ئاراس مستەفا ئەحمەد عەبدوڵا
پلەی زانستی پرۆفیسۆرە. مامۆستاى زانکۆ و ئەندازيارى ڕاويژکارە. ساڵی ١٩٥٢ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. دەرچووی زانکۆی بەغدادە. بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە (هندسة المکائن الزراعية) لە بيلاڕوسيا بەدەستهێناوە. لە نێوان ساڵانی ٢٠١٦ بۆ ٢٠١٧ سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. ساڵانی ١٩٧٦ بۆ ١٩٨٠ له زانکوى سلێمانى وەک یاریدەدەری توێژەر و ئەندازيارى ميکانيک کاریکردووە. ساڵانێکی زۆر مامۆستا و دواتریش ساڵانی ١٩٩٥ بۆ ١٩٩٦ سەرۆکی بەشى ئەندازيارى ميکانيک بووه لە زانکۆی سەڵاحەدین. ساڵانی ٢٠٠٣ بو ٢٠٠٤ سەرۆکى بەشی خوێندى باڵا و توێژينەوەى زانستى بووه له زانکۆى سلێمان. ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠٠٩ ڕاگرى کۆلێجى ئەندازيارى زانسته کشتوکاڵيیەکان بووه له زانکۆى کۆيه. جگە لە چەندین توێژینەوەی زانستی، خاوەنی شەش کتێبی پڕۆگرامی چاپکراوه. لە ئێستادا خانەنشینە و لە وڵاتی هۆڵەندا دەژی.
خەسرەو عەبدوڵا عەلی ئەحمەد
پلەی زانستی پرۆفیسۆرە. ساڵی ١٩٥٥ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. بڕوانامەی دکتۆرای له بواری بەڕێوەبردنی بەرهەمی پەلەوەر لە وڵاتی ڕۆمانیا بەدەستهێناوە. لە نێوان ساڵانی ٢٠١١ بۆ ٢٠١٦ سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە بووە. لە گرنگترین بەرهەم و دەستکەوتەکانی ئەنجامدانی چەندین توێژینەوەی زانستی و نوسین و ئامادەکردنی کتێبێکە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی سێ منداڵە. لە ئێستادا مامۆستایە لە زانکۆی سلێمانی.
مهاباد کامیل عەبدوڵا
ئەکادیمی و سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٧٠ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە بەشی کوردی لە زانکۆی سەڵاحەدین و ماستەری لە شێوەزاری هەورامیدا بەدەستهێناوە. ماوەی ٢٥ ساڵ لە زانکۆکانی: سلێمانی، گەرمیان، چەرموو و هەڵەبجە خزمەتی زانستی کردووە. ساڵی ٢٠٠٤ لە وڵاتی فەرەنسا دبلۆمی باڵای زانکۆیی لە زمانی فەرەنسی لە زانکۆی مارک بلۆغ بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠٠٦ گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان لە زانکۆی سلێمانی دەستبەکاربووەتەوە. ساڵی ٢٠١٠ بڕوانامەی دکتۆرای لەزانکۆی سلێمانی لە بواری زمان و شێوەزاری هەورامی بەدەستهێناوە. ساڵی ٢٠١٥ ناسناوی زانستی پرۆفیسۆری یاریدەدەری وەرگرتووە. ساڵی ٢٠٢٢ وەک یەکەم مامۆستای زانکۆی هەڵەبجە ناسناوی زانستی پرۆفیسۆری وەرگرتووە. ئەندام و سەرۆکی لیژنەی باڵای کۆنفرانس و ڤێستڤاڵەکانی مەڵبەندی ڕۆشنبیری هەورامان بووه. ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن ڕێکخراوی زمانناسی لەشاری هەولێر خەڵاتی ڕێزلێنانی پێ بەخشراوە. ساڵانی ٢٠١٧ -٢٠١٩ بەڕێوەبەری کتێبخانەی ناوەندی و چاپخانەی زانکۆی سلێمانی بووە. جگە لە زمانی کوردی، فارسی، عەرەبی، ئینگلیزی و فەرەنسییش دەزانێت. پانزە توێژینەوەی زانستی لە گۆڤارە باوەرپێکراوەکاندا بڵاوکردووەتەوە. وەک یەکەم ژن کە سەرۆکی زانکۆ بێت لە هەرێمی کوردستان و عێراق ساڵی ٢٠١٩ بووە سەرۆکی زانکۆی هەڵەبجە و تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٤ بەردەوامبووە.