کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

886 بابەت

عوسمان بەگى حسەين بەگى جاف

بەگزادەی کەيخەسرەو بەگى جافە. ناوی (عوسمان بەگ حسەين بەگ مەحموود پاشاى محەممەد پاشاى جاف‌)ـە. ساڵی ١٩٣٠ لە هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغەکانى سەرەتايى و ناوەندى لە هەڵەبجە و ئامادەيى لە کەرکوک تەواوکردووە. ساڵى ١٩٥٩ بە ماڵەوە چوونەتە شارى بەغداد و ساڵى ١٩٦٤ بەشى ياساى زانکۆى بەغدادى تەواوکردووە و وەک فەرمانبەر دامەزراوە. ماوەيەکى زۆر بەڕێوەبەرى بەشى ياسايى وەزارەتى بازرگانیی عێراق بووه. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. ساڵى ١٩٨٥ خانەنشين بووە. لەگەڵ مەحموود بەگى برايدا لە موڵکدا شەريکبوون و زۆربەى موڵکەکانيان لە هەڵەبجە و سەيدسادق بووە. ساڵی ٢٠٠٩ بە نەخۆشى کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
بەڕێوەبەر

عيسا بەگى بابان

بەگزادە و فەرمانڕەوای بابانەکانە لە هەڵەبجە. ناوی (عيسا بەگ کوڕى ئەحمەد پاشاى کوڕى سلێمان پاشاى کوڕى مەحموود پاشاى کوڕى خاليد پاشاى بابان)ـه. لە بابانەکانى هەڵەبجەيە. محەممەد ساڵح بەگ، برای بووە. لە سەرەتاى سەدەى نۆزدەدا ١٨٠١ بۆ ١٨٠٢ فەرمانڕەواى بابانەکان بووە لە هەڵەبجە. بونيادنەرى مزگەوتى گەورە و مەدرەسەى مزگەوتی شارەکە بووە و ئاش و باخێکى لەسەر مزگەوتەکە وەقف کردووە و بە بۆریى لولەييش ئاوى بۆ ڕاکێشاوە. خاوەنی (باخى مير)ی شارەکە بووە، کە دواتر کەوتووەتە دەستى ماڵى عوسمان پاشاى جاف.

زیاتر بزانە
فەرمانڕەوا

کەریم سان

سانە. کوڕی دووەمی جافرسانە. دایکی فاتمە خانە، لە نەوەی مەلا ئەحمەدی خورماڵە. لە ساڵی ١٨٨١ لە نۆتشە لەدایکبووە. پلەیەکی بەرزی دینی بووە و خوێندەوار و شاعیر بووە. چوار ژنی هێناوە. لەسەردەمی فشاری ڕەزاشادا بۆ هەورامان، نزیکەی ١٠ساڵ لە قەسری قەجەر زیندانی کراوە. پەیوەندی لەگەڵ خەڵکدا باش بووە و شێخانی هەورامانی خۆشویستوون. نامەگۆڕینەوەی لەگەڵ شێخ عەلادین و حسامەدیندا هەبووە. بەتایبەتی لە زیندان وێنەی شێخی حسامەدین لەسەر فەرش چنیوە. لەگەڵ میزا مەحموودی مستەوفیشدا نامەی گۆڕیوەتەوە. لەبەغداد چاوی بە وەسی دەکەوێت و داوای بەردانی قادربەگی برای دەکات. لە کۆبوونەوەیەکی بەگزادەکاندا لە ماڵی مستەفا بەگ لە سلێمانی بە ئامادەبوونی جافرسان، دەبێتە سان و حوکمی لهۆنی پێدەسپێردرێت. بڕوا بە پەیمان و هاوکاریی بێگانە ناکات، لەوانە ئینگلیز و ڕووس. لە ساڵی ١٣٦٤ک کۆچیدواییکردووە.

