ئازاد نەقشبەندی
ئەکادیمییە. ناوی (ئازاد محەممەد ئەمين کاکەشێخ نەقشبەندى)یە. کوڕی (کاردۆخی)ی شاعیرە. ساڵی ١٩٤٨ شارۆچکەی (بيارە) لەدایکبووە. بڕوانامەى بەکالۆريۆسی لە زانستى جوگرافيا لە زانکۆى بەغداد بەدەستهێناوە. ساڵى ١٩٧٧ بڕوانامەى دکتۆراى لە بوارى جوگرافيادا لە (زانکۆى سۆفيا لە وڵاتى بولگاريا) بەدەستهێناوە. بۆ ماوەى ١٤ ساڵ لە زانکۆى بەسرە خزمەتیکردووه. ساڵى ١٩٩١ ناسناوى زانستیى (پڕۆفيسۆر)ى وەرگرتووە و هەر لەو ساڵەوە تا ٢٠١٨ لە زانکۆى سەڵاحەدین کاریکردووە. ماوەى دوو ساڵ وەک سەرۆکى بەشى جوگرافيا و دە ساڵیش وەک ڕاگرى کۆلێجى ئاداب کاریکردووە. ئەندامى ئەنجومەنى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى هەرێمى کوردستانى عێراق بووە، لە سەرەتاى دامەزراندنيەوە تا دامەزراندنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژينەوەى زانستى لە هەرێم، وەک مامۆستاى ميوان لە زانکۆکانى بەغداد، موسل، سەڵاحەدين، دهۆک، کۆيە، کۆفە و ڕاپەڕين وانەى وتووەتەوە، ئەندامى ژمارەيەکى زۆر لە کۆمەڵەى زانستى ناوخۆيى و نێودەوڵەتيە لەوانه: سەرۆکى کۆمەڵەى جوگرافيناسانى کوردستان و سەرنوسەر و ڕاوێژکارى چەندين گۆڤارى زانستى و ڕۆشنبيرى بووە، لە زياتر لە ٣٥ کۆنگرەى زانستیى هەرێمى و نيشتمانى و نێودەوڵەتیدا، بەلێکوڵينەوە بەشداریکردووە. خاوەنى دوو پەرتووکى زانستييە، کە بەشێکيان لە زانکۆکانى هەرێمى کوردستان و عێراق و هەندێک لە دەوڵەتانى عەرەبى دەخوێنرێن. ئەنداميەتى دەستەى ڕاوێژکارى گۆڤارە زانستيیەکانى زانکۆکانى (سەڵاحەدین، کۆيە - بەشى زانستە مرۆڤايەتييەکان، کەرکوک، گۆڤارى (الجمعيە الجغرافيە العراقيه)يە. لە ئێستادا خانەنشینە.
ئاکۆ ئیبراهیم فەقێ
ناوی (ئاکۆ ئیبراهیم فەقێ مەحموود فەتاح)ـە. ساڵی ١٩٨٣ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرای لە بواری بەڕێوەبەردنی وەرزشی لە وڵاتی ئێران بەدەستهێناوە و لە کۆلێجى پەروەردەى جەستەيى و زانستە وەرزشييەکانى زانکۆى هەڵەبجه خزمەتی پێکردووه و خاوەن چەندين توێژينەوەیه. دوو کتێبی لە بوارى زانستى وەرزشیدا وەرگێڕاوە. ڕۆڵی هەبووە لە ئەنجامدانى يەکەمين ئۆڵومپيادى وەرزشیى زانکۆ و پەيمانگهاکانى هەرێمى کوردستان، کە بۆ يەکەمين جار لە عێراق ئەنجامدراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لە ئێستادا ڕاگرى کۆلێجى پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەکان.
ئاوارە حسێن ئەحمەد عەلی
ساڵی ١٩٨٧ لە (کۆمەڵگەی زۆرەملێی خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتایی لە گوندی کوڵکنی و ناوەندیی لە گوندی گردیگۆ و ئامادەیی لە خورماڵ خوێندووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە یاسا، لە زانکۆی سلێمانی و بڕوانامەی ماستەری لە یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی پونەی هیندستان و دکتۆرای لە یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی لە زانکۆی سۆران بەدەستهێناوە. لە بوارەکانی (جینۆسایدی هەڵەبجە، جینۆسایدی کورد، یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتی، یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی، یاسای مافەکانی مرۆڤ، دادگای دادی نێودەوڵەتی) خزمەتی پێشکەشکردووە. لە گرنگترین بەرهەم و دەستکەوتەکانی لەم بوارانەدا بڵاوکردنەوەی کتێبەکانی: (کورد و دەوڵەت، تاوانی جینۆساید لە یاسای نێودەوڵەتیدا، جینۆساید وەک بنەمایەک بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ، جینۆسایدی کورد لە ڕوانگەی یاسای تاوانکاریی نێودەوڵەتییەوە) بڵاوکردووەتەوە. چەندان توێژینەوەی زانستی نوسیوە و لە چالاکییە ئەکادیمییە نێودەوڵەتییەکاندا بەشداریکردووە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی دوو منداڵە. لەئێستادا ڕاگری کۆلێجی یاسا و کارگێڕییە لە زانکۆی هەڵەبجە.
