شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

بەرگی چوارەم

شوێنی دەستکرد (گوند و شار)

ئامادەکردنی: لیژنه‌ی هاوبه‌شی زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕێكخراوی خاڵ

تیشک خستنە سەر پێکهاتەی شار و گوندەکانی هەڵەبجە، تەلارسازی، و شوێنە دەستکردەکان کە دەستی مرۆڤ نەخشی کردوون.

ناوەڕۆک

43 بابەت

شارەوانیی دوو

کەوتووەتە سنوری شاری هەڵەبجە. گەڕەکێکی دێرینە و بە زۆری خەڵکی گوندەکانی (هاوار و بەڵخە و گریانە و هاوارەکۆن و دەرەتوێ)ی لێ نیشتەجێبووە. لەگەڵ گەڕەکی (شارەوانیی یەک) بە کۆمەڵگەی (زۆرەملێی عەنەب) ناسراون. شەقامی (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس) لەیەکیان جیادەکاتەوە. شەقامی (حەسەن زیرەک) لە گەڕەکی (مامۆستایان) و شەقامی (هاوار) لە گەڕەکی (شاڕێ)ی جیادەکاتەوە. ڕووبەرەکەی (٣٠٩٧٩٩م٢)یە. بە گشتی ١٤١٠ یەکەی نیشتەجێبوون و زیاتر لە ٢٠٠ فرۆشگا و دوکان و ٧٠ کۆگای تێدایە. مزگەوتی (ڕەیان) و (قوتابخانەی شەپۆل و ئامادەیی کیمیاباران) و (قوتابخانەی تۆپی پێی ئاسۆ) و (بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری و هونەر) و (ناوچەی هەڵەبجەی پارتی) و چەندین خزمەتگوزاریی دیکە وەک یاریگا و مەلەوانگەی تێدایە. گەڕەکەکە تەواوی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی وەک (ئاو و ئاوەڕۆ و قیر و شۆستە)ی بۆ کراوە.

شارەوانیی یەک

کەوتووەتە باکوری شاری هەڵەبجە. گەڕەکێکی دێرینە. بە کۆمەڵگەی زۆرەملێی (عەنەب)یش ناودەبرا. لە دوای ڕاگواستنی گوندەکان لە ساڵی (١٩٧٨) دروستبووە. بە زۆری دانیشتوانی گوندەکانی (خەرپانی، شەمێران، تاوێرە) تێیدا نیشتەجێکراون. ڕووبەرەکەی (٤٠٨١٤٨م٢)یە. شەقامی (مەلا عەبدولکەریمی مودەڕس) لە گەڕەکی (شارەوانیی دوو) شەقامی (دکتۆر سەردار) لە گەڕەکی (کانی قوڵکە) شەقامی (کانیە کوێرە) لە گەڕەکی (ماردین) جیای دەکاتەوە. نەخۆشخانەی گشتیی هەڵەبجە (عەنەب) و قوتابخانەی (شارەزوو و باخچەی منداڵانی پەریان) و هەردوو مزگەوتی (ئوسامەی کوڕی زەید و بیلال) و پارکی (کوبرا حەمیدپوور)ی تێدایە. بە گشتی ١٣١٣ یەکەی نیشتەجێیبوون و ٢٢٣ دوکان و زیاتر لە ٥٠ کۆگا و یەک بیری ئیرتیوازی تێدایە.

