تەوێڵە

دواین نوێکردنەوە: 2026-04-08


کەوتووەتە سنوری (عێراق - ئێران) و سەر بە ناحیەی (بیارە)یە. (٣٥کم) لە هەڵەبجەوە دوورە. لەگەڵ (دزاوەر، شۆشمێ، نەوسسود) لە هەورامانی دیوی ئێران هاوسنورە. بەهۆی ئەوەی بە سێ شاخ گەمارۆ دراوە، بۆ چوار گەڕەکی (چلانە، مالیدەر، وەراوەر "بەرانبەر " و گەڕیات) دابەشبووە. (١٤٥٥م) لە ئاستی ڕووی دەریاوە بەرزە. (خانەقای تەوێڵە) و شەش مزگەوتی لێیە، کە پێگەیەکی گرنگی ئاینییە و بە (ئەزهەری کوردستان) ناونراوە چەندین دەستووس لە مەدرەسەکانیدا نووسراونەتەوە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧دا ژمارەی دانیشتوانەکەی ٢٩٣١ کەس و لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧دا، ٣٢٤٨ کەس بووە‌ و لە ئێستادا ٤٣٤٠ کەسە. لە سنوری شارەوانیی شارەدێیەکەدا ٨٣٠ خانوو هەیە (بەبێ خانەباخەکانی ناو ئاوێسەر و سەیرانگاکان)، بەڵام ساڵی ١٩٧٩ لە ڕاگواستنەکانی سەردەمی ڕژێمدا ٥٠٠ خانووی لێ بووە. لە چۆڵکردنی گوندەکاندا بەر نەکەوتووەو دواتر بەهۆی هەڵگیرسانی شەڕی عێراق و ئێرانەوە لە ٢٢ی ٩ی ١٩٨٠وە بۆردوماندەکرێت و زۆرێک لە خانووەکانی ڕوخاون و بە ناچاری خەڵکەکەی ساڵی ١٩٨١ بۆ ماوەی دە ساڵ تەوێڵە چۆڵدەکەن. بۆیەکەم جار ساڵی ١٩٢٨ قوتابخانەی لێکراوەتەوە. دامودەزگای حکومی (شارەوانی، فەرمانگەی ئاو، گەیاندن، کارەبا، بنکەی پۆلیس و ئاسایش، گومرگ، کوالیتی کۆنترۆڵ، بنکەی تەندروستی، بنکەی نشینگە، دەزگای منداڵپارێز، چەندین مزگەوت، یەک باخچەی منداڵان، سێ قوتابخانەی بنەڕەتی و قوتابخانەیەکی ئامادەیی، تۆڕی کارەبای نیشتیمانی و مۆلیدەی ئەهلی و پڕۆژەی ئاوی هەیەو هێڵی ئینتەرنێت و مۆبایل)ی تێدایە. شەقامە سەرەکییەکانی قیر و شۆستە و لاوەکییەکانی کۆنکرێتن. نزیکەی (٥٠٠٠م٣) دیواری ڕاگری هەیە. ناوبازاڕەکەی ١٤٥ دوکانی وەک (گۆشتفرۆش، بەرگدروو، وشکەفرۆش، چێشتخانە و کەبابخانە، گوێزفرۆش و کڵاش فرۆش، چەندین فرۆشگای بەرهەمی خۆماڵی و خزمەتگوزاری دیکە)ی لێیە. لە مێژووی نەنوسراو و زارەکیدا چەندان بۆچوون و ڕاز و نهێنی لەپشت ناولێنانی (تەوێڵە)وە هەیە. هەندێک دەڵێن: دەسەڵاتدارێکی زۆردار و ستەمکار لە (دەرەی تەرتیبا)ی سەر ڕێگەی چەمی (دزاوەر)ی نزیک شاردێی (تەوێڵە) هەبووە، باج و خەراجێکی زۆری لەسەر خەڵکی داناوە، دە کەس ناڕەزایەتی دەردەبڕن و هەڵدێن و دەگەنە ئەو شوێنەی ئێستای تەوێڵە و ئاوەدانیدەکەنەوە؛ بۆیە بە (دە وێڵە) ناودەبرێن و دواجار دەبێتە (تەوێڵە). بۆچونێکی تر پێیوایە ناوەکە لە ناوی تایلی پزیشکی ئاشووریەوە هاتووە، یان لە درەختی تایلەوە هاتووە، کە بەرەکەی لە قەزوان گەورەترە و لە گۆیژ بچوکترە. کاتێک نەخۆشی تاعوون بڵاوبووەتەوە، خەڵکی ئەم ناوچە بەری ئەم درەختەیان خواردووە و ئیتر نەمردوون و دەوترێت، کە دکتۆر تائلی دەرمانناس تایلەکەی بۆ خەڵکەکە دەستنیشانکردووە. هەندێکی تریش پێیانوایە‌ کاتێک، کە سوپای ئیسلام لە چەمی هاوار و پاڵانیا و سۆسەکانەوە هاتوونەتە تەوێڵە و سەیریانکردووە شوێنەکە لە دۆڵێکی درێژدایە و بە زمانی عەرەبی وتویانە وادي طويلة. دەڵێن وشەی تەوێڵە لە تەویلی عەرەبیەوە هاتووە. یان لە ناوچاوەوە هاتووە، کە وا بە تەوێڵی شاخەکەوە. چەندین شوێنەواری ژیان و کەرەستەی سەرەتایی بەردەستی مرۆڤ و بەرگریکردن دزۆراونەتەوە بەتایبەت لە دەرەی تەرتیبا و لێژڵە و ماوامی و دەرەتفێ. کە بەڵگەی مێژوویی شوێنەکە دەردەخەن. چەندین کاربەدەستی ناوخۆیی و بیانی سەردانیانکردووە و شوێنی بنەماڵەی شێخان و چەندین تایفەی گەورەیە و گەلێک ناوداری لێ هەڵکەوتووە. یەکێکە لە ناوچە گەشتیارەکان. شوێنەوار و پاشماوەی شارەکە وەک قەیسەری و ئاتەشگەی لێماوەتەوە.

سەرچاوەکان:

  1. سەربوردێکی هەورامان و سەردانێکی تەوێڵە، عبدالرزاق عبدالرحمن محمد، چاپخانەی مەهارەت، تاران، ٢٠٠٥، ل٣٤٣ -٣٥٦.
  2. هەورامان ئەیوب ڕۆستەم، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، ٢٠٠٤، ل٣٥٤.
  3. چاوپێکەوتنی ئامادەکار (کارزان عەدنان حەمەسەعید) لەگەڵ (عیماد محەممەد خالید ئەسکەندر)، لەدایکبوو: ١٩٧٩، بڕوانامە: بەکالۆریۆس، پیشە: سەرۆکی شارەوانی (تەوێڵە)، لە ١٠ی ١ی ٢٠٢٣.
  4. دەستەی ئاماری هەرێم، بەڕێوەبەرایەتیی ئاماری سلێمانی، بەشی ئاماری هەڵەبجە، شیکاری دانیشتوان، داتای بڵاونەکراوە، ٢٠٢٣.

ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید,هومایون ساحیب کەریم

2

هاوبەشی پێبکە