کەسەکان بەپێی پۆست

بەرگی شەشەم

کەسەکان بەپێی پۆست

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

ناساندنی کەسایەتییە دیارەکان و بەڕێوەبەران کە ڕۆڵی کاریگەریان هەبووە لە بەڕێوەبردن و پێشخستنی شاری هەڵەبجەدا.

ناوەڕۆک

886 بابەت

شوانە نوری عەبدوڵا

ناوی (شوانە نوری عەبدوڵا عەبدولکەریم)ـە. ساڵی ١٩٧٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی دکتۆرای هەیە و ناسناوی زانستیی پرۆفیسۆری یاریدەدەرە. لە بواری ئەدەب و هونەردا کاردەکات و لە گرنگترین بەرهەم و دەستکەوتەکانی لەو بوارانەدا هەشت توێژینەوەى ئەدەبى، پێنج کارى هونەرى شانۆیییە. لە ئێستادا مامۆستاى زانکۆی هەڵەبجەیە و ڕاگرى کۆلێجى زانستە مرۆڤایەتییەکانە.

زیاتر بزانە
ڕاگری کۆلێژ

کارزان عەبدوڵا محەممەد

ڕاگرى کۆلێژ و توێژەر و چالاکوانى بوارى ژینگەیە. ساڵى ١٩٨١ لە گوندى (ئەحمەدئاوا) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە‌ و خاوەنى سێ منداڵە. قۆناغى سەرەتایى و ئامادەیى لە خورماڵ خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری لە بایلۆجى و دکتۆرای لە ژینگەزانی لە وڵاتی بەریتانیا بەدەستهێناوە. لەبوارى ژینگە و هۆشیارى و پاراستنى ژینگەدا کارىکردووە و کۆڕ و سیمینار و توێژینەوەی پێشکەشکردووە. ساڵى ٢٠١٨ تا ٢٠٢٣ ڕاگرى پەیمانگاى تەکنیکى هەڵەبجە و کۆلێجى تەکنیکى هەڵەبجە بووە. لە ناوەوە و دەرەوەى وڵات چوار خەڵاتى باشترین قسەکەرى پێ بەخشراوە.

زیاتر بزانە
ڕاگری کۆلێژ

محەممەد ڕەئوف سەعید فەتحوڵڵا

ئابوریناسە. ساڵی ١٩٥٧ لە شارى هەڵەبجه لەدایکبووە. بەشی ئابوری لە زانکۆی سلێمانی تەواوکردووە. بڕوانامەی ماستەری لە ئابوریی گواستنەوە لە زانکۆی ئەلموستەنسرییەی عێراق بەدەستهێناوە و بووە بە مامۆستای یاریدەر لە هەمان زانکۆ و لە زانکۆى ئەلقادیسیەش مامۆستا بووە. بڕوانامەی دکتۆرای لە گواستنەوەی هێڵی ئاسن لە بواری ئابوری لە زانکۆی ئەلموستەنسرییە وەرگرتووە. لە زانکۆی ئەلقادیسیە وەکو پرۆفیسۆری یاریدەدەر بەردەوامبووە. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٩ تا ٢٠٠٤ بووە بە ڕاگری کۆلێجی کارگێڕی و ئابوری. ساڵی ٢٠٠٣ وەک پڕۆفیسۆر لە زانکۆی سلێمانی دەستبەکاربووە. لە بواری نوسیندا چوار کتێبی لەسەر ئابوری، بە ناونیشانەکانی: (گەشەسەندنی ئابوری چين، ئابوری موڵکانە کرێ، المٶسسات العالمیة الرئیسة وعلاقتها بالحرب الباردة، اقلیم کردستان العراق في دائرة السیاسات النفطية) بەچاپ گەیاندووە. سەدان توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە زانستییەکان لەسەر ئابوری بڵاوکردووەتەوە. ساڵی ٢٠٢٠ بە ڕووداوی هاتوچۆ کۆچیدواییکردووە.