کەيخەسرەو بەگى جاف

لە سەرۆک و بەگزادە ديارەکانى عەشيرەتى جافە. ناوی (کەيخەسرەو بەگ کوڕى مەحموود پاشا کوڕى محەممەد پاشا کوڕى کەيخەسرەو بەگى جاف)ـە، دايکى ناوى ئامينە يارئەحمەد بەگى وەڵەدبەگى بووە. کوڕە گەورەى مەحموود پاشا بووە و لە ساڵى ١٨٦٣ لەدایکبووە، پياوێکى ئازا و بە سام و خاوەن کەسايەتييەکى بەهێز بووە، دوو جار ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە. مەحموود پاشا موقاتەعەى قزرابات، کە بريتیبووە لە ٨٠ هەزار دۆنم زەوى و کراوە بە ١٠ هەزار ليرەى ئاڵتوون، دەدات بە کەيخەسرەو بەگ، ئەوکات جاف خەريکى گەرميان و کوێستان دەبن، جاف دەچوونە ناو خاکى ئێرانەوە، کەيخەسرەو کاتێک لە ئێران دەگەڕێتەوه،‌ سەيردەکات عەشيرەتە عەرەبەکانى ڕەبيعە و بەنى وەيس لە هەوارگەکانى ئەوان لە قزرابات نیشتەجێبوون، بۆيە کەيخەسرەو بەگ هێزێکى زۆر کۆدەکاتەوە و بە زەبرى هێز دەرياندەکات. کەيخەسرەو بەگ بە شەش مانگ بەر لە مردنى مەحموود پاشاى باوکى لە ساڵى ١٩٢٠ کۆچیدواییکردووە و لە مزگەوتەکەى قزرابات بەخاکسپێرراوە.

مەجيد بەگى عوسمان پاشاى جاف

لە بەگزادەیەکی جافە. ناوی (مەجيد بەگ يان عەبدولمەجيد کوڕى عوسمان پشاى کوڕى محەممەد پاشاى کوڕى کەيخەسرەوبەگى جاف)ـە. عوسمان پاشا لەماوەی‌ ژيانيد دوو جار ژيانى هاوسەرگيرى پێکهێناوە، يەکەميان ناوى مەنيجەخان بووە و خوشکى جافرسانى هەورامى بووە، دووەميان عاديلەخانم بووە، مەجيد بەگ لە خێزانى يەکەمى پاشايە و هاوکات کورە گەورەشى بووە، لە دەوروبەری ساڵى ١٢٨٠ کۆچی لەدایکبووه. دواى مردنى باوکی بۆ چەند مانگێک قايمقامى هەڵەبجە بووە، دواتر کۆچیدواییکردووە و لە خانەقاى بيارە لە تەنيشت شێخ عومەرى بيارە بەخاکسپێرراوە. چوار هاوسەریی هەبووە. لەماوەى ژيانيدا زۆر هاوکارى مزگەوت و مەدرەسە ئاينييەکان و مەلا و فەقێى کردووە، بەتايبەتى لەو گوندانەى، کە بەشێک بوون لە موڵکى ئەو. يەکێک لەو مزگەوتانەى، کە موڵکى مەجيد بەگ بووه،‌ گوندى پريسى ژوورووى ناوچەى نەورۆڵى خۆرئاواى هەڵەبجە بووە، مەجيد بەگ جگە لە هاوکارى خۆى، ئاشى ئاو و باخێکیشى لە گوندەکەدا لەسەر مزگەوتەکە وەقف کردووە بۆ دابینکردنی پێداويستى مەدرەسە ئاينييەکە.

میر جەلالەدینی هەورامی

یەکێکە لەسانەکانی هەورامان. کوڕی تاقانەی (باریە بەگی کوڕی بەهمەنی سێیەم)ە. مێژوونوسان لە لەدایکبوون و مردنیدا ڕای جیاوازیان هەیە. هەندێکیان (١٠٥٦-١٢٩٨) دادەنێن. بارەگای حوکمڕانییەکەی نوێکردووەتەوە، هەوڵی فراوانکردنی قەڵەمڕەوەکەی داوە. پاڵەنگان و دزڵی و سەرپاکی گوندەکانی هەورامانی لهۆن و پاوە، تا دەگاتە مەریوان، لەژێر دەستیدا بووە. کاروانسەرا و پرد و قوتابخانەی دروستکردووە.

میر سەعید هەورامانی

یەکێکە لە سانەکانی هەورامان. لە بەهمەنی سێیەمەوە، چوارەم سانە. ساڵی ١٢٩٨ لەدایکبووە. کوڕی (میر جەلالەدینی باریە بەگی هەورامی)یە. بە (میر جیاشا) ناسراوە. ساڵی١٢٩٨ لە تەمەنی هەژدە ساڵیدا دەسەڵاتی گرتوەتەدەست. دەستی لە ئاوەدانکردنەوەی مەڵبەندەکەیدا هەبووە و چوار بنکەی فەرمانڕەوایی دامەزراندووە. مزگەوتی جیاشای لە هەورامان و چەندین قەڵاو قوللەی دروستکردووە. ساڵی ١٣٩٦ کۆچیدواییکردووە.

