جولەکان
دواین نوێکردنەوە: 2026-04-09
جولەکان کەوتبووە سەنتەری شارەکەوە. کۆڵانەکانی تەسک و دیواری خانووەکانی زۆر بەرزبووە. پێش ساڵی ١٩٥٠ و دروستبوونی (ئیسرائیل) لەناو شاری هەڵەبجەدا جولەکەکان دووەم نەتەوەی نێو هەڵەبجە بوون. نزیکەی ٤٠ بۆ ٥٠ ماڵی جولەکە هەبووە. لەوانە ماڵی (هارونی بابلێ بازرگان، شیلان، میران بابلی خەیات، بنەی یاقوبی بازرگان، بنەی باتێ، میخیایل(مێرێ)ی وردەواڵەفرۆش، ئیسحاقی ئاشێر، ڕەحیم شێلە، حسقێ سەروپێچی، مالوم، بلەجوو، دایناڵی بابا، حەکیم، دێودەی چرچە، شالوم، شەمام، حیومی جۆڵا، سەلمان گەڕۆک، عەزیز، دەدە عەتار، گەوریلی زەڕنگەر، سەلمانی شوبە، بابە عەتار، بنیامین و خدرە، ئیسحاق، ڕاحیلی گەزۆ و کونجی فرۆش، جرتاڵی گەڕۆک، دانەی موسای لێفەدوور، مورتخای شیلان، شەمە شاولی باجگر، غەریبی کەحێڵ، ناتان باپیری عەزەی وسو، دوودە...). لەڕێگەی تێکەڵاوی و ژن و ژنخوازییەوە بەشێکیان موسڵمان بوون، کە پێیانوتراوە (نۆ موسڵمان). وەک (میرزا محەمدی زەڕنگەر، سۆفی محەممەد، باپیری مامۆستا شەونم، عەبدوڵای سۆفی محەممەد، دایکی حەمەی ئەحمەد ڕەشان و ژنێکی حامید بەگ). (مێجەرسۆن) لە گەشتە نهێنیەکەیدا لە ١٩١٩ ژمارەی جولەکەکانی هەڵەبجەی بە ٢٠٠ کەس خەمڵاندووە، بەڵام ئامارەکانی دواتر باس لە ژمارەیەکی زۆر زیاتر دەکەن و بە نزیکەی ١٠٠ ماڵیان داناوە. زۆربەشیان بە کاری بازرگانی و کەمتر بە کشتوکاڵەوە خەریکبوون. ڕووبەری ئەم گەڕەکە (٧٧٨٣٤م٢) دەبێت. خانووە کۆنەکانی ئەم گەڕەکە بەهۆی پشتگوێخستنیانەوە کراونەتە گەراج و کۆگای خواردەمەنی یان هەندێکیان خاپوربوون و زۆربەشیان، کە نۆژەنکراونەتەوە شێوازە مێژوویەکەی خۆیانیان لەدەستداوە. لەم گەڕەکە (سێ مزگەوت) و خوێندنگای سالمی بنەڕەتی تێدایە.
سەرچاوەکان:
- داتا و زانیاریی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەڵەبجە، بەشی نەخشە دانان و دیزاین، نەخشەی بنەڕەتی هەڵەبجە، ٢٠٢٣، بە هاوکاری ئەندازیار (سەرهەنگ خالد مستەفا).
- چاوپێکەوتنی ئامادەکار (کارزان عەدنان حەمەسەعید) لەگەڵ (عومەر عینایەت)ی ئەندازیار و سەرۆکی شارەوانیی هەڵەبجە لە (١٩٨٠ – ١٩٨٦)، لەدایکبوو: ١٩٥٣، لە ٨ی ١ی ٢٠٢٣.
- هەڵەبجە شارێکی بچوک و مێژوویەکی دەوڵەمەند، عادل صدیق عەلی، ناوەندی ڕێنوێن، چاپی یەکەم، ٢٠٢٠، ل١٦٠-١٦٦.
- هەڵەبجە و کەسایەتییەکانی، کۆکردنەوە و ڕێکخستنی: ئازاد حەمدی، بەشی دووەم، چاپخانەی ڕەنج، سلێمانی، ٢٠٠٩٤، ل١٨.
- هەڵەبجەناسی، ئامادەکردن و کۆکردنەوەی: ئارام شەمێرانی، بەرگی یەکەم، چاپی یەکەم، وەشاندنی تاران، تاران، ل٢٨٣.
ئامادەکردنی: کارزان عەدنان حەمەسەعید,هومایون ساحیب کەریم