زیاتر بزانە
ڕاگری کۆلێژ

مهاباد کامیل عەبدوڵا

ئەکادیمی و سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەیە‌. ساڵی ١٩٧٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی کوردی لە زانکۆی سەڵاحەدین و ماستەری لە شێوەزاری هەورامیدا بەدەستهێناوە. ماوەی ٢٥ ساڵ لە زانکۆکانی: سلێمانی‌، گەرمیان‌، چەرموو و هەڵەبجە خزمەتی زانستی کردووە. ‎ساڵی ٢٠٠٤ لە وڵاتی فەرەنسا دبلۆمی باڵای زانکۆیی لە زمانی فەرەنسی لە زانکۆی مارک بلۆغ بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٠٦ گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان لە زانکۆی سلێمانی دەستبەکاربووەتەوە. ساڵی ٢٠١٠ بڕوانامەی دکتۆرای لەزانکۆی سلێمانی لە بواری زمان ‌و شێوەزاری هەورامی بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠١٥ ناسناوی زانستی پرۆفیسۆری یاریدەدەری وەرگرتووە. ساڵی ٢٠٢٢ وەک یەکەم مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە ناسناوی زانستی پرۆفیسۆری وەرگرتووە. ‎ئەندام‌ و سەرۆکی لیژنەی باڵای کۆنفرانس و ڤێستڤاڵەکانی مەڵبەندی ڕۆشنبیری هەورامان بووه. ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن ڕێکخراوی زمانناسی لەشاری هەولێر خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە. ساڵانی ٢٠١٧ -٢٠١٩ ‎‎بەڕێوەبەری کتێبخانەی ناوەندی و چاپخانەی زانکۆی سلێمانی بووە. جگە لە زمانی کوردی، فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی و فەرەنسییش دەزانێت. پانزە توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە باوەرپێکراوەکاندا بڵاوکردووەتەوە. وەک یەکەم ژن کە سەرۆکی زانکۆ بێت لە هەرێمی کوردستان و عێراق ساڵی ٢٠١٩ بووە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ بەردەوامبووە.

زیاتر بزانە
سەرۆکی زانکۆ

موحسین ئیبراهیم ئەحمەد

کوڕی شەهید مەلا ئیبراهیمى تریفەییە. ساڵی ١٩٧٠ لە گوندی (تریفە)ی سەر بە ناوچەی نەورۆڵی لەدایکبووە. قۆناغەکانی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە تریفە و شارەزوور و هەڵەبجە تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستی ئابوری لە زانکۆی سەڵاحەدین بەدەستهێناوه و وەک یاریدەدەری توێژەر لە کۆلێجی بەڕێوەبردن و ئابوری لە زانکۆی سەڵاحەدین دامەزراوە. ساڵی ١٩٩٥ بڕوانامەی ماستەری لە زانستی ئابوری وەرگرتووە و بووەتەوە بە مامۆستا لە زانکۆى سەڵاحەدین. ساڵی ٢٠٠٢ بووە بە سەرۆکی بەشی ژمێریاری لە کۆلێجی کارگێڕی و ئابوری لە زانکۆی سلێمانی. ساڵی ٢٠٠٤ ڕاژەکەی گواستووەتەوە و بە پلەی (بریکاری وەزارەت) بووە بە جێگری سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵی لە بەغداد و ماوەی شەش ساڵ بەردەوامبووە. ساڵی ٢٠٠٨ بڕوانامەی دکتۆرای لە زانستی ئابوری لە زانکۆی سلێمانی وەرگرتووە. ساڵی ٢٠١٦ بووەتە ڕاگری کۆلێجی کارگێڕی و ئابوری لە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی و تا ئێستاش بەردەوامە لەو پۆستەدا. ساڵی ٢٠٢٢ پلەی زانستیی پرۆفیسۆری بەدەستهێناوە و خاوەنی زیاتر لە ٢٠ توێژینەوەی زانستییە.

