باخی میر
گەڕەکێکی ناوداری هەڵەبجەیە. کەوتووەتە نێوان هەردوو گەڕەکی (کانیعاشقان و سەرا). لە بنەڕەتدا باخێکی ناوداری بنەماڵەی جافەکانی هەڵەبجە و بەدیاریکراوی (ئەحمەدموختاربەگی جاف) بووە. بەڵام دواتر بەهۆی وشککردنی باخەکەوە ساڵی ١٩٦٣ بە بیانووی بوونی پێشمەرگەوە لە لایەن حزبی بەعسەوە بەشێکی زۆری کراوە بە خانوو. سەرەتا بەناوی گەڕەکی (چوارباخ) ناونراوە و دواتر ناوەکەی گۆڕاوە بۆ (باخی میر). لە ئێستادا ڕێژەیەکی کەم لە باخەکە ماوەتەوە و کەوتووەتە ناوەندی گەڕەکەکەوە. ڕووبەرەکەی نزیکەی (٢٧٥٤٤٢م) چوارگۆشە دەبێت.
بامۆک
لە بنەڕەتدا گوندێکی نزیک ناوەندی هەڵەبجە بووە. لە باشوری شارەکە هەڵکەوتووە. لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٧٧ وەک گەڕەکێکی دانراوە. لەسەرژمێری ١٩٨٧ کراوەتەوە بە گوند. بەهۆی فراوانبوونی سنوری شارەوانیی هەڵەبجەوە، لە ئێستادا بە یەکێک لە گەڕەکەکان هەژماردەکرێت. ڕووبەرەکەی (٦٣٥٠٨٨م٢) دەبێت. سیمای گوندی پێوە ماوە و هیچ نەخشەیەکی بنەڕەتی بۆ جیاکردنەوەی زەوییەکانی نییە. لەڕووی کۆمەڵایەتیەوە تەنها خەڵکی گوندەکەی تێدا دەژین. قوتابخانە و مزگەوت و هۆڵی بۆنەکانی تێدایە. لەلایەن بنەماڵەی ناسراوی گوندەکە (حاجی محەممەد بامۆکی و کوڕەکانی)یەوە دروستکراون. خزمەتگوزاریی شارەوانی وەک قیر و شۆستەی نییە.
باوەکۆچەک
گەڕەکێکی نوێی هەڵەبجەیە. بەناوی گوندی (باوەکۆچەکی کۆکۆیی)یەوە ناونراوە. کەوتووەتە بەردەم (دارستانی گوڵان) و لە نێوان گەڕەکی (کانیعاشقان و کانی هەناران و گەشتیاری) هەڵکەوتووە. بەشێوەیەکی ئەندازەیی جیاکراوەتەوە. خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی شارەوانی بەتەواوەتی بۆ نەکراوە. (مزگەوتی مەحوی و سەڵاوات) قوتابخانەی (مۆردانە) و دایەنگەی (وەنەوشە) و (یەکیەتیی ژنانی کوردستان) و هۆڵی (فەقێ کۆکۆیی) و (یاریگای) تێدایە. ڕووبەرەکەی (٣١٢٠٤٩م٢)یە. بەپێی نەخشەی بنەڕەتی چەندین پارچە زەویی خزمەتگوزاری و سەوزایی جیاکراوەتەوە.
بەختیاری
گەڕەکێکی نوێیە. کەوتووەتە خۆرهەڵاتی هەڵەبجەوە بەشە ئاوەدانەکەی لە نێو هەڵەبجەدایە و بەشەکەی دیکەی زەوی ئیفرازکراوی تاپۆن و بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراون، بەڵام تاکو ئێستە ئاوەداننەکراونەتەوە. بەناوی چیای (شنروێ) ناونراوە. ڕووبەری گەڕەکەکە (٦٩٦٦٧٠م٢)یە. زەوییەکانی بەتەواوەتی بۆ نیشتەجێبوون تەرخانکراون و ڕێژەیەکی زۆر بۆ سەوزایی و خزمەتگوزاری دانراوە.
بەفری میری
گەڕەکێکی نوێی هەڵەبجەیە. زەوییەکانی ساڵی ٢٠١٠ بەسەر فەرمانبەراندا دابەشکراوە. بەناوی لوتکەی (بەفری میری) ناونراوە چونکە کەوتووەتە بەرزاییەکانی شار و لە خۆرهەڵاتی شارەکەیە. لەنێوان گەڕەکەکانی (گۆران سیتی) و (شاڕێ) و (شنروێ)دایە. شەقامی دوو سایدی (ئەبا عوبەیدەی جەڕاح) یان (زانکۆ) بە بەردەمیدا تێپەڕدەبێت. ئیفراز کراوە و تاپۆیە. هەتا ئێستا ئاوەدانی تێدا نییە. لەنێو خەڵکدا بە گەڕەکی ٣٢ەکان بەناوبانگە. ڕووبەری گشتیی گەڕەکەکە (٤٢٩٥٣٥م٢)یە. بەپێی نەخشەی بنەڕەتی چەندین زەویی خزمەتگوزاریی ڕووبەر گەورە و مام ناوەندی تێدایە.
پاشا
بچوکترین و کۆنترین گەڕەکە لەناو شاری هەڵەبجە. بەیەکەمین گەڕەکی فەرمی دادەنرێت لە تۆماری دامودەزگاکانی دەوڵەتدا. ڕووبەرەکەی (٣٧٢٧٠م٢)یە. سەنتەری شارەکەیە. بەهۆی بوونی کۆشکی (وەسمان پاشای جاف) و شوێنی حوکمڕانیەکەیەوە، پێیوتراوە گەڕەکی (پاشا)، کە لە تەنیشتی کۆشکەکەیدا (مزگەوت و بازاڕی) بونیادناوە. ئەم سێ پێکهێنەرە (کۆشکی حوکمڕانی، مزگەوت، بازاڕ)، لە تەواوی شارە دێرینەکانی ناوچەکە بەدیدەکرێن و هەرسێ دەسەڵاتی (حوکمڕانی مرۆیی و هێزی خوداوەند و ئاین و دەسەڵاتی ئابووری) پێکەوە دەبەستێتەوە. گەڕەکی پاشا سنورەکەی سێگۆشەیەکە لە (شارەوانی هەڵەبجە و تەلاری خەڵات و مزگەوتی پاشا) پێکهاتووە. لەگەڵ گەڕەکی (جولەکان) بە ناوکی دروستبوونی (هەڵەبجە) دادەنرێن. زەوییەکانی هەمووی بازرگانین و زەوی نیشتەجێبوونی تێدانیە. نزیکەی (١٠٥٨) دوکانی تێدایە، کە زۆربەیان دەکەونە نێو قەیسەرییەکانی (شنروێ، زانکۆ، ڕاپەرین و بانقە کۆنەکە و هتد). باخچەی (پیران و خولە کاراتی) و چەندین پارکی ئۆتۆمبێلی تێدایە. بەپێی سەرژمێریی ساڵی ١٩٤٧ شاری هەڵەبجە لە سێ گەڕەک (پیرمحەممەد، سەرا و پاشا) پێکهاتووە. گەڕەکی پاشا. کۆی گشتی دانیشتوانی ٢٠٢١ کەس بووە.