شەهیدان ١

گەڕەکێکە لە ناوشاری هەڵەبجە. بەشە دێرینەکەی کەوتووەتە نزیک باخچەی (عەلی بەگ) یان (باخی گشتی) و پاش فراوانبوونی گەڕەکی (پاشا) دروستبووە. بەشە نوێکەی کەوتووەتە دەوروپشتی گۆڕستانی (شەهیدان) بە گەڕەکەکانی (سەرا و مامۆستایان و کارێز) دەورەدراو. شەقامی (نالی) یاخود (گشتی) لە گەڕەکی (سەرا)ی جیادەکاتەوە. دەربارەی ناوەکەی بۆ یەکەمجار بەهۆی ناشتنی چەند شەهیدێکەوە دەبێت لەساڵانی ١٩٧٠ بەهۆی تۆپبارانەوە و لە شوێنی ئێستەی (گۆڕستانی شەهیدان) بۆ یەکەمجار نێژراون. ئەم گەڕەکە ڕەگەزی زەوییەکانی لەنێوان نیشتەجێبوون و بازرگانیدایە. بەردەوام بەشی بازرگانییەکەی لەسەر حسابی نیشتەجێبوون لە فراوانبووندایە. فولکەی بەردەم مزگەوتی شەهیدان (عوسمانی کوڕی عەفان) و کۆڵانەکانی نزیک (مزگەوتی شافیعی) یەکێکن لە بازاڕە شەوانە ڕۆژییەکانی شارەکە. فەرمانگەی (شارەوانیی هەڵەبجە) بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی (شارەوانییەکان) باخچەی منداڵانی (شەونم) و (نەخۆشخانەی کۆنی هەڵەبجە)ی تێدا هەڵکەوتووە. هەروەها (تانکی دابەشکردنی ئاوی ئەحمەدئاوا) لەتەنیشت گۆڕستانی (شەهیدان) هەڵکەوتووە. ڕووبەرەکەی (٤٩٨٩٧٠م٢)یە. نزیکەی ٥٢٨ یەکـەی نیشـتەجێبوون و زیاتر لە ١٥٠ فرۆشگا و کۆگای جۆراوجۆری تێدایە.

شەهیدانی کیمیاباران

گەڕەکێکی نوێیە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی هەڵەبجە و لەسەر ڕێگەی هەردوو گوندی (عەبابەیلێ و جەلیلە) بۆ کەسوکاری قوربانیانی کیمیاباران بەتایبەت ئەوانەی، کە تەنها (یەک) شەهیدیان هەیە، دروستکراوە. هیچ جۆرە خزمەتگوزارییەکی نییە. خانووەکانی بە تەواونەکراوی ماونەتەوە. ڕووبەری گشتیی گەڕەکەکە (٥٥٩٩٩٥م٢)یە.

شەهید فاتیح

کەوتووەتە خۆرئاوای شاری هەڵەبجە. بەناوی یەکەمین شەهیدی شۆڕشی نوێ (فاتیح شێخ حەیدەر سازانی) ناونراوە. ڕووبەرەکەی (٣٠٩٢٤١م٢)یە. خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بۆ کراوە. بەشێکی زۆری ئیفرازکراوە و لە ئێستادا باخ و زەویی کشتوکاڵییە. نەخۆشخانەی (شەهید فاتیح و قوتابخانەی پێشەنگی بنەڕەتی) تێدایە. شەقامەکانی (ئاشنایی و شانزەی سێ و مەولەوی) لە گەڕەکەکانی (فەرمانبەران، خڕی خەزێنە، تووە وشک) جیای دەکەنەوە.

شۆڕش

گەڕەکێکی نوێیە لە باکوری خۆرهەڵاتی شاری هەڵەبجە. لەسەر زەوییەکانی گوندی (جەلیلە) بۆ کەسوکاری شەهیدانی (پ. د. ک) لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ دروستکراوە. ژمارەی یەکەکانی زیاتر لە ٥٠٠ خانووە و ڕووبەری هەر زەوییەک (٢٢٠م) دەبێت. ڕووبەری گشتیی گەڕەکەکە (٥٨٤٨٧٤م٢)یە. لە ئێستادا پڕۆژەی قیر و شۆستە و کارەبای بۆ دەرچووە و لە قۆناغی جێبەجێکردندایە. بەپێی نەخشەی بنەڕەتی ڕێژەی سەوزایی زۆرە و شوێنی قوتابخانە و دایەنگە و فولکەیەکی گەورەی تێدایە، کە سەرجەم شەقامە سەرەکییەکانی گەڕەکەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە.