نوری بەگی حەمەسەعیدبەگی جاف

لە بەگزادەکانى وەڵەدبەگى عەشيرەتى جافە. ناوی (نوری بەگی کوڕى محەممەد سەعيد بەگ کوڕى حەسەن بەگ کوڕى قادر بەگ)ـە. ساڵی ١٩٤٥ لە گوندى (دەرەشيش)ى نزیک هەڵەبجە لەدایکبووە. ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆی تەواوکردووە. ساڵی ١٩٦٩ ژيانى هاوسەر پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە‌. ساڵی ١٩٧٠ کراوە بە بەڕێوەبەری شارۆچکەی (دوجێل). پەیوەندیکردووەتەوە به شۆڕشی ئەیلولەوە و دوای نسکۆی ١٩٧٥ گەڕاوەتەوە هەڵەبجە و بووە بە بەڕێوەبەری دارایی و ئەمین سندوق له هەڵەبجە. له دوای ڕاپەڕینى بەهارى ساڵى ١٩٩١ کراوە بە سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە. ماوەیەک لێپرسراوی دارایی دەزگای پێشمەرگەکانی ئەیلولی له هەڵەبجە پێسپێرراوە. ساڵی ٢٠١٣ بە نەخۆشی شێرپەنجە کۆچیدواییکردووە.

ئاراس مستەفا ئەحمەد عەبدوڵا

پلەی زانستی پرۆفیسۆرە. مامۆستاى زانکۆ و ئەندازيارى ڕاويژکارە. ساڵی ١٩٥٢ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. دەرچووی زانکۆی بەغدادە. بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە (هندسة المکائن الزراعية) لە بيلاڕوسيا بەدەستهێناوە. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٧ سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ساڵانی ١٩٧٦ بۆ ١٩٨٠ له زانکوى سلێمانى وەک یاریدەدەری توێژەر و ئەندازيارى ميکانيک کاریکردووە. ساڵانێکی زۆر مامۆستا و دواتریش ساڵانی ١٩٩٥ بۆ ١٩٩٦ سەرۆکی بەشى ئەندازيارى ميکانيک بووه لە زانکۆی سەڵاحەدین. ساڵانی ٢٠٠٣ بو ٢٠٠٤ سەرۆکى بەشی خوێندى باڵا و توێژينەوەى زانستى بووه له زانکۆى سلێمان. ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٩ ڕاگرى کۆلێجى ئەندازيارى زانسته کشتوکاڵيیەکان بووه له زانکۆى کۆيه. جگە لە چەندین توێژینەوەی زانستی، خاوەنی شەش کتێبی پڕۆگرامی چاپکراوه. لە ئێستادا خانەنشینە و لە وڵاتی هۆڵەندا دەژی.