زیاتر بزانە
ڕاگری کۆلێژ

نەریمان عەبدوڵا عەلی

ئەکادیمی و ڕاگری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکانە لە زانکۆی هەڵەبجە. ساڵی ١٩٧٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بەشی مێژووی لە کۆلێژى ئەدەبیاتی زانکۆی سەڵاحەدین تەواوکردووە. ساڵی ١٩٩٩ بووە بە مامۆستا لە ئامادەیی (ئەحمەدموختار جاف) لە هەڵەبجە. گەڕاوەتەوە بۆ خوێندن و لە زانکۆی سلێمانی بڕوانامەی ماستەر و لە زانکۆى سەلاحەددین دکتۆرای وەرگرتووە. ساڵی ٢٠٠٨ وەک مامۆستا لە زانکۆی هەڵەبجە دەستبەکار بووە. بڕوانامەی دکتۆرای هەیە و پلەى زانستى پرۆفیسۆری یاریدەدەرە. پسپۆری مێژووە. خەڵاتی نێودەوڵەتی بۆ (ئاشتی و پێکەوەژیان)ی لەلایەن ڕیکخراوی HWPLی کۆریای باشورەوە پێدراوە. ساڵی ٢٠١٧ تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ ڕاگری کۆلێجی زانستە مرۆڤایەتییەکان بووە. ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٥ سەرۆکی سکوڵى پەروەردەى بنەڕەت لە فاکەڵتى پەروەردە و زانستە مرۆڤایەتییەکان بووە. ساڵانی ٢٠١٢ بۆ ٢٠١٧ بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتى دڵنیایی جۆرى بووە لە زانکۆى هەڵەبجە. سەرپەرشتی چەندین کۆنفرانس و کۆنگرە و سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتی لە زانکۆی هەڵەبجە و دەرەوەی زانکۆ کردووە. خاوەنی کتێبی (مێژووى پێکەوەژیان لە هەڵەبجە)یە و چەندین توێژینەوەی زانستی بڵاوکردووەتەوە.

زیاتر بزانە
ڕاگری کۆلێژ

ئازاد عەباس عبدالقادر گڵێجاڵى

نوسەرو وەرگێرە. ١٩٧٩ لە ئاوارەيى لە باکورى وڵاتى ئێران لە شارۆچکەى کوملەى سەر بە ڕەشت لەدايکبووە. لە شارى هەڵەبجەى شەهيد لە خزمەت مامۆستا مەلا مەحمود لە مزگەوتى جاميعە و مزگەوتى (دار السلام) لە خزمەت زاناى پايەبەرز مامۆستا شێخ نورەدينى موفتى دەستى بە خوێندنى حوجرە کردووە. لە خزمەت مامۆستا مەلا تاهيرى بەحرکە ئيجازەى مەلايەتى وەرگرتوە. سەرەتا لە هەولێر لە ناحيەى کەسنەزان لە مزگەوتى مەلا عوسمان وەک پێشنوێژ (ئيمام) دامەزراوە، لە (بنەسڵاوە و دووگردکان و تۆپزاوە) پێشنوێژ و وتارخوێن بووە. دواتر گەڕاوەتەوە بۆ ناوچەى شارەزوور و لە گوندى قەرەگۆل مەلا بووە و ئێستاش لە هەڵەبجەى تازە نيشتەجێيە. نزيکەى شەست بەرهەمى چاپکراوە، لەوانە: سۆزو ميهرى خوداوەندى، شەرحى کارخانەى قەندى، لەگەڵ خوودا، ڕێنماى ڕێبوار، هژار المکرياني وجهوده العلميە، وەرگێڕانى تەفسيرى (قرآن تدبر و عمل)، وەرگێڕانى کتێبى (الزهد)ى پێشەوا ئەحمەدى کوڕى حەنبەل..هتد. خێزاندارە و خاوەنی چوار منداڵە. ئێستا لە شارۆچکەى هەڵەبجەى تازە پێش نوێژە لە مزگەوتى (حاجى موحەممەدى سەفرە) و وتاربێژى مزگەوتى (گوندى قەرەگۆل)ـە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

ئەبوبەکر تۆفیق فەتاح عەبدولقادر

ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (گڵێجاڵ)ی سەر بە شارۆچکەی (بەمۆ) لەدایکبووه. خوێندنی دواناوەندیی ئیسلامی لە سلێمانی و کۆلێژی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆی دهۆک تەواوکردووه. ماستەر و دکتۆرای لە وڵاتی ئوردن بەدەستهێناوە. خاوەنی چەند کتێبێکی چاپکراوە، لەوانە (استثمار الصکوک و هیمنتها علی الاوراق المالیة المعاصرة، یەکەم مرۆڤی بەختەوەر لەجیهاندا، یان چۆن دەبیتە بەختەوەرترین مرۆڤ لەجیهاندا) و وەرگێڕانی کتێبەکانی (دڵتەنگ مەبە، ئیسلام وەکو چارەسەر). لەچەندین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەشداربووە و چەند توێژینەوەیەکی بڵاوکردووەتەوە. لە ئێستادا پێشنوێژ و وتاربێژە. لە مزگەوتی شیفا لە شاری هەولێر.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