شێخ ئیسماعیل

گەڕەکێکی کۆنی هەڵەبجەیە. بە گەڕەکی (گوڵانی خواروو)ش ناوهێنراوە. کەوتووەتە خۆرئاوای هەڵەبجە و لە نێوان گەڕەکەکانی (پیرمحەممەد و سەروەرانی یەکە)، شەقامی (گۆران) لە گەڕەکی (مەرزەبۆتۆ) جیایدەکاتەوە. لە فولکەی عومەری خوارەوە دەستپێدەکات و هەتا نزیک مۆنۆمێنتی هەڵەبجە درێژدەبێتەوە. بەشێوەیەکی نائەندازەیی لە ئەنجامی فراوانبوونی گەڕەکی (پیرمحەممەد) دروستبووە. گۆڕستانی (شێخ ئیسماعیل) و (ئامادەیی هەڵەبجەی ئێواران) و بەڕێوەبەرایەتیی (ڕێگاوبان و ئاوەدانکردنەوە) و مزگەوتی (حاجی ساڵح) و (بارەگای هەڵەبجە تیڤی)ی تێدایە. بەگشتی لە ٥٥٠ یەکەی نیشتەجێبوون و (٢٩٨) فرۆشگا و شوێنی کاری پیشەوەران و یەک بیری ئیرتیوازی و نۆ گەراج پێکهاتووە. ڕووبەرەکەی (٣٤٨٧٢٢م٢)یە.

فەرمانبەران

گەڕەکێکی نوێیە لە باکوری شاری هەڵەبجە. ڕووبەرەکەی (٤٩٩٣٦١م٢)یە. شەقامەکانی (گۆران و شانزەی سێ) لە گەڕەکەکانی (دەروازە و شێخ ئیسماعیل و شەهید فاتیح)ی جیایدەکاتەوە. خزمەتگوزاریی شارەوانی بە تەواوەتی بۆ کراوە. دامودەزگاکانی وەک نەخۆشخانەی (ئامێزی ئەهلی) و (پۆلیسی چالاکییە مەدەنییەکان و بنکەی پۆلیسی هاتوچۆ) و (بارەگای لقی ١٢ی پارتی) و (بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەڵەبجە و ڤێتەرنەری و قەسابخانەی هەڵەبجە) لەگەڵ مزگەوتی (قوبا و قازی محەممەد)، باخچەی منداڵانی (شنە) و هوتێلی (هەڵەبجە پاڵاس) و هۆڵی (ڕۆشنبیریی هەڵەبجە)ی تێدایە.

کارێز

گەڕەکێکی نوێیە. لە پاش ساڵی ٢٠٠٣ دروستبووە. بەشێوەیەکی ئەندازەیی جیاکراوەتەوە. لە ٢١ بلۆکی نیشتەجێبوون و کۆمەڵێک فەرمانگەی خزمەتگوزاری وەک (کارەبا، ئاو، دادنوس، بنکەی ئاسایش و هتد) تێدایە. ناوی ئەم گەڕەکە بەهۆی (چەمی کارێز)، کە لە (عەبابەیلێ و دەڵەمەڕ)ەوە دەستپێدەکات و درێژدەبێتەوە بە ئاڕاستەی ناوشاری هەڵەبجە، ناونراوە. زەوییەکانی پێشتر باخ و باخاتی جۆراوجۆر بوون. بەشێک لە گەڕەکەکە خزمەتگوزاریی شارەوانی بۆکراوە. بەشەکەی دیکە قیر و شۆستەی نیە. ڕووبەرەکەی (٣٥٨٢٣٧م٢)یە.

کانی قوڵکە

یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی هەڵەبجە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٨٧ بە چوارەمین گەڕەک لە دوای گەڕەکەکانی (سەرا، پاشا، پیرمحەممەد) دانراوە. بەناوی کانییەکی بەناوبانگی شارەکەوە ناونراوە. چەندجارێک فراوانبووە. ڕووبەرەکەی (٥٢٥٠٨٢م٢)یە. بازاڕی سەرەکی و سەنتەری شاری هەڵەبجە کەوتووەتە ئەم گەڕەکەوە. شەقامی (ئەحمەدموختار جاف) لە گەڕەکی (پاشا و شەهیدان و مامۆستایانی یەک)ی جیادەکاتەوە. بە یەکێک لە چڕترین گەڕەکەکانی شار لە ڕووی دانیشتوانەوە دادەنرێت. خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بۆکراوە. بە درێژایی شەقامی سەرەکیی گەڕەکەکە، چەندین سۆپەرمارکێت و فرۆشگای مۆبیلیات هەیە. (پارکی پەرلەمان) مزگەوتی (مصعب و عومەری کوڕی خەتتاب و دارولئیحسان) و (خانەی نەوجەوانانی هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری کۆمەڵایەتی و قوتابخانەی هەڵەبجەی بنەڕەتی) تێدایە. ١٦٤٧ یەکەی نیشتەجێبوونە، کە ٢٥٥یان کرێنشینن تێدایە. ٧٥٥ دوکانی هاوڵاتیان و ١٧ دوکانی حکومی و فرۆشگای جۆراوجۆر، ١٥٠ کۆگای قەبارە جیاواز، حەوت پارکی ئۆتۆمبێل و دوو بیری ئاو، سێ بارەگای حیزبی لەوانە (مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان، مەڵبەندی یەکێتیی نیشتیمانی و مەڵبەندی سۆسیالیست)، هەروەها نەخۆشخانەی چاوەکە لە خۆدەگرێت. هەروەها پۆستە و گەیاندنی هەڵەبجە و گەراجی (خورماڵ و سیروان و هەورامان) لەگەڵ چەندین قەیسەری و بازاڕی سەرەکی تێدایە.