زیاتر بزانە
سەرۆکی زانکۆ

ئازاد نەقشبەندی

ئەکادیمییە. ناوی (ئازاد محەممەد ئەمين کاکەشێخ نەقشبەندى)یە. کوڕی (کاردۆخی)ی شاعیرە. ساڵی ١٩٤٨ شارۆچکەی (بيارە) لەدایکبووە. بڕوانامەى بەکالۆريۆسی لە زانستى جوگرافيا لە زانکۆى بەغداد بەدەستهێناوە. ساڵى ١٩٧٧ بڕوانامەى دکتۆراى لە بوارى جوگرافيادا لە (زانکۆى سۆفيا لە وڵاتى بولگاريا) بەدەستهێناوە. بۆ ماوەى ١٤ ساڵ لە زانکۆى بەسرە خزمەتیکردووه. ساڵى ١٩٩١ ناسناوى زانستیى (پڕۆفيسۆر)ى وەرگرتووە و هەر لەو ساڵەوە تا ٢٠١٨ لە زانکۆى سەڵاحەدین کاریکردووە. ماوەى دوو ساڵ وەک سەرۆکى بەشى جوگرافيا و دە ساڵیش وەک ڕاگرى کۆلێجى ئاداب‌ کاریکردووە. ئەندامى ئەنجومەنى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى هەرێمى کوردستانى عێراق بووە، لە سەرەتاى دامەزراندنيەوە تا دامەزراندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى لە هەرێم، وەک مامۆستاى ميوان لە زانکۆکانى بەغداد، موسل، سەڵاحەدين، دهۆک، کۆيە، کۆفە و ڕاپەڕين وانەى وتووەتەوە، ئەندامى ژمارەيەکى زۆر لە کۆمەڵەى زانستى ناوخۆيى و نێودەوڵەتيە لەوانه:‌ سەرۆکى کۆمەڵەى جوگرافيناسانى کوردستان‌ و سەرنوسەر و ڕاوێژکارى چەندين گۆڤارى زانستى و ڕۆشنبيرى بووە، لە زياتر لە ٣٥ کۆنگرەى زانستیى هەرێمى و نيشتمانى و نێودەوڵەتیدا، بەلێکوڵينەوە بەشداریکردووە. خاوەنى دوو پەرتووکى زانستييە، کە بەشێکيان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و هەندێک لە دەوڵەتانى عەرەبى دەخوێنرێن. ئەنداميەتى دەستەى ڕاوێژکارى گۆڤارە زانستيیەکانى زانکۆکانى (سەڵاحەدین، کۆيە - بەشى زانستە مرۆڤايەتييەکان، کەرکوک، گۆڤارى (الجمعيە الجغرافيە العراقيه)يە. لە ئێستادا خانەنشینە.

زیاتر بزانە
ڕاگری کۆلێژ

ئاکۆ ئیبراهیم فەقێ

ناوی (ئاکۆ ئیبراهیم فەقێ مەحموود فەتاح)ـە. ساڵی ١٩٨٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە بواری بەڕێوەبەردنی وەرزشی لە وڵاتی ئێران بەدەستهێناوە و لە کۆلێجى پەروەردەى جەستەيى و زانستە وەرزشييەکانى زانکۆى هەڵەبجه خزمەتی پێکردووه و خاوەن چەندين توێژينەوەیه. دوو کتێبی لە بوارى زانستى وەرزشیدا وەرگێڕاوە. ڕۆڵی هەبووە لە ئەنجامدانى يەکەمين ئۆڵومپيادى وەرزشیى زانکۆ و پەيمانگهاکانى هەرێمى کوردستان، کە بۆ يەکەمين جار لە عێراق ئەنجامدراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ئێستادا ڕاگرى کۆلێجى پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان‌.

زیاتر بزانە
ڕاگری کۆلێژ

ئاوارە حسێن ئەحمەد عەلی

ساڵی ١٩٨٧ لە (کۆمەڵگەی زۆرەملێی خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندی کوڵکنی و ناوەندیی لە گوندی گردیگۆ و ئامادەیی لە خورماڵ خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا، لە زانکۆی سلێمانی و بڕوانامەی ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی پونەی هیندستان و دکتۆرای لە یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی لە زانکۆی سۆران بەدەستهێناوە. لە بوارەکانی (جینۆسایدی هەڵەبجە، جینۆسایدی کورد، یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی، یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، یاسای مافەکانی مرۆڤ، دادگای دادی نێودەوڵەتی) خزمەتی پێشکەشکردووە. لە گرنگترین بەرهەم و دەستکەوتەکانی لەم بوارانەدا بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی: (کورد و دەوڵەت، تاوانی جینۆساید لە یاسای نێودەوڵەتیدا، جینۆساید وەک بنەمایەک بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، جینۆسایدی کورد لە ڕوانگەی یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتییەوە) بڵاوکردووەتەوە. چەندان توێژینەوەی زانستی نوسیوە و لە چالاکییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکاندا بەشداریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لەئێستادا ڕاگری کۆلێجی یاسا و کارگێڕییە لە زانکۆی هەڵەبجە.