ئەحمەد محەممەد ئەحمەد

ساڵی ١٩٧٨ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجەى تازە و سلێمانی و هەڵەبجەى شەهید تەواوکردووە. خوێندنی زانستە شەرعییەکان لای مامۆستا مەلا حەمەمینی بیارە تەواوکردووە و هەر لەسەر دەستی ئەو بڕوانامەى مەلایەتی وەرگرتووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری لە زانکۆی هەڵەبجە لە شەریعەدا بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٠٣ وە دەستیکردووە بە پێشنوێژى و وتاربێژە لە شاری کەلار و لە مزگەوتی شێخ لەنگەر. لە ئێستادا وتاربێژە لە مزگەوتی کێلەسپی لە شارۆچکەی سیروان. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

ئیدریس ڕەحمان ڕەحیم

ساڵی ١٩٧٥ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە هەڵەبجە تەواوکردووە. زانستە شەرعییەکانی لە هەردوو مەدرەسەى ئوسامە و حەمەى حاجی ڕەشید خوێندووە. ساڵی ١٩٩٨ تا ٢٠٠٢ لە مزگەوتی دوانزە ئیمامی خواروو ئیمام و خەتیب بووە. ساڵی ٢٠٠٢ تا ٢٠٠٥ لە مزگەوتی صلاح الدین لە شارۆچکەی سیروان ئیمام بووە. دواتر چووە بۆ مزگەوتی مەولەوی لە سیروان و لە ساڵی ٢٠٠٧ تا ئێستا لەوێ وتاربێژە و لە هەڵەبجەش لە مزگەوتی بەختیاری پێشنوێژی دەکات. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

ئیدریس یاڵانپێیى

ناوی (ئیدریس حامید ساڵح)ـە و بە (مەلا ئیدریس یاڵانپێیى) ناسراوە. ساڵى ١٩٦٨ لە گوندى (یاڵانپێ) ی سەر بە ناحیەی (خورماڵ) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەرى پێکهێناوە و خاوەنى شەش منداڵە. خوێندنى ئیسلامى خوێندوە و ئیسلامى لە هەڵەبجە و کۆلێژى کوردستان بۆ پێگەیاندنى پێشنویژ و وتارخوێنی لە سلێمانى تەواوکردووە. لە چەند مزگەوتێک پێشنوێژ و وتاربێژ بووە و لە ئێستادا لە مزگەوتى قەرەتۆغان لە سلێمانى بەردەوامە. نامیلکەیى( حەوت وتار لە وتارەکانى سەید ئەحمەد)ی بەچاپ گەیاندووە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

تالیب ساڵح ئەحمەد

بە (مەلا تالب) ناسراوە. ساڵى ١٩٦٢ لە هەورامان لەدایکبووە. ژیانی هاوسەرى پێکهێناوە و خاوەنى پێنج منداڵە. خوێندنى ئیسلامى خوێندوە و مۆڵەتی مەلایەتى وەرگرتووە. لە چەند مزگەوتێک وەک پێشنوێژ و وتاربێژ بووە و لە ئێستاشدا لە مزگەوتى شەهیدان لە سلێمانى بەردەوامە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

تەحسین حەمەغەریب عەلی

ساڵی ١٩٧١ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی و ئامادەیی لە لە هەڵەبجە تەواوکردووە. بۆ ماوەى دوو ساڵ لە مەدرەسەى ئوسامە لە کۆمەڵگای زەمەقی و ماوەى دوو ساڵی دیکە لە مەدرەسەى گەیلانی زانستە شەرعییەکان خوێندوویەتی. ساڵی ٢٠٠٤ جامیعەى ئیسلامی لە بەغداد بۆ زانستە شەرعییەکان تەواوکردووە. ساڵی ١٩٩٣ تا ١٩٩٦ پێشنوێژى مزگەوتی ئیمامی عەلی بووە لە هەڵەبجە. ساڵی ١٩٩٦ تا ساڵی ١٩٩٨ لە مزگەوتی شەکرالی پێشنوێژی کردووە. لە ساڵی ١٩٩٨ بەدواوە گەڕاوەتەوە بۆ مزگەوتی ئیمامی عەلی و تا ئێستا بەردەوامە. لە ساڵی ٢٠١٠شەوە لە مزگەوتی خورماڵ وتاربێژە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. جگە لە زمانی کوردی، عەرەبی و فارسییش دەزانێت.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

