەنگدانەوەی باشی هەبووە و ڕۆژنامەی هاوکاری بەسەریکردووەتەوە.