زیاتر بزانە
ڕاگری کۆلێژ

ئەحمەد میرە

ناوی تەواوی (ئەحمەد محەمەدڕەشید میرە)یە. ١٩٧٥ لە شارباژێڕ لەدایکبووە. وەک یەکەمین خولی دەرچوونی خوێندکارانی بەشی کوردی، بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زمان و ئەدەبی کوردی، لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە و لە یەکەمەکانی بەشەکەی بووە. ساڵی ٢٠٠٨ لە کۆلێژی (ابن رشد)ی زانکۆی (بەغداد)، بڕوانامەی ماستەر لە بواری ئەدەبی ڕۆژنامەنوسیدا بەدەستدەهێنێت. ساڵی ٢٠١٩ و لە بەشی کوردیی زانکۆی سلێمانی، بڕوانامەی دکتۆرای لە بەراوردی ئەدەبیاتی هاوچەرخی کوردی و عەرەبیدا بەدەستهێناوە. ناسناوی زانستیی پڕۆفیسۆری یاریدەدەرە. لە بوارەکانی: ڕۆژنامەنوسی، ئەدەب و پەروەردەدا کاردەکات. خاوەن ئیمتیاز و سەرنوسەری گۆڤاری لڤین، دامەزرێنەری دەستگای میدیایی لڤین، خاوەنی کۆمپانیایی لڤین بووە. سێ کتێبی چاپکراوی هەیە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. چەندین خەڵاتی پێبەخشراوە، لەوانە: کەسایەتیی وڵاتانی عەرەبی ساڵی ٢٠٢١، ڕێکخراوەکانی IREXـی ئەمەریکی، ئیندیای ئەمەریکی، PressNowـی هۆڵەندی ، IWBRـی بەریتانی. ئەزمونی چەندین کۆرس و وتاری ڕۆژنامەنوسی لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا هەیە. لە بواری پسپۆڕییەکەی خۆیدا(ئەدەب)، چەندین توێژینەوەی لە گۆڤارەکاندا بڵاوکردووەتەوە، لە بابەتی ڕۆژنامەنوسی وتاری ڕۆژنامەنوسیشدا، بە یەکێک لە قەڵەمە دیارەکانی دونیای ڕۆژنامەنوسی و خاوەن سەرنجی تایبەتی ڕۆژنامەنوسی و سیاسیی دیار و دەرکەوتووە، سەرنج و بۆچوونەکانیشی لە هەزاران وتاری تایبەت بە بارودۆخە جیاوازەکانی کۆمەڵ و سیاسەتی کوردیدا خۆی دەبینێتەوە. لە ئێستادا ڕاگرى کۆلێجى پەروەردەی شارەزوورە‌.

زیاتر بزانە
ڕاگری کۆلێژ

تەحسین عەبدولکەریم ئەمین

ساڵی ١٩٦٥ لە شاری کەلار لەدایکبووە. بە (دکتۆر تەحسین زەنگەنە) ناسراوە. بڕوانامەی بــەکــالــۆریـۆسی زانــکۆی سەڵاحەدین و مــاســتەر و دکتۆرای لە زانــکۆی ســلێمانــی بەدەستهێناوە. ســاڵــی ١٩٩٧ ســەرۆکــی یــەکــێتی نــاوەنــدی گــۆڕەپــان و مــەیــدانــی کــوردســتان بــووە. لە شاری هەڵەبجە ڕاهـێنان و دادوەری کردووە. ساڵی ٢٠٠٨ وەک ڕاگری کۆلێجی پەروەردەی هەڵەبجە دەستبەکاربووە. ئــەنــدامــی لــیژنەی دامــەزرانــدنــی زانــکۆی هــەڵــەبــجە بووە. ساڵی ٢٠١٧ سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. سـاڵـی ٢٠١٨ ئەندامی دەستەی کارگێڕیی یانەی هەڵەبجە بووە.

زیاتر بزانە
سەرۆکی زانکۆ

حسێن محەممەد ساڵح ڕەحیم

ساڵی ١٩٦٦ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. ساڵی ٢٠١٢ بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە. وەک مامۆستای زانکۆ (ڕاگری کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت بۆ ماوەی پێنج ساڵ و پێنج مانگ) لە زانکۆی هەڵەبجە کاریکردووە. لە چەندین چالاکیی زانستی، کۆنفرانس و ۆۆرکشۆپ و بەرنامەی تەلەڤزیۆنیدا بەشداریکردووە و چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی پێدراوە‌. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. ئەندامی دامەزرێنەر و دەستەی گشتی سەنتەری زەهاوی بۆ لێکۆڵینەوەی فیکرییه،‌ کە لقێکی پەیمانگای جیهانی فیکری ئیسلامییە، ئەندامی دامەزرێنەر و لێپرسراوی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری و ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕییە لە ڕێکخراوی ژیار بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی.