تەها ئەوڕەحمان خەسرەو قادر

ساڵى ١٩٧٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. قۆناغەکانى سەرەتایی و ناوەندی لە هەڵەبجە خوێندووە. لە حوجرە و مەدرەسەی ئاینی درێژەی بە خوێندن داوه و کۆلێژی (إمام الأعظم)ى لە شاری بەغداد تەواوکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنى سێ منداڵە. مۆڵەتی عیلمیی وەرگرتووە و چەندین ساڵ وانەی بە فەقێیان وتووەتەوە و لە چەند مزگەوتێک پێشنوێژ و وتاربێژ بووە. لە ئیستادا لە مزگەوتى (حاجى کەریم) لە شاری هەڵەبجە بەردەوامە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

تەها تاهیر عەلی

پێشنوێژ و وتاربێژ و نوسەرە. بە (دکتۆر تەها زەڵمی) ناسراوە. ساڵی ١٩٧٤ لەدایکبووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆس و ماستەری لە زانستی ئیسلام بەدەستهێناوە. دووبارە ماستەری لە تەفسیر و زانستی قورئان و دکتۆرای لە زانستی قورئان بەدەستهێناوە. لە چەند مزگەوتێک پێشنوێژی و وتاربێژ بووە. لە ئێستا لە مزگەوتی شەهیدانی مامۆستایان لە سلێمانی بەردەوامە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. خاوەنی چەند بەرهەمێکی چاپکراوە لەوانە (چرا هەڵکراوەکان، سەرەتایەک بۆ تێگەیشتنی دروست، الموجز البيان من علوم القرآن، البنيان).

جەمال حمەکەریم مەحمود

مامۆستاى ئاینى و بڕیاردەرى بەشە لە زانکۆى هەڵەبج. ساڵى ١٩٧٠لە گوندى خەرپانی لەدایکبووە، سەرەتایی و ناوەندی لەهەڵەبجە تەواوکردوە، ساڵی ١٩٩٥ لەخزمەت مامۆستا (سەیید نەجمەدین) لەمزگەوتی (ئوسامەی کوڕی زەید) مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. لەساڵی ٢٠٠٣ لەکۆلێژی ئیمام ئەعزەم لە بەغداد بەکالۆریۆسى هێناوەو هەمان ساڵ وەک ئیمام لەمزگەوتی ئوسامەی کوڕی زەید لە هەڵەبجە دامەزراوە. لەساڵی ٢٠١٨ بڕوانامەی دکتۆراى بەدەستهێناوە و گواستراوەتەوە بۆ زانکۆى هەڵەبجە، بڕیاردەرى بەشى (بنەماکانى ئاینە) لە زانکۆى هەڵەبجە. لە مزگەوتى گوندەکانى (خەرپانى و تەپى سەفا و بیاوێڵە و مزگەوتى ئوسامە)ش وتارخوێن بووە، کتێبێکی چاپکراویان لەگەڵ مامۆستا عەزیز غەفور نوسیوە لە زانستی(سەرف) بەناوی (وشەسازی)نوسیوە، کە تائێستا دووجار چاپ کراوەتەوە هەر جارەو هەزار نوسخە.