کانیعاشقان

یەکێکە لە گەڕەکە کۆنەکانی هەڵەبجە. بەهۆی بوونی کانییەکەوە ناونراوە، کە تاکو ئێستاش شوێنەکەی ماوە و نۆژەنکراوەتەوە. کەوتووەتە نێوان گەڕەکی (باخی میر و گەشتیاری). ئەم گەڕەکە ڕووبەڕووی تەقاندنەوە و کاولبوون بووەتەوە. ساڵی ١٩٧٤ تەقێنراوەتەوە و نزیکەی ٣٠٠ ماڵ تەختکراوە. ساڵی ١٩٨٧ ڕاپەڕین تێیدا سەریهەڵداوە، کە بەهۆیەوە نزیکەی ٧٠ کەس تێیدا شەهیدبووە. پاشان ئاوەدانکراوەتەوە. لە پێش ساڵی(١٩٤٠) هەر بەناوی کانیعاشقان ناوی گەڕەکەکەش هاتووە. ڕووبەری ئەم گەڕەکە (٢٤٨٠٣٧م٢)یە. نزیکەی ٩٥٠ یەکەی نیشتەجێبوون و ٨٠ فرۆشگا و دوکان دوو یاریگا و دوو باخچە و سێ بیری ئیرتیوازی، پێنج قوتابخانە و باخچەی منداڵان و شەش مزگەوتی تێدایە. لەنێو دانیشتوانی هەڵەبجەدا، ئەم گەڕەکە بۆ گەڕەکەکانی (مۆردانە) و (کانی شێخ)یش دابەشدەکرێت، کە لە دوای ساڵی ١٩٧٨ەوە گەڕەکی (کانی شێخ) بەفەرمی خرایە سەر (مۆردانە) پاشان هەرسێ گەڕەکەکە بە فەرمی بوونەتە (کانیعاشقان).

کانی هەناران

گەڕەکێکی نوێیە لەناو شاری هەڵەبجە. کەوتووەتە نێوان گەڕەکی (بامۆک و باوەکۆچەک)ەوە. بەتەواوەتی ئاوەدان نییە و خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی بۆ نەکراوە. جگە لە چەند خانویەکی پەرش و بڵاو، کۆمەڵگەی فەرمانگە داراییەکانی هەڵەبجە، کە پێکدێت لە باڵەخانەی (باجی خانووبەرە، گەنجینە، باجی دەرامەتی هەڵەبجە)، پەیمانگای هەڵەبجەی ناحکومی بۆ زانستەکانی کۆمپیوتەریشی تێدایە. لە ئەنجامی فراوانبوونی شار، ئەم زەوییانە ڕەگەزەکەیان لە کشتوکاڵییەوە بۆ نیشتەجێبوون گۆڕاون. ڕووبەرەکەی (٧٦٠١٠٤م٢)یە.

گەشتیاری

یەکێکە لە گەڕەکە نوێیەکانی هەڵەبجە. کەوتووەتە گوڵانی سەروو. لە نزیک قوتابخانەی (باڵامبۆ)وە دەستپێدەکات، تاکو مزگەوتی (دایک) لەنێو دارستانی گوڵان درێژدەبێتەوە. ئاوەدانی زۆر کەمە. زەوییەکانی بەشێوەی ئەندازەیی بۆ ١٣ بلۆکی نیشتەجێ و چەند پارچە زەوییەکی گەورە بۆ سەوزایی و پارک، تەرخانکراوە. لە ئێستادا زۆربەی زەوییەکانی باخی هاوڵاتیانن. ڕووبەری ئەم گەڕەکە (٢٥٦٧٥٠م٢) دەبێت.