زیاتر بزانە
ڕاگری کۆلێژ

خەسرەو عەبدوڵا عەلی ئەحمەد

پلەی زانستی پرۆفیسۆرە. ساڵی ١٩٥٥ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. بڕوانامەی دکتۆرای له بواری بەڕێوەبردنی بەرهەمی پەلەوەر لە‌ وڵاتی ڕۆمانیا بەدەستهێناوە. لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٦ سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بووە. لە گرنگترین بەرهەم و دەستکەوتەکانی ئەنجامدانی چەندین توێژینەوەی زانستی و نوسین و ئامادەکردنی کتێبێکە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە ئێستادا مامۆستایە لە زانکۆی سلێمانی.

زیاتر بزانە
سەرۆکی زانکۆ

دارا جاف

ناوی (دارا حەمەئەمین عەباس)ـە و به (دکتۆر دارا جاف) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٢ له ‌گوندی (ئاواییی ڕۆستەم بەگ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتای لە خورماڵ و هەڵەبجه و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە. کۆڵیژی کشتوکاڵی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە. ‌ساڵی ١٩٧٥ بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە و وەک مامۆستای یاریدەدەر دامەزراوە. دکتۆرای لە زانکۆی (گلاسکۆ) له وڵاتی (بەیتانیا) خوێندووە. ساڵی ١٩٨٩ پلەی پڕۆفیسۆری یاریدەدەری وەرگرتووە. ‌ساڵی ١٩٩٠ تا ١٩٩٥ سەرۆکی بەشی (بایەلۆجی) بووە له ‌زانکۆی (سەڵاحەدین). ‌ساڵی ٢٠٠٥ ڕاگری کۆلێجی پەرەوەردە بووە لە زانکۆی (سۆران). ساڵی ٢٠٠٨ بووە بە ڕاگری کۆلێجی پەرەوەردە لە زانکۆی (سەڵاحەدین). ‌ساڵی ٢٠١٩ ناسناوی زانستیی پڕۆفیسۆری وەرگرتووە. بەشداریی زیاتر لە ٥٠ گفتوگۆی ماستەر و دکتۆرا و لیژنەی پلانی ناسناوی زانستی و یەکسانی بڕوانامەکاندا کردووە. بەشداری لە دەیان فیستیڤاڵ و کۆنفڕانسی زانستی له ‌ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا کردووە. له ‌کۆلێجی پەروەردە بەردەوامبووە تا کاتی خانەنشینی لە ساڵی ٢٠٢٢.

زیاتر بزانە
ڕاگری کۆلێژ

دانا عەبدوڵا تاهیر

ئەکادیمییە. ‎ساڵی ١٩٦٨ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. ‎بڕوانامەی دکتورای هەیە و ‎ناسناوی زانستی پڕۆفیسۆرە. لە ساڵی ٢٠١٨ەوە تا ئێستا یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆیە بۆ کاروبارى زانستى و خوێندنی باڵا. ‎لە ماوەى بەرپرسیاریەتییەکەیدا ژمارەیەک کاری گرنگی کردووە، لەوانە: بەگەڕخستنەوەى گۆڤارى زانکۆ، دروستکردنى بەرێوەبەرایەتیى خوێندنى باڵا، کارکردن و پێداگرى بۆ گۆڕینى پرۆگرامى خوێندن لە سیستەمى ساڵانە و وەرزى بۆ سیستەمى پێواژۆى بۆڵۆنیا و کارکردن و بۆ نێودەوڵەتی کردنى زانکۆى هەڵەبجە لە ڕێگەى پڕۆژەى ئەپرایزەوە.

زیاتر بزانە
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ

ڕەنجدەر محەممەد عەزیز

ئەکادیمییە. ساڵی ١٩٨١ لە شاری کەلار لەدایکبووە. بڕوانامەی دکتۆرا و ناسناوی زانستیی پڕۆفیسۆری یاریدەدەری هەیە. ساڵی ٢٠١٩ەوە تا ئێستا لە زانکۆی هەڵەبجە یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆیە بۆ کاروباری خوێندکاران. لە گرنگترین کارە زانستییەکانی، بریتییە لە بڵاوکردنەوەی پەرتوکی (سیاسەتی بەریتانیا بەرامبەر بە حکومەتی ویلایەتی موسڵ ١٩١٦-١٩٢٦) و ئەنجامدانی چەندین توێژینەوە، لەوانە (شاری کەرکوک لە ساڵانی ژێرسپاردەیی (ئینتداب) ئینگلیزەکاندا، کێشەی کورد لەپەیوەندییەکانی تورکیا ‌و سوریا لەڕوانگەی ئاسایشی نەتەوەیی‌ و ئاسایشی ئاوییەوه) هەروەها لە چەندین کۆنفرانسی زانستی ناوخۆی و دەرەوەدا‌ بەشداریکردووە.