حسێن محەممەد ساڵح ڕەحیم
ساڵی ١٩٦٦ لە شاری سلێمانی لەدایکبووە. ساڵی ٢٠١٢ بڕوانامەی دکتۆرای بەدەستهێناوە. وەک مامۆستای زانکۆ (ڕاگری کۆلێجی پەروەردەی بنەڕەت بۆ ماوەی پێنج ساڵ و پێنج مانگ) لە زانکۆی هەڵەبجە کاریکردووە. لە چەندین چالاکیی زانستی، کۆنفرانس و ۆۆرکشۆپ و بەرنامەی تەلەڤزیۆنیدا بەشداریکردووە و چەندین خەڵاتی ڕێزلێنانی پێدراوە. ژیانی هاوسەریی پێکهێناوە و خاوەنی پێنج منداڵە. ئەندامی دامەزرێنەر و دەستەی گشتی سەنتەری زەهاوی بۆ لێکۆڵینەوەی فیکرییه، کە لقێکی پەیمانگای جیهانی فیکری ئیسلامییە، ئەندامی دامەزرێنەر و لێپرسراوی ئەنجومەنی ڕاوێژکاری و ئەندامی ئەنجومەنی کارگێڕییە لە ڕێکخراوی ژیار بۆ پەروەردە و گەشەپێدانی مرۆیی.
دارا جاف
ناوی (دارا حەمەئەمین عەباس)ـە و به (دکتۆر دارا جاف) ناسراوە. ساڵی ١٩٥٢ له گوندی (ئاواییی ڕۆستەم بەگ)ی سەر بە شارۆچکەی (خورماڵ) لەدایکبووە. قۆناغی سەرەتای لە خورماڵ و هەڵەبجه و ناوەندی و ئامادەیی لە سلێمانی تەواوکردووە. کۆڵیژی کشتوکاڵی لە زانکۆی سلێمانی خوێندووە. ساڵی ١٩٧٥ بڕوانامەی ماستەری بەدەستهێناوە و وەک مامۆستای یاریدەدەر دامەزراوە. دکتۆرای لە زانکۆی (گلاسکۆ) له وڵاتی (بەیتانیا) خوێندووە. ساڵی ١٩٨٩ پلەی پڕۆفیسۆری یاریدەدەری وەرگرتووە. ساڵی ١٩٩٠ تا ١٩٩٥ سەرۆکی بەشی (بایەلۆجی) بووە له زانکۆی (سەڵاحەدین). ساڵی ٢٠٠٥ ڕاگری کۆلێجی پەرەوەردە بووە لە زانکۆی (سۆران). ساڵی ٢٠٠٨ بووە بە ڕاگری کۆلێجی پەرەوەردە لە زانکۆی (سەڵاحەدین). ساڵی ٢٠١٩ ناسناوی زانستیی پڕۆفیسۆری وەرگرتووە. بەشداریی زیاتر لە ٥٠ گفتوگۆی ماستەر و دکتۆرا و لیژنەی پلانی ناسناوی زانستی و یەکسانی بڕوانامەکاندا کردووە. بەشداری لە دەیان فیستیڤاڵ و کۆنفڕانسی زانستی له ناوەوە و دەرەوەی هەرێمی کوردستاندا کردووە. له کۆلێجی پەروەردە بەردەوامبووە تا کاتی خانەنشینی لە ساڵی ٢٠٢٢.
شوانە نوری عەبدوڵا
ناوی (شوانە نوری عەبدوڵا عەبدولکەریم)ـە. ساڵی ١٩٧٧ لە شاری هەڵەبجە لەدایکبووە. بڕوانامەی دکتۆرای هەیە و ناسناوی زانستیی پرۆفیسۆری یاریدەدەرە. لە بواری ئەدەب و هونەردا کاردەکات و لە گرنگترین بەرهەم و دەستکەوتەکانی لەو بوارانەدا هەشت توێژینەوەى ئەدەبى، پێنج کارى هونەرى شانۆیییە. لە ئێستادا مامۆستاى زانکۆی هەڵەبجەیە و ڕاگرى کۆلێجى زانستە مرۆڤایەتییەکانە.