زیاتر بزانە
وتارخوێن

جەمال محەممەد ئەوڕەحمان

بە (مەلا جەمال ئیمامی) ناسراوە. ساڵى ١٩٧٠ لە گوندى (نوەر) لەدایکبووە. ژیانی هاوسەرى پێکهێناوە و خاوەنى شەش منداڵە. قۆناغى سەرەتایى و ئامادەیى لە هەڵەبجە خوێندووە. مۆڵەتی مەلایەتى وەرگرتووە. لە چەندین مزگەوت پێشنوێژ و وتاربێژ بووە و لە ئێستادا لە مزگەوتى (پاشا) لە هەڵەبجە بەردەوامە. ئەندامى لیژنەى ئامادەکارى یادى کیمیابارنى هەڵەبجە و لیژنەى بەپارێزگابوونى هەڵەبجە بووە. ئەندامى لیژنەى فتوایە لە هەڵەبجە و خورماڵ. ماوەى ١٥ساڵى بەرپرسى یەکێتى زانایانى هەڵەبجە بووە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

حەسەن شەمێرانی

ناوی (حەسەن مەحموود ئەحمەد شەمێرانی)یه. ساڵی ١٩٥٣ لە گوندی (کانی کەوە)ی شەمێران لەدایکبووە، ساڵی ١٩٥٤ ماڵی باوکی باریکردووەتە هەڵەبجە و لەوێ خوێندوویەتی، ساڵی ١٩٧٧ کۆلێژی شەریعەی بەغدای تەواوکردووە، لە قوتابخانەکانی هەڵەبجە و دەربەندیخان مامۆستا بووە، لە حەفتاکان و هەشتاکاندا کادیرێکی چالاکی برایانی موسڵمان بووە، بەوهۆیەوە چەند جارێک دەستگیرکراوە و ئاوارە بووە، لە دامەزرێنەرانی یەکگرتووی ئیسلامی و پاشان ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەو حیزبە بووە، لەدوای ڕاپەڕین مزگەوتی گەورەی لە (هەڵەبجەی تازه) ‌کردووەتەوە و هەر خۆیشی بووە بە پێشنوێژ و وتاربێژی. ڕۆڵی گەورە دەبینێت لە چارەسەری کێشە و گرفتە کۆمەڵایەتییەکاندا.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

حەمەسەعید حەمەعەلی

ناوی (حەمەسەعید حەمەعەلی فەتاح حەمەساڵح)ـە. ساڵی ١٩٧١ لە گوندی (گمە)ی سەر بە شارۆچکەی بەمۆ لەدایکبووە. لەتەمەنی منداڵییەوە دەستیکردووە بە خوێندنی قورئان و بابەتە شەرعییەکان. لە خانەقای بیارە لەسەر دەستی مامۆستا (مەلا محەممەد ئەمین کانی سانانی) مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. ساڵی ٢٠٠٩ قۆناغی ئامادەیی ئیسلامی لە شاری سلێمانی تەواوکردووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی خوێندنی ئیسلامی لە زانکۆی سلێمانی بەدەستهێناوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە. لەچەند مزگەوتێک پێشنوێژی و وتاربێژ بووە، وەک: ساڵی ١٩٩٧ تا ١٩٩٩ لە مزگەوتی سیراجەدین لە قەزای دەربەندیخان و ساڵی ١٩٩٩ تا ٢٠٠١ لەمزگەوتی حاجی لەر لە ناحیەی مەیدان و لە ساڵی ٢٠٠١‌ تا ئێستا لە مزگەوتی شێخ لەنگەری خواروو لە گەرمیان.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ

خالید حەمەتۆفیق عارف

ساڵی ١٩٦٩ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. خوێندنی سەرەتایی لە گوندى عەبابەیلێ و ناوەندی و ئامادەیی لە شاری هەڵەبجە خوێندووە. خوێندنی زانستە شەرعییەکانی تەواوکردووە و مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرتووە. بڕوانامەى بەکالۆریۆسی لە کۆلێژى بنەماکانی ئاین لە هەڵەبجە و ماستەرى لە کۆلێژى ئیمام ئەعزەم لە بەدەستهێناوە. ماوەى دوو ساڵ لە گوندی شەکرالی وتاربێژ بووە. لە ساڵی ٢٠٠٦ـەوە تا ئێستا لە مزگەوتی (عوسمانی کوڕی عەففان) لە هەڵەبجە وتاربێژ و پێشنوێژە. خاوەنی کتێبی (العصبیة وأثرها فی الدعوة الإسلامیة)یە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی چوار منداڵە.

زیاتر بزانە
پێشنوێژ و وتاربێژ
پێشتر 1
...
21 22 23
...
45 دواتر