گوڵان

یەکێکە لە گەڕەکە گەورەکانی هەڵەبجە. لە خۆرئاوای شارەکە هەڵکەوتووە. لە ئەنجامی فراوانبوونی گەڕەکی (پیرمحەممەد) دروستبووە. نزیکەی ٧٧٥ یەکەی نیشتەجێبوون و ١٥٠ دوکان و فرۆشگا و دوو بیری ئیرتیوازی و سێ مزگەوت (گوڵان و فیردەوس و کاک ئەحمەدی موفتی زادە) و دوو قوتابخانە (حەمدون و ئامادەیی باڵامبۆ) و (هۆڵی بۆنەکان) و (گۆڕستانی گوڵان)ی تێدایە. ڕووبەری ئەم گەڕەکە (٨٣١٠٥٢م٢)یە. (شەقامی گوڵان) دەیکاتە دووبەش. بەشێوەیەکی گشتی خزمەتگوزارییەکانی شارەوانی بۆ ئەنجامدراوە. ڕووبەری سەوزایی و پارکی تێدانییە. بازاڕی سەرەکیی زۆنەکە کەوتووەتە نێو ئەم گەڕەکەوە.

گۆران سیتی

کەوتووەتە خۆرهەڵات و باکوری خۆرهەڵاتی هەڵەبجە. پڕۆژەیەکی وەبەرهێنانە ساڵی ٢٠٠٩ بەردی بناغەی دانراوە. وەبەرهێنەرەکەی (کۆمپانیای بەڕێز)ە. سەرمایەی پڕۆژەکە زیاتر لە (٢٥٠) ملیۆن دۆلارە. لە ١٠٠٠ یەکەی نیشتەجێبوون پێکدێت، کە شەقامێکی چل مەتری بەنێویدا دەڕوات. بەپێی ماستەر پلانی پڕۆژەکە ڕێژەی سەوزایی زیاتر لە (٢٥%) دەبێت. دایەنگە و دوو قوتابخانەی بنەڕەتی و ناوەندی و ئامادەیی تێدایە. سەرەڕای بنکەی تەندروستی و یاریگا و هتد. ڕووبەری پڕۆژەکە (٨٤٥٩٥٤م٢)یە.

ماردین

گەڕەکێکی نوێیە. کەوتووەتە باکوری شاری هەڵەبجە. بە شەقامەکانی (هەژار موکریانی، دکتۆر سەردار، کانیە کوێرە) دەوردراوە. ڕووبەرەکەی (٣٢٣١٧٨م٢)یە. بەشێکی زۆری بە زیادەڕەوی کراوەتە زەویی نیشتەجێبوون. بەشەکانی دیکەی ئیفرازکراون و بۆ خزمەتگوزاریی جۆراوجۆر تەرخانکراون. قوتابخانەی (شەهید ئەنوەری موهەندیس) و باڵەخانەی (بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزار) و (چێشتخانەی هەردی) تێدایە.

مامۆستایانی دوو

گەڕەکێکی بچوک و نوێیە. درێژکراوەی گەڕەکی (مامۆستایانی یەک)بووە. لە پاش ٢٠٠٣ دروستبووە. پێشتر دارستان و باخ بووە. بەشێوەیەکی نا_ئەندازەیی زەوییەکانی جیاکراونەتەوە. لە چەمی کارێز نزیک (گۆڕستانی شەهیدان) دەستپێدەکات لە نزیک باخی (جەوهەر) لەسەر ڕێگای زانکۆی هەڵەبجە، بەشێوەیەکی سێگۆشەیی کۆتاییپێدێت. ڕووبەرەکەی (١٩٣٨٩٢م٢)یە. چەندین پارچە زەوی بۆ خزمەتگوزاری تەرخانکراوە. وەک بنکەی تەندروستی و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری کۆمەڵایەتی، کە لەنێو ئەم گەڕەکەدان. بەگشتی خانووەکانی نزیکەی ٤٠٠ خانوو ٥٠ فرۆشگا و کۆگای تێدایە.