زیاتر بزانە
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ

سيروان حامد ئەحمەد عەلى

مامۆستا و ئەکادیمییە. ساڵی ١٩٨٠ لە گوندی (شەکرالى)ی سەر بە شارۆچکەی (سيروان) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە بە ناوەکانی (نامە، ناوین و ناوان). بڕوانامەی دکتۆرای لە ياسادا هەیە. پلەى زانستى پرۆفيسۆرى ياريدەدەرە. يەکەمين ڕاگرى کۆلێجى ياسا و کارگێڕى بووە لە زانکۆى هەڵەبجه. لە ساڵى٢٠٢٣وە تا ئێستا بە پلەى بەرێوبەرى گشتى، ياريدەدەری سەرۆکى زانکۆیە بۆ کاروبارى کارگێڕى و دارایی. بڕوانامەی بەکالۆريۆسى لەکۆلێجى ياسا لە زانکۆى سەڵاحەدین بەدەستهێناوه و لە هەمان زانکۆ دامەرزاوەتەوە.‌ بڕوانامەى ماجستێرى لە ياسای گشتى له ‌زانکۆى سلێمانى وەرگرتووە. دکتۆرای لە فەلسەفەى ياساى گشتى بە پلەى ناياب تەواوکردووە. وەک مامۆستا لە زانکۆکانى سەڵاحەدین، جيهان، سلێمانى، هەڵەبجه و وەک وانەبێژ لە کۆلێجى پۆليسى سلێمانى وانەى مافى مرۆڤى وتوەتەوە. ئەم کتێبانەشی بە چاپ گەیاندووە: (الطبيعة القانونية لاتفاقيات SOFA وتأثيرتها على سيادة الدول واستقلالها، شرعيية الحکومات و آليات حمايتها في القانونيين الدولي والدستورى، مافى بەدەوڵەتبوون). هەروەها زياتر لە ١٠ توێژينەوەى ياسايی لە بوارى ياسادا لە گۆڤارە ناوخۆى و دەرەکيیەکاندا بڵاوکردووەتەوه. بەشی زۆری توێژینەوەکانی پەیوەست و تایبەت کردووە بە دۆزی یاسایی گەلی کورد لە یاسایی نێودەوڵەتیدا، بۆ ئەوەیش لە چەندین سۆنگە و بواری جیاواز و هاوکات هەمەچەشنیشەوە، هەوڵیداوە پسپۆڕییەکەی پەیوەستبکاتەوە بە سروشت و تایبەتێتییە مێژوویی و هەنوکەییەکانی کورد و کۆمەڵگای کوردییەوە. بەو واتایەی، لایەنی یاسایی و ماف و ڕاستینە مێژووییەکانی کۆمەڵگای کوردی، پێکەوە ئاوێتەکردووە و لە ناوەڕۆکی توێژینەوەکانیدا بەکاریهێناون. توێژینەوەکانی لە بواری کورد و یاسای نێودەوڵەتی، دەوڵەتداری و حکومەتی باش، ڕەوایەتیی حکومەتداری و بەدەوڵەتبوون، یاساکانی تایبەت بە ھەڵبژاردن، بە تایبەت مافی کەمینەکان و کۆتایی ژنان، کێشەی کارکردنی منداڵان، ڕۆڵی یاسای نێودەوڵەتی لە چارەسەرکردنی کێشە داراییەکاندا، جگە لەمانەش چەندین توێژینەوەی لە بواری کەموکوتییەکانی یاسا بەرکارەکانی عێراق ئەنجامداوە، ئەوەیش بە بەراورد بە یاسای دەوڵەتە پێشکەوتوەکان.

زیاتر بزانە
یاریدەدەری سەرۆکی زانکۆ
پێشتر 1
...
20 21 22
...
45 دواتر