مامۆستایانی یەک

گەڕەکێکە لەناو شاری هەڵەبجە. لەپاش ساڵی ١٩٧٨ دروستبووە. بەشێوەیەکی ئەندازەیی جیاکراوەتەوە. زەوییەکانی لەلایەن (کۆمەڵەی نیشتەجێبوونی کوردستان) بەپێی خاڵبەندی بەسەر (فەرمانبەران و مامۆستایان)ی دەوڵەت دابەشکران. بۆیە بە گەڕەکی (مامۆستایان) ناونراوە. لە پاش ٢٠٠٣ فراوانبووە. بەشە نوێیەکەی پێیدەوترێت (مامۆستایانی دوو). سنورەکەی لە (فولکەی مامۆستای نەناسراو) لە شەقامی (ئەحمەدموختار جاف) دەستپێدەکات، هەتا دەگاتە شەقامی (حەسەن زیرەک)، دواتر لە (سەندیکای ئەندازیاران) بە ئاڕاستەی (چەمی کارێز) دەڕوات لە تەنیشت (باخچەی ڕۆشنا) و مزگەوتی (عوسمان) کۆتاییپێدێت. ڕووبەری ئەم گەڕەکە (٤٥٠٤٦٨م٢)یە. زیاتر لە ٨٠٠ ماڵ و ١٠٠ دوکان و کۆگای تێدایە. جگە لە ئامادەیی ئەحمەدموختار (قوتابخانەی شەهید ئازاد هەورامی و بورهانی حاجی محەممەد و باخچەی منداڵانی هەڵەبجە و هۆڵی دکتۆر مستەفا زەڵمی و بەشەناوخۆیی کوڕانی زانکۆی هەڵەبجە و مەڵبەندی یەکگرتووی ئیسلامی، مزگەوتەکانی بەهەشت و ئیمام حەمزە)ی تێدایە. جووتسایدی (قانع) دەیکاتە دوو بەشەوە. سەرەڕای بوونی چەندین مارکێت و مۆڵ و پێداویستیی ڕۆژانە و ژنانە. بارەگای چەندین سەندیکای تێدایە.

مەرزەبۆتۆ

گەڕەکێکی ناو شاری هەڵەبجەیە. ساڵی ١٩٩١ بەناوی شارێکی بچووکی (ئیتاڵیا) ناونراوە. بەهۆی ڕەشەکوژی دانیشتوانەکەی لە لایەن نازییەکانەوە شارەوانی ئەو شارە لە هەڵەبجە قوتابخانەیەکی بەناوی (مەرزەبۆتۆ)وە دروستکرد و گەڕەکەکەش ئەو ناوەی لێنراوە. ڕووبەرەکەی (٣٨٨٥٠٨م٢)یە. شەقامی (گۆران) لە گەڕەکی شێخ ئیسماعیلی جیادەکاتەوە. لە نێو خەڵکیشدا بە گەڕەکی (بەنزینخانە) ناودەبرێت. چونکە یەکەمین بەنزینخانەی حکومی، لەم گەڕەکەدا بووە. ژمارەی یەکەکانی نیشتەجێبوونی بریتییە لە ١٦٦٨ یەکە. لەو ژمارەیە ١٩٨ یەکە کرێنشین و ١٣٢ یەکەش چۆڵن. بە گشتی ٢٠٥ دوکان و فرۆشگا و ٥٠ کۆگای عەمبارکردنی تێدایە. لەگەڵ دوو قوتابخانە (مەرزەبۆتۆ و گۆران) و (کتێبخانەی گشتیی هەڵەبجە)ی تێدایە.

مەسۆیە

نوێترین گەڕەکی هەڵەبجە و گەورەترین گەڕەکە بەپێی نوێترین نەخشەی شارەوانی. ڕووبەرەکەی (٢٨١٣٨٥٠م٢)یە. ئەم گەڕەکە ئیفرازکراوە، کەوتووەتە نێوان هەردوو گوندی (عەنەب و جەلیلە)وە. بەناوی کانییەکەوە ناونراوە، کە کەوتووەتە نێو ئەم زەوییە کشتوکاڵییە بەپیتانەوە. لە ئێستادا بەشێوەی نەخشەی پەسەندکراو ئاوەدان نییە و هەموو زەوییەکان کراونەتە خانەباخ و وەک شوێنێک بۆ پشوودان بەکاردێت.

پێشتر 1 2 3 دواتر